کەجەکە: کاتی ڕێکخستن و تێکۆشانە بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیکبوون
5 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە دەربارەی ڕاپۆرتەکەی کۆمسیۆنەکەی پەرلەمان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە:
"کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی کە ٥ـی ئابی ٢٠٢٥ دامەزرا، لە ١٩ـی شوباتی ٢٠٢٦ ئەنجامی کارەکانی لە چەند مانگی ڕابردوودا وەک ڕاپۆرتێک بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. ئەم ڕاپۆرتە گفتوگۆی زۆری لەبارەوە دەکرێت. لەبەرئەوەی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە تەڤگەرەکەمانەوە، بەپێویستمان زانی بۆچوونەکانمان دەربارەی ڕاپۆرتەکە بۆ گەلەکەمان و ڕای گشتی بخەینەڕوو.
لێگەڕینی ڕێبەرێتیمان بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیا، ٣٣ ساڵ پێش ئێستە، واتە لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە دەستی پێ کردووە و هێشتاش بەردەوامە. ئەو پرۆسەیەی لەکاتی سەرۆکایەتیی ئۆزەلەوە دەستی پێ کردووە، ئەمڕۆ گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ. گفتوگۆ و دانوستانەکان لەسەر چارەسەری شەڕێکی ٣٣ ساڵە بەردەوامە، لە خاڵی چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیکبووندا، ئەزموونی گەورە بەدەستهاتوون. ئاشکرایە کە ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٨٨ لە چاوپێکەوتنەکەیەوە لەگەڵ محەمەد عەلی براند تا ئێستە، هەردەم هەوڵیداوە بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیکبوون. لە هەموو دەرفەتێکدا بانگەوازی کردووە بۆ چارەسەری دیموکراتیک و زەمینەی چارەسەری ئافراندووە، چەندین جار ئاگربەستی ڕاگەیاندووە. هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ لەم ڕووەوە، لای گەلەکەمان و ڕای گشتی ناوخۆیی و دەرەوەش، ڕوون و ئاشکرایە. دەوڵەتی تورک و هێزە سیاسییەکانیش بەباشی ئاگاداریی ڕاستیی ئەم هەڵوێستەی ڕێبەر ئاپۆن.
لە ٢٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، بانگەوازێکی ئاراستەی ڕێبەر ئاپۆ کرد. بێگومان ئەم بانگەوازە بەبێ ئاگاداریی سەرۆککۆمار تەیب ئەردۆغان نەکراوە. لە بەرانبەر ئەمەشدا، ڕێبەر ئاپۆ دووپاتی کردەوە، ئەگەر دەرفەتی بدرێتێ، خاوەنی ئەو هێزەیە کە بتوانێت پرسی کورد و پرۆسەی تێکۆشانی بەردەوام بهێنێتە سەر زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی. ڕێبەر ئاپۆ پاش دیدارەکانی لەگەڵ شاندی دەم پارتی و بەرپرسانی تورک، لە ٢٧ـی شوبات لە ئیمراڵییەوە بە ئامادەبوونی شاندی دەم پارتی، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕاگەیاند. پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک بە دەنگی بەرز ئەم بانگەوازەیان لەبەردەم سەدان ڕۆژنامەنووس خوێندەوە. ڕێبەر ئاپۆش بە کەسێکی دیموکرات و شۆڕشگێڕیی هێژای وەک سری سورەیا ئۆندەری گوت، خاڵەکانی ئەم بانگەوازە تەنها بە جێبەجێکردنی هەلومەرجە یاسایی و سیاسییەکان بەدی دێن. پاش خوێندنەوەی بانگەوازەکە، سری سورەیا ئۆندەریش ئەم خاڵانەی بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند.
پەکەکە لەنێوان ٥-٧ـی ئایاری ٢٠٢٥، دوانزەهەمین کۆنگرەی خۆی بەست، بڕیاریدا هەموو کار و چالاکییەکان لەژێر ناوی خۆیدا کۆتایی پێ بهێنێت و کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداریی بهێنێت. بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ٢٧ـی شوبات، بڕیاردرا کە دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵ بگێڕێت.
بە کۆتاییهێنان بە هەموو کار و چالاکییەکان لەژێر ناوی پەکەکەدا و وەستاندنی تێکۆشانی چەکداریی، قۆناغی جێبەجێکردنی پێویستییە سیاسی و یاساییەکانی ئەم پرۆسەیە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستی پێ کرد.
ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە لە کاتی ئاگربەست و دیدارەکانی لەگەڵ دەوڵەتدا ڕایگەیاندووە کە پێویستە پەرلەمان دەستبەکاربێت. لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا هاتووە کە کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی بەرپرسیار بێت لە پرسی کورد کە پرسی بنەڕەتی تورکیایە. پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش لەوانە دەم پارتی و جەهەپەش ڕایانگەیاند کە ئەم بابەتە دەبێ لە ڕۆژەڤی پەرلەماندا بێت. دوای ئەوەی ڕای گشتی دیموکراتیکیش ئەم داوایەی کرد، هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپەش بڕیاری دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی دا.
دامەزراندنی کۆمیسیۆنی بەرفراوانی ٥١ کەسی کە زۆرینەی پارتەکانی پەرلەمانی گرتووەتەخۆ، هەنگاێکی گرنگە لە مێژووی تورکیادا. هەرچەند ناوی "کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی"ـە بەڵام وەک دەزانرێت تایبەت بە پرسی کورد و پرسەکانی گرێدراو بەمەوە دامەزراوە. ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرەکەمان و گەلەکەمان بە گرنگییەوە لەم کۆمیسیۆنەیان ڕوانی. ڕای گشتیی تورکیاش ئەمە دەزانێت. بۆیە چاوەڕوانییەکان لەم کۆمیسیۆنە لەوپەڕییدا بوو. بۆیە هەمیشە لە ڕۆژەڤدا مایەوە. هەرچەند کەموکورتییش هەبووبن، بەڵام چەندین کەس و لایەن گوێیان لێ گیرا، لەوانەش سەرۆکەکانی پێشووی پەرلەمان. زۆرینەی ئەو کەس و لایەنانەش بۆچوونی خۆیان دەربارەی چارەسەری پرسی کورد خستەڕوو. سەرەڕای کەموکورتی و درەنگکەوتن، بەڵام کۆمیسیۆنەکە چووە ئیمراڵی و گوێی لە ڕێبەر ئاپۆ گرت. ڕێبەر ئاپۆش بە کۆمیسیۆنەکەی ڕاگەیاند، دەبێت هۆکارەکانی پرسی کورد لەسەر بناغەی هاوپەیمانی و خوشک-برایەتیی مێژووی نێوان کورد و تورک هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەردا، چارەسەرەکەش لەسەر بناغەی بەدیهێنانی مافە دیموکراتیکە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد لەڕێی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیکەوە دەبێت. ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە دووپاتی دەکاتەوە کە دەبێت پرسی کورد لەڕێی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیکەوە چارەسەر بکرێت. جەختی کردووەتەوە کە ئەمەش بە دەستبەرداربوون لە نکۆڵی، بەدیهێنانی مافە دیموکراتیکە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد و خۆبەڕێوەبەرییەک لەسەر بنەمای دیموکراسیی خۆجێی دێتەدی. گەلی کوردیش هەمیشە دەستنیشانی کردووە کە پشتیوانی لە پرۆسە چارەسەرییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەکات. بۆیە هەمیشە ئەم گەلە ڕێبەر ئاپۆی وەک دانوستانکاری سەرەکیی خۆی ڕاگەیاندووە. هەمووان دەزانن کە ئێمە گرێدراوین بە ئیرادەی ڕێبەر ئاپۆوە.
