سەنتەرى میترۆ لەسەر دەستگیرکردنى وریا عەبدولخالق: بەكام یاسا؟ لەكام دادگادا؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش



وریا عەبدولخالق، رۆژنامەنووس و ئەندامی چالاكی گروپی (را)یە لە قەزای چەمچەماڵ، پەیامنێری میدیای بوارە، لە پاش لافاوەكەی ئەو شارە، راپۆرتێكی ڤیدیۆیی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاوكردوە، هۆكاری لافاوی بۆ پڕكردنەوەی رێڕەوەكانی ئاوی باران گەڕاندەوە.

وریا، دوای بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكەی، وەك ئەندامی بۆردی چاودێریی دابەشكردنی قەرەبووەكانی چەمچەماڵ دیاریكرا، كە لیژنەیەكی گرنگی كۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی كانونی یەكەم، لەلایەن دادگای دەستپاكی سلێمانی داواكراوە، كەچووە بۆ ماوەی چوار كاتژمێر لەبنكەی پۆلیسی دادگای سلێمانی راگیراوە، دواتر بە كەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازادكرا، بەڵام مۆبایلەكانیان بۆ نەگەڕاندۆتەوە.

سەنتەری میترۆ لە كەیسەكانی نێوان رۆژنامەنووس و هاوڵاتیان، رۆژنامەنووس و حكومەت، یان رۆژنامەنووس و كۆمپانیاكان، هەر یاسا بە رێگا راستەكە دەزانێت، تا راست و ناڕاست لە یەك جیابكرێتەوە، بەڵام كام یاسا؟ لەكام دادگادا؟

لەمانگی ئازاری ئەمساڵ دادوەر (عومەر ئەحمەد) سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بە نوسراوێك فەرمانێكی كارگێڕی لەبارەی كەیسەكانی رۆژنامەنووسانەوە لە دادگانی سلێمانی دەركرد، كە"دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی/1 تایبەتمەند دەبێت بە بینینی ئەو سكاڵایانەی كە پەیوەندیدارن بە رۆژنامەنووسان لەناو شاری سلێمانی وە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان بەسەریدا پیادە دەبێت"

پرسیار لە دادوەری دەستپاكی دادگای سلێمانی دەكەین: ئەمە كەیسە بۆ دادگای دەستپاكییە؟ مۆبایلی رۆژنامەنووس كە، دەیان تایبەتمەندی كەسی تێدایە، بۆ لە رۆژنامەنووسی وەردەگرن؟ كە وەرتانگرت بۆ نایگەڕێننەوە؟

ئەگەر وەرگرتنی مۆبایلەكە، وەك بەڵگەی تۆمار لە لێكۆڵینەوە بەكاربێت، ئەوە هەرپێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەرییە، لە بەشی پێنجەم لە خاڵی سیهەمدا هاتووە: لە هەر لێكۆڵینەوەیەكی سزاییدا، نابێ دیكۆمێنت و زانیاری و بەیاننامەو پەڕاوگەكانی رۆژنامەنووس بە بەڵگەی تۆمەتباركردن لە دژی بەكاربهێنرێ، تەنیا مەگەر پەیوەندییان بە بابەتی سكاڵای تۆماركراو لە دژی رۆژنامەنووسەوە هەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار