سلێمانی: بەرێژەی 42% خواست لەسەر كارەبا كەمیكردوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
کارەبای سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلێمانی، لەماوەی ساڵێكدا لە دوای جێبەجێكردنی "پرۆژەی رووناكی" خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بە رێژەی (42%) كەمیكردوه و هۆکارکەشی بۆ هۆشیاری هاووڵاتییان گەڕاندوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ بەراورد هەمان کاتی ساڵی رابردوو، رێژەی بەکارهێنانی کارەبا زیاتر لە 800 مێگاوات کەمی کردوە و بە تێکرا 14 سەعات کارەباش دەدەنە ئەو شوێنانەی بەشدارنین لە پڕۆژەی روناکیدا.
ئەندازیار، غالب محمد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلێمانی رایگەیاندوە، لە مانگی 12ی ساڵی 2024، خواست لهسهر بەكارهێنانی كارەبا بەتێكڕایی (1912) مێگاوات بووە و لەو مانگەدا بەتێكڕایی 8 سەعات و 31 خولەک كارەبا بە هاووڵاتییان دراوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمساڵ دوای جێبەجێكردنی (پرۆژەی رووناكی) لە مانگی 12 خواست لەسەر بەكارهێنانی كارهبا بەراورد بە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەزیوە بۆ (1107 مێگاوات)، بەوەش خواست لەسەر كارەبا بەرێژەی (42%) كەمیكردوە، دەشڵێت؛ ئەو شوێنانەی لە لەچوارچێوەی پرۆژەی رووناكیدا نین، بە بەردهوام لەم مانگەدا بەتێكڕایی (14) سەعات كارەبایان هەبووە.
کارەبای سلێمانی هۆكاری كەمبوونەوەی خواستی لەسەر کارەبای بۆ ئەوە گێراوەتەوە، لە ئێستادا هاووڵاتییان هۆشیارانە و بەرپرسیارانەتر كارەبا بەكاردەهێنن، ئەوەشیان خستوەتەڕوو، كە كارەبا بەردەوام بێت، سیستم و تۆڕی كارەبا سەقامگیرتر دەبێت و کێشە کەمتر دەبێت، ئەمەش وادەکات بەردەوام کارەبا هەبێت و خواست كەم ببێتەوە.
