مەرزی کێلێ بەهۆی بەفرەوە داخرا
3 كاتژمێر لەمەوپێش
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەوە، شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە سنووریی و شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە سەنتەری شارەکانیش باران دەبارێت. بەهۆی بەفرەکەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لە بەشێک لە ڕێگەکان دروستبووە و دەروازەیەکی سنووریش داخراوە.
بەهۆی بارینی 15 بۆ 20 سانتیمەتر بەفر لە مەرزی کێلێ، هاتوچۆ لە مەرزەکە وەستاوە. هەرچەندە لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە ڕێگاکە پاککراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە دیوی ئێرانەوە ڕێگاکە بە داخراوی ماوەتەوە، جموجۆڵ لە مەرزەکەدا پەکیکەوتووە.
خدر کەریم، جێگری بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەڕین پشتڕاستکردەوە، ڕێگای دیوی هەرێم تاوەکو نووسینگەی پاسپۆرت پاککراوەتەوە، بەڵام دیوی ئێران بەفر ڕێگەکەی گرتووە. بەو هۆیەوە ژمارەیەک هاونیشتمانی و بارهەڵگر کە بە مەبەستی پەڕینەوە چوونەتە مەرزەکە، ناچار بوون بگەڕێنەوە.
لە شەوی ڕابردووەوە بەفر بارین لە (ئەزمڕ، گۆیژە و سیتەک) لە پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووە. تیمەکان ڕێنمایی هاونیشتمانییان دەکەن کە لەپاش کاتەکانی نیوەڕۆوە ڕوو لەو ناوچانە نەکەن، چونکە ئاستی بینین کەم دەبێتەوە و ئەگەری بەستنی شەقامەکان هەیە. هەروەها شەوی ڕابردوو لە زینی وەرتێ گرفت بۆ ئۆتۆمبێلە بچووکەکان دروستبوو.
بەفر زۆرینەی ناوچە شاخاوییەکانی دەڤەری باڵەکایەتی، برادۆست و چیاکانی دەوروبەری ڕواندز و سۆرانی سپیپۆش کردووە. لە حاجی ئۆمەرانیش شەش سانتیمەتر بەفر باریوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ لە سنووری هەولێر و دهۆک پەڵەهەور دەبێت، بەڵام لە سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک و گەرمیان نمەباران بەردەوام دەبێت و دوانیوەڕۆ کەشەکە جێگیر دەبێتەوە.
بۆ سبەی پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت. نزمترین پلەی گەرما لە سۆران (11 پلە) و بەرزترین لە گەرمیان (18 پلە) دەبێت. هاوکات دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات لە هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
