نرخى 100دۆلار بەرامبەر 13.8ملیۆن تمەنى ئێرانیە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



سەرهەڵدانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کە نزیک دەبێتەوە لە هەفتەیەک بەهۆى خراپى دۆخى داراییى و ئابوورى وڵاتەکە، بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزاندووەو سەد دۆلار نزیکدەبێتەوە لە 14 ملیۆن تمەن.

دابەزینەکە بە جۆرێکە لە بازاڕەکانی تاران بەهاى 100 دۆلار بە حەواڵە گەیشتووەتە 13 ملیۆن و 800 هەزار تمەن و بە کاش 13 ملیۆن و 400 هەزار تمەنە.

سەرەڕای ئەوەی حکومەتی ئێران هەوڵی چاکسازی دەدات، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بڕیاری لابردنی چوار سفری سەر دراوی تمەنی پەسەند کردووە، بەڵام ماوەى زیاتر لە پێنج ڕۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى بەهۆى خراپى دۆخى دارایی و دابەزینى بەهاى تمەنى ئێرانى بەرامبەر دۆلار سەریهەڵداوەو چەندین خۆپیشاندەر کوژراون و برینداربوون و سەدانى دیکەش دەستگیر کراون.

بەگوێرەى ئاژانسى ئیرنا، کە یەکێکە لە میدیا فەرمییەکانى ئێران، بانکى ناوەندیى ئێران ئەوەى دووپاتکردووەتەوە لەتوانایدایە بەهاى تمەنى ئێرانى بەرامبەر دۆلار بەرزبکاتەوەو دۆخەکە هێشتا لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچووە.

بەراوردکاریی داتاکان دەریدەخەن تمەن لە هەفتەى یەکەمى 2025 بۆ هەر سەد دۆلارێک حەوت ملیۆن و 500 هەزار تمەن بووەو لە هەفتەى یەکەمى 2026 هەر سەد دۆلارێک 13 ملیۆن و 800 هەزار تمەنەو لەو ماوەیەدا 46%ـی بەهاکەی لەدەستداوە.

هۆکاری سەرەکیی ئەم داڕمانە نوێیە دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری ڕۆژی 28ـی ئەیلوولى 2025 کاتێک فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا سزاکانی پێش ساڵی 2015ـی ئەنجوومەنی ئاسایشیان بۆ سەر ئێران گەڕاندەوە؛ کاراکردنی ئەم سزایانە کە بە "سناپ باک" ناسراوە، گورزێکی توندی لە بەهای دراوی ئەو وڵاتە داوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار