جەمال کۆچەر: مووچەی هەرێم نابێت بکرێتە قوربانی ململانێی سیاسی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، لەبارەی چارەنووسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی هەرێم 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ رادەست بکات، ئەگەر نا بەغدا ئەمە بە بیانوو دەگرێت و ئەرکی خۆی بۆ ناردنی مووچە جێبەجێ ناکات.
بەپێی وتەکانی، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بۆ ناردنی مووچەی مانگی شوبات داوای 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی کردووە، هەروەها داوای نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکات سەبارەت بە بڕی هەناردەی نەوتی هەرێم و ڕادەستکردنی بۆ سۆمۆ.
د. جەمال، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، بەغدا نابێ بەهۆی کێشەی سیاسی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی فەرمانبەران دوابخات، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم مانگانە بڕی نەوتی ڕادەستکراو ڕابگەیێنێت بەپێی ڕێککەوتن.
ئەو پەرلەمانتارەى یەکگرتوو، ئاماژەی بەوەدا، مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی ساڵی ڕابردوو هێشتا نەدراون و فەرمانبەران 12 مانگ خزمەتیان کردووە، بۆیە هیچ تاوانێکیان نییە سزا بدرێن، جا چ لەلایەن هەرێم بێت یان بەغدا یان بە ڕێککەوتنی هەردوو لا.
لەبارەی چارەسەرەوە ، جەمال کۆچەر وتى، هەر حکومەتێکی نوێ کە لە بەغدا پێکدەهێنرێت نابێ کورد بەشداری تێدا بکات، مەگەر پرسی مووچە یەکلایی بکرێتەوە و جیا بکرێتەوە لە ململانێ سیاسییەکان. هەروەها داوای کرد هەر بڕیارێک لە بەغدا بەپێی ڕێژەی دانیشتووان هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
