سۆمۆ: مانگى رابردوو هەرێم 6 ملیۆن و 455 هەزار بەرمیل نەوتى هەناردەکردووە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی نەوتى عیراق، بە پشت بەستنى بە ئامارەکانى کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی کانوونى دووەمى ئەمساڵى ڕاگەیاند، لەو مانگەدا هەرێمى کوردستان 6 ملیۆن و 455 هەزار بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە
بەپێى ئامارەکانى کۆمپانیای سۆمۆ، مانگى رابردوو کۆى گشتى هەناردەی نەوتی خاو گەیشتووەتە 107 ملیۆن و 616 هەزارو 220 بەرمیل و داهاتەکەشى 6 ملیار و 485 ملیۆن و 294 هەزار دۆلار بووە.
ئامارەکە ئاماژە بەوە دەکات، کۆی قەبارەی هەناردەکراوی نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە ماوەی مانگی یەکدا 101 ملیۆن و 160 هەزارو 349 بەرمیل بووە، هاوکات هەناردەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە 6 ملیۆن و 455 هەزار بەرمیل نەوت بووە.
هەر ئەمرۆش 25ى شوباتى 2026 حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، رۆژانە لەنێوان 200 بۆ 210 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت و لە هەوڵدان بۆ زیادکردنی.
وتیشى، لە داهاتوویەکى نزیکدا رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەكرێت.
