میدیاکانی تورکیا؛ ئۆجەلان لە 27ی شووبات بانگەوازێکی نوێ بڵاو دەکاتەوە
4 كاتژمێر لەمەوپێش
لە ساڵڕۆژی بانگەوازەکەی 27ی شووباتدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە ئیمراڵییەوە بانگەوازێکی نوێ بڵاودەکاتەوە و بەمەش قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئاشتی دەستپێدەکات.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ساڵڕۆژی بانگەوازەکەی 27ی شووباتدا، بانگەوازێکی نوێ بڵاودەکاتەوە، بەپێی میدیاکانی تورکیا، نامەی بانگەوازەکەی بەڕێگەی دەم پارتییەوە بڵاو دەکرێتەوە، هەریەک لە تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغلولەری، هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی نامەکەی ئۆجەلان دەخوێنرێتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان "پەیامی کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی پرۆسەی ئاشتی و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پرۆسەکە" دەبێت.
لە دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی کورد کە لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە بە "پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر" ناودەبرێت، ڕاپۆرتی کۆتایی کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا پەسەند کراوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئۆجەلان پەیامێکی نوێ بڵاودەکاتەوە.
ڕۆژی هەیینی، 27ی شووبات، پەیامەکەی ئۆجەلان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەئامادەبوونی پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، مەتحەت سەنجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی، فایەق ئۆزگور ئیرۆل، پارێزەری سەدە، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، بۆ رای گشتی دەخوێندرێتەوە.
چاوەڕێ دەکرێت لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا" پەسەندکردنی ڕاپۆرتەکەی کۆمسیۆن و دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئاشتی کورد" باس بکرێت.
لە ڕۆژی 27ی شووباتی 2025دا، ئۆجەلان لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد، بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە " پێویستە پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و هەموو گروپەکانی چەک دابنێن"..
هەروەها گوتی : "لەم کەشوهەوایەی کە بەهۆی ئەو پێشنیازەی دەوڵەت باخچەلی، ئەو ئیرادەیەی سەرۆک کۆمار نیشانیداوە، و ڕێبازە ئەرێنییەکانی لایەنە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە دروست بووە، بانگەوازێک بۆ دانانی چەک دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە لە ئەستۆ دەگرم".
چەند مانگێک دوای ئەم بانگەوازە، 30گەریلای پەکەکە لە مەراسیمێکی تایبەتدا لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە 11ی تەمموزدا چەکەکانیان دانا و سووتاندیان ، دواتر لە 5ی ئابی 2025 کۆمیسیۆنی "یەکڕیزی نیشتیمانی و برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا دامەزرا.
