سبەی رێکارەکانی ناردنی 120 ملیار دینارەکە دەستپێدەکات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی رێکارەکانی ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق دەستپێدەکات و هەفتەی داهاتووش بەغدا مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
چوارشەممە 4-2-2026 سەرچاوەیەک لە وەزارەتیی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، سبەی پێنجشەممە دەست بە رێکارەکانی ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق دەستپێدەکات، ئەگەر فریاکەوتن پارەکە دەنێرن، ئەگەرنا ناردنی پارەکە دەکەوێتە یەکشەممەی داهاتوو.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، دوای ناردنی 120 ملیار دینارەکە، بەغدا دەست بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی یەک دەکات و هەفتەی داهاتوو پارەکە دەنێرێت.
35 رۆژ لە ساڵی نوێ تێپەڕیوە و تاوەکو ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی کانوونی دووەمیان وەرنەگرتووە، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر حکومەتی عێراق مووچەی مانگی یەکی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی داوە، لە پێنجشەممەی رابردووشەوە دەستی بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی بۆ مانگی یەک کرد.
دوێنێ سێشەممە هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق پێیراگەیاندووە، قسەی لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کردووە لەبارەی مووچەی کانوونی دووەمی 2026ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؛ پێیگوتووە، هیچ کێشەیەک نییە، چاوەڕێی ئەوە دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێ بکات و دوای ناردنی 120 ملیار دینارەکە، مووچەی مانگی یەک دەنێرن.
رۆژی سێشەممە 27ی کانوونی دووەمی 2026 لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەغدا کرا و رۆژی دواتر رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
دوایین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 دابەشکرا، کە مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی 2025 بوو.
