پارتى و یەکێتى کۆدەبنەوە بەر لە دانیشتنى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار

2 كاتژمێر لەمەوپێش




بڕیارە بەر لە ئەنجامدانى دانیشتنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستى باڵا کۆببنەوە. سەرچاوەیەکى بەرپرس لە پارتییەوە ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی کۆبوونەوەکە گەیشتنە بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆککۆمار پێش چوونە ناو هۆڵی پەرلەمان.

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی نوێ لەنێوان هەردوو پارتە سەرەکییەکە دانەنراوە. ئەو سەرچاوەیە جەختی کردەوە کە هەردوولا هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک و هەریەکەیان ڕژدن لەسەر بەربژێرەکانى خۆیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. هەروەها ڕەتیکردەوە جگە لە کۆبوونەوەکەی بەغداد، هیچ دیدارێکی دیکە لەنێوان لایەنەکاندا ئەنجامدرابێت.

لە ڕێکەوتى 27ـى کانوونى دووەمى 2026، قوباد تاڵەبانى و د. فوئاد حسێن لە شاری بەغداد کۆبوونەوە. لەو دیدارەدا پرسی پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار تاوتوێکران، کە تاوەکو ئێستا وەک دوایین کۆبوونەوەى فەرمیی نێوان هەردوو لایەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسانە هەژمار دەکرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان کۆببنەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامى سەردانی شاندەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان. لەم کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى ئەو گفتوگۆیانە دەکرێت کە شاندی چوارچێوە لەگەڵ بەرپرسانى پارتى و یەکێتى لەبارەى یەکلاکردنەوەی پۆستى سەرۆککۆمار ئەنجامیانداوە، بە ئامانجی تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی لە بەغداد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار