وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی (Epic Fury) و رووخانی قەڵای دەسەڵات لە تاران
11 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامانجە هەرە پڕبایەخەکە
لە نێوان هەموو ئەو ئامانجانەی لە هێرشە ئاسمانییەکەی رۆژی شەممە 28ى شوباتدا پێکران، "کۆمەڵگەی رێبەرایەتی" لە دڵی تاراندا کاریگەرترین و پڕبایەخترین خاڵ بوو. ئەم شوێنە کە بۆ چەندین دەیە وەک ناوەندی بڕیاری سیاسی و سەربازی و هێزی رەهای ئێران ناسرابوو، پێکهاتبوو لە نیشتەجێبوون و جێگای کارکردنی فەرمیی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای وڵات. هێرشەکە بە جۆرێک بوو کە ئەم ناوەندە ستراتیژییەی لەگەڵ مزگەوت و نەخۆشخانەکەی ناویدا بە تەواوی وێرانکرد و تەختی زەوی کرد، بەمەش کۆتایی بەو شوێنە هێنا کە بۆ چل ساڵ جومگەکانی دەوڵەتی لێوە بەڕێوەدەبرا.
ئۆپەراسیۆنی (Epic Fury): گەورەترین مانۆڕی ئاسمانی لە مێژوودا
ئەم هێرشە بەشێک بوو لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بە ناوی (Epic Fury)، کە بە یەکێک لە گەورەترین و ئاڵۆزترین هێرشە ئاسمانییەکانی مێژوو دادەنرێت. ئۆپەراسیۆنەکە زیاتر لە ههزار ئامانجی جیاوازی لە سەرانسەری ئێران پێکا، بە ئامانجی ئیفلیجکردنی تەواوەتیی سیستەمی بەرگری و ژێرخانی سەربازیی سوپای پاسداران (IRGC).
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، توانیویانە بارەگای سەرەکیی سوپای پاسداران و "ماڵی رێبەری" لە تاران تێکبشکێنن، ئەمەش وەک گورزێکی کەمەرشکێن بۆ تانوپۆی سەربازیی رژێمەکە هەژماردەکرێت.
نەخشەی ژیانی ڕۆژانەیان کێشاوە
كوشتنى خامنەیی رووداوێکی لەناکاو نەبوو، بەڵکو بەرهەمی ساڵانێک چاودێریی هەواڵگریی ورد بوو. ئیسرائیل ساڵانێک لەمەوبەر توانیبووی سیستەمی کامێراکانی هاتوچۆی تاران هاک بکات، بە تایبەت کامێرایەکی دیاریکراو کە بۆ چەندین ساڵ چاودێریی وردی گەراجی ئۆتۆمبێلەکانی ماڵی رێبهرى دەکرد. لەڕێگەی ئەم چاودێرییەوە، هەواڵگریی موساد و (CIA) توانییان "نەخشەی ژیان"ى خامنەیی و پاسەوانەکانی بکێشن. هاوکات لەگەڵ سیخوڕیی ئەلیکترۆنی و گوێگرتن لە پەیوەندییە رادیۆییەکان. لهگهڵ ئهوانهشدا سەرچاوەیەکی مرۆیی ناوخۆیی زانیاریی کۆتایی دابوو، کە بەیانیی رۆژى شەممە خامنەیی و راوێژکارە باڵاکانی لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا دەبن.
کاتژمێری سفر: کاتێک تاران کوێر کرا
جێبەجێکردنی پلانەکە لە کاتێکی چاوەڕواننەکراودا بوو، كاتژمێر 6:00ـی بەیانی، فەرماندەیی سایبەری و بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا بە هێرشێکی ئەلیکترۆنیی فراوان، سیستەمی بینین و پەیوەندییەکانی ئێرانیان پەکخست و وڵاتەکەیان کوێر کرد. دواتر لە كاتژمێر 9:40 خولهكى بەیانی، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە مووشەکی مەودادرێژ و زۆر ورد، "ماڵی رێبەر"یان لەو کاتەدا پێکا کە خامنەیی و سەرکردەکان پێكهوه كۆبوونهوه. ئەم هێرشە راستەوخۆیە هیچ دەرفەتێکی بۆ رزگاربوون نەهێشتەوە.
پشتڕاستکردنەوە و کاردانەوە تێکەڵەکان
دوای چەندین کاتژمێر لە گومان و نکۆڵیکردنی بەرپرسانی ئێران، دۆناڵد ترامپ لە ناو فڕۆکەی "Air Force One"ـەوە هەواڵەکەی راگەیاند و خامنەیی بە "یەکێک لە خراپترین کەسەکانی مێژوو" ناوبرد. دواجار تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران بە ماتەمینییەوە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە. کاردانەوەکان لە ناوخۆی ئێران بۆ لایهنگرانى ئاڵۆز بوون. مردنی ئەو تراجیدیایەکی نەتەوەیی بوو بۆ کەسێک کە 40 ساڵ پارێزەری ناسنامەی شیعە بوو، بەڵام بۆ نەیارانی، ئەمە کۆتایی رژێمێکی سەرکوتکەر بوو، کە بووە هۆی ئاهەنگگێڕانی بەشێکی زۆری خەڵک.
دەرەنجام: لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژوو
کوشتنی عەلی خامنەیی لە ناو جەرگەی تاراندا، نەک هەر کۆتایی بە دەسەڵاتی یەکلاکەرەوەی ئەو هێنا، بەڵکو لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردەوە. ئەم رووداوە نیشانیدا کە هیچ شوێنێک لەسەر زەوی لە دەستی تەکنەلۆژیا و هەواڵگریی پێشکەوتووی ئەمریکا و ئیسرائیل پارێزراو نییە.
