ترامپ لە جەنگی ئێران دەکشێتەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



عوسمان عەسکەری

سەرەتا.. پڕۆژە ڕاگیراوەکانی بن سەلمان و بەربەستەکانی ئیسرائیل
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، وەک هەڵگری پڕۆژەیەکی گەورەی نوێخوازی لە ناوچەکەدا دەنگی دایەوە. بەڵام پڕۆژەکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی جیۆپۆلیتیکی بوونەوە، بەتایبەت. یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکان (پردی مەلیک سەلمان) بوو کە بڕیار بوو سعوودیە و میسر پێکەوە ببەستێتەوە. ئەم پڕۆژەیە کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ٢٠٠٨ دەگەڕێتەوە، بەهۆی تێبینی و ناڕەزایەتییەکانی ئیسرائیلەوە چەندین جار سڕ کراوە. 

سعوودیە هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی نەبووەتە بەشێک لە "ڕێککەوتنی ئەبراهام"، بەڵام بە بێدەنگی ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری هەبووە لە فراوانکردنی ئەو ڕێکەوتنەدا. لەلایەکەوە لە ڕێگەی پشتگیریکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ تەلئەبیب، لەلایەکی دیکەوە بەهۆی کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی فڕۆکە ئیسرائیلییەکاندا. دوای ئەم نەرمییە، دووبارە پڕۆژەی پردەکە بە تەرخانکردنی نزیکەی ٦ ملیار دۆلار کاراکرایەوە، بەڵام زۆری نەخایاند بەهۆی نەبوونی ڕەزامەندیی کۆتایی ئیسرائیل، جارێکی دیکە ڕاگیرایەوە.

ستراتیژی بن سەلمان و هاوکێشەی ئێران  
وا دەردەکەوێت بن سەلمان پلانی هەبێت دوای لاوازبوون یان نەمانی هەژموونی ئێران، سەرلەنوێ ئەسپی "بەناو شۆڕشە نوێخوازییەکەی" تاو بداتەوە. بۆ ئەم مەبەستە، سعوودیە کە سەرەتا بڕی ٤٠٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا کردبوو، لە دوا دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ئەم بڕەی بۆ ١ تریلیۆن دۆلار بەرزکردەوە. ئەم هەنگاوانە هاوکات بوون لەگەڵ دەرکەوتنی فەزیحەکانی "ئەپشتایین" و چالاکییە چڕەکانی لۆبی ئیسرائیلی لە واشنتۆن بۆ لێدانی ئێران لە لایەن ئەمەریکاوە. ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە هاوپەیمانییەکی ڕانەگەیەندراو لە نێوان نەتانیاهۆ و بن سەلماندا هەبووبێت کە ترامپیان ڕازیکرد تا گورزی سەربازی لە ئێران وەشاند. بەمەش بن سەلمان دوای نەتانیاهۆ، بە یەکێک لە کارەکتەرە هەرە کاریگەرەکان دادەنرێت لە هاندانی ئەمریکا دژ بە تاران.

سیاسەتی ئەمریکا و پاراستنی هاوسەنگیی هێز
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، یاری بە هاوسەنگیی هێز لە نێوان جەمسەری سوننە و شیعەدا دەکات. هەرچەندە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەنداو جێگیرکراون، بەڵام وەک بینرا نەبوونەتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ئەو وڵاتانە لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران و بریکارەکانی دا.

ڕاستییەکی جیۆپۆلیتیکی هەیە کە پێویستە درکی پێ بکرێت.. ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل کارێکی سادە نییە. ڕووخانی ئێران بە واتای گەیشتنی ناتۆ دەبێت بۆ دەریای قەزوین و هاوسنووربوونی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیا، ئەمەش هێڵێکی سوورە بۆ مۆسکۆ. لەلایەکی تریشەوە، ئێران بۆ چین وەک "سەنگەری پێشەوە" و کارتێکی بەهێزی فشارە لە بەرامبەر کێشەی تایوان و ململانێکانی لەگەڵ واشنتۆن بۆیە ئەو دوو زلهێزە ڕێگانادەن بە ئاسانی ئێران بڕووخێت.

جەنگی سێبەر.. ئایا ئێران دەبێتە "ڤێتنام"ێکی نوێ بۆ ئەمریکا؟
لە چوارچێوەی جەنگی سێبەردا، ئامادەیی پسپۆڕانی سەربازی و سوپای سایبەریی ڕووسیا و چین لە ئێران، نەک هەر بووەتە ڕێگرێکی بەهێز لەبەردەم هەرەسهێنانی خێرای ئەو وڵاتە، بەڵکو دەست لە ئیسرائیل و ئەمەریکا هاوپەیمانەکانیشی دەوەشێنێت. خەریکە مێژوو خۆی دووبارەدەکاتەوە، وەک چۆن لە جەنگی ڤێتنامدا هاوکارییەکانی سۆڤیەت و چین بوونە هۆی شکستی فەرەنسا و ئەمریکا، ئێستاش وا دەردەکەوێت پەکین و مۆسکۆ دەیانەوێت ئێران بکەنە "زۆنگاوی ڤێتنام" بۆ واشنتۆن و تەلئەبیب. هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە سەربازییەکان، هێرشەکان بازاڕی وزەیان هەژاندووە و شرۆڤەکاران هۆشداری لە شۆکێکی نەوتی دەدەن کە کاریگەرییەکەی زۆر لە قەیرانی غازی دوای جەنگی ئۆکراینا قووڵتر دەبێت و ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر ژیانی خەڵک لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا بۆیە سەرباری هەڕەشەکان، ترامپ لە دەرچەیەک دەگەڕێت.

سیناریۆکانی داهاتوو.. شەڕی وەکالەت یان جەنگی جیهانی؟
دۆناڵد ترەمپ لە ناوخۆی ئەمەریکا لەژێر فشارێکی گەورەی کۆماریەکاندایە، هاوکات مەترسی ئەوەش هەیە کە زلهێزەکان "ڕوسیا و چین" ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ببنەوە. بۆیە یەکێک لە سیناریۆ نزیکەکان ئەوەیە کە ئەمریکا جەنگەکە بۆ وڵاتانی کەنداو، بە ڕێبەرایەتی سعودیە جێبهێڵێت. لەم حاڵەتەدا، شەڕەکە لە کێبڕکێیەکی سیاسییەوە دەگۆڕێت بۆ "جەنگێکی مەزهەبیی کراوە" لە نێوان سوننە و شیعەدا. بە جۆرێک گرووپە جیهادییەکانی سووریا و داعش هتد.. دژ بە حەشدی شەعبی و کەمینە مەزهەبییەکان لە ناوخۆی سعودیە و ئێران دەجووڵێندرێن.
ئەگەر ئەم سیناریۆیەش سەرنەگرێت، ئەوا جیهان دەبێت خۆی بۆ جەنگی سێیەمی جیهانی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی جەمسەری (چین، ڕووسیا، کۆریای باکور و ئێران و هتد..) لە دژی (ئەمریکا، ئیسرائیل، ناتۆ و هاوپەیمانەکانیان) ئامادە بکات.

دووکەڵی جەنگی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە ناو جەرگەی ئەم گێژاوە جیۆپۆلیتیکییەدا، هەلێکی زێڕین بۆ کورد ڕەخساوە کە دەتوانێت ببێتە بڵێسەی ڕاپەڕینی ئێران و بونیاتنانی هەرێمی ڕۆژهەڵات. زۆربەمان ئەو فیشەکەمان لەیاد ماوە کە سەربازێکی عێراقی لە ساڵی ١٩٩١ بە پەیکەرەکەی سەدام حوسێنەوە نا لە گۆڕەپانی سەعد لە بەسرە. ئەو فیشەکە بووە چەخماخەی ڕاپەڕینێک کە بە خێرایی لە بەسرەوە تا ڕانیە و شارەکانی دیکەی کوردستان و عێراقی گرتەوە. ئێستاش وا دەردەکەوێت کە دۆناڵد ترامپ کورد هان دەدات تا هەمان فیشەکی ئەو سەربازە عێراقیە لە ئێراندا بتەقێنن.

لەم دۆخەدا، ئەگەر کورد دەست بە ڕاپەڕین بکات، بێگومان سەرباری ئەوەی نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەڕێژێتەوە، دەبێتە فریادڕەسی گەلانی دیکەی ئێرانیش، بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە دەبێت کورد پێشوەختە، ڕێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکادا بکات. پێویستە و هیوادارم کورد بەوپەڕی ژیری و وریاییەوە مامەڵە بکات و نەبێتە بەشێک لە شەڕی تائیفیی نێوان سوننە و شیعە. هێرشەکانی ترامپ ئامانجەکانی ئەمەریکاو ئسرائیلی پێکاوە، بۆیە ترامپ دەیەوێت شەڕەکە بۆ گەلانی ناوچەکە، بۆ ووڵاتانی سونە بەجێ بێڵێت تا لە دژی شیعە بجەنگن.

لێرەدا کورد پێویستە وانە لە ڕووداوەکانی ڕابردوو بگرێت، چونکە ڕیسککردن بە خوێنی گەنجان و ئاییندەی قەوارەی سیاسیی نەتەوەکەمان بەبێ ڕێکەوتن لەسەر بنەمای بانگەشەکانی ترامپ و نەتانیاهۆ نەک راست نیە، بەڵکو مەترسییەکی گەورەشە. ئەزموونەکانی مێژوو سەلماندوویانە کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتاییدا تەنها بەدوای ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن.
کەواتە، کورد پێویستە ستراتیژی "چاوەڕوانی و پاراستنی سەنگەر" بگرێتە بەر، بۆ ئەوەی نەبێتە سووتەمەنی جەنگێک کە تێوەگلان تێیدا، بەبێ ڕێککەوتنێکی ڕوونی پێشوەختە لەگەڵ ئەمەریکا، هیچ گەرەنتییەکی ئەوتۆ بۆ گۆڕینی چارەنووسی نەتەوەیی نادات، بەڵکو تەنها تێچووە مرۆیی و سیاسییەکانمان زیاد دەکات. تکایە بە بێ ڕێککەوتنێکی پێشوەختە لەگەڵ ئەمەریکا، دەبنە بەشێک لە شەڕی تایەفی شیعەو سوننە، شەڕی عەرەب و فارس.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار