نالەباری جوگرافیا و دەرفەتی مێژوو: وانەکانی ٢٠٠٣ و ئاڵنگاریەکانی ٢٠٢٦ لەبەردەم کورددا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ن/ئاسۆ مەحمود
سەرەتا:
٢٠ ی ئازاری ٢٠٠٣ هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئامریکا هێرشیان کردە سەر عێراق.
وا ئێستا نزیک دەبینەوە لە ٢٠ ی ئازاری ٢٠٢٦.
مێژوو دووبارە نابێتەوە، بەڵام ڕەنگە ڕوداوەکان هەمان ڕەنگ و بۆیان هەبێت. لە ساڵی ٢٠٠٣دا، کاتێک ئەمریکا بڕیاری ڕوخاندنی ڕژێمی سەدامی دا، بە چەند ڕۆژێک پێش هێرشەکە، کەوتە مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی چواردەوری عێراق، بۆ ئەوەی ڕێگەبدەن کە لە زەوی ئەوانەوە هێرشی زەمینی ئەنجام بدات.
سەرەتا ئوردن:
شا عەبدوڵای دوەم لە دۆخێکی پڕ شەرم و ترسدا، بە ئەمریکیەکانی ڕاگەیاند کە دەبێت وەک دۆستێکی خۆیان بیبورن کە ناتوانێت ڕێگەبدات خاکی ئوردن بەکاربهێنن لە هێرشکردنە سەر عێراق لەبەر ئەم هۆکارانە؛
• ترس لە ڕاپەڕینی ناوخۆیی: زۆربەی دانیشتوانی ئوردن بە ڕەچەڵەک فەڵەستینین یان پەیوەندییەکی توندیان لەگەڵ عێراق هەیە و قبوڵی ناکەن.
• ئابووری: عێراق دابینکاری سەرەکیی نەوتی ئوردن بووە بە ئێستاشەوە بە نرخێکی زۆر هەرزان.
• پەیوەندییە عەرەبییەکان: ئوردن نەیدەویست وەک "خائین" بە نەتەوەی عەرەب دەربکەوێت بەوەی ڕێگەبدات هێزی بیانی لە خاکەکەیەوە هێرش بکەن.
لە لایەکی تریشەوە ڕێگەی دا بە تیمە بچووکەکانی هێزی تایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا (Special Forces) کە لە بیابانەکانی ڕۆژئاوای ئوردنەوە بچنە ناو عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی سەکۆکانی موشەکی "سکۆد" تا ئیسرائیل نەپێکن و ئەمریکا سیستەمی "پاتریۆت"ی لە ئوردن جێگیرکرد بۆ پاراستنی ئاسمانی ئەو وڵاتە.
بەکارهێنانی بنکە ئاسمانییەکانی ئوردن بۆ کاری لۆجستی و گەڕان و ڕزگارکردن، نەک بۆ بۆردومانی ڕاستەوخۆ. بەکورتی لەژێر عەباوە هەرچی توانی بۆ ئەمریکا کردی.
تورکیا:
تورکیا ئەمریکای شۆکرد، ئامریکا پێیوابو کە تورکیا ئاسمان و زەمینی وڵاتەکەی واڵا دەکات بۆ هێرشکردنە سەر عێراق بەڵام پەرلەمانی تورکیا لە رۆژی ١ ی ئازاری ٢٠٠٣ ، بە "نەخێر"ێکی مێژوویی ڕێگەی لە هێرشی زەمینی گرت.
بەهۆی ئەم بڕیارەوە هێرش بۆ سەر عێراق بۆ چەندین ڕۆژ دواکەوت، چونکە ئەمریکا کەشتیە جەنگیەکانی ناردبووە دەریای ناوەڕاست بۆ سنوری تورکیا.
ئەم بڕیارەی تورکیا بۆ چەندین ساڵ پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و ئامریکای ساردکردەوە ، کە چەندین پەرچەکرداری ئەمریکای لێکەوتەوە، کەباسکردنی لێرەدا کاتی زۆر دەبات.
کورد؛ دەستکەوتنی هەلێکی زێڕین
ساڵی ٢٠٠٥ بەرپرسێکی یەکێتی لە زاری بەهرۆز گەڵاڵی یەوە گێڕایەوە، چەند ڕۆژێک پێش بڕیارەکەی پارلەمانی تورکیا، مام جلال دەچێتە ئەنقەرە، کۆبونەوە ڕێکدەخرێت لەگەڵ عەبدوڵا گیول.
گیول دەڵێت رای ئێوە چیە ئێمە ڕێگەبدەین بە هێزەکانی ئەمریکا تورکیا بەکاربهێنن بۆ هێرشی زەمینی؟ کۆمەڵێک بابەت هەیە ئێمەی زۆر دودڵکردوە، عێراق وڵاتێکی ئیسلامی یە بۆ ئێمەش وەک وڵاتێکی ئیسلامی لەسەرمان دەکەوێت، سەرباری، نیگەرانی وڵاتانی عەرەبی، پاشان (پەکەکە) ڕەنگە سودی خراپ وەرگرێت لە واڵابونی سنورەکانمان.
مام جەلال دەڵێت، ناحەقتان نیە، هەمو ترس و دودڵیەکانتان لە جێگەی خۆیەتی ئەوانەی باستکرد، هەموی ڕاستی یەو کاریگەری خراپی لەسەر داهاتوی تورکیا دەبێت.
بۆ دو ڕۆژ دواتر پارلەمانی تورکیا بە نەخێر بڕیاریدا.
بەهرۆز گەڵاڵی وتویەتی ئەوساتەی پارلەمانی تورکیا بە نەخێر دەنگیدا، مام جلال لە تیڤی یەوە سەیری دەکرد، دەستبەجێ داوایکرد کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ ڕێکبخەین.
هەر لە هۆتێلەکە کۆنگرەکەمان ڕێکخست و مام جلال وتی، ئێمە لە نیگەرانیەکانی برا تورکەکانمان تێدەگەین، بەڵام خۆمان هەموو هاوکاریەکی هیزەکانی هاوپەیمانان دەکەین، دو فرگەی بچوکمان ئامادەکردوە کە هێزەکانی ئامریکا دەتوانین لەوێوە بە پەرەشوت دابەزن و وەک هێزەکانی پێشمەرگەش بەشداری ڕاستەوخۆی جەنگەکە دەکەین.
ئەم هەڵوێستە تورکەکانی شۆککرد.
لەوێ بەدواوە کورد بوە هاوپەیمانی ئامریکا و تورکیا بۆ دەیان ساڵ لە پەیوەندیەکی سارد لەگەڵ ئامریکا مایەوە.
ئێستا، ٢٣ ساڵ بەسەر ئەو ڕوداوانەدا تێدەپەڕێت، کورد جارێکیتر لە گیروگازدایە، درێژەکێشانی جەنگی ئێران بە زیانی زۆر گەورەی ئەمریکا تەواو دەبێت، ترەمپ لێکدانەوەی وردی بۆ هێرشەکانی سەر ئێران نەکردوە، بڕوایان وابوە بە کوشتنی خامەنەی ئێران دەڕوخێت، سەرباری ئەوەی پێیان وابوە کەئەگەر لە ئێران بدەن، گەلی ئێران ڕادەپەڕێت. ئێران سوریا و عێراق نیە، قوڵای ستراتیژی سەربازی ئێران دەیان جاری عێراق و سوریایە، جگە لە توانا سەربازیەکەی.
هەستیاری ئەم بابەتانە، ڕێگەنادات هەمو شتێک بوترێت، بەڵام قازانجی هەرێمە وەک ئوردنی ساڵی ٢٠٠٣ بکات. پێش هەموو شتێک دەبێت لایەنە کوردییەکان لە ژوورێکی داخراودا ڕێکبکەون کە کوردستان ناکەنە مەیدانی جەنگ بۆ بەرژەوەندی هیچ لایەک.
