هێرش کرایە سەر بارەگایەکی پێشمەرگە و بریندار هەیە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بارەگای فیرقەی 11ـێ پێشمەرگە لە ناحیەی دێگەڵە بۆردوومان کرا و بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرماندەیی یەکی پێشمەرگە، چەند کەسێک برینداربوونە.
لە ڕاگەیێنراوەکەی فەرماندەیی دەڤەری یەکدا هاتووە، "بەهۆی هێرشەکەوە چەند کەسێک برینداربوون لە ئێستادا هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان و لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی ڕووداوەکە بەردەوامە." لە ڕاگەیێنراوەکەدا، وردەکاریی هێرشەکە باس نەکراوە و تا ئێستا نازانرێت هێڕشەکە لە ڕێگەی درۆنی خۆکوژی بووە یان هێرشی مووشەکی، هاوکات زانیاریی لەبارەی بریندارەکان بڵاونەکراوەتەوە.
سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی دەڤەری یەک بە ئاڤای وت، "ئەمڕۆ لە دوو کاتی جیاوازدا دوو هێرش کراوەتە سەر بارەگای فیرقەی 11ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێرشێکییان لە کاتژمێر 3:00 ی سەرلەبەیانی بووە ئەوەی دیکەشییان کاتژمێر 8:30 خولەک بووە و زیانی گیانی نەبووە و تەنیا کەسێک بە سوکی برینداربووە و هەندێک زیانی ماددی هەبووە."
ئەم هێرشە لەکاتێکدایە، ئێوارەی ڕۆژی 1ی ئازاری 2026 بارەگای فیرقەی 11ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەورووبەری ناحیەی دێگەڵە، لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە بۆردومانکرا.
ئەمڕۆ بەیانی، بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی ئازادی سنووری کۆیە و لەناو لەمپەکەدا بنکەیەکی تەندروستی و جبەخانەیەکی چەک کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە کەسێک بە سووکی بریندار بووە.
دوای هێرشەکەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان، داوای لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و فەرماندەیی گشتیی هێزەچەکدارەکان کرد، سنورێک بۆ ئەم دەستدرێژی و کردە دوور لەیاساییانە دابنێت و بەرپرسیارانی ئەم کردەوەیە ڕووبەرووی لێپێچینەوەی یاسایی بکات، بەردەوامی دان بەم کردەوە تیرۆرستییانە بێ وەڵام نابێت.
