هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر بەردەوامن
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک ئاڕاستەی ئاسمانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کران و دەنگی تەقینەوەیەکی بەرزیش بیسترا. سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە هەولێر ڕێگری لە هێرشەکان کرد.
ڕۆژنامەنووس عەبدولحەمید زێباری، دانیشتووی هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوو ڕۆژە هێرشەکان بۆ سەر هەولێر بەردەوامن، بەڵام هێرشەکەی ئێوارەی یەکشەممە بەهێزترین هێرش بوو."
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ئەمڕۆ ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر یەکێک بوو لە ژمارەیەک ئامانجی سڤیل کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج.
ڕۆژنامەنووس زێباری ڕایگەیاند، تا ئێستا نازانرێت هێرشەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون یان مووشەک، بەڵام سیستەمی بەرگری ئاسمانی زۆربەی هێرشەکانی پوچەڵ کردووەتەوە و دوکەڵ لە هەندێک ناوچەی هەولێرەوە بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێشتا دوکەڵ و بڵێسەی ئاگرێکی زۆر لە ناوچەیەکی بەردەم دیواری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو ڕۆژهەڵات بەرز دەبێتەوە، هەروەها بڵێسەی ئاگریش دیارە."
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، ڕوونە کە پاشماوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان یان مووشەکێک لە شەقامی 120 مەتری هەولێر کەوتووەتە خوارەوە و دوکەڵی لێ بەرزدەبێتەوە.
ڕۆژنامەنووس زێباری گوتی "تا ئێستا نازانرێت ئەو هێرشانە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان مووشەک ئەنجام دەدرێن، بەڵام سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕێگرییان لێدەکات و زۆربەیان لە ئاسماندا لەناو دەچن."
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی ئەفسانەیی"ی ئەمریکا لە دژی ڕژێمی ئێران، هەولێر وەک دەیان ناوچەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بووەتە ئامانجی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا.
لە هەولێر بنکەیەک هەیە بۆ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا. بنکەکە دەکەوێتە تەنیشت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
