کەنەکە: با هەموومان بەشداربین لە نەورۆزی ئازادی و یەکڕیزیی
7 كاتژمێر لەمەوپێش
کەنەکە بانگەوازی لە هەموو پارت و ڕێکخراو و کەسایەتییەکان کرد بە ڕۆحێکی نیشتیمانی و بە درووشمی "نەورۆزی ئازادی و یەکڕیزی"ـەوە بەشداریی لە ئاهەنگەکانی نەورۆز بکەن.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بانگەوازی لە هەموو پارت و ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات کرد بە ڕۆحێکی نیشتیمانی و بە درووشمی "نەورۆزی ئازادی و یەکڕیزی"ـەوە بەشداریی لە ئاهەنگەکانی نەورۆز بکەن، دەسکەوتەکانی گەلی کورد و بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بپارێزن.
کەنەکە دەڵێت: "نەورۆزی ناوەندیی ئامەد و تەواوی ئەورووپا بە ڕۆحێکی نەتەوەیی و ئیرادەی پتەوەوە، پێکەوە پیرۆز بکەن. هەروەها هیوادارین ئەمساڵ گەلەکەمان لە فرانکفۆرت و لە هەموو وڵاتانی ئەورووپا و جیهان پێکەوە جەژنی نەورۆز پیرۆز بکەن. پێویستە بە ئیرادە و یەکڕیزییەکی بەهێز پێکەوە جەژنی نەورۆز بگێڕین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئیرادەی گەلەکەمان بۆ هەموو جیهان نیشان بدەین و پەیامی ئازادی و یەکڕیزیمان بە جیهان بگەیەنین.
بانگەوازی ئێمە ئەوەیە کە هەموو کوردستانیان بە ڕەنگ و سیمبول و ناسنامەی خۆیانەوە دەست بدەنە دەستی یەک و نەورۆزی ٢٠٢٦ بکەنە نەورۆزی ئازادی و یەکڕیزیی خۆیان. ئێمە پێمان وایە هەلومەرجی ناوچەیی و ئەو قۆناغەی کە بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردستانی تێیدایە، بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە سەر شانی هەموومان. بۆیە جارێکی تر بانگەوازی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە بە یەکێتی و بەدیهێنانی یەکڕیزیمان دەتوانین هێزی گەلەکەمان زیاد بکەین و ئامانجەکانمان بەدی بهێنین".
