نوێترین پەیامى عەبدوڵا ئۆجەلان

3 كاتژمێر لەمەوپێش



عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری پارتی دەم، ناوەڕۆکی دیدارەکەی ڕۆژی 26ی شوباتی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئاشکرا کرد. ئۆجەلان لەو دیدارەدا ڕایگەیاندووە، پێگەی ئەو گرنگە و دەبێت یەکلاییبکرێتەوە، چونکە "پێگەی ئەو، پێگەی کوردە". ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەرچەندە پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت، بەڵام زەمینەیەک بۆ سیاسەتی دیموکراسی ڕەخسێندراوە.

عومەر ئۆجالان قسەی بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا کرد و باسی لە ناوەڕۆکی دیداری ٢٦ـی شوبات کرد. بنەماڵەکان لە ئیمراڵی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و حامیلی یەڵدرم و عومەر خەیری کۆنار و ئەرگین ئاتابای و مەحمود یامالاک دیداریان ئەنجامدا.

عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند دیدارەکەیان نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندووە، تا ئێستە شەش جار دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامداوە و ڕەوشی تەندرووستی باشە. عومەر ئۆجالان گوتی: "لە دیدارەکەدا چەندین بابەتی هەڵسەنگاند، بابەتی ئێران و سووریا و عێراقی هەڵسەنگاند و پێشبینییەکانی خستەڕوو".

عومەر ئۆجالان گوتی: ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکانی پێشوو گوتی، پێویستە گەلی کورد و ڕێکخراوەکانی ڕێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر، چونکە عێراق لەدەستچووە و سووریا هەڵوەشاوەتەوە، گەر ئێرانیش ڕەچاوی دۆخەکە نەکات و دیموکراتیک نەبێت، دەستوەردان لە ئێران دەکرێت. ئێمە لە قۆناغی دووەمی دەستوەردانەکانین. دەستوەردانی یەکەم لە شەڕی دوانزە ڕۆژە دەستی پێ کرد. دەستوەردانی دووەمیان فراوانترە، لە جوگرافیایەکی فراوانتر تەشەنەی کردووە و دەستوەردانێکی گەورە دەکرێت".  

'پێویستە گەلەکەمان بپارێزین'

عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ لەڕووی ئازادی و ئەمنییەوە لە پرسەکەی ڕوانیوە و گوتویەتی: " چۆن ئاسایشی گەلەکەمان بپارێزین و چۆن گەلەکەمان ئازاد بکەین؟ پەیوەندییەکی هاوژیانی لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا هەیە. ئەگەر ئاسایشی گەل بپارێزیت، هەنگاوێکی گرنگ دەنێن لەسەر ڕێگای ئازادی. پاشان ئازادی بەهادار دەکەن و مانای پێدەبەخشن. بەڵام ئەو زیهنیەتانە چین کە زەمینە بۆ کۆمەڵکوژی گەورە لە جوگرافیای ئێمە و لە کوردستان و لە وڵاتدا خۆش دەکەن؟ پێویستە زۆر بە ڕوونی ئەمە بڵێین؛ پڕۆژە گوتاری شۆڤێنی و ڕێبازی هەڕەشەئامێز خەریکە زیاتر دەبن. گەل باجی ئەمە دەدات".

عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند بۆ ئەوەی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بواری سیاسەتی دیموکراتیک لە هەوڵدایە و دەبێت وتوێژەکانی ئێستە بچنە قۆناغێکی ترەوە، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ گوتی پرۆسەکە بە زەحمەت بەڕێوەدەچێت، بەڵام زەمینەیەکی ڕەخساندووە و تا ئاستێک ڕێی بۆ سیاسەتی دیموکراتیک کردووەتەوە. ڕێبەر ئاپۆ گوتی 'ئێمە هەموو شتێکمان وتووە، لێرەوە کاتی هەنگاوی پراکتیکییە'".

عومەر ئۆجالان دووپاتی کردەوە کە ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوە کردووە، سیاسەتێکی ڕوون پێویستە، دەبێت ئەنجامێک بەدەست بێت و ئەمەش ئەرکی هەردوو لایەنەکەیە.

'پێویستە قەیوم نەمێنێت'

عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ تیشکی خستووەتە سەر ئیدارەی خۆجێیەکان و لە درێژەدا گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند پێویستە هەمواری یاسایی بکرێت سەبارەت بە ئیدارەی ناوەندی و خۆجێی. بۆ ئەوەی ئیدارە خۆجێیەکان چالاکتر بن، دەبێت هەموارکردنەوەی یاسایی بکرێن. ڕێبەر ئاپۆ باسی شارەوانی مێردین و بەڕێز ئەحمەد تورکی کرد، جەختی کردەوە دەبێت ئەو بگەڕێتەوە سەر ئەرکەکەی. ڕێبەر ئاپۆ بە گرنگییەوە دەڕوانێت لە کۆتاییهێنان بە قەیوم".

دەربارەی 'مافی هیوا'

عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی مافی هیوا قسەی کردووە، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ گوتی؛ 'مافی هیوا گرنگە. لە پەرلەمان باسی ستاتۆی من کراوە. بێگومان ستاتۆی من گرنگە و دەبێت ڕوون بکرێتەوە. ستاتۆی من، هاوکات ستاتۆی کوردە'. لەم کاتەدا محەمەد ئۆجالانی برای قسەی کردووە و وتویەتی؛ 'گەلەکەمان ئیتر دەیەوێت لێرە دەربچن و ئازاد بژین'. ڕێبەر ئاپۆ وتی 'ئازادبوونی من لێرە، ئازادبوونی گەلە. ئازادبوونی گەلیش، ئازادبوونی منە'. ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە لەم ڕووەوە هەموارکردنەوەی یاسایی هەبێت. نەک تەنها تایبەت بە خۆی، بەڵکوو چەند جارێک تیشکی خستەسەر گرنگیی مافی هیواش".

'خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا گرنگە'

عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئیدارە خۆجێیەکان لە ڕۆژئاوا، خۆبەڕێوەبردنی کورد و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات؛ گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ لە سەرەتاوە بۆ خۆڕاگرتنی کوردانی سووریا تێدەکۆشێت. تێکۆشانێکی گەورەی کردووە. هەوڵدەدات لەم هەلومەرجە سەختانەشدا دیپلۆماسییانە کاربکات. لە دوایین ڕێککەوتندا ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا. هەڵسەنگاندنی گرنگیشی لەسەر ڕۆژئاوا و سووریا خستەڕوو. دەڵێت دەبێت دەوڵەتانی ئێستا هەڵبوەشێنرێنەوە. هەندێک لایەن پڕوپاگەندەی دەوڵەتی بڵاودەکەنەوە و شەڕێکی دەروونی بەرفراوان لە دژی تەڤگەری ئازای و سیاسەتمەداران بەڕێوەدەبەن. بەڵام ئەو شتانە بێمانانن. گەلەکەمان قوربانی زۆر دەدات و ڕەنجێکی مەزن دەدرێت".

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ڕێبەر ئاپۆ سڵاوی ناردووە بۆ ئەو چالاکییانەی لە ئەورووپا بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا کراون، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند پەیوەست بە کوردانی ئەورووپا بە نیازی خەباتێکە، چاوەڕێی هەمواری یاساییە و دواتر بۆ ئەمە کاردەکات. گوتی 'سڵاوی تایبەتم بگەیەنە بە گەلەکەمان لە ئەورووپا'. هەروەها سڵاوی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کوردانی ئەنادۆڵ هەبوو. ڕێبەر ئاپۆ جەختی کردەوە کە پرۆسەی چارەسەر بۆ ئەوانیش گرنگە. گوتی: "ئەوان تا ئێستە هەبوونی خۆیان پاراستووە. ئێمە تەنها بە ئەنادۆڵی ناوەڕاستەوە سنووردار نابین'. سڵاوی خۆی نارد بۆ هەموو ئەو کوردانەی لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە لە سەرانسەری ئەنادۆڵ کۆچبەر بوون. گوتی 'ئامرازی نوێی سەردەم، سیاسەتە، سیاسەتی دیموکراتیک و یاسایە. دەبێت ئەوانیش بێن و لەژێر چەتری دەم پارتییدا سیاسەت بکەن".

'هێشتا کوردییەکەم لە هی ئێوە باشترە'

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێبەر ئاپۆ هەڵوەستەی لەسەر زمانی کوردی کردووە، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ گوتی 'زمانی کوردی زۆر گرنگە'. هەروەها گوتی 'ئەگەر زیهنێک دابەشکرابێت، زمانەکەشی دابەش دەکرێت. ئەگەر هێزی سیاسییان نەبێ، هێزی کەلتوورییشیان نابێت. ئەگەر هێزی ڕێکخراویان نەبێت، ئەوا ناتوان زمانەکەیان بپارێزن'. پێویستە سەرەتا هێزی زیهنی و سیاسی چالاک بکەین و بتوانین لەڕووی کەلتوور و ناسنامەوە بەهاکانمان بپارێزین. پێویستە خاوەنداری لە زمانەکەمان بکەین. تا ئێستە ئێمە لێرە بە کوردی دەدوێین. گوتی؛ 'ئەمە ٢٧ ساڵە لێرەین. ٣٠ ساڵە لەگەڵ کەسدا بە ڕاست و درووستی بە کوردی لەگەڵ کەس قسەم نەکردووە. بەڵام کوردییەکەم هێشتا لە هی ئێوە باشترە'".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار