حزبێکى دیکە پەیوەنیکرد بە هاوپەیمانیی حزبەکانی کوردستانی ئێران
2 كاتژمێر لەمەوپێش
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت بەشداریی هاوپەیمانیی حزبەکانی کوردستانی ئێران دەکەین و ئەو بابەتانەی بۆ بزووتنەوەکە و بۆ داهاتووی کوردستان بە گرینگیان دەزانێ لە ناوخۆی هاوپەیمانیەکە و بە دیالۆگی هاورێیانە چارەسەر بکات.
ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە سەبارەت بە بەشداری لە هاوپەیمانی کوردستان
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان،
دۆستان و دڵسۆزانی یەکگرتوویی گەلی کورد،
هەموان لە تێکۆشانی چەندەها ساڵەی ئێمە لە پێناو یەکڕیزیی گەلی کورد و هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئاگادارن. لە درێژەی ئەو هەوڵ و تێکۆشانەدا بوو کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بەشدارییەکی چڕ و پڕمان لە ناوەندی دیالۆگدا کرد.
ئەوەشتان لێ شاراوە نییە کە ئێمە بە تایبەت لەسەر ڕوونتر کردنەوەی زۆرتری دوو بابەت، واتا هێزی یەکگرتووی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها بەرێوەبەریی هاوبەشی کوردستان لە قۆناغی گوزاردا پێداگریمان دکرد و خوازیاری دیاریکردنی میکانیزمگەلی کردەیی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بابەتانە بووین. ئەو بابەتانە ئێستاش و لە داهاتووشدا بە گرینگ دەزانین و وەکوو ئامانجێک هەوڵیان بۆ دەدەین.
بەڵام هەموان دەبینین کە لە ڕۆژانی ڕابروودا قۆناغێکی بەتەواوی نوێ هاتۆتە ئاراوە. تەوژمی گۆڕان زیاتر لە هەموو کات ڕووی لە ناوچەکەی ئێمە کردووە و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی خستۆتە بەردەم هەلومەرجێکی زۆر هەستیار و مێژوویی کە ئەوەش لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی، هەماهەنگی و کاری هاوبەشە.
هەروەها زۆرێک لە دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان لەم ماوەیەدا پەیوەندییان پێوە کردووین و لەسەر ڕۆڵ و نەخشی کاریگەری کۆمەڵە لە پتەوترکردن و کارامەترکردنی یەکگرتوویی و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد دواون و داواکاری بەشداریمان لە هاوپەیمانی بوون.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانە و لەو سۆنگەیەوە کە کۆمەڵە هەمیشە ئەرکە مێژوویی و بەرژەوەندە نەتەوەییەکان دەخاتە سەرووی هەموو شتێکەوە، دەفتەری سیاسی کۆمەڵە بڕیاری دا لەمڕۆوە بەشداری هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان بکات و ئەو بابەتانەی بۆ بزووتنەوەکە و بۆ داهاتووی کوردستان بە گرینگیان دەزانێ لە ناوخۆی هاوپەیمانیەکە و بە دیالۆگی هاورێیانە چارەسەر بکات.
بڕووخێ رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران
بژی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١٤ی هەتاویی
٤ی مارچی ٢٠٢٦ی زایینی
