ناوی زیاتر لە 300 هەزار مووچەخۆر بۆ سیستمی پەیڕۆڵی مووچە زیاد دەکرێت
24 كاتژمێر لەمەوپێش
ناوی 303 هەزار خانەنشین بۆ سیستمی نوێی مووچە زیاد دەکرێت، بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، دوای خانەنشینان، ناوی زیاتر لە 150 هەزار مووچەخۆری دیکە زیاد دەکرێت.
شەهلا عەبدوڵڵا، سەرۆکی تیمی دڵنیایی جۆری و گەیاندنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون لە گواستنەوەی زانیارییەکانی خانەنشینان بۆ سیستمی نوێ، ئەم مانگە خشتەی مووچەی مانگی 1ی خانەنشینان بە سیستمی نوێ ئامادە دەکرێت.
باسی لەوەش کرد، راهێنان بە کارمەندەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی کراوە بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچە بە سیستمی پەیڕۆڵ.
بە گوتەی شەهلا عەبدوڵڵا، دوای چاکسازییەکان لە لیستی ناوی خانەنشینان، بڕیار دراوە ناوی 303 هەزار خانەنشینی سەربازی و مەدەنی بۆ سیستمی پەیڕۆڵی مووچە زیاد بکرێت.
بڕیارە دوای زیادکردنی ناوی خانەنشینان، ناوی مووچەخۆرانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان زیاد بکرێت.
بەپێی داتاکانی تیمی دڵنیایی جۆری و گەیاندنی خزمەگوزارییە دیجیتاڵییەکان، ژمارەی سوودمەندبووان لە کاروباری کۆمەڵایەتی، زیاتر لە 70 هەزار کەسە و ژمارەی کەسوکاری شەهیدان کە ناویان دەخرێتە لیستی پەیڕۆڵی مووچەوە، دەگاتە زیاتر لە 80 هەزار کەس.
شەهلا عەبدوڵڵا روونیشیكردەوە، لیستی مووچە لە ساڵی رابردووەوە داخراوە و ناوی هیچ مووچەخۆرێکی نوێ بۆ بەغدا نانێردرێت.
پێشتر، لە 01-11-2025 هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیا و زانیاری، بە رووداوی راگەیاندبوو، لەسەر فەرمانی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سیستمی خانەنشینییش دەخەنە سیستمی پەیڕۆڵەوە.
