هەژماری من ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو تەواو کردووە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



پڕۆژەی "هەژماری من" ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو تەواو کردووە و بڕیارە لە سبەی سێشەممەوە، پڕۆسەی دابەزاندنی مووچە بۆ سەر هەژمارە بانکییەکان بە شێوەیەکی دیجیتاڵی دەستپێبکات.

ڕۆژی سێشەممە 10-3-2026، مووچەی مانگی شوبات بە شێوازێکی دیجیتاڵی و لە ڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت. پڕۆسەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ (10، 11 و 12ـی ئادار) بەردەوام دەبێت.

پڕۆژەی "هەژماری من" گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و ئامارە نوێیەکان بەم شێوەیەن:

کۆی تۆمارکراوان: زیاتر لە 900,000 سوودمەند.

کارتە دابەشکراوەکان: 740,000 کارت.

سوودمەندانی ئەم مانگە: 722,100 مووچەخۆر بە دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.

ژێرخانی بانکی: 572 ئامێری ATM لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاواز جێگیرکراون.

پڕۆژەی "هەژماری من"  لە ساڵی 2023 بە دەسپێشخەریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا، بە ئامانجی تێکەڵکردنی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بە سیستەمی بانکیی جیهانی. ئەم پڕۆژەیە هاوکاریی زیاتر لە هەشت بانکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تێدایە و خزمەتگوزارییەکانی وەک وەرگرتنی قەرز، کڕینی ئۆنلاین و ڕاکێشانی پارە لە دەرەوەی وڵات بۆ مووچەخۆران دابین دەکات. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار