نێچیرڤان بارزانى: ڕێگە نادرێت خاکی هەرێم ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئێران
کاتژمێرێک لەمەوپێش
لە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی و سەربازیدا، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە خاکی هەرێمی کوردستان نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئێران و دراوسێکان، هاوکات داوای لە حکوومەتی عێراق کرد سنوورێک بۆ هێرشی گرووپە لەیاسادەرچووەکان دابنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە (10ـی ئاداری 2026)، بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنی لە هەولێر بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکانی شەڕی ناوچەکە کرا و چەندین بڕیاری نوێی ئەمنی دەرکران.
دەقى ڕاگەیەندراوەکە..
ئەمڕۆ سێشەممە 2026/3/10 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، له سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆك، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد کە تێیدا بەڕێزان وەزیری پێشمەرگە، وەزیری ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە ئامادەی بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان. ههروهها چهندين بڕيار و ڕێنمايى بۆ پتهوكردنى پاراستنى ئاسايش و ئاراميى ههرێمى كوردستان و چۆنيهتيى مامهڵهكردنى دهزگاكانى ڕاگهياندن لهگهڵ ڕووداو و پێشهاتهكاندا دهرچوون.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و پاراستنی ئارامیی وڵات لە پێشینەی کارەکان دەبێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا جەختى کردهوه کە به هيچ شێوهيهك ڕێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی ديكهی دراوسێ.
لە تەوەرێکی دیکەدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرانە کرا کە لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عێراقەوە بە درۆن و مووشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زيانى گيانى و ماڵييان لێ كهوتووهتهوه. لهمبارهیەوه جهخت كرايهوه كه حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیاره لهوهى ئهركى خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی، چونکە ئەم پەلامارانە پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی وڵاتن و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی گشتی.
لە کۆبوونەوەکەدا، هاوسۆزى و هاوخهمى لەگەڵ خێزان و بنهماڵهى شەهید و بريندارانى هێرشهكانى سهر ههرێمى كوردستان دووپات كرايهوه، هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان کرا بۆ ماندووبوون و شەونخونییان لەپێناو پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان.
