هەر مووچەخۆرێک هەژماری منی نەبێت مووچەی مانگی 1ی پێنادرێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی تاوەکو ئێستا لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار نەکراون، یاخود پڕۆسەی دروستکردنی کارتەکانیان تەواو بووە و وەریان نەگرتووەتەوە، مووچەى مانگى 1ی ئەمساڵیان پێنادرێت. ئەم بڕیارە وەک فشارێکە بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هۆشداری داوەتە ئەو بانکانەی کە کێشەی نەبوونی سەنتەری پەیوەندی و کەمیی ئامێرەکانی ATMـیان هەیە. وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە کە بەهۆی پێشکەشنەکردنی خزمەتگوزاریی پێویست، ڕێکاری توند بەرامبەر بانکی بازرگانیی عێراقی TBI دەگیرێتەبەر و هەر بانکێک پابەند نەبێت، لە پڕۆژەکە دوور دەخرێتەوە.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی تۆمارکردنی خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کۆی 455 هەزار سوودمەند، تاوەکو ئێستا زانیاریی 438 هەزار کەسیان وەرگیراوە. هەروەها لەو ژمارەیە زیاتر لە 354 هەزار کەسیان بە فەرمی لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمارکراون و کارتیان بۆ دروست دەکرێت.

وەزارەتی دارایی پڕۆسەیەکی نوێی بۆ دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ جووتیاران دەستپێکردووە. ئەم هەنگاوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و ئامانجی ئەوەیە سەرجەم جووتیاران ببنە خاوەن هەژماری تایبەت، تاوەکو شایستە داراییەکانی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە وەربگرن و چیتر پەنا بۆ وەرگرتنی پارەی کاش نەبەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار