كۆشكی سپی بەبۆنەی ڤالانتاینەوە نامە بۆ مادۆرۆ و بایدن دەنێرێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕانە، کۆشکی سپی بەشێوازی تایبەتی خۆی یادی ڤالانتاینی کردۆتەوە و کارتی بۆ نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی زیندانیکراوی ڤەنزوێلا و جۆ بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمریكا ناردووە و گرینلاندیشی لەبیرنەکردووە.
کۆشکی سپی لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێكس ژمارەیەك وێنەی بڵاوكردۆتەوە تەنها یەك كۆمێنتی "بەتایبەت بۆ تۆ دروستکراوە!"ی لەسەر نوسیوە.
لە یەكێك لە وێنەكاندا كە نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی زیندانیکراوی ڤەنزوێلای لەسەرە دەست و چاوی بەستراوە، لەسەری نوسراوە "تۆ دڵی منت ئەسیر كردووە".
لە وێنەیەکی دیکەدا دوورگەی گرینلاند لە شێوەی دڵێکدا دەرکەوتووە، لە بەشی سەرهوەیدا نوسراوە "کاتی ئەوەیە پەیوەندییەکەمان دیاری بكەین"، ئەمەش بیرهێنانەوەی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە بۆ دەستبەسەراگرتنی ئەو دوورگەیە.
وێنەیەكی دیكه ئاماژەیە بۆ جۆ بایدن لەگەڵ كۆمێنتێكی گاڵتەجاڕانەدا، "خۆشەویستی من بۆ تۆ وەك خۆشەویستی دیموکراتەکان بۆ کۆچبەرانی نایاسایی بەهێزە".
لەماوەی رابردوودا ترەمپ چەندین جار هێرشی کردووەتەسەر دیموکراتەكان و جۆ بایدن و، بە هێنانی هەزاران کۆچبەری نایاسایی و بکوژ و بازرگانی ماددەی هۆشبەر بۆ ئەمریکا تۆمەتباری كردوون.
