دوای هەفتەیەک لە پێکدادانی توند لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، کە بەسەختترین گرژیی نێوانیان دادەنرێت لەوەتەی تاڵیبان لە ساڵی 2021 دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست، پاکستان و تاڵیبانی ئەفغانستان، لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن. یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕایگەیاند "ڕێککەوتنەکە لە دەوحە ڕاگەیەنەرا. خواجە محەممەد ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان، ئاگربەستەکەی پشتڕاست کردەوە. ئاسیف، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیارە لە 25ـی تشرینی یەکەم لە ئەستەنبوڵ کۆبوونەوەی زیاتر بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئاگربەستەکە بەڕێوە بچێت." گفتوگۆکانی دەوحە بە نێوەندگیریی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر و بە پشتیوانیی تورکیا بەڕێوە چوون. ئامانج لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو دڵنیابوونە لە بەردەوامیی ئاگربەستەکە و جێبەجێ کردنی. پێکدادانەکانی ئەم دواییە، کە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە، بەهۆی زیادبوونی هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی تەحریک تاڵیبانی پاکستان، بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی پاکستان لەسەر سنوور، دەستیان پێ کرد. ئیسلام ئاباد، جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو چەکدارانە خاکی ئەفغانستان وەک پەناگە بەکاردەهێنن و لەوێوە هێرش دەکەنە سەرپاکستان و داوای لە کابول کردووە کۆنترۆڵیان بکات. بەڵام حکوومەتی تاڵیبان ڕەتی دەکاتەوە پەناگەی بۆ چەکداران دابین کردبێت و سوپای پاکستانی بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و داڵدەدانی چەکدارانی سەر بە داعش تۆمەتبار دەکات بۆ تێکدانی سەقامگیریی ئەفغانستان. گفتوگۆکانی دەوحە، بە بەشداریی وەزیری بەرگریی پاکستان خواجە محەممەد ئاسیف و هاوتا ئەفغانییەکەی، مەلا محەممەد یەعقوبەوە بەڕێوەچوون. گرژییەکان دوای هێرشێکی خۆکوژی، کە بووە هۆی کوژرانی حەوت سەربازی پاکستانی و برینداربوونی ١٣ی دیکە، پەرەیان سەند. هەینی، 17ـی تشرینی یەکەم 2025، میدیاکانی سەر بە تاڵیبانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، فڕۆکە پاکستانییەکان، ئۆتۆمبیلێکی یاریزانانی تیمی 'کریکێت'ی ئەفغانستانیان بۆمباران کردووە و لە ئەنجامدا هەشت یاریزانی نێودەوڵەتیی کوژراون. فیدراسیۆنی کریکێتی ئەفغانستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "لە سەرجەم پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکان دەکشێتەوە." لە ڕاگەیەنراوەکەی فیدراسیۆنی کریکێتی ئەفغانستاندا هاتووە "پاشنیوەڕۆی دوێنێ، هەینی، یاریزانانی تیمی کریکێتی ئەفغانستان، پاش بەشدارییان لە پێشبڕکێیەکی ناوخۆیی لەشاری شەرنە، بەرەو شاری ئەرگۆن دەگەڕانەوە کە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی پاکستانەوە بۆمباران کران و لە ئەنجامدا هەشت یاریزانی نێودەوڵەتیی کوژران و چواری دیکەش بریندار بوون."
بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، سەرۆکی ڕووسیا داوایەکی قورسی لە ترەمپ کردووە کە چەندین ساڵە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات، ئۆکرانیاش بە تووندی دژی ئەو هەنگاوەی ڕووسیایە. دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکیان ڕاگەیاندووە، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەم هەفتەیەدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای کردووە کە کیێڤ بە تەواوی کۆنترۆڵی دۆنێتسک ڕادەست بکات، کە ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایە، وەک مەرجێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. ماوەی 11 ساڵە پووتین هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی ئۆکرانیا دەدات و شکست دەهێنێت، و هێزەکانی ئۆکرانیا بە هەموو هێزیانەوە لەو ناوچانەدا جێگیر بوون کە بە بەربەستێکی سەرەکی دەزانن لە بەرامبەر پێشڕەوییەکانی ڕووسیا بەرەو پایتەختەکەیان. لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرۆکی ڕووسیا وتوویەتی، ئامادەیە دەستبەرداری بەشێک لە دوو ناوچەی دیکەی ئۆکرانیا بێت کە بەشێکی لێ داگیر کردووە، ئەوانیش زاپۆریژیا و خێرسۆنن، لە بەرامبەر کۆنترۆڵی تەواوی دۆنێتسک. بڕیارە ترەمپ لە چەند هەفتەی داهاتوودا لە هەنگاریا لەگەڵ پووتین کۆبێتەوە بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لەسەر چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (X) بە ناونیشانی "سەرۆکی ئاشتی"، ڕایگەیاندووە کە تەنها لە ماوەی ٨ مانگدا کۆتایی بە ٨ جەنگ هێناوە. دوایین زیادکردنی لە لیستی کۆتایی هێنان بە جەنگەکاندا، ململانێی دوو ساڵەی ئیسرائیل و حەماسە، حەوتەکەی دیکەی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، پاکستان و هیندستان، ڕواندا و کۆنگۆ، تایلەند و کەمبۆدیا، ئەرمینیا و ئازەربایجان، میسڕ و ئەسیوپیا، هەروەها سڕبیا و کۆسۆسڤۆ بوون. ژمارەیەک لەو ململانێیانە هەرچەندە لە ئەنجامی گرژییە درێژخایەنەکانەوە بوون، بەڵام تەنها چەند ڕۆژێک درێژەیان کێشاوە، هەروەها تاوەکو ئێستا ڕوون نییە کە ئایا بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی ئاشتی بەردەوام دەبن یاخود نا. لێرەدا بە وردی باس لە ململانێکان و کۆتاییهاتنیان دەکەین: - ململانێی ئیسرائیل و حەماس دۆناڵد ترەم سوپاس و ستایشێکی بەرفراوانی لێکرا بەهۆی بینینی ڕۆڵی سەرەکی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس،بە ئاڵوگۆڕ کردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بە زیندانییانی فەڵەستینی، بەڵام ئاشتییەکی بەردەوام پێویستی بە پابەندبوونی هەردوولا هەیە بە ئاگربەستەوە، کە یەکێک لەو پابەندییانە چەک دانانی حەماس و پابەندبوونی حکومەتێکی نوێ لە غەززە. - ململانێی ئیسرائیل و ئێران ململانێیەکی ١٢ ڕۆژە بوو، لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە ئیسرائیل لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ئامانجەکانی لە ئێران پێکا، ترمپ دووپاتی کردەوە، پێش لێدانەکان لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ ئاگادار کراوەتەوە، پاشان ئەمریکا هێرشی بۆسەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجامدا، کە ئەمەش هەنگاوێک بوو، بووە هۆی نزیک بوونەوە لە کۆتایی ململانێکان بەخێرایی. لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ترەمپ لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتی: "بەفەرمی ئێران ئاگربەست دەستپێدەکات، پاش ١٢ کاتژمێر ئیسرائیل ئاگربەست دەستپێدەکات، دوای ٢٤ کاتژمێر بە فەرمی کۆتایی بە جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران دێت". - ململانێی پاکستان و هیندستان ساڵانێکە گرژی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەیە، بەڵام لە ٧ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٥، دوای ئەوەی هیندستان هێرش دەکاتە سەر کشمیر شەڕ و پێکدادان سەریهەڵدا، پاش چوار ڕۆژ لە گرژی و پێکدادان، ترەمپ لە پۆستێکیدا ڕایگەیاند کە هیندستان و پاکستان ڕێککەوتوون، ئاماژەی بەوەشکرد: ئەمە لە ئەنجامی شەوێکی درێژخایەنی دانوستانەکانە بە نێوەندگیری ئەمریکا، حکومەتی پاکستان سوپاسی ترەمپی کرد و دواتر پێشنیاری کرد بۆ بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە دۆناڵد ترەمپ، بە ناونیشانی "دەستێوەردانی دیپلۆماسی یەکلاکەرەوە". - ململانێی ڕواندا و کۆنگۆ دوژمنایەتییەکی درێژخایەن لە نێوان ئەم دوو وڵاتە هەڵگیرسا، پاش ئەوەی گرووپی (M23)ی ڕواندا لە ٢٧ی ئازاری ساڵی ٢٠٢٢، دەستیان بەسەر خاکی دەوڵەمەند بە کانزاکانی ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆدا گرت. لە ٢٧ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٥، هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکی ئاشتییان لە واشنتۆن واژۆکرد کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە ململانێی دەیان ساڵە بوو، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە: ئەم ڕێککەوتنە یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و ئەمریکا. - ململانێی تایلەند و کامبۆدیا لە ٢٦ی تەمموزی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بڵاوکراوەیەکیدا وتی: "من پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی تایلەند دەکەم، بۆ ئەوەی داوای ئاگربەست بکات و کۆتایی بە جەنگ بهێنێت"، دوای چەند ڕۆژێک، هەردوو وڵات لەسەر ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بێ مەرج ڕێكکەوتن. - ململانێی ئەرمینیا و ئازەربایجان ململانێی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان مێژوویەکی دێرینی هەیە، کە لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ـەوە دەستی پێ کردووە، هەروەها لە ڕۆژی ١٩ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٣، ئازەربایجان هێرشێکی سەربازی بەرفراوانی بۆ سەر کۆماری ئارتساخ دەستپێکردەوە لە ناوچەی قەرەباخ. لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٥، سەرۆکی هەردوو وڵات ڕایانگەیاند کە ئامادەن کۆتایی بە ململانێی نزیکای ٤٠ ساڵەی خۆیان بهێنن لەسەر ناوچەی قەرەباخ، وە لە ٨ی ئابی ٢٠٢٥ لە کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی ڕێککەوتننامەیان واژۆ کرد. - ململانێی میسڕ و ئەسیوبیا بەنداوی گەورەی ڕێنیسانسی ئەسیوبیا لە هاوینی ئەمساڵدا تەواو بوو، وە حکومەتی میسڕ ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ئاوەی لە ڕووباری نیلەوە بەدەستی دەهێنێت ڕەنگە کاریگەری لەسەر دروست بێت بەهۆی بەنداوەکەوە، لەم بەینەدا ترەمپ بەڵێنی بە میسڕ دا کە ئەمریکا زۆر بە خێرایی کێشەکە چارەسەر بکات، میسڕ پێشوازی لە قسەکانی ترەمپ کرد.تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی فەڕمی لەنێوان میسڕ و ئەسیوپیا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان نەکراوە. - ململانێی سڕبیا و کۆسۆڤۆ ململانێی نێوان سڕبیا و کۆسۆڤۆ مێژوویەکی دێرینی هەیە، تازەترینیان کەلە ٣١ی تەمموزی ٢٠٢٢ دەستیپێکردووە، ئەمەش بەهۆی تەواو بوونی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بەکارهێنانی تابلۆی بێلایەن بۆ ئۆتۆمبێلەکانی سڕبیا لە کۆسۆڤۆ. لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕێگری لە سەرهەڵدانی دوژمنایەتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا کردووە، پاشان لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، سڕبیا تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی کۆسۆڤۆی ناساند و ڕێکەوتنیان واژۆکرد.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ملیۆنان کەس لە نیویۆرکەوە بۆ سانفرانسیسکۆ بەشداریی لە خۆپیشاندان لە دژی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بکەن. بزووتنەوەی 'نۆ کینگز' خۆپیشاندانەکە ڕێکدەخات لە دروشمەکەشیاندا دەڵێن: "سەرۆک پێی وایە دەسەڵاتەکەی ڕەهایە، بەڵام لە ئەمەریکا، ئێمە هیچ پاشایەکمان نییە و خۆمان ڕادەستی ئاژاوە و گەندەڵی و دڵڕەقی ناکەین." بریارە ئەمڕۆ شەممە، زیاتر لە دوو هەزار و 700 خۆپیشاندان لە شارەکانی گەورە و بچووکەکانی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت، بەتایبەت لە نزیک شوێنی مانەوەی سەرۆکی ئەمەریکا لە 'مارۆلۆگۆ' لە فلۆریدا کە پشووەکانی تێدا بەسەر دەبات. ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دەڵێن: پێشبینی دەکەن ملیۆنان کەس بەشداریی بکەن. لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا، یەکەم ڕۆژی گردبوونەوە کە لەلایەن خودی بزووتنەوەکەوە ڕێکخرابوو و نزیکەی 300 ڕێکخراو لەخۆگرتبوو، ملیۆنان کەس لە هەموو تەمەنەکان گردبوونەوە، ئەمەش بە گەورەترین خۆپیشاندان هەژمار کرا لەوکاتەی دۆناڵد ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی. دۆناڵد ترەمپ کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا هەڕەشەی کرد بە هێزێکی زۆر وەڵامی خۆپیشاندەران بداتەوە، ئەم هەفتەیە لە کەناڵی فۆکس نیوز گوتی "ئەوان من وەک پاشایەک نیشان دەدەن. من پاشا نیم." کاربەدەستانی پارتەکەی ترەمپ، ئیدانەی خۆپیشاندانەکانی داهاتوویان کرد و بە تیرۆر وەسفیان کرد. مایک جۆنسن سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو خۆپیشاندانەی بە "کۆبوونەوەیەکی ڕق و کینە لە دژی ئەمەریکا" وەسف کرد و جەختی کردەوە "گرەو دەکەم کە تیایاندا لایەنگرانی حەماس و ئەنتیفا دەبینن." کە بزووتنەوەی ئەنتیفا لە ئەمەریکایە و بەم دواییانە لەلایەن ترەمپ خرایە لیستی تیرۆرەوە. گلێن ئیڤی، نوێنەری دیموکراتەکانی میریلاند ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: ئەم بزووتنەوەیە ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە داهاتووی ئەمەریکادا، بۆیە تێدەگەم بۆچی نیگەرانن. لە بەرانبەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و هاوپەیمانەکانی، دیدری شایفلینگ، بەرپرسی ڕێکخراوی مافە مەدەنی و ئازادییە مەدەنییەکان لە ئەمەریکا و هاوبەشی ڕێکخستنی خۆپێشاندانەکەیە گوتی: "ئێمە بێدەنگ نابین."
توێژینەوەیەکی ئەم دواییانەی پەیمانگای "توێژینەوەی ئۆتۆمبێل (CAR)" ئاشکرایکردووە، کە ئەو سوودانەی کە کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی چینی بەدەستی دەهێنن بەم زووانە لە بازاڕی ئەوروپادا لە وڵاتانی دیکەدا ڕەنگدەداتەوە، ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە نرخی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی کێبڕکێ لەناو بازاڕی چینیدا. توێژینەوەکە دەریخستووە کە بازاڕی ناوخۆیی چین شاهیدی شەڕێکی توندی نرخەکانە لە نێوان کۆمپانیاکانی وەک "BYD - MG - Great Wall". ئەم کێبڕکێیە هانی کۆمپانیاکان دەدات کە ئۆتۆمبێل بە نرخێکی بەرچاو کەمتر پێشکەش بکەن بە بەراورد بە نرخەکانیان لە بازاڕەکانی هەناردەکردن، وەک ئەڵمانیا. باجەکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخ بۆ بەکارهێنەرانی ئۆتۆمبێلی ئەوروپی، ئەمەش توانای کۆمپانیا چینییەکان سنووردار دەکات بۆ کێبڕکێی ڕاستەوخۆ سەرەڕای تێچووی بەرهەمهێنانی بەرزتر. فێردیناند دودنهۆفەر، پسپۆڕی ئابووری، لە توێژینەوەیەکیدا پێشبینی دەکات ئەوروپا شاهیدی دابەزینی زیاتری نرخی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بێت لە ئەنجامی فشاری کۆمپانیا چینییەکان، تەنانەت لەگەڵ بەردەوامبوونی باجەکانیشدا. دودنهۆفەر ڕوونیکردەوە کە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلی چینی دەتوانن سوود لە تێچووەکانیان وەربگرن بە زیادکردنی قەبارەی بەرهەمهێنان، بەتایبەتی لە کەرتی پاتریدا، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تێچووی بازاڕکردن و فرۆشتن بۆ هەر یەکەیەک بە تێپەڕبوونی کات. هەروەها ئاماژەی بە ئەگەری دامەزراندنی کارگەی نوێ لە چوارچێوەی ئەوروپا کرد بۆ بەهێزکردنی بوونی چین و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هەناردەکردنی ڕاستەوخۆ. هاتنی ئۆتۆمبێلی چینی بۆناو بازاڕ، بە نرخێکی کەمتر و تایبەتمەندی بەرز بووەتە هۆی زیادبوونی کێبڕکێ لە بازاڕەکانی جیهاندا، کۆمپانیا چینییەکان بە نرخێکی کەمتر ئۆتۆمبێل پێشکەش دەکەن بە بەراورد بە براندا جیهانییەکان و نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش کۆمپانیایەکانی دیکە ناچار دەکات کە بە ستراتیژی نرخەکانیاندا بچنەوە. ئۆتۆمبێلی چینی لە بازاڕە تازەپێگەیشتووەکانی وەک ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و ڕۆژهەڵااتی ناوەڕاست، سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە، کە بەکارهێنەران بەدوای ئۆتۆمبێلی گونجاودا دەگەڕێن، ئەم فراوانبوونەش پشکی بازاڕی کۆمپانیا چینییەکان لەبەرامبەر کۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریکییەکان بەرزدەکاتەوە. ئۆتۆمبێلی چینی بووەتە ڕکابەرێکی دیار لە پیشەسازی ئۆتۆمبێلی جیهانیدا، بەهۆی داهێنانی تەکنەلۆژی و نرخە گونجاوەکانیەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی ڕەوتی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، پێشبینی دەکرێت کاریگەری چین لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشە بکات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەسۆشیەیتد پرێس (Associated Press)، فەرماندەی سەرەکی کورد لە سوریا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، حکومەتی سوریا و هێزی سەرەکی بە سەرۆکایەتی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بە شێوەیەکی مەبدەئی ڕێککەوتوون لەسەر پلانێک بۆ یەکخستنی ئەو هێزەی کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت وەک گروپێکی یەکگرتوو لە سوپای نیشتمانیدا. لێدوانەکانی مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بە سەرکردایەتی کورد و ئەمریکا پاڵپشتی دەکرێن، لە چاوپێکەوتنێکدا پێنجشەممە لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، پێدەچێت ئاماژە بێت بۆ پێشکەوتنێک دوای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق بۆ چەند مانگێک لە دۆخێکی خراپدا بوو. عەبدی وتی: ئێستا هەردوولا لەسەر "میکانیزمێک" بۆ یەکگرتنەوە ڕێککەوتوون. ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە باسی ژمارەیەکی زۆر و دەیان هەزار سەرباز و هەروەها هەزاران هێزی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو هێزانە ناتوانن وەک کوتلە بچووکەکانی تر بە تاک بچنە ناو سوپای سوریاوە، بەڵکو وەکو پێکهاتەی سەربازیی گەورە پەیوەست دەبن کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی وەزارەتی بەرگری پێکهێنراون”. تەواوی لێدوانەکانی عەبدی لە چاوپێکەوتنەکەدا لە چەند خاڵێک خۆی دەبینییەوە کە ئەمانەن: - هەندێک نەرمی لە هەڵوێستی تورکیادا هەیە سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سوپای سوریادا. - هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق لەسەر میکانیزمێک بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان لە سوپای سووریا ڕێککەوتوون. - دەیان هەزار لە هێزەكانی سووریای دیموکراتی دیموكرات و هەزاران هێزی ئاسایشی ناوخۆ لە ڕێککەوتنەکەدا بەشدار دەبن. - فەرماندە و ئەندامانی هێزەکانی سووریای دیموکرات پۆستی باڵاو گرنگ لە وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی سوپای سووریا وەردەگرن. - لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ کارکردن لەگەڵ وەزیری بەرگری و بەرپرسانی دیکەی سەربازی بۆ پەرەپێدانی میکانیزمی گونجاو. - ڕووداوەکانی سوەیدا و کەناراوەکانی سووریا هۆكاربوون لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ دیمەشق.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەی حکومەت دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر کشانەوەی ئیسرائیل لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، دوای ئەوەی بزووتنەوەکەیان بە پێشێلکردنی مەرجەکانی تۆمەتبار کرد. بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی ڕۆژنامەی یەدیۆس ئەهرۆنۆت، بەرپرسانی ئیسرائیل دواکەوتنی حەماس لە ڕادەستکردنی پاشماوەی ئەو بارمتانەی لە ناو کەرتی غەززە کوژراون ڕەتدەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو بیانووانەیان قبوڵ نەکردووە کە بزووتنەوەکە پێشکەشی کردووە. بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ناتوانێت بگاتە ئەو ١٩ کەسەی کە ڕادەست نەکراونەتەوە، جەختی لەسەر پێویستی هەوڵ و کەرەستەی تایبەت بۆ دەرهێنانیان لە داروپەردووەکان کردووەتەوە.
کونسوڵی ئەڵمانیا لەهەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت وڵاتەکەى پێویستی بە دەستی کاری کارامە هەیەو لەم ڕوانگەیەوە، پلانیان هەیە بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی کورد، بۆ ئەم مەبەستە، ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و پرۆگرامی گەشەپێدانی کۆچ، بە هاوکاریی هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ ئەوەی هاوکاریی گەنجان بکەن تا بە ڕێگەیەکی یاسایی بگەنە ئەڵمانیا. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ستایشی پەیوەندییە مێژوویی و پتەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیای کرد و جەختی لەسەر گرنگیی هاوکاریی و پشتیوانییەکانی ئەو وڵاتە لە کاتە سەختەکاندا کردەوە. هاوکات، واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەیشتنی نوێی لەگەڵ ڕێکخراوی GIZـی ئەڵمانی ڕاگەیاند. وەزیری ناوخۆ گوتی: "ئێمە ڕابردوویەکی دوور و درێژ و پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەڵمانیا هەیە و جێگەی خۆیەتی هەمیشە سوپاسی پاڵپشتی و هەماهەنگیی وڵاتی ئەڵمانیا و کونسوڵخانەکەیان لە کوردستان بکەین، کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە ڕۆژانی سەختدا." هەروەها ئاماژەی بە هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی ئەڵمانیا کرد لە شەڕی دژی داعش، کە بە هاوکارییەکی "ڕاستەوخۆ و کاریگەر" وەسفی کرد بۆ پاراستنی کوردستان، پێشمەرگە و مرۆڤایەتی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان. ڕێبەر ئەحمەد باسی لە پەیوەندیی پتەو و پێشکەوتووی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە ئەڵمانییەکانی وەک GIZ و THW کرد، کە لە بوارەکانی پەرەپێدانی توانای مرۆیی، هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران، و پشتیوانیکردنی کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕێکخراوانە لە ڕێگەی "ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان" (JCC)ـەوە چەندان پڕۆژەی گرنگیان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێ کردووە، وەک پڕۆگرامەکانی "قودرە" و "کاش فۆر وۆرک" (پارە بەرامبەر کار)، کە جێگەی دەستخۆشییە. خاڵی هەرە گرنگی کۆنفرانسەکە، ڕاگەیاندنی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەیشتنی نوێ بوو. وەزیری ناوخۆ گوتی: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە لێکگەیشتنێکی دیکە واژۆ کرا، کە بۆ یەکەمجارە ڕێکخراوی GIZ یاداشتێکی لەم شێوەیە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ واژۆ دەکات،" ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ قووڵکردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکان. لای خۆیەوە کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا جەختی لەسەر پتەویی پەیوەندییە ئابووری، ئەمنیی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کار دەکات بۆ کردنەوەی ڕێگەی یاسایی بۆ ئەو گەنجە کارامانەی دەیانەوێت بچنە ئەڵمانیا، هاوکات هاوکاریی ئەو کەسانەش دەکەن کە بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێنەوە. کونسوڵی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا "ئەڵمانیا پێویستی بە دەستی کاری کارامە هەیە" و لەم ڕوانگەیەوە، پلانیان هەیە بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی کورد. گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەستە، ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و پرۆگرامی گەشەپێدانی کۆچ، بە هاوکاریی هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ ئەوەی هاوکاریی گەنجان بکەن تا بە ڕێگەیەکی یاسایی بگەنە ئەڵمانیا." لە لایەکی دیکەوە، کونسوڵی ئەڵمانیا تیشکی خستە سەر پرۆگرامی پشتیوانیکردنی ئەو کەسانەی کە بە خواستی خۆیان لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و گوتی: "ئێمە هاوکاریی ئەو کەسانە دەکەین بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێنەوە. لێرە، لە ڕێگەی ئاژانسی پەرەپێدانی ئەڵمانیا (GIZ)، یارمەتییان دەدەین بۆ ئەوەی دووبارە ئاوێتەی کۆمەڵگە ببنەوە و هەلی کاریان بۆ دابین بکەین." بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆگرامە، ناوبراو ئاشکرای کرد، ناوەندیی تایبەتیان لە شارەکانی هەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردووەتەوە.
ئاژانسى ڕۆیتەرز لەزارى ڕاوێژکاری باڵای حکومەتى ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە، پارەی ئاوەدانکردنەوە ناچێتە ئەو ناوچانەی کە لەلایەن حەماسەوە کۆنترۆڵکراون و هیچ دەستێوەردانێک ناکات لەو پارەیەدا، هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو بەرنامەیەکیان هەیە پاداشت بدەنە ئەو کەسانەى کە هاوکارن لە دۆزینەوەو ناسینەوەى تەرمى ئیسرائیلییەکان لەکەرتى غەززەدا. ڕاوێژکاری باڵاکەى ئەمریکا ئەوەشى باسکردووە، لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززەدا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و ئێستا بەرەو قۆناغی دووەم دەڕۆن، وتیشى: ئێمە چووینە قۆناغی داهاتووی ڕێککەوتنی غەززەوە، گفتوگۆی زۆر ئەرێنی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە بۆ دەستەبەرکردنی گەیاندنی کاریگەرانەی هاوکاری بۆ خەڵکی غەززە. هەر لەو چاوپێکەوتنەى ئاژانسى رۆیتەرزدا، ئەو ڕاوێژکارە ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، پێکهێنانی هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی بۆ غەززە دەستیپێکردوەو دۆخەکە دوای دوو ساڵ لە شەڕی غەززە تا ئێستا لە ڕادەبەدەر هەستیار ماوەتەوە، وتیشى: هیچ کەسێک لە غەززە ناچار نابێت بچێتە دەرەوە، زۆرێک لە وڵاتان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هێزی سەقامگیری لە غەززە دەربڕیوە، لەنێویاندا ئەندەنوسیا.
دانوستانەکانی ڕووسیا و سوریا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر کۆتایی هات، لە نێوان ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سووریا و ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسیەکەی، ئەمە یەکەم سەردانی فەرمی سەرکردەیەکی سووریا بوو بۆ ڕووسیا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی لەکارخراو لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، کۆبوونەوەکە لە هۆڵی سەوزی کۆشکی گەورەی کرێملین کاتژمێر ٢:١٥ی پاشنیوەڕۆ دەستیپێکرد بەکاتی مۆسکۆ. لە میانەی دیدارەکەدا سەرۆکی سووریا دووپاتی کردەوە کە سووریا هەوڵدەدات "پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕوسیادا ڕێکبخاتەوە"، هاوکات سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ حەز دەکات لە قۆناغی دوای جەنگ و ئاوەدانکردنەوەی سووریادا پاڵپشتی سوریا بکات. سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ئاشکرای کرد کە دانوستانەکان باس لە پڕۆژەی تایبەت لە کەرتەکانی وزە، گواستنەوە، گەشتوگوزار، و تەندروستی کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە مۆسکۆ پێشنیاری کردووە بەشداری بکات لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی سوریا کە لە سەردەمی سۆڤیەت دامەزراون و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی کەرتی وزە، هەروەها لیژنەیەکی هاوبەشمان پێک هێناوە بۆ پێشخستنی دەرهێنانی نەوت لە سووریا. جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕووسیا هاوکاری لەگەڵ سووریا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی درێژخایەن دەڕوانێت، هەروەها مۆسکۆ ئامادەیە بۆ بەشداری چالاکانە لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە و فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامێکی توندی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەداتەوە و بە پشتیوانیکاری "تیرۆر" ناوی ئەمەریکا دەبات. وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەم 2025، لە وەڵامی قسەکانی ترەمپ دەربارەی ئێران لە شەرم شێخ ئاماژەی داوە "ئەمەریکا کە وەک گەورەترین دروستکەری تیرۆر و پشتیوانی ڕژێمی تاوانباری ئیسرائیل، هیچ مافێکی تۆمەتبارکردنی وڵاتانی نییە." وەزارەتەکە، ڕایگەیاندووە، ئەمەریکا بە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل و پێدانی لەڕادەبەدەری چەک بەو ڕژێمە، وایکردووە ئەمەریکا ببێتە گەورەترین هۆکاری ناسەقامگیری و تێکدەری ئاسایشی ناوچەکە. هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە ڕۆڵی وڵاتەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش کردووە و قاسم سولەیمانی بە نموونە هێناوەتەوە، هاوکات ئەمەریکاشی بە دروستکاری داعش تۆمەتبار کردووە. هەروەها هەڵوێستی ئەمەریکای لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بە بانگەشەیەکی بێنبەما ناوبردووە و ئاماژەی داوە، هەرگیز بەم قسانە ناتوانن تاوانە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە پەلاماردانی خاکی ئێران و کوشتنی ڕۆڵەکانی ئێران، بشارنەوە؛ بە پێچەوانەوە بەرپرسیارەتی ئەمەریکا بۆ ئەو هەموو تاوانە قورستر دەکات و ڕق و کینەی قووڵی سیاسەتداڕێژەرانی ئەمەریکا بەرانبەر گەلی ئێران دەردەخات. هەروا ڕەخنەی لە هەوڵ و ڕۆڵی ترەمپ گرتووە و ڕایگەیاندووە، ئارەزووی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاشتی و گفتۆگۆ، پێچەوانەی ڕەفتارەکانییەتی بەرانبەر گەلی ئێران، بۆ ئەمەش ئاماژەی داوە "چۆن دەکرێت لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانی سیاسیدا هێرش بکرێتە سەر شوێنی دانیشتووان و دامەزراوەی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانەی وڵاتێک و زیاتر لە هەزار کەس، لەوانەش ئافرەت منداڵی بێتاوان بکوژرێن و پاشان بانگەشەی دۆستایەتی ئاشتیی بکرێت" لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت"ئیرانییەکان بە پشتبەستن بە کولتوور و مێژووی دەوڵەمەندی خۆیان، خاوەن لۆجیک، گفتوگۆ و هەڵسوکەوتن، لە هەمانکاتدا بۆ پاراستنی شکۆمەندی و بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران، بە ئازایەتیی و بێدوودڵی، بەرگریی لە سەربەخۆیی دەکەین."
ڕێکخراوی خێرخوازی هالۆ تراست کە بنکەکەی لە بەریتانیایە بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، ئێستا سەرقاڵى ئەوەیە تیمێکی 100 کەسی پسپۆڕی هەڵگرتنەوەو تەقاندنەوەى بۆمب کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو غەززە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بڕە زۆرە تەقەمەنییە نەتەقیوانەی کە لە دوو ساڵ شەڕدا بەجێماوەو بوونەتە مایەى مەترسى بۆ سەر دانیشتوانى شارەکە. ئەمڕۆ دووشەممە قۆناغى یەکەمى رێککەوتنى غەززە چووە بوارە جێبەجێکردنەوە و قۆناغى دووەم لە رێگایە کە چەکدانان و بەرێوەبردنى غەززە لە خۆ دەگرێت، لەکاتێکدا چەندین خاڵى ناکۆک هێشتا بەبێ چارەسەر ماونەتەوە. لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە 20 بارمتەی ئیسرائیلی دوای دوو ساڵ دەستبەسەربوون لەلایەن حەماسەوە ئازاد کران و لەبەرانبەریشدا نزیکەی دوو هەزار زیندانی فەڵەستینی لە نێوانیاندا 250 زیندانی کە زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە ئازادکران ئەمڕۆ فەلەستینییەکان دوای ٧٣٧ ڕۆژ لە جەنگ جارێکی دیکە گوێیان لە ژیانێکى ئاسایی دەبێت، بۆ ماوەی دوو ساڵە دەنگی گریانی کۆرپەکانیش بەهۆی زەنگی بێکۆتایی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و بۆمبڕێژکراوەکانی ئیسرائیل و تەقینەوە و هاوار و گریانی بریندارەکانەوە نەدەبیسترا، هاوڵاتیان خەریکە ئەو دەنگە نیشتمانیانە فێر دەبنەوە کە ژیان دروست دەکەن. لە کۆی دەیان هەزار بۆمب کە هالۆ دەڵێت فڕێدراونەتە سەر خاکەکەو نەتەقیوەنەەوە، ئەوان دەڵێن لە 10%یان نەتەقیونەوە - بەڵام تەنها کاتێک ژمارەی ڕاستەقینەی دەزانێت کاتێک شانبەشانی کرێکارانی بیناسازی دەست بە کارکردن دەکەنەوە ئامارى دروستیان بۆ دەردەکەوێت. کارەکە مەترسیدارە، بەرپرسانى ئەو ڕێکخراوە پێیان وایە بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری غەززە لە ژێر داروپەردوودا نێژراوە، شارەزایانی فڕێدانی بۆمبەکانیان پێویستیان بە کارکردن دەبێت لەسەر سیستەمێکی بەهێزو پێشکەووتوو وەک ئەوەی لە سوریا ئەوکارەیان کردووە. بەهۆی ئەوەى پێدەچێت بەشێکى جەستەو تەرمى دانیشتوانى شارەکە کەوتبنە ژێر داروپەردوە ڕوخاوەکانەوەو نێژرابن لەژێرخاکدا، ڕێکخراوەکە لەگەڵ ئیمامێکدا کاردەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە ڕەچاوی هەڵگرتنەوەى تەرم و لاشەکانیش بکەن و بۆ ڕێوڕەسمى پێویستى ئیسلامییان بۆ دەکرێت. ڕێکخراوەکە مەزەندە دەکات کە گەیاندنی شارەزاکانی بۆ ناو هەموو قوتابخانە و نەخۆشخانە و کەمپێک و پاککردنەوەیان لە تەقەمەنی ساڵانە نزیکەی ٦٠ ملیۆن پاوەندى تێدبچێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتە شاری هاوینەهەواری شەرم ئەلشێخی میسر، لەوێ سەرۆکایەتی مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستى ئاگربەستى شەڕى غەززە دەکات کە کۆمەڵێک سەرکردەی وڵاتانى جیهان بەشداریان تێدا کردووە . هێزی ئاسمانی یەک و فڕۆکە جەنگییەکانی میسریی یاوەریی فرۆکەکەى ترەمپیان کردوە کاتێک گەیشتوەتە ئاسمانى ناوچەکە. شەرم شێخ ئەو شوێنەیە کە هەفتەی ڕابردوو نوێنەرانی ئیسرائیل و حەماس و ئەمریکا بۆ یەکلاکردنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە تێیدا کۆبوونەوە. هەر پەیوەست بەجێبەجێکردنى قۆناغى یەکەمى پرۆسەکە، باڵی سەربازی حەماس کە لیواکانی ئەلقەسامە، ناوی چوار بارمتەی کوژراوی بڵاوکردەوە کە بە وتەی خۆی ئەمڕۆ دووشەممە تەرمەکانیان ڕادەستى ئیسرائیل دەکاتەوە. خاچی سوورى نێودەوڵەتىیش ڕایدەگەیەنێت تیمەکانیان لە ڕێگادان بۆ خاڵێکی کۆبوونەوە لە باشووری غەززە، کە "چەند تابووتێکی بارمتە کوژراوەکان" لە لایەن حەماسەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئەو شوێنەو ڕادەستى ئەوان دەکرێت، ئەمەش بەپێی بەیاننامەیەکی هاوبەشی سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئەمنی شین بێت. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند یەکەم کاروانی بارمتەکان لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە ئازاد کران، چاوەڕوانیش دەکرێت 48 بارمتە ئازاد بکرێن لەو ژمارەیەش 20 بارمتەیە زیندوون. سەرجەمیان جگە لە یەکێک لە بارمتەکان نەبێت لە نێو ئەو 251 کەسەدا بوون لە هێرشی چەکدارانی حەماسدا بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7 ی ئۆکتۆبەری 2023 رفێندرابوون و نزیکەی 1200 کەسی دیکە تێدا کوژران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن هەردوو دەوڵەتى ئیسرائیل و میسرەوە بەرزترین خەڵات و ڕێزلێنانى مەدەنى پێشکەش دەکرێت، وەک ڕێزلێنانێک بۆ ڕۆڵی لە دەستەبەرکردنی ئاگربەستی غەززە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە ئیسرائیل و گوتارێک لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پێشكێش دەکات و دواتر لەوێوە دەچێتە میسر و سەرکردایەتیی لووتکەیەکی ئاشتی دەکات. فڕۆکەکەی ترەمپ لە فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن لە تەلئەڤیڤ نیشتەوە و لەوێ لە لایەن بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران؛ ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای دیکەوە پێشوازی لێکرا. ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نەک تەنیا هاوکار بوو بۆ هێنانەوەی ئازیزانمان بۆ ماڵەوە، بەڵکو بناغەیەکی بۆ سەردەمێکی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانا کە لەسەر ئاسایش و هاوکاری و هیوای ڕاستەقینە بۆ داهاتوویەکی ئارام بوونیادنراوە، ئەوە شەرەفێکی گەورە دەبێت بۆ من کە مەدالیای ڕێزلێنانی سەرۆکایەتی ئیسرائیلی پێی ببەخشم". لەلایەکى دیکەوە بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی میسر، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر فەرمانی نیل بە ترەمپ دەبەخشێت، کە دواتر ڕۆژی دووشەممە سەردانی میسر دەکات، "بە پێزانینێک بۆ ڕۆڵی لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی ئاشتی و هێورکردنەوەی ململانێکان و ڕۆڵی پێشەنگی لە وەستاندنی شەڕی غەززە". بزووتنەوەی حەماس رۆژی دووشەممە لیستی ناوی 20 بارمتەی بڵاوکردەوە کە لە چوارچێوەی ئاگربەستدا ئازاد دەکرێن. بارمتەکان سەرەتا رادەستی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و دواتر رادەستی سوپای ئیسرائیل دەکرێن کە دەیانباتە بنکەی سەربازیی "ریعیم" بۆ ئەوەی لەوێوە بگوازرێنەوە سێ نەخۆشخانەی ئیسرائیل. سەرۆکانی ئەمریکا و میسر سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی جیهان دەکەن کە بە "لووتکەی ئاشتی" ناسراوە، بۆ پشتیوانیکردن لە کۆتاییهێنان بە جەنگی دوو ساڵەی غەززە، دوای گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست؛ هەروەها سەرکردەکانی تورکیا، ئوردن، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپاش ئامادەبوونی خۆیان راگەیاندووە.
