بەریتانیا، کەنەدا، ئوستراڵیا دانیان بەدەوڵەتی فەڵەستیندا نا

4 كاتژمێر لەمەوپێش
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە فەرمی دانپێدانانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا راگەیاند، کەنەدا و ئوستراڵیاش هەمان بڕیاریاندا و ئەم هەنگاوەیان وەکو فشارێک بۆسەر ئیسرائیل لێکدایەوە، بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بۆ زیندووکردنەوەی ئاشتی لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، ئەمڕۆ بەفەرمی دانمان نا بە دەوڵەتی فەلەستیندا و کاردەکەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و زیندوو هێشتنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی، گوتیشی، " ئەمڕۆ ئێمەش دەنگمان دەخەینە پاڵ ئەو 150 وڵاتەی دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە".
ستارمەر لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا، کە لە تۆڕی ئێکس بڵاوکرایەوە، جەختی لەوەکردەوە، پێویستە حەماس لە داهاتوودا هیچ رۆڵێکی نەبێت، نە ئیداری نە ئەمنی، هاوکات سزای نوێی بەسەر بزووتنەوەی حەماسدا سەپاند و سزاکەش لە داهاتووی نزیکدا جێبەجێدەکرێن، گوتیشی، پێویستە حەماس دەستبەجێ بارمتەکان ئازاد بکات و بەردەوامدەبن لە هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنیان.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان دەیانەوێت بەبێ توندوتیژی و ئازاردان، بە ئاشتی بژین و گەلی بەریتانیاش دەیەوێت ئەو ویستەیان بەدی بێت.
هاوکات حکومەتی ئوستراڵیاش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەوان دان بە خواستی رەوای گەلی فەڵەستین دەنێن، بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان، بەو مەرجەی حەماس هیچ رۆڵێکی لە داهاتوودا نەبێت.
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەداش داننانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا راگەیاند و جەختی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی و داهاتوویەکی ئاشتییانە بۆ دۆزی فەڵەستین کردەوە.
