عێراقچی: ئامادەین بۆ ڕێککەوتنێكی هاوسەنگ و دادپەروەرانە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە پابەندبێت بەوەی كە نەبێتە وڵاتێكی خاوەنی چەکی ئەتۆمی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی "دادپەروەرانە و هاوسەنگ" کە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران لەبەرچاو بگرێت، جەختیشی کردەوە کە لادانی سزاکان مەرجێکی سەرەکییە بۆ هەر لێکتێگەیشتنێکی ئەگەری.
عەباس عێراقچی، ئەمڕۆ شەممە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "X" ڕونیکردەوە کە ئێران "هیچ ڕۆژێک هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەداوە"، جەختیشی کردەوە کە تاران کراوەیە بۆ ڕێککەوتنێک کە پرەنسیپی "بەدەستنەهێنانی چەکی ئەتۆمی" مسۆگەر بکات لەگەڵ پێشکەشکردنی گرەنتی ڕون بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەو ڕۆڵە کرد کە تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەیگێڕن لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیری، و سوپاسی تارانی دەربڕی بۆ ئەوەی ناوی برد بە "هەوڵە برایانەکان" کە ئامانجیان کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانە لە ناوچەکەدا.
عێراقچی جەختیکردەوە کە ئێران پێشوازی لە هەر دەسپێشخەرییەکی بونیادنەری ناوچەیی دەکات، و هەمیشە ئامادەیە بۆ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و ڕێگریکردن لەوەی ناوی برد بە "دەستدرێژییە نایاساییەکان".
لە لێدوانەکانی پێشودا، عێراقچی وتی تاران ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام دانوستانەکان دەبێت دادپەروەرانە بن و نابێت تواناکانی بەرگری ئێران بگرێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزە ناوچەییەکان کار دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی ململانێیەکی سەربازی لە نێوان هەردوو ڕکابەرەکەدا.
