ناوەڕۆکى قسەکانى ناتانیاهۆ و مارک ڕۆبیۆ

3 كاتژمێر لەمەوپێش



پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و مارکۆ ڕوبیو، وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا، لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی لە قودس کۆبوونەوەو دواتر لێدوانێکی هاوبەشیان پێشکەش کرد وپرسەکانی شەڕی غەززە، بارمتەکان و شەڕ دژی ئێران قسەى لەسەر کرا.

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەقسەکانیدا وتى: لەلایەن ئێران و باڵەكانییەوە روبەڕووی ئاڵنگاری زۆر دەبینەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوپەیمانی باشتری ئیسرائیل نییەو كار بۆ پاراستنی هاوپەیمانەكانی دەكات، سەرۆك ترەمپ باشترین هاوڕێیە كە تائێستا ئیسرائیل هەیبووبێت. 

نەتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە: سەرۆک ترامپ پێی وتم: ٧ی ئۆکتۆبەر لەبیرتان بێت، ئێمەش لەبیرمانە، پابەندین بە گەڕاندنەوەی بارمتەكان لە غەززە، وتیشى: ناكرێت رێگە بە غەززە بدرێت ببێت بە هەڕەشە بۆمان، بڕیارەكەمان بۆ لێدانی سەركردەكانی حەماس لە قەتەر بڕیارێكی سەربەخۆ بوو، بەرپرسیارێتییەكەشی هەڵدەگرین. 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری لێدان لە دەوحە بەتەواوی لەلایەن ئیسرائیلەوە دراوە باسى لەوەکرد ئەنجامی هێرشەكەیان بۆسەر حەماس لە دەوحە پەیام بوو بۆ تیرۆریستان كە ناتوانن هەڵبێن. وتى: هێرشەكەمان بۆسەر سەركردەكانی حەماس لە دەوحە شكستی نەهێنا، پەیامێكمان نارد كە هیچ پارێزبەندییەكیان نییە. 

سەبارەت بە بۆردومانکردنى باڵەخانەکانى غەززە جەختى کردەوە، ئەو بینایانەی لە غەززە وێرانیان دەكەن، وەكو پەناگەی حەماس بەكاردەهێنرێن.  ناتانیاهۆ وتى: دانیشتووانی غەززە هاندەدەن بۆ ئەوەی ناوچەكە چۆڵ بكەن، هەوڵدەدەین ناوچەكانی شەڕ لە غەززە لە دانیشتووان چۆڵ بكەین بەمەبەستی ئازادكردنی رفێندراوان و لەناوبردنی حەماس، دەبێت چەكی حەماس دابماڵرێت و گەرەنتی ئەوە بكرێت چەك ئاودیوی غەززە ناكرێت.

 

سەبارەت بە شەڕی غەززە، نەتانیاهۆ وتی: ئێمە باڵەخانەکان بۆ ترساندنی خەڵک ناڕوخێنین؛ ئەمانە قەڵای حەماسن، ئێمە بە خەڵکی سڤیل دەڵێین چۆڵ بکەن، بەڵام حەماس تەقە لە قاچەکانیان دەکات بۆ ئەوەی وەک قەڵغانی مرۆیی لەوێ بمێننەوە، جیهان بە هەڵە ئیدانەی ئیسرائیل دەکات.

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، باسی لە دۆخی غەززە و قەیران لەگەڵ قەتەر کرد و وتی: ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەو ڕۆڵەیە کە قەتەر دەتوانێت لە ئێستادا بیگێڕێت بۆ یارمەتیدانی ئازادکردنی بارمتەکان و دروستکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ دانیشتوانی غەززە، بە مەرجێک حەماس و بارمتەکان لەوێ بمێننەوە قسەکردن لەگەڵیان”.

ئەو وتیشى: دەبێت هەموو بارمتە ئیسرائیلییەكان ئازادبكرێن؛ حەماس ناتوانێت بەردەوامی بەكاری چەكداریی بدات، لەگەڵ ئیسرائیل بەبارەی ئێرانەوە هاوكاریمان كرد، كە موشەكەكانی هەڕەشە لە وڵاتانی كەنداو و ئەوروپا دەكات. 

مارک رۆبیۆ جەختى کردەوە هاوپەیمانەكانمان لە ئەوروپا هاندەدەین بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا، ئەو وتیشى: دەبێت كۆتایی بە حەماس بهێنرێت وەكو لایەنێكی چەكدار كە هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەكە دەكات هیچ دەرفەتێك بۆ ئاشتیی نییە تاوەكو گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلییەكان لە عەززەوە، پاڵپشتییەكی بێسنور بۆ ئیسرائیل هەیە. 

سەبارەت بە هەڕەشەی ئێران، ڕوبیۆ وتی: ئێمە باسمان لە ئێران و خواستی بەدەستهێنانی چەک و مووشەکی ئەتۆمی کرد، کە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمریکا، دەوڵەتانی کەنداو و ئەوروپا دروست دەکەن، ئێرانێکی ئەتۆمی بە مووشەکەوە مەترسییەکی قبوڵنەکراوە بۆ سەر هەموو جیهان. ئێمە هانی پڕۆسەی سناپ باک دەدەین کە ئەوروپییەکان دەستیپێکردووە و داوایان لێدەکەین بەردەوام بن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار