ئەمڕۆ شەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیلی راسپارد پرۆسەی داگیرکاری شاری غەززە رابگرن، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کرد. ئێزگەی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە: سەرکردایەتی سیاسی، سوپای ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە کە هێرشەكانی لە غەززە کەمبکەنەوەو بگۆڕدرێن بۆ دۆخی بەرگری، هاوكات ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل داگیرکردنی شاری غەززە رادەگرێت. لای خۆیەوە، نوسینگەی ناتانیاهۆ رایگەیاند: ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ دەستبەجێ جێبەجێكردنی قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپ بۆ غەززە کە ئازادکردنی سەرجەم زیندانییەکان لەخۆدەگرێت، جەختیشكردووە لە هەماهەنگی بەردەوامی لەگەڵ واشنتۆن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە بەگوێرەی ئەو بنەمایانەی ئیسرائیل داناوە كە لەگەڵ دیدگای سەرۆکی ئەمریکا یەکدەگرێتەوە. هاوكات سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ رایگەیاند: سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەسەر رێنماییە سیاسییەکان، فەرمانیكردووە بە ئامادەکاریكردن بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پلانی دۆناڵد ترەمپ، بۆ ئازادکردنی بارمتەکان. بزوتنەوەى حەماس وەڵامی خۆی بۆ پلانەکەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا پێشکەشی نێوەندگران کردووە. بەپێى زانیاریە سەرەتاییەکان حەماس ڕەزامەندە لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندوو مردووەکان بەپێی پێشنیازی ترەمپ. هاوکات ئەوەشیان خستوەتەڕوو ئێمە لەسەر بنەمای کۆدەنگی فەلەستین، ئیدارەی کەرتی غەززە ڕادەستی ئۆرگانێکی سەربەخۆی فەلەستینی دەکەین. لەبەشێکى دیکەى وەڵامەکەیدا حەماس دەڵێن: ئامادەین دەستبەجێ لەڕێگەی نێوەندگرانەوە بچینە ناو دانوستانەکانەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی ئازادکردنی بارمتەکان. ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ترەمپ دواهۆشدارى توندى دایە حەماس بۆ ئەوەى بەزووی وەڵام بداتەوە. بزووتنەوەی حەماس وەڵامی خۆی پێشکەشی نێوەندگران کردووە سەبارەت بە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە و هێنانی ئەوەی کە ترەمپ بە "ئاشتی" وەسفی کردووە بۆ ناوچەکە.
پێشنیارێکی کۆمارییەکان بۆ دابینکردنی بودجە لە دەنگدانی ئەنجومەنی پیران ڕۆژی هەینی شکستی هێنا و داخستنی حکومەتی ئەمریکا لانیکەم بۆ هەفتەی داهاتوو درێژکردەوە. لە ڕۆژی چوارشەممەوە پارەدان بۆ دەزگا فیدراڵیەکان ڕاگیراوە و بەهۆی ئەو بنبەستەی کۆنگرێسەوە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری گشتی بەرفراوان تێکدەچن. بەگوێرەی ئاژانس فرانس پرێس، پێشنیازی کۆمارییەکان ژمارەی پێویستی دەنگی دیموکراتەکانی بۆ تێپەڕاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران وەرنەگرتووە، کە لە نێوان هەردوو پارتەکەدا دابەشکراوە. جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس ڕایگەیاند کە کۆمارییەکان "لە سەروبەندی دەنگداندان بۆ دووبارە کردنەوەی حکومەت". ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەموو دیموکراتەکان جگە لە چەند کەسێکی میانڕەو دەنگ بە داخستنی حکومەت دەدەن". داخستنی حکومەتی ئەمریکا هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، دوای ئەوەی ئەنجومەنی پیران بۆ جاری چوارەم دەنگی لەسەر پێشنیاری پارەدان دا کە لەلایەن کۆمارییەکانەوە پێشکەشکرا. لە چوارشەممەی ڕابردووەوە پارەدان بۆ دەزگا فیدراڵیەکان ڕاگیراوە، ئەمەش بەهۆی کێشەی کۆنگرێسەوە، کۆمەڵێک خزمەتگوزاری گشتی بەرفراوان تێکدەدات. سیناتۆرەکان پلانیان نییە لە کۆتایی هەفتەدا دانیشتن ئەنجام بدەن. پێش دەنگدانەکەی ئەنجومەنی پیران، ئیدارەی ترەمپ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی سەرەکی لە بازاڕی کاردا ڕاگرت، هەنگاوێک کە نادڵنیایی زیاتر لەسەر دۆخی گەورەترین ئابووری جیهان دەخاتە ڕوو. ئەم ڕاپۆرتە دوایین بڵاوکراوەی ئابوورییە کە لەم هەفتەیەدا دوادەخرێت و بەرپرسانی حکومەت و خاوەن کارەکان لە پێوەرە سەرەکییەکان بێبەش دەکات کە لە بڕیاردان بەکاردەهێنرێن. شەڕی بەردەوام لە کۆنگرێسدا سەنتەری لەسەر داواکارییەکانی دیموکراتەکانە بۆ درێژکردنەوەی یارمەتییەکانی چاودێری تەندروستی کە خەریکە بەسەر دەچێت، و ڕاگرتنەکەیان بە ملیۆنان ئەمریکی کەم داهات بە گرانبەهای دەگەیەنێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، تا کاتژمێر 6ی ئێوارەى یەکشەممە لەگەڵ بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی (حەماس) مۆڵەتە بۆ ئەوەى ڕێککەوتن بکرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنی غەززە ژیانی سەرجەم چەکدارانی حەماس کە ماونەتەوە ڕزگار دەکات، هۆشداریشیدا لەوەی کە ئەمە دوا دەرفەتە بۆ حەماس. ترامپ هۆشداریی بە حەماس دا و وتی: ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە دواجارە لەسەر غەززە نەکرێت، دەروازەکانی دۆزەخ بۆ حەماس وەک پێشتر کراوە دەبن. سەرۆکى ئەمریکا داوای لە فەلەستینییەکان کرد دەستبەجێ ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵن کە پێدەچێت ببێتە تەڵەی مردن لە داهاتوودا بەرەو ناوچە ئارامەکان لە غەززە. لەلایەکى دیکەوە سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، بزووتنەوەی فەلەستینی "پێویستی بە ماوەیەکى زیاتر هەیە" بۆ لێکۆڵینەوەو وەڵامدانەوەى لە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ غەززە، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتڕاستی کردووەتەوە. ئەو سەرکردەیە وتیشی، “حەماس هێشتا بەردەوامە لە ڕاوێژکارییەکان سەبارەت بەو پلانەی ترەمپ کە پێشکەشی بزووتنەوەکە کراوە، هەروەها نێوەندگرانی ئاگادارکردووەتەوە کە ڕاوێژکارییەکان بەردەوامن و پێویستی بە ماوەیەک هەیە”. ترەمپ ڕۆژی سێشەممە مۆڵەتی "سێ بۆ چوار ڕۆژ"ی بە حەماس دا بۆ ئەوەی ئەو پلانە قبوڵ بکات، کە بە وتەی خۆی ئامانجی کۆتاییهێنانە بە شەڕ لە ناوچە وێرانبووەکەی فەلەستین. پلانەکەی دۆناڵد ترەمپیش رۆژی دووشەممە ئاشکرا کرا و بنیامین نەتانیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەزامەندی لەسەردا، پێشنیازی راگرتنی دەستبەجێی جەنگ لە کەرتی غەززە دەکات ، هەروەها لە پلانەکە داوای ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان لە کەرتی غەززە و سەدان زیندانی و دیلی فەڵەستینی دەکات. ئەم پلانە لە 20 خاڵ پێکدێت، لەوانەش چەکداماڵینی بزووتنەوەی حەماس و چوونەدەرەوەی چەکدارەکانی لە کەرتی غەززە بۆ وڵاتانی دیکە، بەڕێوەبردنی غەززە لەلایەن لیژنەیەکی فەڵەستینی لە تەکنۆکرات و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی، بە سەرپەرشتی ئەنجوومەنێک کە ترەمپ خۆی سەرۆکایەتی دەکات و تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا یەکێکە لە ئەندامەکانی.
لە کاردانەوەی داخستنی حکومەتی فیدراڵی، ئیدارەی ترەمپ 26 ملیار دۆلار بودجەی چەند ویلایەتێکی دیموکراتنشین رادەگرێت. بۆ بەرپەرچدانەوەی داخستنی حکومەتی فیدراڵی، ئیدارەی ترەمپ دەستی بە سزادانی ئەو ویلایەتانە کردووە کە زۆرینەی دیموکراتن و کۆشکی سپی پاڵپشتی دارایی پڕۆژەکانی لەو ویلایەتانە راگرتووە. رۆژی چوارشەممە، 1ی تشرینی یەکەم، دوای ئەوەی دیموکرات و کۆمارییەکان لە کۆنگرێس نەیانتوانی لەسەر پرۆژەیاسای بودجە و درێژکردنەوەی ماوەی خەرجییەکانی حکومەت رێکبکەون، حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا داخرا، کە بە "شەتداون" ناسراوە. کۆمارییەکان کە زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانیان لە دەستدایە، نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی پیران بەدەستبهێنن. ئەمە پێنجەمین جارە لە ساڵی 1981ەوە روودەدات و بووەتە هۆی راگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکییە حکومییەکان. لە کاردانەوەیەکدا، ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بڕی 26 ملیار دۆلار بودجەی تایبەت بە چەندین ویلایەتی ژێر دەسەڵاتی دیموکراتەکانی راگرت. ئەم بڕیارانە بریتی بوون لە بلۆککردنی 18 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەکانی گواستنەوە لە نیویۆرک، کە زێدی ژمارەیەکی زۆری کۆنگرێسمانە دیموکراتەکانە، هەروەها راگرتنی 8 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە لە 16 ویلایەتی دیکە، لەوانە کالیفۆرنیا و ئیلینۆی. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریدا کە ئەگەر پرۆسەی شەتداون بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت، کۆشکی سپی دەست بە دەرکردنی فەرمانبەرانی فیدراڵی دەکات. ڤانس ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەوانەیە تا کۆتایی ئەمساڵ نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەر لە کارەکانیان دووربخرێنەوە. ئەمەش جیاوازە لە شەتداونەکانی پێشوو کە تێیدا فەرمانبەران تەنها مۆڵەتی بێ مووچەیان پێدەدرا. بڕیارەکانی کۆشکی سپی رەخنەی توندی دیموکراتەکانی لێکەوتەوە. حەکیم جێفریس، رێبەری کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، رایگەیاند کە بلۆککردنی بودجەی پڕۆژەکانی نیویۆرک دەبێتە هۆی بێکاربوونی هەزاران کەس. هەروەها، چەک شومەر، سیناتۆری دیموکرات، ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد کە هاوڵاتیانی ئاسایی ئەمریکا دەکاتە ئامانج و وتی "بەکارهێنانی هاوڵاتیانی ئەمریکی وەک یاری شەترەنج هەڕەشەیە لە وڵات". ناکۆکی سەرەکی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر پرسی خەرجییەکان و بیمەی تەندروستییە. کۆمارییەکان دەیانەوێت خەرجییەکان کەمبکەنەوە، لە کاتێکدا دیموکراتەکان داوای پاراستنی بیمەی تەندروستی دەکەن بۆ ملیۆنان ئەمریکی و رەخنە لە سیاسەتەکانی کەمکردنەوەی تێچووی ئیدارەی ترەمپ دەگرن. داخستنی حکومەت بووەتە هۆی ئەوەی فەرمان بە نزیکەی 750 هەزار فەرمانبەری فیدراڵی بکرێت لە ماڵەوە بمێننەوە، لە کاتێکدا کارمەندە گرنگەکان وەک هێزە سەربازییەکان و پاسەوانی سنوور بەبێ مووچە لە کارەکانیان بەردەوامن. شیکەرەوە ئابوورییەکان پێشبینی دەکەن کە هەر هەفتەیەک لە شەتداون دەتوانێت زیانێکی بەرچاو بە ئابووری ئەمریکا بگەیەنێت و رێژەی گەشەی ئابووری کەمبکاتەوە. لە ساڵی 1980ەوە، حکومەتی ئەمریکا 15 جار داخراوە، بەڵام زۆربەیان بۆ ماوەیەکی کورت بوون. لە سەردەمی سەرۆکایەتی رۆناڵد رەیگاندا هەشت جار حکومەت داخرا. لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی خودی ترەمپدا، سێ جار شەتداون روویدا، کە یەکێکیان بە درێژترین شەتداون لە مێژووی ئەمریکادا دادەنرێت و بۆ ماوەی 35 رۆژ بەردەوام بوو.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا جەختى کردەوە هاوسەنگی جیهانی بەبێ ڕوسیا دروست نابێت و ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکان بۆ گۆشەگیرکردنی ئەو وڵاتە لەم چەند ساڵەی دواییدا شکستیان هێناوە. پوتین لە وتاری ساڵانەی خۆیدا لە یانەی گفتوگۆی ڤاڵدای لە سۆچی، ڕایگەیاند کە ڕووسیا بە شێوەیەکی دانەبڕاو تێکەڵ بە کۆمەڵێک پرۆسەی ئابووری و کولتووری و لۆجستیکی جیهانییە و ناتوانرێت بە ئارەزووی گەلانی ڕۆژئاوا لێیان دوور بخرێتەوە. هاوکات هەڕەشەی وەڵامدانەوەی "بەهێزو توند"ی بۆ هەر هەڕەشەیەک لە دژی ڕوسیا کرد و ئاماژەی بە "ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی لەسەر بەرژەوەندییەکان" کرد و دووپاتی کردەوە کە نەیارانی وڵاتەکەی "هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سزاکانەوە ملکەچ بکەن". لە وتارەکەیدا ئەمڕۆ یدا، پوتین تەحەدای ڕۆژئاوای کرد و وتی، ئەگەر هەر کەسێک دەیەوێت لە ڕووی سەربازییەوە ڕکابەری ڕووسیا بکات، با هەوڵ بدات، ئێمە لە نزیکەوە چاودێری سەربازیکردنی ئەوروپا دەکەین، ئەمەش بابەتی ئاسایشی ئێمەیە. زیاتر گوتی، هەموو دەسەڵاتێک سنووری خۆی هەیە، ڕووبەڕووبوونەوەی وڵاتان دەبینین بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکان، نەیارەکانمان هەموو هەوڵێکیان کردووە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سزاکانەوە ملکەچمان بکەن، بەڵام هەموو هەوڵەکان بۆ دیکتەکردنی ئەوەی پێویستە وڵاتانی دیکە چی بکەن، شکستی هێنابوو. مۆسکۆ هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن بگەڕێنێتەوە، پوتین ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو وڵاتانە ناکۆکییەکی زۆریان هەیە و بۆچوونەکانیان جیاوازە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام دۆخێکی لەو شێوەیە بۆ زلهێزەکان ئاساییە. گوتیشی: "ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا زۆر ڕاستەوخۆ لەبارەی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە، هەندێکجار زۆر ڕاستەوخۆ، بەڵام لانیکەم دووڕوو نین، ڕووسیا مافی خۆیەتی پێداگری لەسەر بەرژەوەندییەکانی بکات، لەنێویاندا پەیوەندیی تەواو لەگەڵ ئەمەریکا هەیە" سەبارەت بە پلانەکەى ترەمپ بۆ غەززە ئەو وتى: ئێمە لە نزیکەوە سەیری دەستپێشخەرییەکانی ترەمپ دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. من باوەڕم وایە ئەمە ڕووناکی کۆتایی تونێلەکەیە.
ڕۆژنامەی 'واشنتن پۆست' ئاشکرای کرد، ئیدارەی ترەمپ هەوڵ دەدات ئێران چوار مەرج وەک بنەمایەک بۆ دانوستانە ئەتۆمییە نوێیەکان قبوڵ بکات، تاوەکوو لە ئەگەری پێکدادانی سەربازی دووربکەوێتەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2025، ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاوکردووەتەوە کە ئەو مەرجانەی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئێرانی داناوە بریتین لە، "دانوستانی ڕاستەوخۆ، ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی و ڕاگرتنی تەمویلی پارە بۆ لایەنگرەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست." بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم مەرجانە کە لە گرینگترین بەربەستەکانی خولەکانی پێشوودا بوون، پێدەچێت تاران ڕەتی بکاتەوە." ئەو بەرپرسە گوتیشی: "ئیدارەی ئەمەریکا پێی وایە کاتی زیادکردنی فشارەکان هاتووە، هەروەها سزاکان دەرفەت دەخوڵقێنن بۆ چارەسەری دیپلۆماسی." نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە ڕێگەی میکانیزمێکەوە سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە. ڕۆژنامەی واشنتن پۆست دەڵێت، سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاراندا بووەتە هۆی سەرلێشێواوی لە سیاسەتی ئێران و زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر ئابووری وڵاتەکە. وەلی ناسر، مامۆستای توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز بە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ڕاگەیاندووە، "نەگەڕانەوە بۆ دانوستانەکان ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە زیاتر دەکات." هەروەها بەرپرسێکی ئەورووپی نیگەرانی خۆی دەربڕی کە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان باشترین بژاردە نییە، ئاماژەی بەوەشکرد، دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی ماوەتەوە. ئێمە باوەڕمان بە چارەسەری سەربازیی نییە بۆ پرسی چەکی ئەتۆمی.
لە ئەنجامی داخستنی حکومەتی ئەمریکا نرخی دراوە ئەلیکترۆنییەکان روویان لە بەرزبوونەوە کرد و نرخی یەک بیتکۆین نزیکبووەتەوە لە 117 هەزار دۆلار. بەرەبەیانى چوارشەممە حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا رووبەڕووی داخستنی بەشێک لە کارەکانی بووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا شکستیهێنا لە تێپەڕاندنی یاسای خەرجکردنی بودجە. بەهۆی داخستنەکەوە بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی ئەمەریکا رادەگیرێت یان کەمدەکرێتەوە لەناویاندا ئەوە لە کاتێدایە بەرلە داخستنەکە نرخی یەک بیتکۆین لە دەوروبەری 113 هەزار دۆلاردا بووە. هاوکات نرخی یەک ئیسریۆم بەرزبوونەوەی بەڕێژەی 4٪ تۆمارکرد و نرخی یەک دانەی لە چوار هەزار و 163 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ چوار هەزار و 302 دۆلار. هەر یەک لە دراوە ئەلیکترۆنییەکانی دیکەی وەک سۆلانە بەرێژەی 5.6٪ و دراوی ریپڵ بەڕێژەی 3٪ بەرزبوونەوە. راگرتنی بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت کاتێک روودەدات، کۆنگرێس و سەرۆکایەتی ئەمەریکا دوای ماوەیەکی دیاریکراو ناگەنە رێککەوتن لەسەر یاسای خەرجکردنی پارە لەلایەن حکومەتەوە، بۆیە بەشێک لە خەرجی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت رادەگیرێت. ژمارەیەک لە دەزگاکانی حکومەت پشت بە پارەی ساڵانە دەبەستن کە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند دەکرێن. هەموو ساڵێک ئەو دەزگایانە داواکاریی بودجەی خۆیان بۆ ساڵی داهاتوو پێشکەشدەکەن، دەبێت و مەرجە داواکارییەکانیان لە کۆنگرێس پەسەند بکرێت و سەرۆکی ئەمەریکا واژۆی لەسەر بکات بۆ ئەوەی پارەیان بۆ تەرخان بکرێت. ئەگەر کۆنگرێس تا یەکی ئۆکتۆبەر داواکاریی دەزگاکان پەسەند نەکات، ئەوا حکومەت رووبەڕووی داخستن دەبێتەوە، واتە پارەدارکردنی دەزگاکان رادەگیرێت و ئەوەش کاریگەریی لەسەر کارەکانی حکومەت دەبێت لە ئەمەریکا و دەرەوەی ئەمەریکاش وەک باڵوێزخانە و کۆنسوڵخانەکان.
وەزارەتی جەنگی ئەمریكا "پنتاگۆن" دەڵێت: سوپای ئەمریکا دەستدەکات بە کەمکردنەوەی بوونی خۆی لە عێراق، لە هەنگاوێکدا کە رەنگدانەوەی کە بە "سەرکەوتنی هاوبەش" لە شەڕی دژی داعش وەسف دەكرێت. هێشتا دیار نییە چەند سەرباز دەکشێتەوە، یان قەبارەی ئەو یەكانە چەندە كە لە عێراق دەمێننەوە. شۆن پارنێل وتەبێژی "پنتاگۆن" رایگەیاندووە: بەپێی رێنماییەكانی سەرۆک کۆمار و وەك گونجاندن لەگەڵ کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازی ئەمریکا_عێراق و ئەو بەیاننامە هاوبەشەی لە 27ی ئەیلولی 2024 دەرچووە، ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوبەشەکانی هاوپەیمانی ئەرکی سەربازی خۆیان لە عێراق کەمدەکەنەوە. جەختیشیکردەوە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئەندامانی هاوپەیمانی بۆ دەستەبەرکردنی گواستنەوەیەکی بەرپرسیارانە و رێک و پێک. ئەم کەمکردنەوەیە بەشێکە لە رێککەوتنێکی پێشوی نێوان بەغدادو واشنتۆن بۆ کشانەوەی بەشێک لە هێزەكانی لە هەندێک شوێن تا کۆتایی مانگی ئەیلول. حکومەتی عێراق چەندین جار پشتڕاستی کردووەتەوە کە قۆناغی یەکەمی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە لەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کاردەکەن لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ کۆتایی دێت، لە کاتێکدا قۆناغی دووەم لە ساڵی ٢٠٢٦ کۆتایی دێت. بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لە ساڵی ڕابردوو (2024) لەنێوان لایەنە عێراقی و ئەمریکییەکان کراوە، پێشبینی دەکرێت ئەمریکا بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە هەندێک هێز لە هەرێمی کوردستان بهێڵێتەوە. ە نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق ماونەتەوە وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەکە و ئەرکی مەشق و ڕاوێژکاری و پشتیوانی بۆ هێزە عێراقییەکان ئەنجام دەدەن. دوای شکستی داعش لەو وڵاتە لە ساڵی 2017 ژمارەیان کەم بووەوە. بەڵام ئەم ئامادەبوونە بەشێک لە کوتلە چەکدارەکان و لایەنە سیاسییەکانی لایەنگری ئێرانی لەو وڵاتە توڕە کردووە، ئەمەش وایکردووە بەغدا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکات بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانییەکە.
بەپێى ڕاپۆرتێکى ماڵپەرى ئاکسیۆس، هەریەکە لەوڵاتانى قەتەر و میسر و تورکیا داوایان لە حەماس کردوە، وەڵامێکی ئەرێنی بدەنەوە بە پێشنیارەکەی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە، بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەکان. ئەو سێ وڵاتە ئەو ناوبژیوانانەن کە نزیکترین پەیوەندییان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس هەیە و بەرپرسیارێتی سەرەکی لە گواستنەوەی پەیامەکانی نێوان ئەو گرووپە و ئیسرائیل و ئەمریکا بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا دوو جار چاویان بە سەرکردەکانی حەماس کەوتووە. سەرۆکى ئەمریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە سێ بۆ چوار ڕۆژ مۆڵەت بە حەماس دەدات بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیارەکەی. ترەمپ لە وتارێکدا لەبەردەم سەدان ژەنەراڵ و دەریاوان لە کوانتیکۆی ویلایەتی ڤێرجینیا وتی: ئێمە یەک واژۆمان هەیە کە پێویستمانە، ئەگەر ئەو واژۆیەش نەکەن دەرگاى دۆزەخ دەکرێتەوە هیوادارم بۆ چاکەی خۆیان واژۆ بکەن و شتێکی بەڕاستی گەورە دروست بکەن. بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێشبینی دەکەن حەماس وەڵامێکی گشتیی ئەرێنی بۆ پێشنیازی ترەمپ بداتەوە، لەگەڵ هەندێک ڕەخنە. شەوی دووشەممە لە کاتێکدا ترەمپ پلانەکەی پێشکەش بە جیهان کرد، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و حەسەن ڕەشاد، بەرپرسی هەواڵگری میسر لە دۆحە، خەریکی پێشکەشکردنی بۆ سەرکردەکانی حەماس لە دۆحە. هەردووکیان داوایان لە حەماس کرد قبوڵ بکات. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەلسانی ئامۆژگاری سەرکردەکانی حەماسی کردووە کە ئەمە باشترین گرێبەستە کە توانیویەتی بۆیان بەدەستبهێنێت و زۆر باشتر نابێت. ئەلسانی هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بە پشتبەستن بە گفتوگۆکانی لەگەڵ ترەمپ، دڵنیایە کە سەرۆکی ئەمریکا بە جددی پابەندە بە کۆتاییهێنان بە شەڕەکە. وتی ئەوە گەرەنتییەکی بەهێزە بۆ حەماس. بەگوێرەی سەرچاوەکە، سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بە ئەلسانییان ڕاگەیاندووە، بە نیازپاکییەوە دیراسەی ئەو پێشنیازە دەکەن.
بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا ئاشکرایان کرد کە ئیدارەی ترەمپ نزیکەی ١٠٠ ئێرانی بە فڕۆکەیەک لە ئەمریکاوە بۆ وڵاتەکەیان دیپۆرت کردووەتەوە. دوو بەرپرسی ئێرانی ڕایانگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە فڕۆکەیەکی بەکرێگیراوی ئەمریکی لە لویزیانا هەڵفڕی و بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە ڕێگەی قەتەرەوە بگاتە تاران، بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز. لە بەرامبەردا بەرپرسێکی ئەمریکی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان هەردوولا دووپاتی کردەوە کە پلانەکان بۆ ئەو سەفەرە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی. ئەم دیپۆرتکردنەوە یەکێکە لەو کارە دیارانەی کە ئیدارەی ترەمپ ئەنجامی دەدات بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بەبێ گوێدانە ئەو بارودۆخەی کە ڕەنگە بگەڕێندرێنەوە بۆیان، بەپێی ڕۆژنامەکە. سەرەتای ئەمساڵ ئەمریکا کۆمەڵێک ئێرانی دیپۆرتی کۆستاریکا و پەنەما کرد. شایانی باسە کە هەڵمەتەکانی پێشووی ئیدارەی ترەمپ بۆ دیپۆرتکردنەوە، ڕەخنە و داوای یاسایی لەلایەن داکۆکیکارانی مافی کۆچبەرانەوە لێکەوتەوە. واشنتۆن لە مێژە مافی پەنابەری بەو ئێرانییانە داوە کە لە وڵاتەکەیان هەڵدێن، لەوانە ناڕازییە سیاسییەکان، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران و چالاکانی مافی ژنان.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ستایشی "هەوڵ و سەرکردایەتییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتنی غەززە و دەستەبەرکردنی ئاگربەست. ئەردۆغان لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، "تورکیە بەردەوام دەبێت لە بەشداریکردن لە پرۆسەی دامەزراندنی ئاشتییەکی دادپەروەر و هەمیشەیی کە هەمووان قبوڵیان بکات". شەوى ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گرنگترین خاڵەکانی پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ئاشکرا کرد . لەوانە چەکداماڵینی حەماس و ئازادکردنی زیندانییە ئیسرائیلییەکان لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا دوای پەسەندکردنی ئیسرائیل و ڕێگەدان بە یارمەتییەکان دەستبەجێ لەگەڵ وەرگرتنی یارمەتییەکان بۆ ناو کەرتی ناوچەکە. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئاگادار بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە، قەتەر و میسر پلانی ترەمپیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە گەیاندووەتە شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەی حەماس، ئاماژەی بەوەشکردووە، بزووتنەوەکە بەڵێنی بە ناوبژیوانان داوە "بە بەرپرسیارێتی تەواوەوە دیراسەی ئەو پێشنیازە بکەن". هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لێبوردنی لە قەتەر کرد لەسەر هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە و پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە کە لە داهاتوودا هیچ پێشێلکارییەکی سەروەری قەتەر دووبارە نەکاتەوە. لەسەر زەویدا هێزەکانی داگیرکەر بەردەوام بوون لە هەڵمەتەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە و پشتێنی ئاگرکوژێنەوەیان جێبەجێ کرد. سەرچاوەکانی نەخۆشخانەکانی غەززە ڕایانگەیاند کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەوە 39 فەلەستینی بەهۆی ئاگری ئیسرائیلەوە کوژراون و لە نێویاندا 28 فەلەستینی لە شاری غەززە لە کاتی خراپتربوونی کارەساتی برسێتیدا.
ڕاوێژکاری سەربازیی ڕێبەری باڵای ئێران، ئاشکرای کرد، لە جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، بە مووشەکەکانیان 16 فڕۆکەوانی ئیسرائیلیان کوشتووە. دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ڕێبەری باڵای ئێران، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە میانەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دواییە لەگەڵ ئیسرائیلدا، لە ماوەی 12 ڕۆژدا، زیاتر لە 500 مووشەکمان بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵداوە. ئەو ڕاوێژکارە باڵایە دەڵێت: ئیسرائیل و ئەمەریکا ئەو جەنگەیان بەسەر ئێمە سەپاند، بەڵام بە ئامانجەکانیان نەگەیشتن و شکستیان هێنا و ئێران سەرکەوتن. لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، ئیسرائیل هەوڵی دا جەنگەکە زیاتر درێژ بکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا رووبەڕووی شکستێکی چاوەڕواننەکراوبووەوە، بۆیە ناچار بوو لە ڕێگەی ئەمەریکاوە داوای ئاگربەست بکات، ئەمەش نیشانەی بێ دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیە لە بەرانبەر تواناکانی ئێران. جەختی لەوەش کردەوە، مووشەکەکانیان زیانێکی زۆری بە دامەزراوەکنی ئیسرائیل گەیاندووە، هەروەها ناوەندیی مەشق و ڕاهێنانی فڕۆکەوانانی ئیسرائیلیشیان کردبووە ئامانج، کە بووە هۆی کوژرانی 16 فڕۆکەوانی ئەو وڵاتە. ڕەحیم سەفەوی، هەر لە باسی مووشەکەکانی ئێران، ئەوەشی خستەڕوو، مووشەکەکانیان بە جۆرێک بەهێز بوون کە بوونە هۆی وێرانکارییەکی گەورەی بوومەلەرزە ئاسا، تا ئێستاش کاریگەری لە سەرجەم ئەو ناوچانەی کە بە ئامانج گیراون و ناوچەکانی دەوروبەریشیان جێهێڵاوە. بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت. لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون. دوای 12 ڕۆژ لە بەردەوامیی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەرەبەیانی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتیوانی خۆی بۆ پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە ڕاگەیاند. کۆشکی سپی پلانی ترەمپی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە بڵاوکردەوە. بەگوێرەی پلانەکە غەززە دەبێتە ناوچەیەکی "بێ تیرۆر بۆ ئەوەی هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی دروست نەکات" و بۆ سوودی خەڵکەکەی کەرتەکە نۆژەن دەکرێتەوە. لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا دوا ى کۆبونەوەکەیان ترەمپ و ناتانیاهۆ قسەیان لەسەر چەند تەوەرەیەکى جیاوازکرد, بەشێک لەوتەکانى ناتانیاهۆ,, ـ من پشتگیری لە پلانی ترەمپ دەکەم بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە. ـ پلانی ترەمپ هەموو بارمتەکان دەگەڕێنێتەوە و دڵنیای دەدات لەوەی کە غەززە جارێکی دیکە مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست نابێتەوە. ـ پلانی ترەمپ بریتییە لە ئیدارەیەک بۆ کەرتی غەززە کە حەماس و دەسەڵاتی فەلەستین بەدەر بکات. ـ پلانی ترەمپ هەموو بارمتە زیندوو و مردووەکان دەگەڕێنێتەوە و حەماس چەک داماڵێت. ـ ئێمە هەڵوێستی ترەمپ بەرز دەنرخێنین کە دەسەڵاتی فەلەستین هیچ ڕۆڵێکی لە غەززەدا نابێت تا ئەو کاتەی کۆمەڵێک مەرج جێبەجێ نەکرێت. ـ داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی مەترسی لەسەر بوونی ئیسرائیل دروست دەکات. ـ ده سه ڵاتی فه له ستین ده بێت واز له هاندان به دژی ئیسرائیل و هه وڵه کانی له دادگا نێوده وڵه تییه کان بهێنێت. ـ هەنگاوێکی نوێ دەنێین بۆ سەرکەوتن لە شەڕ و گەیشتن بە ئاشتی. ـ ترەمپ گەورەترین هاوڕێیە کە تا ئێستا لە کۆشکی سپی هەمانبووە. ـ کاتێک دەتوانین مەحاڵەکان بەدەست بهێنین کاتێک شانبەشانی ئەمریکا بوەستین. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، جیهان "زۆر نزیکە لە چارەسەرکردنی کێشەیەکی کۆن"، بە ئاماژەدان بە هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، چیتر قسەکانی تەنها لە وەستاندنی شەڕی غەززەدا سنوردار نەبووە، بەڵکو بە "ئاشتی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"دا سنوردار بووە. ترامپ ڕوونیشی کردەوە کە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گفتوگۆیان کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و بەم نزیکانە پرەنسیپی هەمەلایەنە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگەیەنێت. ترامپ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و هەروەها هاوپەیمانان لە ئەوروپا دەربڕی بۆ وەڵامدانەوەی ئەرێنییان بۆ پرەنسیپە پێشنیار کراوەکانی ئەمریکا. هەروەها سوپاسی ناتانیاهۆی کرد کە ڕازی بووە بە پلانی ئاشتی. وتەکانى دۆناڵد ترەمپ: ـ ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ ئاشتی. ـ سوپاسی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەكەم بۆ پشتیوانیكردنی پێشنیازەكەم بۆ ئاشتی. ـ ناتانیاهۆ رازیبووە لەسەر پێشنیازی ئاشتی و كۆتایهێنان بە جەنگی غەززە ـ ئەگەر حەماس رازیبێت بە پێشنیازەكە شەڕ كۆتایی دێت و لەماوەی (72) كاتژمێردا دیلەكان ئازاد دەكرێن. ـ غەززە دەبێتە ناوچەیەكی خاڵی لە تیرۆرو نابێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێكانی. ـ بەپێی خشتەیەكی زەمنی سوپای ئیسرائیل وردە وردە لە غەززە دەكشێتەوە. ـ ئەگەر حەماس پێشنیازەكە رەتبكاتەوە ئەوا رێگری لە ناتانیاهۆ ناكرێت ئەوەی پێویستە بیكات. ـ دەستەیەكی نێودەوڵەتی نوێ بە سەرۆكایەتی من چاودێری لیژنەی ئیدارەدانی غەززە دەكات. ـ تونی بلێر دەبێتە ئەندام لەو دەستە نێودەوڵەتیە نوێیەی چاودێری لیژنەی ئیدارەی غەززە دەكات. ـ حەماس هیچ شوێنێكی نابێت لە لیژنەی ئیدارەدانی غەززە. ـ ئەم رێككەوتنە دەبێتە مایەی هێنانەكایەی ئاشتی هەمیشەیی. ـ رۆژێك لە رۆژان ئێران دەبێتە بەشێك لە رێككەوتنی ئیبراهیمی. ـ دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانمان بە تەواوی لەناوبرد. ـ كاتی ئەوە هاتووە حەماس ئەو مەرجانە قبوڵبكات، ئێستا دۆخی جیاوازە. ـ سەركردەكانی حەماس و (20) هەزار چەكداری كوژراون، دەبێت ئەو مەرجانە قبوڵبكات.
دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، “مۆسکۆ پێویستی بە شەڕ نییە لەگەڵ هیچ کەسێک، بە ئەوروپاشەوە”، ئاماژەی بەوەشکرد کە “ڕووسیا هەمیشە وەک ڕزگارکەرێک هاتۆتە ئەوروپا نەک داگیرکەر”. هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر سەرکردەکانی هەڵەی دەستپێکردنی شەڕێکی لەو شێوەیە بکەن، ئەوا دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵکشانی مەترسیدار کە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی ململانێ بە بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ. ناوبراو لە هەژماری تێلێگرامی خۆیدا جەختی لەوە کردەوە کە "وڵاتانی ئەوروپی توانای شەڕیان لەگەڵ ڕووسیادا نییە"، ئاماژەی بەوەشکرد "سەرکردە ئەوروپییەکان بیرکردنەوەی ستراتیژییان نییە". مێدڤێدێڤ زیادی کرد: شەڕ لەگەڵ ئەوروپا پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیایەو نابێت ڕووبدات. جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا کە "وڵاتانی ئەوروپا لاواز و دابەشبوون و بە سادەیی توانای شەڕیان لەگەڵ ڕووسیادا نییە. ئەوروپا ناتوانێت بە تەنیا شەڕ لەگەڵ ڕووسیا دەستپێبکات". هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سەرکردەکانی ئەوروپا "لێهاتوویی پێویستیان نییە بۆ بڕیاردانی سەربازی سەرکەوتوو". ئەمەش لە کاتێکدایە کە کرێملین هۆشداریدا لەوەی "دابینکردنی ئۆکرانیا بە مووشەکی تۆماهۆکی ئەمریکی هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی بەرەکانی شەڕدا ناکات". لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە بڕیاری کۆتایی لە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە وەڵامی لێدوانەکانی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، مێدڤێدێڤ هۆشداریدا لەوەی ئەگەر ڕووسیا جبەخانەی چەکەکانی خۆی ئازاد بکات، خۆ شاردنەوە لە پەناگەی بۆمبدا هیچ سوودێکی نییە.
جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس نیوزی ئەمریکی ڕوونیکردەوە، دۆناڵد ترامپ "بە ڕوونی دیدگای خۆی دەربڕیوە و جەختی لەسەر خواستی خۆی کردووەتەوە کە غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو کەسانەدا بێت کە لەوێ دەژین، هەروەها کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو نالکێنرێت بەئیسرائیلىەوە". ڤانس لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ترەمپ هەوڵدەدات تۆڕە تیرۆریستییەکانی دەوروبەری ئیسرائیلییەکان هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە لە هەموو کاتێک گەشبینترم بە ڕێککەوتنی غەززە. لەلایەکى دیکەوە، رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە: شڵەژاوییەكی بەرچاو لەناو بازنەی نزیك بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەیە، پێش دیدارەکەی سبەینێی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی. رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە: ئەمە چوارەم کۆبونەوەی ناتانیاهۆ دەبێت لە دوای دەستبەكاربونی ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی ئەمساڵ ، بێ گومان گرنگترین و چارەنووسسازترینە لە هەموویان، چونکە ئەمجارە بەڕاستی رەنگە ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە و گەڕانەوەی دیلەکان، مەرجیش نییە بە خواستى ئیسرائیل بێت. رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان لە وردەکارییەکان، رایانگەیاندووە: ناتانیاهۆ لە حاڵەتێكی دەرونی خراپدایە " هیستریا" پێش کۆبونەوەکە، پەشۆكاویی دەوروبەرەكەشی لە ترسی ئەوەیە دووچاری ملكەچپێكردن بكرێن لەلایەن ترەمپەوە سەبارەت بە دەستپێشخەرییە (٢١)خاڵییەكەی، لەکاتێکدا گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکییەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی هەندێك دەستكاری بكرێت. رۆژنامە عیبرییەكە ئاماژەی بەوەشکردووە: ترەمپ زۆر پێداگرە لەوەی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و پێیوایە ئێستا كاتی یەكلاكردنەوەیەو رێگە نادات نەتانیاهۆ پلانەکەی لەناوببات. ترەمپ بە تەواوی ئەو پلانەی پەسەند کردووە کە لەلایەن جارێد کوشنەری زاوای و ستیڤ ویتکۆفی نوێنەرییەوە داڕێژراوە. لە ئیسرائیل نیگەرانی ئەوە هەیە، دەوڵەتانی عەرەبی لەسەرویانەوە قەتەر، سەرکەوتوو بوبێتن لە هەموارکردنەوە پلانەكە، كە داواكاری داماڵینی چەکی لە حەماس سوكتر كردبێت، لە ئێستادا تەنها باسی چەکی هێرشكردن دەكرێت نەک هەموو چەکەكان.
