ڕوانگەی سوری: هێرشەکەی ئەمریکا پێنج کوژراوی لێکەوتەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاشکرای دەکات، لە ئەنجامی هێرشە چڕەکەی شەوی ڕابردووی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی داعش لە سووریا، ژمارەیەک چەکدار کوژراون کە سەرکردەیەکیان تێدایە.

ڕامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە بۆردوومانەکانی ئەمریکادا لە پارێزگای دێرەزوور، لانی کەم پێنج چەکداری داعش کوژراون. ئاماژەی بەوەش داوە کە یەکێک لە کوژراوەکان سەرکردەی شانەیەک بووە و "بەرپرسی درۆن" بووە لە ناوچەکە.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی سووریا ڕوونی کردووەتەوە، هێرشەکان ئاسمانی بوون و ئۆپەراسیۆنی زەمینی تێدا نەبووە. ناوچە بەئامانجکراوەکان بریتی بوون لە بیابانی "بەدیعیە" لە پارێزگاکانی (حومس، دێرەزوور و ڕەقە). زۆربەی ئامانجەکان لە ناوچەیەکی شاخاوی لە باکووری تەدموور بوون کە بەرەو دێرەزوور درێژ دەبنەوە.

ئەم هێرشە لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی چاوی هەڵۆ"دایە کە ڕۆژی هەینی دەستیپێکرد. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە تۆڵەی کوژرانی دوو سەرباز و وەرگێڕێکی ئەمریکی لە هەفتەی ڕابردوودا، 70 پێگەی داعش لە سووریا کراونەتە ئامانج.

لەبارەى بکەری ئەو هێرشەی لە تەدموور هێزەکانی ئەمریکای کردە ئامانج، دوو گێڕانەوەی جیاواز هەیە:

واشنتن: جەخت دەکاتەوە کە هێرشەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئەنجامدراوە.

دیمەشق: حکومەتی سووریا دەڵێت هێرشەکە لەلایەن سەربازێکی سوپای سووریاوە کراوە کە "بیری توندڕەویی هەبووە" و بەنیازبوون لە ڕیزەکانی سوپا دووری بخەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار