بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەوێت و رۆژێک دواتر لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە. ئەوە دەبێتە پێنجەمین سەردانی نەتەنیاهوو بۆ لای ترەمپ لە ئەمریکا لە ئەمساڵدا. سەردانەکە لە کاتێکدایە ئیدارەی ترەمپ و نێوەندگیرە هەرێمییەکان گوشار دەکەن بۆ ئەوەی قۆناخی دووەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە دەستپێبکات. نێوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەم، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندبوو رەنگە نەتەنیاهوو لە پشووی کریسمسدا لە فلۆریدا سەردانی بکات. پێش ئەوەی بەرەو هاوینەهەواری 'مارالاگۆ' بەڕێبکەوێت، ترەمپ گوتی: "ئەو دەیەوێت بمبینێت. بە فەرمی کاتەکەمان دیاری نەکردووە، بەڵام دەیەوێت بمبینێت." رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرەنوتی ئیسرائیلی رۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت کۆمەڵێک پرسی فراوانی هەرێمی گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت، لەوانەش دۆسیەی ئێران، گفتوگۆکان بۆ رێککەوتنی ئەمنی نێوان ئیسرائیل و سووریا، ئاگربەست لەگەڵ حیزبوڵڵا لە لوبنان و قۆناخەکانی داهاتووی رێککەوتنی غەززە. پێشڤەچوونەکان بۆ گواستنەوە بۆ قۆناخی دووەمی ئاگربەستی غەززە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو بە نێوەندگیریی واشنتن و هاوپەیمانە هەرێمییەکانی کرابوو، تاوەکو ئێستا بە خاوی بەڕێوەدەچن. ئاگربەستەکەش هێشتا ناسکە و هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی تۆمەتبار دەکەن. نێوەندگیرەکانیش ترسیان هەیە ئیسرائیل و حەماس کات بکوژن. بەگوێرەی قۆناخی دووەم، دەبێت ئیسرائیل لە پێگەکانی لە غەززە بکشێتەوە و دەسەڵاتێکی کاتی لە شوێنی حەماس کەرتەکە بەڕێوەببات، هەروەها هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرتەکە بڵاوبکرێتەوە. خاڵێکی دیکەی رێککەوتنەکە ئەوەیە بزووتنەوەی حەماس چەک دابنێت، کە ئەمەیان خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکییەکانە. رۆژی هەینی، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی نەتەنیاهوو و ترەمپ کلیلی بەرەوپێشبردنی هەنگاوەکانی داهاتووی رێککەوتنەکەیە. ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی کۆشکی سپییەوە رایگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بەزووترین کات حکومەتە تەکنۆکراتەکەی غەززە و هێزە نێودەوڵەتییەکە رابگەیێنێت. ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ "تا دێت زیاتر بێزار دەبن، چونکە نەتەنیاهوو هەنگاوی بۆ لاوازکردنی ئاگربەستە ناسکەکە و پەکخستنی پرۆسەی ئاشتی ناوە."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند؛ ئێستا هیچ بەنیاز نییە دان بە سەربەخۆیی "سۆمالیلاند"دا بنێت. ئەم هەڵوێستەی ترەمپ دوای ئەوە دێت ئیسرائیل وەک یەکەم وڵات بە فەرمی دانی بەو دەوڵەتە تازە ڕاگەیەندراوەدا نا. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد؛ هەڵوێستەکەی لە هەڵوێستی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جیاوازە.  کاتێک لەبارەی دانپێدانان بە سۆمالیلاند پرسیار لە ترەمپ کرا زۆر بە کورتی و بێ جۆش و خرۆش وەڵامی دایەوە و گوتی: "بە سادەیی: نەخێر، لەم کاتەدا نا". ترەمپ جەختی کردەوە ئەولەویەتی گفتوگۆکانی لەگەڵ ناتانیاهۆ لەسەر دۆخی غەززە و هەوڵەکانی ئاگربەست و ئاوەدانکردنەوە دەبێت. سەبارەت بەو پێشنیازەی سۆمالیلاند کە ئامادەیە میوانداری بنکەیەکی دەریایی ئەمەریکا بکات لە نزیک دەروازەی ستراتیژیی دەریای سوور، ترەمپ بایەخی پێشنیازەکەی کەمکردەوە و بە "هیچ شتێکی تایبەت" ناوی برد، هەرچەندە گوتیشی "هەموو شتێک لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە". ئەم ساردووسڕییەی ترەمپ لە کاتێکدایە لە ناوخۆی ئەمەریکا و لەناو کۆنگرێسدا، بەشێک لە هاوپەیمانە کۆمارییەکانی ترەمپ فشار دەکەن بۆ دانپێدانان بە سۆمالیلاند. چەند نوێنەرێکی کۆمارییەکان پڕۆژە یاسایەکیان ئامادە کردووە بە ناوی "یاسای سەربەخۆیی کۆماری سۆمالیلاند" بە مەبەستی ناچارکردنی واشنتن بۆ گۆڕینی هەڵوێستی بەرەو ئەو ناوچەیە. ناتانیاهۆ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی دان بە سۆمالیلاند دا دەنێت و بەڵێنیشی دابوو لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەیدا لەگەڵ ترەمپ، داوای لێبکات هاوشێوەی ئەو پشتیوانی لەو دەوڵەتە بکات. ناتانیاهۆ پێشتر لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا بە عەبدولرەحمان محەممەد عەبدوڵڵا، سەرۆکی سۆمالیلاندی ڕاگەیاندبوو؛ هەوڵ دەدات سۆمالیلاند بباتە ناو "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم" و ئەم بابەتە لەگەڵ ترەمپ تاوتوێ دەکات.

ململانێكانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل درێژبووەوە بۆ كیشوەری ئەفریقا، دوای ئەوەی ئیسرائیل بووە یەکەم وڵات کە دان بە كۆمارى سۆمالیلانددا بنێت، ئەوەش دوای چەند رۆژێك دێت لە لوتكەی سێ‌ قۆڵی نێوان ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس، كە وەك هەڕەشەیەكی راستەوخۆ دەبینرێت بۆ سەر توركیا لە دەریای ناوەڕاست. شەوی رابردوو، نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، تیایدا ناتانیاهۆ قسەی لەگەڵ محەمەد عەبدوڵا، سەرۆک کۆماری سۆماڵیلەند كردو رێککەوتننامەی دانپێدانانی یەکتریان واژۆکرد. ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل بە تایبەتی بۆ ئەنكەرە گرنگە بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی نزیک و تایبەتی نێوان تورکیا و سۆماڵ، بوونی تورکیا لە سۆماڵ تەنیا دیپلۆماسی و ئابوری نییە، بەڵکو سەربازیشە. پەیوەندییەکانی تورکیا و سۆماڵ، هاوپەیمانییەکی سەربازییە کە  لێكنزیكی دیپلۆماسی تێپەڕاندووەو پەیوەندییەكی بەهێزیان هەیە، توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی  لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا زۆرترین وەبەرهێنانی لە سۆماڵدا كردووەو خاوەنی گەورەترین بنكەی سەربازییە لەو وڵاتە، ئەوەش وایكردووە، ئەو جوڵە نوێیەی ئیسرائیل بەلای توركیاوە بایەخی تایبەتی هەبێت. •    توركیا گەورەترین بنكەی مەشقی سەربازی لە دەرەوەی وڵات لە مەقادیشۆی پایەتەخی سۆماڵ دامەزراندووە. •  رۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لە راهێنان و رێكسختنەوەی سوپای سۆماڵدا.  • هاوکاری سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری لەگەڵ سۆماڵ بەهێزتر کردووە. بنکەی مەشقی سەربازی تورکسۆمى توركى لە ساڵی (2017) لەسەر داوای حکومەتی سۆماڵ کراتەوەو رۆڵێکی یەكلاكەرەوەی بینیوە لە پێکهێنانی بڕبڕەی پشتی هێزە چەکدارەکانی سۆماڵدا، سۆماڵ بە تاکە وڵاتی ئەفریقا دادەنرێت کە رێگەی بە بنکەیەکی سەربازیی بە تورکیا داوە، بۆیە ئەنكەرە داننان بە سۆمالیلاند تەنها وەک بابەتی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ نابینێت، بەڵکو وەک ئاڵنگارییەك  بۆ سەروەری هاوپەیمانێکی راستەوخۆی تەماشای دەكات. حکومەتی مەقادیشۆ سۆمالیلاند بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، سەرەڕای هەبوونی حکومەتێک کە پایتەختەكەی "هیرجیسا"یە و خاوەنی  پەرلەمان و هێزە ئەمنییە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن هیچ وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دان بە سۆماڵیلانددا نەنراوە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ. سۆمالیلاند زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسڵمانان، ئیسلام ئاینی فەرمییە لە دەستورەکەیدا، حکومەتی سۆماڵ جیابونەوەی بەتوندی رەتدەکاتەوە، ئەمەش هەڵوێستێکە کە زۆرێک لە وڵاتان هاوبەشن تیادا، بەتایبەت تورکیا. میدیاكانی توركیا دەڵێن: ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل قەیرانی نێوان ئەسیوپیاو سۆماڵيش دەهێنێتەوە پێشەوە، کە ساڵی رابردوو سەریهەڵدا، دوای ئەوەی ئەسیوپیا رێککەوتنێکی لەگەڵ سۆمالیلاند واژۆ کرد، کە دانپێدانانی خاکەکەی لەخۆگرتبوو، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە دەریا، کە کاردانەوەی توندی لە مەقادیشۆی لێکەوتەوەو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، توانی کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت، كە لە ئەنجامی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە ئەنكەرە، پلانی ئەسیوپیا بۆ دانپێدانانی سۆمالیلاند هەڵپەسێردرا. سۆمالیلاند لە ساڵی 1991دا جیابوونەوەی لە سۆمال راگەیاند، لەگەڵ داڕمانی دەوڵەت، دوای روخانی رژێمی سۆماڵ بە سەرۆكایەتی سیاد بەری. لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، بزووتنەوەی نیشتمانی سۆماڵ لە باکور سەربەخۆیی سۆمالیلاندی رایگەیاندو هەرجیسا وەك پایتەختی وڵاتەكە دەستنیشانكرا.

وەزارەتی جەنگی ئەمریكا، پەیامێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڵاوكردووەتەوەو تیایدا دەڵێت: ئەمشەو، بە فەرمانی من وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، ئەمریکا هێرشێکی بەهێز و کوشندەی لە دژی گەندەكانی داعشی تیرۆرست لە باکوری رۆژئاوای نەیجیریا ئەنجامدا، کە بە شێوەیەکی دڕندانە مەسیحییە بێتاوانەکان دەکەنە ئامانج و دەیانکوژن بەشێوەیەك کە ساڵانێکی زۆرە،  بگرە چەندین سەدەیە نەبینراوە!. پێشتر هۆشداریم دا بەو تیرۆریستانە ئەگەر واز لە سەربڕینی مەسیحییەکان نەهێنن باجێکی قورس دەدەن و ئەمشەو بە كرداری ئەوە روویدا، وەزارەتی جەنگ گورزێكی وردی وەشاند، كە تەنها ئەمریکا دەتوانێت ئەنجامیبدات.  ترەمپ ئاماژەی بەوەشكردووە: لەژێر سەرکردایەتی مندا وڵاتەکەمان رێگە نادات تیرۆری ئیسلامی توندڕەو گەشە بکات، خوای گەورە سوپاكەمان بپارێزێت و جەژنی کریسمس لە هەمووان پیرۆز بێت، بە تیرۆریستە مردووەکانیشەوە، ئەوانەشی كە ژمارەیان زیاد دەکات ئەگەر کۆمەڵکوژیەکانیان دژی مەسیحییەکان بەردەوام بێت. 

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێ، رۆژی پێنجشەممە گفتوگۆی "زۆر باشی" لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەبووە و وەک خۆی دەڵێ، سەرنجیان خستووەتە سەر کۆتاییهێنان بە "جەنگی دڕندانەی رووسیا". زیلینسکی لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێ: "گفتوگۆمان لەسەر وردەکاریی گرنگی کارە بەردەوامەکان کرد." هەروەها دەڵێت: "بیرۆکەی باش هەن کە دەتوانن خزمەت بە ئەنجامێکی هاوبەش و ئاشتییەکی بەردەوام بکەن." سەرۆکی ئۆکراینا سوپاسی دوو نێردراوەکەی کرد بۆ "کارە بونیادنەرەکەیان، کارە چڕوپڕەکان و وشە جوانەکانیان." زیلینسکی گوتی: "بەڕاستی شەو و رۆژ کار دەکەین بۆ نزیککردنەوەی کۆتایی ئەم جەنگە دڕندانەیەی رووسیا دژی ئۆکراینا و بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو بەڵگەنامە و هەنگاوەکان راستەقینە، کاریگەر و جێگەی متمانەن." هەروەها لە گفتوگۆکەدا رێککەوتن کە رۆستەم عومەرۆڤ، دانوستاندنکاری ئۆکراینا رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە لەگەڵ دوو نێردراوەکە قسە بکاتەوە. پۆستەکەی زیلینسکی رۆژێک دوای ئەوە دێت کە رایگەیاند، ئۆکراینا هەندێک "سازشی سنوورداری" لە نوێترین وەشانی رەشنووسی پلانی ئەمریکادا بەدەستهێناوە. پلانە 20 خاڵییەکە کە لەلایەن دانوستاندنکارانی ئەمەریکا و ئۆکرایناوە لەسەری رێککەوتوون، ئێستا لەلایەن مۆسکۆوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێ. بەڵام کرێملین پێشتر ئامادەیی نیشان نەداوە دەستبەرداری داواکارییەکانی بێت بۆ کشانەوەی تەواوەتی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. زیلینسکی رۆژی چوارشەممە دانی بەوەدا نا کە هەندێک خاڵ لە بەڵگەنامەکەدا هەن کە بەدڵی نین، بەڵام گوتی، کیێڤ سەرکەوتوو بووە لە لابردنی مەرجی کشانەوەی ئۆکراینا لە هەرێمی دۆنێتسک، یان داننان بەو خاکەی لەلایەن سوپای مۆسکۆوە دەستی بەسەردا گیراوە.

حسێن عەلاوی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: بەغداد بە وردی چاودێری وەرگرتنی عێراقییەکان دەکات لە ناو سوپای روسیا. عەلاوی، لە لێدوانێكدا بە كەناڵی "الحدث"ی راگەیاند: كەمتر لە (5) هەزار عێراقی چوونە ناو ریزەكانی سوپای روسیاوە.  وتیشی: ناتوانرێت ژمارەی وردی عێراقییەکان لە سوپای روسیادا دەستنیشان بكرێت و بەغداد سەبارەت بەم بابەتە داتا لەگەڵ روسیا ئاڵوگۆڕ دەکات. ئاشکراشی کرد، عێراق لەگەڵ مۆسکۆ ڕێوشوێن دەگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە پەیوەندیكردنی عێراقییەکان بە ریزەكانی سوپای روسیاوە. پێشتر فایق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند: یاسای عێراق سزای زیندانیکردن دەسەپێنێت بەسەر هەر کەسێک  بەبێ مۆڵەتی فەرمی حکومەت بچێتە ناو هێزی  چەکداری وڵاتێکی ترەوە. حكومەتی روسیا لەڕێی كۆمەڵێك كۆمپانیای تایبەتەوە هەوڵی راكێشانی گەنجان دەدات بۆ ریزەكانی سوپاو رەوانەكردنیان بۆ بەرەكانی جەنگ لە ئۆكرانیا، لەڕێی فریودانیان بە پارەی زۆرو پێدانی رەگەزنامەی وڵاتەكەی، بە تایبەت لەو ناوچانەی كە بێكاریان تیادا بڵاوە، عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانەی كە ژمارەیەكی بەرچاو لە گەنجەكانی بە تایبەت لە ناوەڕاست و باشور، لەڕێی ئەو كۆمپانیایانەوە چوونەتە ناو ریزەكانی سوپای روسیا، كە تەنانەت هەندێك لەو كۆمپانیایانە بەناوی دۆزینەوەی هەلی كارەوە گەنجانی عێراقیان بردووە بۆ روسیاو دواتر رەوانەی بەرەكانی جەنگ كراون.

سەرۆکی ڕووسیا، ڕایگەیاند، پشتیوانی ڕووسیا بۆ یەک پارچەیی سووریا و پاراستنی سەروەری ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ دابەشکاری سووریا و تێکدانی ئارامی ناوچەکە قبوڵکراو نییە.  چوارشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، لە میانەی کۆبوونەوەی لە گەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و مەحرەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری سووریا، ڕایگەیاند، مۆسکۆ ئیدانەی کارەکانی ئیسرائیل دەکات، بە تایبەت ئەو پرۆژەیەی کە لە بارەی دابەشکاری وڵاتەکە و شێواندنی ئاسایشی ناوچەکەوە خەریکە جێبەجێی دەکات، هاوکات ئەو کارەی ئیسرائیلی بە مەترسی گەورە ناوبردووە بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی سووریا بە تایبەتی و ناوچەکە بە گشتی.  لە بەشێکی دیکەی کۆبووبەوەکەدا، پوتن جەختی لەوە کردووەتەوە، دەبێت پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و ڕووسیا پەرەی پێبدرێت، بە تایبەتی لایەنی سەربازی و ئابووری و تەکنیکی، هاوکات مۆسکۆ لە بەرزکردنەوەی تواناکانی سوپای سووریا لە ڕووی بەرگرییەوە هاوکاری دیمەشق دەبێت، هەروەها لە مۆدێرنکردنی تەکنیکی ئامێرە سەربازییەکان و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری نیشتمانی پاڵپشتی حکوومەتی سووریا دەکات.  هەردوولا جەختییان لە پێویستی ڕێزگرتن لە بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕەتکردنەوەی دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی سووریا کردووەتەوە.  لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هەڵهاتنی بۆ ڕووسیا، مۆسکۆ میوانداری ئەسەد و خێزانەکەی دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووسیا ئارەزووی ئەوە دەکات پەیوەندیەکی باش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەو وڵاتە دروست بکات، چونکە تاوەکو ئێستا بنکەی ئاسمانی "حەمیمیم" و دامەزارەوەی دەریایی "تەرتوس" لە لایەن ڕووسیاوە سەرپەرشتی دەکرێن، بۆیە مۆسکۆ دەیەوێت بۆ پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییە سەربازی و ئابوورییەکانی لەگەڵ سووریا پەیوەندییەکانی بەرەو پێش بچێت. 

کەمێک لەمەوبەر، ئەو فڕۆکە تایبەتەی محەمەد عەلی حەداد، سوپاسالاری لیبیا و چەند بەرپرسێکی سەربازی باڵای لیبیای تێدا بوو، لە ناوچەیەکی ئەنقەرە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە. ئەمڕۆ محەمەد عەلی حەداد لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، کۆبوویەوە.    

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سیاسەتی داهاتووی حکوومەتی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی هەرگیز بە تەواوەتی کەرتی غەززە چۆڵ ناکات و لە خاکی سووریاش دەمێننەوە. سێشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، دووپاتی کردەوە حکوومەتی وڵاتەکەی "حکوومەتی ئۆردووگاکانە" و بەو پێیەش پلانیان هەیە لە باکووری کەرتی غەززە ئۆردووگای نیشتەجێبوون دروست بکەن، بۆیە بژاردەی کشاندنەوەی تەواوەتی هێزەکانیان لەو کەرتە لە ئارادا نییە. سەبارەت بە دۆخی کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتەکەیان شەرم لەوە ناکات ئەگەر پێویست بکات و لە کاتی گونجاودا، سەروەریی ئیسرائیل بەسەر کەناری ڕۆژئاوادا دەسەپێنێت. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بوونی هێزەکانیان لە خاکی سووریا، کاتز هەڵوێستێکی توندی نیشاندا و ڕایگەیاند: یەک ملیمەتر لە خاکی سووریا پاشەکشە ناکەین و لە شوێنی خۆمان دەمێنینەوە، چونکە متامانەمان بە هیچ هێزێک نییە کە هاووڵاتییانمان بپارێزێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە. هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو و هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیاییان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لە تەلئەبیب لەگەڵ میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان و نيكؤس خریستۆدۆلیدیس، سەرۆکی قوبرس، هێرشی کردە سەرتورکیا بەبێ ئەوەی ناوی ی بهێنێت، وتی: بۆ ئەوانەی وا خەیاڵ دەکەن دەتوانن ئیمپراتۆریەتەکان بونیادبنێنەوەو جارێكی تر کۆنترۆڵی خاکەکانمان بکەنەوە، دەڵێم: لەبیر خۆتانی بەرنەوە، ئەوە روونادات، تەنانەت بیریشی لێ مەکەنەوە. ناتانیهۆ ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە سێ کەسين شانازی بە مێژووی خۆمانەوە دەکەین لە زێدی باوباپیرانمان، بە ئیرادەو پێداگرییەوە لە داهاتوو دەڕوانین. وتیشی: راستە هەریەکێک لە وڵاتەکانمان لە رابردوودا لەلایەن ئیمپراتۆریەتە یەک لە دوای یەکەكان داگیرکرابوون، بەڵام سەربەخۆیی خۆمان لە سەردەمی نوێدا بە ئازایەتی و قوربانیدان بەدەست هێنا. ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشكرد: بڕیارمانداوە بەرگری لە خۆمان بکەین و توانای ئەوەمان هەیە، هاوکاریشمان ئەو توانایە بەهێز دەکات و وەک سێ وڵاتی دیموکراسی راستەقینە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، پێکەوە کاردەکەین بۆ بەرەوپێشبردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی و ئازادی.

لە کاتێکدا گرژییەکان لە دەریای کاریبی و دەوروبەری ڤەنزوێلا گەیشتوونەتە لووتکە، ڕووسیا ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ڤەنزوێلا ڕاگەیاند لە بەرانبەر ئەو گەمارۆیەی هێزی دەریایی ئەمەریکا خستوویەتییە سەر کەشتییە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە. ئەم هەڵوێستەی مۆسکۆ تەنیا ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت، کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی نێوان واشنتن و کاراکاس بەڕێوەبچێت. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و ئیڤان گیل، هاوتا ڤەنزوێلییەکەی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە توندی سەرکۆنەی جووڵەکانی ئەمەریکایان کردووە، کە دوایین هەنگاویان دەستبەسەرداگرتنی دوو کەشتیی نەوتهەڵگر بووە و بەرپرسێکی ئەمەریکیش ئاشکرای کردووە کە بەدوای کەشتیی سێیەمیشەوەن. وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە: لایەنی ڕووسی پشتیوانیی تەواو و هاوسۆزیی خۆی بۆ سەرکردایەتی و گەلی ڤەنزوێلا دووپات دەکاتەوە و نیگەرانیی قووڵی هەیە بەرانبەر هەڵکشانی کردەوەکانی واشنتن لە دەریای کاریبی کە هەڕەشەن بۆ سەر دەریاوانیی نێودەوڵەتی. ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 16ی کانوونی یەکەم گەمارۆی خستە سەر کەشتییە نەوتییە سزادراوەکان کە لە ڤەنزوێلاوە هاتووچۆ دەکەن. ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە حکوومەتەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە داهاتی نەوت بۆ تیرۆری ماددەی هۆشبەر و کوشتن بەکاردەهێنێت و تۆمەتباری کردوون بەوەی نەوتی ئەمەریکایان بردووە، کە ئاماژەیە بۆ خۆماڵیکردنی کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە. بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولەوە زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر چەند بەلەمێک لە دەریای کاریبی و زەریای هێمن بە پاساوی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس کوژراون و لەنێویاندا ماسیگر هەبووە. لە بەرانبەردا، ڤەنزوێلا وێڕای ڕەت کردنەوەی تۆمەتەکان، کردەوەکانی ئەمەریکا بە چەتەیی نێودەوڵەتی و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕژێم وەسف دەکات. هەریەک لە ڕووسیا و چین پشتیوانیی خۆیان بۆ داواکاریی ڤەنزوێلا دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش تاوەکوو سنوورێک بۆ ئەوەی ناویان ناوە هێرشە بەردەوامەکانی ئەمەریکا دابنرێت.

دۆناڵد ترەمپ، دەیەوێت ژمارەیەک باڵیۆز لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیا لە ئەرکەکیان دووربخاتەوە. رۆژنامەی نیویۆرك پۆست بڵاویکردەوە ، ئیدارەی ترەمپ 48 باڵیۆز لە پۆستەکانیان دووردەخاتەوە کە لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکاوە دەستنیشان کرابوون. هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دیپلۆماتکار و باڵیۆزانەی دووردەخرێنەوە، ئەرکەکانیان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا، ئەفریقا، ئاسیا، ناوەڕاست و باشووری ئەمەریکایە. هاوکات بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە رۆژنامەکەی ڕاگەیاند، دوورخستنەوەی دیپلۆماتکاران ڕێکارێکی ئاساییە، چونکە باڵیۆز نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکایە و سەرۆکەکە مافی خۆیەتی ئەو کەسانە بۆ ئەو ئەرکە دەستنیشان بکات کە ئەجێندای ئەمەریکا پێش هەموو شتێك بەرەوپێش دەبەن.

مارك ساڤایا، نێردەی تایەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق دەڵێت: ئەو هەنگاوانەی گروپە چەکدارەکانی عێراق رایانگەیاندووە بەرەو داماڵینی چەک، پێشهاتێکی پێشوازی لێکراو و هاندەرە، ئەم هەنگاوە نمایندەی وەڵامێکی ئەرێنی دەکات بۆ بانگەوازو خواستە لەمێژینەکانی مەرجەعییەت و دەسەڵاتە ئاینیە بەڕێزەکانمان. ساڤایا لە پەیامێكدا لە سەكۆی "ئێكس" رایگەیاندووە: بە تەنیا نیشاندانی نیەت بەس، داماڵینی چەک دەبێت هەمەلایەنە بێت و گەڕانەوە نەبێت و لەڕێی چوارچێوەیەکی نیشتمانی ڕوون و پابەندکەردا جێبەجێ بکرێت، ئەم پرۆسەیە دەبێت هەڵوەشاندنەوەی تەواوی گروپە چەکدارەکان لەخۆبگرێت و گواستنەوەیەكی رێكخراو و یاسایی ئەندامەکانیان بۆ ژیانی مەدەنی مسۆگەر بکات. وتوشیەتی: بەپێی دەستوری عێراق و سەروەری یاسا، هیچ  حزبێكی سیاسی یان رێکخراو و تاکێک مافی خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی پێکهاتەی چەکداری لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە، ئەم پرەنسیپە بە شێوەیەکی یەکسان لە سەرانسەری هەموو بەشەکانی عێراقدا جێبەجێ دەکرێت، بەبێ جیاوازی.  جەختیشكردووە: دەسەڵاتی تایبەتی هەڵگرتنی چەک و بەکارهێنانی هێز دەبێت تەنها لەگەڵ ئەو دامەزراوە فیدراڵی و هەرێمە شەرعیانەدا بێت کە رێکخستن و فەرماندەیی و بەڕێوەبردنی هێزە چەکدارەکانی میللەتیان پێ سپێردراوە بۆ پاراستنی گەلی عێراق و بەرگریکردن لە سەروەری نیشتمانی. ساڤایا، لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا ئاماژە بەوەشدەكات: عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم دووڕیانێكی یەکلاکەرەوەدا وەستاوە، دەتوانێت بەرەو سەروەری و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و یەکڕیزی و سەروەری یاسا هەنگاوبنێت یان بە هەڵپەسێردراوی لە بازنەی پارچەپارچەبوون و ناسەمگیریدا بمێنێتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق بگاتە بەغداد، لەگەڵ هەڵوێستى ئەرێنى بەشێک لە گروپەچەکدارەکان بۆ دانانى چەکەکانیان، لەکاتێکدا ئەمەریکا فشارەکانى بۆ دوورخستنەوەى گروپەکان لە حکومەتى داهاتوو چڕکردووەتەوە. پێگەى شەفەق نیوزى عێراقى ئەمڕۆ یەکشەممە (21ـی کانوونی یەکەمی 2025)، لە سەرچاوەیەکى باڵاى حکومییەوە گواستییەوە، ساڤایا بەم نزیکانە بە سەرۆکایەتى شاندێکى باڵاى ئەمەریکا دەگاتە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق. بەپێی سەرچاوەکە، گفتوگۆکانی ساڤایا لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەکان لەسەر سیاسەتەکانی داهاتووی عێراقە، لەناویاندا پرسی ئاسایش، هەماهەنگییە ئابوورییەکان، لەگەڵ باسکردنی کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، پلانەکان بۆ راهێنان و پێدانى چەک بە هێزە عێراقییەکان. سەردانەکەی نێردەی تابیەتی ئەمەریکا بۆ عێراق لە کاتێکدایە گفتوگۆیەکی گەرم هەیە لەسەر چەکداماڵینی ‌گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران. لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی وەک: کەتائیبی ئیمام عەلی، عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەنسار ئەلئەوفیا و کەتائیبی سەید شوهەدا رایانگەیاند خۆیان ئامادە دەکەن بۆ پشتیوانیکردنی هەبوونی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا، بەڵام گرووپەکانی دیکەی وەک کەتائیبی حیزبوڵلا و بزوتنەوەى نوجەبا چەک دانان رەتدەکەنەوە. لە مانگەکانی رابردوودا بەردەوام بەرپرسانی ئەمەریکا داوایان لە بەغداد کردووە حکومەت هەموو چەکەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، بەڵام لە روانگەی ئەمەریکییەکانەوە تا ئێستا حکومەتی عێراق هەوڵی رژدی نەداوە بۆ کۆنترۆڵکردنی گرووپەکانی دەرەوەی دەوڵەت. هۆشیار زێبارى وەزیرى پێشووى دەرەوەى عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى "شەرقییە" رایگەیاند، هۆکارى دواکەوتنى سەردانى ساڤایا بۆ عێراق ئەوەیە لە ئێستادا رونکردنەوە و وردەکاریی لە ناوەندەکانى بڕیارى ئەمەریکا (دەرەوە، سی ئاى ئەى، پنتاگۆن) لەبارەى دۆخى عێراق وەردەگرێت و زۆربەى کاتەکانى بۆ ئەو پرسە تەرخانکردووە. وتیشى ساڤایا پەیوەندى لەگەڵ شیعە و کورد و سوننە هەیە و پەیوەندى زۆرى لەگەڵ هێزە سیاسییە شیعییەکان هەیە کە بەم نزیکانە ئاشکرادەبێت. بەوتەى زێبارى، هەڵوێستى ئەمجارەى ئەمەریکا لەجارەکانى پێشوو روونترە، مامەڵە لەگەڵ هەر حکومەتێکدا دەکات کە لەسەر بنەماى سندوقەکانى دەنگدان پێکبهێنرێت و دەستوەردان لە پێکهێنانیدا ناکات،بەڵام واشنتن دوو خاڵى سەرەکى بەلایەوە گرنگە، کە بریتین لەسەربەخۆیی حکومەت و نەبوونى گروپەکان تێیدا. جەختیشیکردووەتەوە، ئەگەر وەزیر لە کابینەى داهاتوودا لەگروپەچەکدارەکان دیارى بکرێت، واشنتن مامەڵەى لەگەڵدا ناکات و ساڤایاش سیاسەتەکانى واشنتن لەو بارەیەوە جێبەجێ دەکات. لەدواى دیاریکردنى لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاوە لە  (19ـی تشرینی یەكەمی 2025) وەک نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق، ساڤایا بازرگانی كلدانی بە ڕەچەڵەك عێراقی چەند پەیامێکى لەبارەى عێراق بڵاوکردووەتەوە. ساڤایا دواى کۆتایی هاتنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی کرد، بەڵام لەهەمانکاتیشدا جەختیکردەوە “وڵاتەکەی بە توندی پابەندە بەوەی دەبێت سنورێک بۆ گروپە چەکدارەکان دابنرێت.” ساڤایا هەروەها لەپەیامێکى دیکەیدا پێش بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن جارێکی دیکە جەختی کردبووەوە، هیچ شوێنێک بۆ گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە، پێویستە هێزە چەکدارەکانی لە چوارچێوەی سەرکردایەتی یەک حکومەت و یەک دەوڵەت و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبکرێنەوە. لەدواى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنیش، مارک ساڤایا، ئاماژەى بەوەکردبوو، ئەمەریکا دەستوەردانی دەرەکی لەپڕۆسەى پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق رەتدەکاتەوە، لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەوەی واشنتۆن لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دەکات، پەیامێک کە لەلایەن چاودێرانەوە وا لێکدەدرێتەوە کە ئاراستەی ئێران کراوە. ئەو پەیامانە بە ئاماژەیەکى روون لێکدەدرێنەوە بۆ لاپەڕەیەکی نوێى ململانێی هەژموون لە عێراق لە نێوان واشنتن و تاران، بۆ دووبارە داڕشتنەوەى هاوسەنگى و هەژموون لە گۆڕەپانی عێراقدا. لە کاتێکدا ئەمەریکا دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی بڕیاردانی عێراقى بە مەرجێکی پێشوەختە بۆ پاراستنی ئەو پێشکەوتنانەی لە ساڵانی رابردوودا بەدەست هاتووە دەزانێت، ئێران بە هەستیارییەکی بەرچاوەوە چاودێرى دۆخى عێراق دەکات،  لایەنە عێراقییەکانیش لەژێر فشارى تاران و واشنتندا جموجۆڵیان بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ دەستپێکردووە.  

سەرۆکایەتیی فەرەنسا، ڕایگەیاندووە، پێشوازیی لە ڕاگەیاندنی ئامادەیی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا دەکەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا. یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆشکی ئیلیزێ ڕایگەیاند "پێشوازی لە ڕێککەوتنی گشتی لەگەڵ کرێملن دەکەین، لە ڕۆژانی داهاتوودا باشترین ڕێگا بۆ هەنگاونان بۆ پێشەوە دیاری دەکەین." سەرۆکایەتیی فەرەنسا، جەختی لەوە کردووەتەوە، هەموو گفتوگۆیەک لەگەڵ مۆسکۆ "بە شەفافیەتێکی تەواو" ئەنجام دەدرێت، دڵنیای دەدات لەوەی کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و ئەوروپییەکان لە ناوەڕۆکەکەی ئاگادار دەکرێنەوە، بەو پێیەی ئامانجەکەی گەرەنتیکردنی "ئاشتییەکی تۆکمە و بەردەوام"ە کە بۆ گەلی ئۆکرانیا دەمێنێتەوە. دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا "کرێملین"، درەنگانی ئێوارەی شەممە بە ئاژانسی هەواڵی ( ڕیا نۆڤۆسیتی) ڕایگەیاندووە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا،  ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی دەربڕیوە. کۆشکی ئیلیزێ ڕایگەیاندووە "لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەردەوامیی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، کۆتایی بە هەر ئەگەرێکی گفتوگۆ هێناوە." ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ ڕوونبوونەوەی ئەگەری ئاگربەست و دانوستانەکان بۆ ئاشتی، قسەکردن لەگەڵ پوتن جارێکی دیکە سوودی دەبێت. ڕۆژی هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ڕایگەیاند، جارێکی دیکە گفتوگۆ کردن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، سوودێکی گەورەی بۆ ئۆکرانیا و ئەوروپییەکان دەبێت. لە هەفتەکانی داهاتوودا دەبێت ڕێگا و ئامرازێک بۆ ئەوروپییەکان بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی دووبارە بەشداری گفتوگۆیەکی تەواو شەفاف لەگەڵ ڕووسیادا بکەنەوە. ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دوای سێ ساڵ بۆ یەکەمجار لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا  بە تەلەفۆن لەگەڵ یەکتردا گفتوگۆیان کرد.  ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، داوای لە ئەمەریکا کرد فشاری زیاتر بخاتە سەر ڕووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوانیان لەگەڵ ڕووسیا، ئەمەش لە کاتێکدا بوو، دیپلۆماتکاران گەیشتبوونە میامی بۆ خولێکی نوێی گفتوگۆکان. لێدوانەکانی زێلێنسکی هاوکات بوو لەگەڵ گەیشتنی کیریل دیمیتریڤ، نوێنەری ئابووریی ڕووسیا بۆ میامی، کە لەو کاتەدا شاندەکانی ئۆکرانیا و ئەوروپا بەشدارییان لە دانوستانەکاندا دەکرد بە نێوەندگیری ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و جارێد کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.