سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل سوورە لەسەر بڕیاری داماڵینی چەک لە بزووتنەوەی حەماس و ساڵی 2026ـی بە "ساڵێکی چارەنووسساز" بۆ ئاسایشی دەوڵەتی جووەکان وەسف کرد ئایال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بەبۆنەی سەری ساڵ هێزەکانی وڵاتەکەی لە غەززە بەسەرکردەوە و بە سەربازەکانی ڕاگەیاند، ساڵی 2026 ساڵێکی یەکلاکەرەوە دەبێت لە ڕووی داڕشتنی واقیعی ئەمنی دەوڵەتی ئیسرائیل زامیر جەختی لە داماڵینی چەک لە بزووتنەوەی حەماس و تەواوی'' گرووپە تیرۆرستەکانی'' دیکە کردەوە و دووپاتی کردەوە، ڕێگە نادەن حەماس تواناکانی خۆی بوونیاد بنێتەوە و نابێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل. لەم هەفتەیەدا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبوویەوە و هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی دەستبەرداربوونی حەماس لە چەکەکانی کردەوە. هاوکات لە بارەی چەکدادانی حەماس ترەمپ وتی، ئەگەر دەستبەرداری چەکەکانیان نەبن، کە لەسەری ڕازی بوون، دەبێت باجێکی قورس بدەن، دەبێت لەماوەیەکی کورتدا دەستبەرداری بن.
بەبۆنەی ساڵی نوێ وە مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، پەیامێکی تووندی بڵاوکردەوە، تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی نوێدا کار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ناسەقامگیری، بەقاچاخبردن و تاڵانیی سامان، نایەکسانی، گەندەڵی، دڵەڕاوکێ ناوخۆیی و دەرەکییەکان و کۆتاییهێنان بە میلیشیا چەکدارەکان. لە پەیامەکەیدا، سەرەڕای پیرۆزبایی لە گەلی عێراق بەبۆنەی ساڵی نوێ وە، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، دەڵێت "ئەم گوتانەم ئاڕاستەی ئەو کەسانەیە کە لە خاکی عێراق گەندەڵی بڵاودەکەنەوە، پێیان دەڵێم: "سەردەمی ئێوە کۆتاییهات و ئێستا سەردەمی عێراق و عێراقییەکانە". مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە، عێراق و ئاڵاکەی بەرز دەبن و دەبنە سەرچاوەی شانازیی هەموو عێراقییەکان، دەشڵێت: "هێشتا لە سەرەتای رێگاکەداین". نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، لە پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێ دا چەند خاڵێک دەخاتەڕوو و دەڵێت، کار لەسەر کۆتاییهێنانیان دەکەین، ئەوانیش زوڵم، نایەکسانی، هەژاری، نەزانی، بێکاری، لاوازیی خزمەتگوزاری، فێڵی یاسایی، پارە سپیکردنەوە، گرێبەستی وەهمی، قاچاخچێتی، گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات و چەندین خاڵی دیکەن. ساڤایا بە گەلی عێراق دەڵێت، هێز و خۆڕاگریی ئێوە، سەرچاوەیەکی هیوابەخشن بە جیهان، دووپاتیدەکاتەوە کە ساڵی نوێ هەلی باشتر و سەقامگیری و داهاتوویەکی گەشاوەتریان بۆ سەرجەم عێراقییەکان پێدەبێت، ئاماژە بەوەشدەکات، لە ساڵی نوێدا لەگەڵ حکومەتی عێراق، بەگوێرەی دەستوور و یاساکانی عێراق، داهاتوویەکی گەشاوە بۆ عێراق و عێراقییەکان دابیندەکەن.
كەناڵی (12)ی ئیسرائیلی، لەزاری بەرپرسێکی باڵاو دوو سەرچاوەی ئەمریکی ئاگادار لە وردەکارییەکانی کۆبونەوەکەی نێوان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان، بڵاویكردووەتەوە: ناتانیاهۆ و ترەمپ باس لە ئەگەری دەستپێکردنی "گەڕی دووەم"ی هێرشە سەربازییەکانيان کردووە بۆ سەر ئێران لە ساڵی 2026 دا. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ناتانیاهۆ نیگەرانییەکانی ئیسرائیلی سەبارەت بە هەوڵەکانی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی رژێمی ئێران لە دوای شەڕی 12 ڕۆژەیی کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا سەریهەڵدا، خستووەتە بەردەم ترەمپ، ئەنجامدانی هێرشی زیاتری بە پێویست زانیوە بۆ رێگریکردن لە بونیادنانەوەی تواناکانی تاران، بەتایبەتی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی. لەگەڵ ئەوەی کۆشکی سپی رەتیکردەوە بە فەرمی هیچ لێدوانێک لەسەر ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە بدات، بەرپرسێکی ئەمریکی دووپاتی کردووەتەوە، ئەگەری کردەوەی سەربازی دژ بە ئێران لە بەرنامەی کاردایەو ترەمپ پێی وایە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ زیندووکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بەرەوڕووی دەبێتەوە، لە هەمان کاتیشدا پێی باشترە لەگەڵ تاران بگەنە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، نیگەرانی وڵاتەکەی لەبەرانبەر هەڕەشەکان و ئەگەری وەشاندنی گورزێکی نوێی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، دەربڕی و ڕایگەیاند، داوا لەو سەرگەرمانە دەکەین، خۆیان لە پەرەسەندنی گرژییەکانی دژ بە ئێران بە دوور بگرن. زاخارۆڤا لە بارەی نیگەرانییەکانی ڕووسیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ئەو لێدوانە شەڕانگێزەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا، سەبارەت بە ئەگەری هێرشی نوێی سەربازیی دژی ئێران و بە تایبەت بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئەتۆمی، جێگەی نیگەرانییە. دەشڵێت: ئەو جۆرە لێدوانانە و تۆمەتی ئایدیۆلۆژی دژە ئێرانی، بابەتێکی نوێ نییە، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندینجار و بێ دوو دڵی ئەو جۆرە خواستانەی ڕەتکردووەتەوە، کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، چونکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرە و کارەساتێکی گەورە دەبات و ئەگەری کاردانەوە و لێکەوتەی خراپی دەبێت. لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هەوڵدان بۆ ناچارکردنی وڵاتان بە قبووڵکردنی ئەگەری چارەسەرکردنی دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە، جێگەی ناڕەزاییە، بەتایبەت هەوڵی بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەکاتێکدا، کە لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدان. ماریا زاخارۆڤا دەڵێت: سەرکێشییەکی نابەرپرسانەی لەم جۆرە، کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ڕێککەوتنی جیهانی بۆ قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی دەبێت، کە بەردی بناغەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT)یە. چونکە ئەو هەڕەشانەی پێشتر ئاماژەیان بۆ کرا، لەلایەن وڵاتێکەوەیە کە هەرگیز پەیوەندی بەو پەیماننامەیە نەکردووە، لە دژی دەوڵەتێک کە لایەنێکە لەناو ڕێککەوتنەکە و بەردەوام پابەندبوونی خۆی بە مەرجەکانی دووپات دەکاتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، هۆشداری دەداتە نەیارانی ئێران، خۆیان لە دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی بەدوور بگرن و دەڵێت، " داوا لەم سەر گەرمانە دەکەین کە بە تەواوی قەبارەی زیان و وێرانکارییەکانیان بزانن و خۆیان لە پەرەسەندنی گرژییەکانی دەورووبەری ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەدوور بگرن، واز لە دووبارەبوونەوەی ئەو هەڵە کوشندانەی حوزەیرانی 2025 بێنن، کە بووە هۆی تێکدانی چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ئێراندا. هەروەها زاخارۆڤا دەڵێت، ئەزموون پێمان دەڵێت، ڕووبەڕووبوونەوە تەنیا کارەسات دەخولقێنێ و هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گەیشتن بە چارەسەرەکان دوور دەخاتەوە. لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەشدا ئەوەی خستووەتەروو، ڕووسیا بەردەوام لەو باوەڕەدایە کە تاکە بژاردەی دروست، ڕێگەی دیپلۆماسی و دانوستانە بە ئامانجی پەرەپێدانی ڕێگەچارەی درێژخایەنی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی ئێران، لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە ڕەچاوکردنی پێویستی و بەرژەوەندییە یاساییەکانی تاران. ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە کاتێکدایە، دوێنێ 30ی کانوونی دووەمی 2025، بەشی ڕاگەیاندنی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا" کرێمل" بڵاویکردەوە، هەریەک لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا و مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد، کە بەشێکی قسەکانیان بە بەرنامەی ئێران پەیوەست بوون.
لویس ساکۆ لەبارەی ئەو هەڵمەتەی ماوەی هەفەتەیەکە لە عێراق لەدژی دەستیپێکردووە لەسەر گوتنی وشی [ئاساییکردنەوە] کە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لێکدراوەتەوە، دەڵێت: دەستەواژەی ئاساییکردنەوەم بەكارنەهێنا لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ قەوارەی زایۆنیدا. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو قسەکانی منیان لە چوارچێوەی خۆیان دەرهێنا و بەشێوەیەکی جیاواز لێکدانەوەیان بۆ كرد، دەشڵێت: رووبەڕووی هەڕەشە بوومەتەوە و دووچاری سەرئێشەیان كردم بەهۆی شێواندنی لێدوانەكەم لەبارەی ئاساییکردنەوە. بەشێکى دیکە لە قسەکانى.. ـلە دوای قەیرانەکەوە دەسەڵاتدارانی حکومەت پەیوەندییان پێوە نەکردوم و مەرجەعیەتیش بێدەنگی هەڵبژارد، ئەمە ئازاربەخش بوو، سەرەڕای هەڵوێستەکانم، لەنێویاندا هێنانی پاپا بۆ عێراق. ـ ژمارەی ئەو مەسیحیانەی عێراقیان بەجێهێشتووە دەگاتە یەک ملیۆن مەسیحی، 1500 مەسیحیش كوژراون و هەزار و 200 موڵکیشیان لە بەغداد دەستی بەسەردا گیراوە. ـ تەنها لە بەغداد 750 هەزار مەسیحی کلدانیمان هەبوو، پێش ساڵی 2003 ملیۆنێک و 500 هەزار مەسیحی لە عێراق بوون، ئەمڕۆش کەمتر لە 500 هەزار مەسیحی هەیە. ـ ئاڵوگۆڕی پیرۆزبایی لە نێوان ئایینەکاندا بە مانای گۆڕینی ئایینی کەسێکی دیکە نییە و قەدەغەکردنی پیرۆزبایی لە مەسیحییەکان هەڵگری رق و کینەیە. 🔹دەیانەوێت کەنیسەکە بێدەنگ بکەن دوای ئەوەی دەنگی ئایەتوڵا سیستانیان بێدەنگ کرد. 🔹دەستەواژەی ئاساییکردنەوەم بەكارنەهێنا لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ قەوارەی زایۆنیدا. 🔹قسەکانی منیان لە چوارچێوەی سروشتی خۆیان دەرهێناو بە شێوەیەکی جیاواز لێکدانەوەیان بۆ كرد. 🔹تەنها بیرۆکەیەکم خستەڕوو، بەڵام لایەنێک بیرۆکەكەمى شێواند. 🔹یاوەری پاپا فرانسیس بووم بۆ ئوردن بەڵام ڕەتمکردەوە لەگەڵیدا بچم بۆ ئیسرائیل. 🔹 ئاساییکردنەوە بەرپرسیارێتی ئێمە نییە، حکومەت بڕیاردەدات چی لە بەرژەوەندیدایە. 🔹روبەڕوی هەڕەشە بوومەتەوەو دووچاری سەرئێشەیان كردم بەهۆی شێواندنی لێدوانەكەم لەبارەی ئاساییکردنەوە. 🔹من نوێنەرایەتی یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن کاسۆلیک دەکەم لە سەرانسەری جیهاندا و تەنیا نیم. 🔹عێراق مەسیحی بووە، باوباپیرانم لە کوفە بە خاک سپێردراون. 🔹نەجەف و کەربەلا گرنگترین شوێنە پیرۆزەکانی شیعەن، بەڵام هیچ گرنگییەکیان پێنادرێت، تەنها لە زیارەت كردندا كورتكراوەتەوە. 🔹موقتەدا سەدر، وەڵامی نامەكەی دامەوە، ئەو لە کۆی هەزار و 250 موڵکی مەسیحی كە دەستی بەسەردا گیراوە، 100 موڵکی گەڕاندووەتەوە. 🔹مەسیحییەکان بە هاوبەش نازانن بەڵکو بە تابوری پێنجەمی دەزانن، هەرچەندە ئێمە خەڵکی ئەم وڵاتەین. 🔹مەسیحییەکان وا هەست دەکەن عێراق وڵاتی دزراوی خۆیانە. 🔹پەرلەمانتارانی كۆتای مەسیحی بە رەوشت و رەفتاریان ئاینەكەیان شێواندووە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند سەرجەم ئەو 91 درۆنەی ئۆکرانیایان تێک شکاندوون کە بۆ هێرشکردنە سەر کۆشکی پووتین ڕەوانە کرابوون. لای خۆیەوە ئۆکرانیا تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ڕووسیا بە دوای پاساودا دەگەڕێت بۆ هێرشکردنە سەر کیێڤ. ئەم ڕووداوە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی گەیاندووەتە ئاستێکی نوێ. هەڕەشە ڕاستەوخۆکەی لاڤرۆڤ بۆ تۆڵەسەندنەوە، نیشانەی ئەوەیە ڕەنگە ڕووسیا هێرشێکی فراوانتر ئەنجام بدات. لە هەمان کاتدا ڕەتکردنەوەی ئۆکرانیا و تۆمەتبارکردنی ڕووسیا، ئەگەری گفتوگۆکانی ئاشتی لاوازتر دەکات. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەخت لەوە دەکاتەوە کردەوەی نابەرپرسانەی لەم جۆرە، بێوەڵام نامێنێتەوە و دەڵێت: ئەمە 'تیرۆری دەوڵەتی'یە و ئامانجەکانمان بۆ تۆڵەسەندنەوە دیاری کردووە. لاڤرۆڤ جەختی لەوەش کردەوە کە ڕووسیا لە گفتوگۆکان ناکشێتەوە، بەڵام دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستی مۆسکۆ دەکەنەوە. لای خۆیەوە ڤلۆدیمێر زێلێنسکی،سەرۆکی ئۆکرانیا تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: مۆسکۆ بەم قسانە پاساو دەهێنێتەوە بۆ هێرشکردنە سەر باڵەخانە حکومییەکان لە کیێڤ. ڕووداوەکە لە ڕۆژانی 28-29ی کانوونی یەکەمدا بووە و ئامانج لێی کۆشکی سەرۆکایەتی بووە لە ناوچەی نۆڤگۆرۆد. تا ئێستا ڕوون نییە کە لە کاتی هێرشەکەدا پووتین لە کۆشکەکەدا بووە یان نا.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ پێنجەمجار لەمساڵدا سەردانی ئەمریکا دەکات و لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆدەبێتەوە، تەوەری سەرەکیش جەنگی غەززە و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دەبێت. بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ناتانیاهۆ بە فڕۆکەی "باڵی سەهیۆن" و لەرێگەی ئاسمانێکی پارێزراوەوە بگاتە فلۆریدا، بۆ ئەوەی لە مەترسیی بڕیاری دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دوور بێت. بەپێی میدیاکان، ناتانیاهۆ دەیەوێت بزانێت پلانی ترەمپ بۆ چەککردنی غەززە چییە، چونکە ئیسرائیل ئەوەی کردووەتە مەرجی چوونە قۆناغی دووەمی ئاگربەست، هاوکات خێزانێکی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ خۆی دەبات تا فشار لە ترەمپ بکەن. سەبارەت بە ئێران، ناتانیاهۆ داوای رێککەوتنێک دەکات کە تێیدا پیتاندن سفر بێتەوە و فشارە ئابوورییەکان توندتر بکرێن، هەروەها دەیەوێت ئەمریکا پاڵپشتیی لێدانی بەرنامەی موشەکیی ئێران بکات، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ رایگەیاندووە پێشتر ئەو بەرنامەیەی "لەناوبردووە". چاودێران هۆشداری دەدەن کە ئەم داواکارییانەی ناتانیاهۆ لەگەڵ سیاسەتی "یەکەمجار ئەمریکا"ی ترەمپ یەکناگرێتەوە، چونکە بنکە جەماوەرییەکەی ترەمپ دژی جەنگی نوێن، بەڵام هاوکات بەخشەرە گەورەکانی کەمپەینەکەی لایەنگری ئیسرائیلن.
دوای هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ، زێلێنسکی ڕایگەیاند، "ڕووسیا نایەوێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت". شەممە 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، پێش رۆیشتنی بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی پلانی ئاشتی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، دوایین هێرشی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ دەریدەخات کە ڕووسیا نایەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت. زێلێنسکی دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستی ڕووسیا کە بە هۆیەوە لانیکەم کەسێک کوژرا، گوتی،"ئەوان هەوڵدەدەن هەموو دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ ئەوەی ئازاری زیاتر بە ئۆکرانیا بگەێنن و فشارەکانیان لەسەر وڵاتانی دیکە لە سەرانسەری جیهان زیاد بکەن". زێلێنسکی ئاماژەی بەوەکردووە، ڕووسیا لە شەوێکدا بە نزیکەی 500 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 40 مووشەک هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا و کەرتی وزە و ژێرخانی مەدەنی ئۆکرانیا کراوەتە ئامانج. سەرۆکی ئۆکرانیا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "ئەگەر ڕووسیا تەنانەت ماوەی کریسمس و سەری ساڵیشی کردبێتە سەردەمی وێرانبوونی خانوو و شوقە سووتاو و وێستگە داڕماوەکانی کارەبا، ئەوا پێویستە بە ڕێوشوێنی بەهێزی ڕاستەقینە ڕووبەڕووی ببینەوە، هاوکات داوای لە ئەمریکا و ئەوروپا کردووە فشارەکانیان بۆ سەر ڕووسیا لە بارەی ڕاگرتنی هێرشەکانەوە زیاتر بکەن. ئەم قسانەی زێلێنسکی لە کاتێکدایە کە وابڕیارە یەکشەممە 28ـی کانوونی یەکەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، کۆبوونەوەیەک لە بارەی پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا ئەنجام بدەن. لەمبارەیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی "پۆلەتیکۆ" سەبارەت بە لووتکەی ڕۆژی یەکشەممەی مار ئالاگۆ گوتی: " سەرۆکی ئۆکرانیا هیچی نییە بۆ ئەوەی من پەسەندی بکەم، بۆیە دەبینن چی دەبێت". ترەمپ جەختی کردەوە ئەو "بڕیاردەری کۆتاییە" لە هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتیی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، و ئاماژەی بەوەش کرد هەر دەستپێشخەرییەک بەبێ ڕەزامەندی ئەو "بێ بەهایە". بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی "ڕۆیتەرز" و "فرانس پرێس"، کۆبوونەوەکە تیشک دەخاتە سەر پرسە خاکییەکان کە گەورەترین بەربەستن لەبەردەم کۆتاییهێنان بە جەنگ. پلانە پێشنیازکراوەکەی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان ئەمانە لەخۆ دەگرێت: ڕاگرتنی جەنگ لەو شوێنەی ئێستا هێزەکانی تێدایە. هەروەها فشارخستنە سەر ئۆکرانیا بۆ کشانەوە لە بەشەکانی دیکەی ناوچەی دۆنێتسک کە نزیکەی %20ـی خاکەکەی پێکدەهێنێت، بەگوێرەی داواکارییەکانی ڕووسیا. لەگەڵ پێشنیازی بەڕێوەبردنی هاوبەش لەنێوان (ئەمەریکا، ڕووسیا و ئۆکرانیا) بۆ گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئەوروپا. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە زێلێنسکی پێشتر پلانە نوێکراوەکەی ئەمەریکای ڕەتکردووەتەوە. لە بەرامبەردا ڕووسیا ڕەخنەی لە هەڵوێستەکەی کیێڤ گرتووە و تۆمەتباری کردووە بەوەی هەوڵی پەکخستنی دانوستانەکان دەدات.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەوێت و رۆژێک دواتر لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە. ئەوە دەبێتە پێنجەمین سەردانی نەتەنیاهوو بۆ لای ترەمپ لە ئەمریکا لە ئەمساڵدا. سەردانەکە لە کاتێکدایە ئیدارەی ترەمپ و نێوەندگیرە هەرێمییەکان گوشار دەکەن بۆ ئەوەی قۆناخی دووەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە دەستپێبکات. نێوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەم، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندبوو رەنگە نەتەنیاهوو لە پشووی کریسمسدا لە فلۆریدا سەردانی بکات. پێش ئەوەی بەرەو هاوینەهەواری 'مارالاگۆ' بەڕێبکەوێت، ترەمپ گوتی: "ئەو دەیەوێت بمبینێت. بە فەرمی کاتەکەمان دیاری نەکردووە، بەڵام دەیەوێت بمبینێت." رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرەنوتی ئیسرائیلی رۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت کۆمەڵێک پرسی فراوانی هەرێمی گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت، لەوانەش دۆسیەی ئێران، گفتوگۆکان بۆ رێککەوتنی ئەمنی نێوان ئیسرائیل و سووریا، ئاگربەست لەگەڵ حیزبوڵڵا لە لوبنان و قۆناخەکانی داهاتووی رێککەوتنی غەززە. پێشڤەچوونەکان بۆ گواستنەوە بۆ قۆناخی دووەمی ئاگربەستی غەززە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو بە نێوەندگیریی واشنتن و هاوپەیمانە هەرێمییەکانی کرابوو، تاوەکو ئێستا بە خاوی بەڕێوەدەچن. ئاگربەستەکەش هێشتا ناسکە و هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی تۆمەتبار دەکەن. نێوەندگیرەکانیش ترسیان هەیە ئیسرائیل و حەماس کات بکوژن. بەگوێرەی قۆناخی دووەم، دەبێت ئیسرائیل لە پێگەکانی لە غەززە بکشێتەوە و دەسەڵاتێکی کاتی لە شوێنی حەماس کەرتەکە بەڕێوەببات، هەروەها هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرتەکە بڵاوبکرێتەوە. خاڵێکی دیکەی رێککەوتنەکە ئەوەیە بزووتنەوەی حەماس چەک دابنێت، کە ئەمەیان خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکییەکانە. رۆژی هەینی، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی نەتەنیاهوو و ترەمپ کلیلی بەرەوپێشبردنی هەنگاوەکانی داهاتووی رێککەوتنەکەیە. ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی کۆشکی سپییەوە رایگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بەزووترین کات حکومەتە تەکنۆکراتەکەی غەززە و هێزە نێودەوڵەتییەکە رابگەیێنێت. ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ "تا دێت زیاتر بێزار دەبن، چونکە نەتەنیاهوو هەنگاوی بۆ لاوازکردنی ئاگربەستە ناسکەکە و پەکخستنی پرۆسەی ئاشتی ناوە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند؛ ئێستا هیچ بەنیاز نییە دان بە سەربەخۆیی "سۆمالیلاند"دا بنێت. ئەم هەڵوێستەی ترەمپ دوای ئەوە دێت ئیسرائیل وەک یەکەم وڵات بە فەرمی دانی بەو دەوڵەتە تازە ڕاگەیەندراوەدا نا. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد؛ هەڵوێستەکەی لە هەڵوێستی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جیاوازە. کاتێک لەبارەی دانپێدانان بە سۆمالیلاند پرسیار لە ترەمپ کرا زۆر بە کورتی و بێ جۆش و خرۆش وەڵامی دایەوە و گوتی: "بە سادەیی: نەخێر، لەم کاتەدا نا". ترەمپ جەختی کردەوە ئەولەویەتی گفتوگۆکانی لەگەڵ ناتانیاهۆ لەسەر دۆخی غەززە و هەوڵەکانی ئاگربەست و ئاوەدانکردنەوە دەبێت. سەبارەت بەو پێشنیازەی سۆمالیلاند کە ئامادەیە میوانداری بنکەیەکی دەریایی ئەمەریکا بکات لە نزیک دەروازەی ستراتیژیی دەریای سوور، ترەمپ بایەخی پێشنیازەکەی کەمکردەوە و بە "هیچ شتێکی تایبەت" ناوی برد، هەرچەندە گوتیشی "هەموو شتێک لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە". ئەم ساردووسڕییەی ترەمپ لە کاتێکدایە لە ناوخۆی ئەمەریکا و لەناو کۆنگرێسدا، بەشێک لە هاوپەیمانە کۆمارییەکانی ترەمپ فشار دەکەن بۆ دانپێدانان بە سۆمالیلاند. چەند نوێنەرێکی کۆمارییەکان پڕۆژە یاسایەکیان ئامادە کردووە بە ناوی "یاسای سەربەخۆیی کۆماری سۆمالیلاند" بە مەبەستی ناچارکردنی واشنتن بۆ گۆڕینی هەڵوێستی بەرەو ئەو ناوچەیە. ناتانیاهۆ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی دان بە سۆمالیلاند دا دەنێت و بەڵێنیشی دابوو لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەیدا لەگەڵ ترەمپ، داوای لێبکات هاوشێوەی ئەو پشتیوانی لەو دەوڵەتە بکات. ناتانیاهۆ پێشتر لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا بە عەبدولرەحمان محەممەد عەبدوڵڵا، سەرۆکی سۆمالیلاندی ڕاگەیاندبوو؛ هەوڵ دەدات سۆمالیلاند بباتە ناو "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم" و ئەم بابەتە لەگەڵ ترەمپ تاوتوێ دەکات.
ململانێكانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل درێژبووەوە بۆ كیشوەری ئەفریقا، دوای ئەوەی ئیسرائیل بووە یەکەم وڵات کە دان بە كۆمارى سۆمالیلانددا بنێت، ئەوەش دوای چەند رۆژێك دێت لە لوتكەی سێ قۆڵی نێوان ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس، كە وەك هەڕەشەیەكی راستەوخۆ دەبینرێت بۆ سەر توركیا لە دەریای ناوەڕاست. شەوی رابردوو، نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، تیایدا ناتانیاهۆ قسەی لەگەڵ محەمەد عەبدوڵا، سەرۆک کۆماری سۆماڵیلەند كردو رێککەوتننامەی دانپێدانانی یەکتریان واژۆکرد. ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل بە تایبەتی بۆ ئەنكەرە گرنگە بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی نزیک و تایبەتی نێوان تورکیا و سۆماڵ، بوونی تورکیا لە سۆماڵ تەنیا دیپلۆماسی و ئابوری نییە، بەڵکو سەربازیشە. پەیوەندییەکانی تورکیا و سۆماڵ، هاوپەیمانییەکی سەربازییە کە لێكنزیكی دیپلۆماسی تێپەڕاندووەو پەیوەندییەكی بەهێزیان هەیە، توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا زۆرترین وەبەرهێنانی لە سۆماڵدا كردووەو خاوەنی گەورەترین بنكەی سەربازییە لەو وڵاتە، ئەوەش وایكردووە، ئەو جوڵە نوێیەی ئیسرائیل بەلای توركیاوە بایەخی تایبەتی هەبێت. • توركیا گەورەترین بنكەی مەشقی سەربازی لە دەرەوەی وڵات لە مەقادیشۆی پایەتەخی سۆماڵ دامەزراندووە. • رۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لە راهێنان و رێكسختنەوەی سوپای سۆماڵدا. • هاوکاری سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری لەگەڵ سۆماڵ بەهێزتر کردووە. بنکەی مەشقی سەربازی تورکسۆمى توركى لە ساڵی (2017) لەسەر داوای حکومەتی سۆماڵ کراتەوەو رۆڵێکی یەكلاكەرەوەی بینیوە لە پێکهێنانی بڕبڕەی پشتی هێزە چەکدارەکانی سۆماڵدا، سۆماڵ بە تاکە وڵاتی ئەفریقا دادەنرێت کە رێگەی بە بنکەیەکی سەربازیی بە تورکیا داوە، بۆیە ئەنكەرە داننان بە سۆمالیلاند تەنها وەک بابەتی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ نابینێت، بەڵکو وەک ئاڵنگارییەك بۆ سەروەری هاوپەیمانێکی راستەوخۆی تەماشای دەكات. حکومەتی مەقادیشۆ سۆمالیلاند بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، سەرەڕای هەبوونی حکومەتێک کە پایتەختەكەی "هیرجیسا"یە و خاوەنی پەرلەمان و هێزە ئەمنییە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن هیچ وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دان بە سۆماڵیلانددا نەنراوە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ. سۆمالیلاند زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسڵمانان، ئیسلام ئاینی فەرمییە لە دەستورەکەیدا، حکومەتی سۆماڵ جیابونەوەی بەتوندی رەتدەکاتەوە، ئەمەش هەڵوێستێکە کە زۆرێک لە وڵاتان هاوبەشن تیادا، بەتایبەت تورکیا. میدیاكانی توركیا دەڵێن: ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل قەیرانی نێوان ئەسیوپیاو سۆماڵيش دەهێنێتەوە پێشەوە، کە ساڵی رابردوو سەریهەڵدا، دوای ئەوەی ئەسیوپیا رێککەوتنێکی لەگەڵ سۆمالیلاند واژۆ کرد، کە دانپێدانانی خاکەکەی لەخۆگرتبوو، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە دەریا، کە کاردانەوەی توندی لە مەقادیشۆی لێکەوتەوەو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، توانی کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت، كە لە ئەنجامی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە ئەنكەرە، پلانی ئەسیوپیا بۆ دانپێدانانی سۆمالیلاند هەڵپەسێردرا. سۆمالیلاند لە ساڵی 1991دا جیابوونەوەی لە سۆمال راگەیاند، لەگەڵ داڕمانی دەوڵەت، دوای روخانی رژێمی سۆماڵ بە سەرۆكایەتی سیاد بەری. لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، بزووتنەوەی نیشتمانی سۆماڵ لە باکور سەربەخۆیی سۆمالیلاندی رایگەیاندو هەرجیسا وەك پایتەختی وڵاتەكە دەستنیشانكرا.
وەزارەتی جەنگی ئەمریكا، پەیامێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڵاوكردووەتەوەو تیایدا دەڵێت: ئەمشەو، بە فەرمانی من وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، ئەمریکا هێرشێکی بەهێز و کوشندەی لە دژی گەندەكانی داعشی تیرۆرست لە باکوری رۆژئاوای نەیجیریا ئەنجامدا، کە بە شێوەیەکی دڕندانە مەسیحییە بێتاوانەکان دەکەنە ئامانج و دەیانکوژن بەشێوەیەك کە ساڵانێکی زۆرە، بگرە چەندین سەدەیە نەبینراوە!. پێشتر هۆشداریم دا بەو تیرۆریستانە ئەگەر واز لە سەربڕینی مەسیحییەکان نەهێنن باجێکی قورس دەدەن و ئەمشەو بە كرداری ئەوە روویدا، وەزارەتی جەنگ گورزێكی وردی وەشاند، كە تەنها ئەمریکا دەتوانێت ئەنجامیبدات. ترەمپ ئاماژەی بەوەشكردووە: لەژێر سەرکردایەتی مندا وڵاتەکەمان رێگە نادات تیرۆری ئیسلامی توندڕەو گەشە بکات، خوای گەورە سوپاكەمان بپارێزێت و جەژنی کریسمس لە هەمووان پیرۆز بێت، بە تیرۆریستە مردووەکانیشەوە، ئەوانەشی كە ژمارەیان زیاد دەکات ئەگەر کۆمەڵکوژیەکانیان دژی مەسیحییەکان بەردەوام بێت.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێ، رۆژی پێنجشەممە گفتوگۆی "زۆر باشی" لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەبووە و وەک خۆی دەڵێ، سەرنجیان خستووەتە سەر کۆتاییهێنان بە "جەنگی دڕندانەی رووسیا". زیلینسکی لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێ: "گفتوگۆمان لەسەر وردەکاریی گرنگی کارە بەردەوامەکان کرد." هەروەها دەڵێت: "بیرۆکەی باش هەن کە دەتوانن خزمەت بە ئەنجامێکی هاوبەش و ئاشتییەکی بەردەوام بکەن." سەرۆکی ئۆکراینا سوپاسی دوو نێردراوەکەی کرد بۆ "کارە بونیادنەرەکەیان، کارە چڕوپڕەکان و وشە جوانەکانیان." زیلینسکی گوتی: "بەڕاستی شەو و رۆژ کار دەکەین بۆ نزیککردنەوەی کۆتایی ئەم جەنگە دڕندانەیەی رووسیا دژی ئۆکراینا و بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو بەڵگەنامە و هەنگاوەکان راستەقینە، کاریگەر و جێگەی متمانەن." هەروەها لە گفتوگۆکەدا رێککەوتن کە رۆستەم عومەرۆڤ، دانوستاندنکاری ئۆکراینا رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە لەگەڵ دوو نێردراوەکە قسە بکاتەوە. پۆستەکەی زیلینسکی رۆژێک دوای ئەوە دێت کە رایگەیاند، ئۆکراینا هەندێک "سازشی سنوورداری" لە نوێترین وەشانی رەشنووسی پلانی ئەمریکادا بەدەستهێناوە. پلانە 20 خاڵییەکە کە لەلایەن دانوستاندنکارانی ئەمەریکا و ئۆکرایناوە لەسەری رێککەوتوون، ئێستا لەلایەن مۆسکۆوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێ. بەڵام کرێملین پێشتر ئامادەیی نیشان نەداوە دەستبەرداری داواکارییەکانی بێت بۆ کشانەوەی تەواوەتی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. زیلینسکی رۆژی چوارشەممە دانی بەوەدا نا کە هەندێک خاڵ لە بەڵگەنامەکەدا هەن کە بەدڵی نین، بەڵام گوتی، کیێڤ سەرکەوتوو بووە لە لابردنی مەرجی کشانەوەی ئۆکراینا لە هەرێمی دۆنێتسک، یان داننان بەو خاکەی لەلایەن سوپای مۆسکۆوە دەستی بەسەردا گیراوە.
