هاوڵاتی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ هەرزەکاران پەسەندکرد و داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات بڕیارەکە جێبەجێبکرێت. پرۆژەیاساکە بەدەنگی ٤٨٣ دەنگی پەرلەمانتارن لەبەرامبەر ٩٢ دەنگی نەخێر تێپەڕی بۆ قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایتییەکان بۆ مێرمنداڵانی خوار تەمەن ١٦ ساڵ. بەپێی پڕۆژەیاساکە منداڵانی خوار تەمەن ١٦ ساڵ بەبێ رەزامەنی داییبابیان ناتوانن سەکۆکانی تۆڕەکۆمەڵایتییەکان و وێبسایتەکانی زیرەکی دەستکرد بەکاربهێنن، منداڵانی خوار تەمەن ١٣ ساڵیش بەهەموو شێوەیەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان لێ قەدەغە دەکرێت. ئەو هەنگاوەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا دوای ئەوە دێت کۆمپانیا گەورەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وەک سەکۆی ئێکس، تیکتۆک، سناپچات، سەکۆکاکنی مێتا کە بریتین لە فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسئەپ رووبەرووی چەندین داوای یاسایی بوونەتەوە لەبارەی تێکدانی تەندروستی دەروونی منداڵان و قۆستنەوەیان لەلایەن بەکارهێنەرانی دیکەوە بۆ کاری نەشیاو و مەترسیدار.

بەرپرسێکی ئەمەریکی ڕایگەیاند، سەرۆکی ئۆکرانیا بە پلانی ئاشتی و کۆتاییهاتنی جەنگ لە وڵاتەکەی ڕازی بووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی کیێڤ و واشنتن لە جنێڤ هەندێک لە بەرگەکانی هەموار کراونەتەوە. سێشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2025، بەرپرسێکی ئەمەریکی بە کەناڵی (فۆکس نیووز)ی ڕاگەیاندووە، ئۆکرانیا بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی ڕازی بووە، کە کۆتایی بە جەنگی ڕووسیا دەهێنێت. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا هەندێک وردەکاریی بچووکی ڕێککەوتنەکە ماون یەکلا بکرێنەوە. جێف تۆلبێرت، گوتەبێژی سکرتێری سوپای ئەمەریکا "دان دریسکۆڵ"، بە فۆکس نیووزی ڕاگەیاندووە، تیمەکەی ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە لە ئەبووزەبی لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا. تۆلبێرت گوتی: گفتوگۆکان بە باشی بەڕێوە دەچن و ئێمە گەشبینین. هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان، سکرتێر دریسکۆڵ لە نزیکەوە لەگەڵ کۆشکی سپی و ئاژانسە پەیوەندیدارەکانی ئەمەریکا هەماهەنگی دەکات. بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکی ئەوەشی بۆ فۆکس نیووز ئاشکرا کردووە، شاندی ئۆکرانیاش لە ئەبووزەبی بوون و لەگەڵ دریسکۆڵ و تیمەکەی پەیوەندیدا بوون. پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەیەوێت بەر پێنجشەممە بچێتە کۆشکی سپی و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنتی ئاشتی تەواو بکەن. باسی لەوەش کردووە، زۆربەی وردەکارییەکان و هەموارکراوەکان تەواو کراون، بەڵام هەندێک پرس هەیە زێلێنسکی دەیەوێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ترەمپ گفتوگۆ بکات. هەر ئەمڕۆ سێشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ ڕایگەیاند، هەر پلانێکی ئاشتیی هەموارکراو بۆ ئۆکرانیا، دەبێت ڕەنگدانەوەی ڕۆح و دەقی ئەو لێکتێگەیشتنانە بێت کە لە نێوان ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی وڵاتەکەی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە لووتکەی ئالاسکا کرا. هۆشداریشی دا، ئەگەر ڤێرژنی هەموارکراوەکە ڕەنگدانەوەی ئەو بابەتانە نەبێت ئەوا ڕووسیا، ئامادەکاری بۆ گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ ئەمەریکا لە ئەبووزەبی بکەن، هەڵوێستێکی زۆر جیاوازی بەرانبەر دەستپێشخەرییەکە دەبێت. ڕۆژی یەکشەممە شاندەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە جنێڤ لە بارەی پلانەکە کۆبوونەوە و هەر دوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار باس کرد ڕوبیۆ ڕایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکە بەرهەمدارترین و گرنگترین کۆبوونەوە بووە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەوە. ئاماژەی بەوە دابوو، خاڵ بە خاڵ بەسەر ڕەشنووسەکەدا ڕۆیشتوون و تیمەکانیان چەند گۆڕانکاری دەکەن بۆ ئەوەی بۆچوونەکان زیاتر لێک نزیک بکەنەوە. لەلای خۆیەوە، ئەندری یێرماک، سەرۆکی شاندی ئۆکرانیا دووپاتی کردبووە هەنگاوی باشیان بەرەو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام ناوە، کە گەلی ئۆکرانیا شایستەیەتی. هەروەها لە لایەکی دیکەوە، ڕۆستەرم عومەرۆڤ، وەزیری پێشووی بەرگریی ئۆکرانیا لەو بارەوە ڕایگەیاندبوو، کۆتا ڤێرژنی ڕەشنووسی پلانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ڕەنگدانەوە بەشێکی زۆری داواکاری و ئامانجەکانی ئێمە، کە هێشتا لە قۆناغی کۆتایی دایە. هەفتەی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی ڕەشنووسی پلانە 28 خاڵییەکەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا، نیگەرانیی قووڵی لای ئەو وڵاتە و هێزە ئەورووپییەکانی لێ کەوتەوە، بەو پێیەی وا دەردەکەوێت واشنتن زۆربەی داواکارییە سەرەکییەکانی ڕووسیای سەبارەت بە ناتۆ، خاک و کاتی ڕێککەوتنەکە پەسەند کردبێت. لە پلانە سەرەتاییەکەدا هاتووە، نابێت ئۆکرانیا بە شێوەیەکی هەمیشەیی ببێتە ئەندامی ناتۆ، هەروەها ژمارەی سوپاکەی بە 600 هەزار سەرباز سنووردار دەکرێت، هاوکات هەرێمی دۆنباس ڕادەستی ڕووسیا بکرێتەوە و دەبێت کیێڤی لە ماوەی 100 ڕۆژدا هەڵبژاردن بکات.

سەرۆکی ئەمەریکا، وردەکاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆکی چین ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، دوای گەیشتن بە "ڕێککەوتنێکی گرنگ" بۆ جووتیاران و تاوتوێکردنی دۆسیەی جەنگی ئۆکرانیا، بانگهێشتی یەکتریان کردووە بۆ ئەوەی لە پەکین و واشنتن دیداری لووتکە ئەنجام بدەن. دووشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی زۆر باشم لەگەڵ شیی جینپینگ، سەرۆکی چین کرد و گفتوگۆمان لەسەر زۆر بابەت کرد، لە وانە ئۆکرانیا و ڕووسیا، ماددەی هۆشبەری فێنتانیل، سۆیا و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە کرد. ڕاشیگەیاندووە، ڕێککەوتنێکی باش و زۆر گرنگمان بۆ جووتیارەکانمان کرد و دۆخەکە بەرەو باشتر دەچێت، جەختیشی دەکاتەوە پەیوەندیمان لەگەڵ چین یەکجار بەهێزە. ترەمپ ئاماژەشی داوە، ئەم پەیوەندییە تەواوکەری کۆبوونەوە سەرکەوتووەکەمان بوو لە کۆریای باشوور کە سێ هەفتە لەمەوبەر کرابوو. لەو کاتەوە، بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە هەر دوو لاوە هەبووە لە پاراستن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانمان بە شێوەیەکی ورد و ئێستاش سەرنجمان لەسەر ئامانجە گەورەکان. هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا نووسیویەتی: بۆ ئەو مەبەستە، سەرۆکی چین بۆ نیسانی 2026 بانگهێشتی پەکینی کردووم و منیش قبووڵم کرد، هاوکات لە بەرانبەردا شی جینپینگم بۆ کۆتایی ئەمساڵ بانگهێشتی کۆشکی سپی کرد. پێنجشەممە، 30 تشرینی یەکەمی 2025، کۆبوونەوەی دۆنالد ترەمپ لەگەڵ شی جینپینگ لە شاری بووسانی باشووری کۆریای باشوور بەڕێوەچوو؛ دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتووەتە سازان لەسەر بابەتە ئابووری و بازرگانییەکان. لەلایەکی دیکەوە، دۆنالد ترەمپ گوتبووی، دەستبەجێ چین بەرهەمی سۆیا و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی ئەمەریکا دەکڕێت. ڕاشیگەیاندبوو، ڕازی بووە لەسەر ئەوەی بە ڕێژەی 10% باجی گومرگی لەسەر چین کەم بکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، ئیدارەکەی خەریکی داڕشتنی کۆتا بەڵگەنامەکانە بۆ ئەوەی بە فەرمی "کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین" وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی بناسێنێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی مانگ، ترەمپ بە ماڵپەڕی "جەست زە نیوز"ی راگەیاند، پۆڵێنکردنی ئیخوان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی "بە بەهێزترین دەستەواژەکان ئەنجام دەدرێت و ئێستا خەریکی ئامادەکردنی بەڵگەنامەی کۆتایین". ئەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو، "گرێگ ئابۆت" پارێزگاری ویلایەتی تێکساس، هەریەکە لە ئیخوان موسلیمین و ئەنجومەنی پەیوەندییە ئەمەریکی-ئیسلامییەکان (CAIR)ی وەک رێکخراوی تیرۆریستی ناساند و بڕیاریدا رێگرییان لێ بکرێت لە کڕینی هەر جۆرە موڵکێک لەو ویلایەتەدا. مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە پرۆسەی خستنە لیستی تیرۆری ئیخوان "لەسەر مێزەکەیە"، بەڵام پرۆسەیەکی وردە و کاتی دەوێت، بەهۆی بوونی لق و پۆی زۆر لە جیهاندا. هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، ژمارەیەک لە سیناتۆر و ئەندامانی کۆنگرێس پرۆژەیاسای "ناساندنی ئیخوان وەک رێکخراوی تیرۆریستی" بۆ ساڵی 2025 پێشکەش کردووەتەوە و هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئەو رێکخراوە "مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا". لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی (CAIR) رەتیدەکاتەوە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەبێت و سکاڵای یاسایی دژی حکومەتی تێکساس تۆمار کردووە، بە پاساوی ئەوەی بڕیارەکە پێشێلکردنی مافی دەستوورییە.

ڕوانگەی سووری ڕایگەیاند، ئەمریکا چەندین جۆری چەکی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان گواستەوە. ڕوانگەکە کە بارەگاکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، تێبینیی جوڵەی نائاسایی فڕۆکەی بارهەڵگری ئەمریکایان لە فڕۆکەخانەی خرابجیر لە پارێزگای حەسەکە کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، نیوەڕۆی پێنجشەممە، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئەمریکا لە بنکەکە نیشتووەتەوە و پاشان ئێوارەی هەمان ڕۆژ فڕۆکەیەکی دیکەی بارهەڵگر لە فڕۆکەخانەکە نیشتووەتەوە کە ژمارەیەک تۆپهاوێز و سەکۆی هەڵدانی مووشەک و سیستمی ڕادار و بەرگریی ئاسمانی هەڵگرتووە، هەروەها ژمارەیەک سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشی تێدابووە. ڕوانگەی سووری ئەوەشی خستووەتەڕوو، هاوکات لەگەڵ نیشتنەوەی فڕۆکە بارهەڵگرەکان، جوڵەی چڕی هێلیکۆپتەرەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان هەبووە بۆ پاراستنی فڕۆکەکان. ڕوانگەکە دەشڵێت، گواستنەوەی ئەو چەک و کەلوپەلە سەربازییانە لە چوارچێوەی جوڵەی لۆجستی بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دێت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە، بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش و درووستبوونی توندوتیژی لە ناوچەکەدا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، پلانیان هەیە بۆ کشانەوەی 600 سەرباز لە سووریا، هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک باسی لە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا کردووە.

سەرۆکی ئەمریکا و شازادەی جێنشینی سعودیە لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و ترەمپ وتی، "کۆبوونەوەکەمان باشبوو و سعودیە وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەکات. ڕاشیگەیاند، پێم وایە ڕێککەوتنی وزەی ئەتۆم لەگەڵ سعوودیە دەکەین. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، "شازادەی جێنشینی سعودیە هاوڕێیەکی نزیکی منە و لە کۆشکی سپیدا ڕێزی زۆری لێدەگیرێت. کارکردن لەگەڵ سعودیە دەرفەتی نوێ بەڕووی ئەمریکا دەکاتەوە و ئێستا پەیوەندییەکانمان لە باشترین کاتیدایە". لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ وتی، "سوپاسی سعودیە دەکەم کە بە بەهای 600 ملیار دۆلار دەستیان بە وەبەرهێنان لە ئەمریکا کردووە و هیوادارم بەهای وەبەرهێنانیان لە وڵاتەکەماندا بگاتە یەک تریلیۆن دۆلار".   ئاماژەی بەوەشکرد، شازادەی جێنشینی سعودیە داوای لێکردووە سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت، هاوکات وتیشی، سعوودیە فڕۆکەی ئێف 35 لە ئەمریکا دەکڕێت و پێم وایە ڕێککەوتنی وزەی ئەتۆم لەگەڵ سعوودیە دەکەین.  محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە ڕایگەیاند، باوەڕمان بە داهاتوویەکی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا هەیە و دەتوانین بەهای وەبەرهێنانمان لەو وڵاتە بگەیەنینە یەک تریلیۆن دۆلار. لەلایەکی دیکە؛ وتیشی، بەرامبەر دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کاردەکەن "بۆئەوەی بەمزوانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەینەوە و ببنە بەشێک لە ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، هەر وڵاتێک مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ڕووسیادا بکات، بە توندی سزای دەدەین.  ترەمپ، دوێنێ یەکشەممە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کۆمارییەکان ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژە یاسایەکن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر هەر وڵاتێکدا کە مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ڕووسیادا بکات. ئاماژەی بەوەش دا، لەوانەیە ئەو یاسایە ئێرانیش بگرێتەوە. سەرۆکی ئەمەریکا، گوتیشی: وەک دەزانن، ئەوە پێشنیازی منە؛ بۆیە هەر وڵاتێک مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ڕووسیادا بکات، سزای زۆر سەختی بەسەردا دەسەپێنرێت. لەوانەیە وەک من پێشنیازم کردووە، ئێرانیش یەکێک بێت لەو وڵاتانە. هەفتەی پێشوو، ئیدارەی ترەمپ، نوێترین گوژمەی سزای بەسەر چەند کەسایەتی و کۆمپانیادا سەپاند کە پشتیوانیی تاران دەکەن. بەرپرسانی ئێرانیش ئەو سزایانەیان بە نایاسایی لە قەڵەم دا. لەگەڵ ئەوەشدا ڕایانگەیاند لە هەوڵەکانیان بۆ لابردنی سزاکان کە باری ئابووری وڵاتەکەی سەخت کردووە، بەردەوام دەبن.  واشنتن، سزای بەسەر دوو لە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ڕووسیا 'ڕۆزنەفت' 'لۆک ئویل' و کۆمپانیا هاوکارەکانیان، کە زیاتر لە %50 بەشیان هەیە، سەپاند. سزاکە پیشەسازییە بەرگرییەکان، بانک و کۆمپانیاکانی وزە و تەکنۆلۆجیا دەگرێتەوە. مەبەستی سەرەکی ئەمەریکا لە سەپاندنی ئەو سزایانە، کەمکردنەوەی داهاتی ڕووسیایە لە فرۆشتنی نەوت و گاز کە سەرچاوەی سەرەکی پشتیوانیی دارایی جەنگی ئۆکرانیان، بۆ ئەوەی ڕووسیا ناچاری ئاگربەست و بەشداریی دانوستانی ئاشتیی لەگەڵ کیێڤ بکات.

ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئێران لە گەروی هورمزدا دەستی بەسەر کەشتییەکی بازرگانیدا گرتووە. فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، سوپای پاسدارانی ئێران لە ئاوی نێودەوڵەتی گەرووی هورمزدا دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە ناوی بازرگانی "تەلارا" گرتووە و دواتر بردویانەتە سنوری ئاوییەکانی ئێرانەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەدواداچونیان بۆ ئەو روداوە کردووە و دەرکەوتووە، لە 14ـی ئەم مانگە، سوپای پاسداران لەرێگەی هێلیکۆپتەرەوە گەیشتونەتە سەر کەشتیەکە و پاشان بە زۆرە ملێ دەستیان بەسەر کەشتیەکەدا گرتووە، کە کەشتییەکی بازرگانییە و هەڵگری ئاڵای دورگەکانی مارشاڵ بووە. سێنتکۆم ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا ئەو کەشتییە لە ئێران دەستی بەسەردا گیراوە، ئەمەش مەترسی بۆسەر ئاسایشی گەشتیاری و بازرگانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات، هاوکات بە پێشێلکاریی نێودەوڵەتی وەسفی دەکات. جێگەی ئاماژەیە، میدیاکانی ئێران رۆژی شەممەی رابردوو بڵاویانکردەوە، تاران دووپاتی کردووەتەوە سوپای پاسداران دەستی بەسەر کەشتییەکی گواستنەوەی کەرەستەی پترۆکیمیاییدا گرتووە کە بەرەو سەنگافوورە دەڕۆیشت لە کەنداودا. دوای پشکنین، دەسەڵاتداران رایانگەیاند، کەشتییەکە بەهۆی گواستنەوەی باری نایاساییەوە پێشێلکاری ئەنجامداوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: حەماس دەبێت چەک بکرێت جەختیشدەکاتەوە ئەوە قسەی کۆتایی ئەو و دۆناڵد ترەمپە. بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی حکومەتەکەیدا رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک دژی دامەزراندنی دەوڵەتن بۆ فەلەستین لە هەر ناوچەیەکی رۆژئاوای ئوردن بێت، هەروەها بۆچونی ئەوان سەبارەت بەو پرسە نەگۆڕە. وتیشی، ئەو و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا قسەی کۆتاییان ئەوەیە کە حەماس چەک بکرێت بەهەر رێگەیەک بێت،  تەنانەت ئەگەر بەرێگەیەکی ئاسان بێت یاخود سەخت. ناتانیاهۆ راشیگەیاند، پێویستی بە ئامۆژگاری و رێپشاندەری هیچ کەس نییە، ئەوەی بیەوێت جێبەجێ دەکات لە پێناو ئاسایشی وڵاتەکەی. ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بۆ یەکەمجار لە رەشنوسێکدا ئاماژە بە دەوڵەتێکی فەلەستینی دراوە، کە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە، سەبارەت بە هێزێکی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بڕیارە لە کەرتی غەززە جێگیر بکرێت. لە رەشنووسەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دوای جێبەجێکردنی پڕۆگرامی چاکسازیی دەسەڵاتی فەلەستینی، هەروەها پێشکەوتنی دووبارە پەرەپێدانی غەززە، رەنگە بارودۆخەکان لە کۆتاییدا ئامادە ببن بۆ رێڕەوێکی متمانەپێکراو بەرەو دیاریکردنی چارەنووسی فەلەستینی و دامەزراندنی دەوڵەت. جێگەی ئاماژەیە، ئەمە هەمان دەستەواژەی بەکارهاتوو لە پلانی غەززەدا کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام ئەمە یەکەمجارە کە ناوی دەوڵەتی فەلەستینی لە دەقی بڕیارە سەرەکییەکەدا باس دەکرێت نەک لە پاشکۆکەیدا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکاش وەک وڵاتانی دیکە تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجام دەدات، بەڵام نەیگوت ئایا تاقیکردنەوەکە سەری ئەتۆمی لەخۆدەگرێت یاخود نا.  ئەمڕۆ شەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2025،  دۆناڵد ترەمپ لەناو فڕۆکەکەیدا کە بەرەو فلۆریدا دەچوو بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: نامەوێت ئەوەتان پێ بڵێم، بەڵام ئێمەش وەک وڵاتانی دیکە تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجام دەدەین.  مانگی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد، دەست بە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی بکەنەوە، کە ماوەی 33 ساڵە ئەو یاقیکردنەوەیە وەستاوە. ئەمەشی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Social truth) بڵاوکردەوە، لەوکاتەی بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆکی چین شی جینپینگ بۆ دانوستانەکانی بازرگانی دەچوو. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە هۆشداریدا لەوەی ئەگەر هەر هێزێکی دیکەی ئەتۆمی هەنگاوی هاوشێوە بنێت، مۆسکۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجام دەدات. ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوودا، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، ڕووسیا ئامادەیە گفتوگۆ لەبارەی  نیگەرانییەکان لەگەڵ ئەمەریکا بکات، دەربارەی ئەو شتانەی کە واشنتن بە "چالاکی ژێرزەمینیی گوماناوی" ناوی دەبات. ئاماژەی بەوەشکرد، مۆسکۆ نیگەرانە لە لێدوانەکانی ئەمەریکا کە دەڵێن، تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان بۆ مەبەستی جیۆپۆلەتیکی بەکاربهێنرێن.

نێردەی ترەمپ لە عێراق پاش هەڵبژاردنەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوەکردەوە کە ئەمەریکا سورە لەسەر سنوردانان بۆ هێزەچەکدارەکان لە عێراق. مارک ساڤایا نێردەی دۆناڵد ترمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە عێراق، پاش کۆتاییهاتینی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجمونی نوێنەرانی عێراق، پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە عێراقییەکان کرد و خواستی گەلی وڵاتەکەی بەرزنرخاند. مارک ساڤایا لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئەمەریکا لەگەڵ عێراقە و سورن لەسەر کۆتاییهێنان بە هەژمونی دەرەکیی و دەستوەردانەکان لە وڵاتەکەدا. نێردەکەی ترەمپ لە پەیامەکەیدا دووبارە باسی لە گروپەچەکدارە میلیشیاکان کردوە و ئاماژەی بەوەداوە، ئەمەریکا پابەندە بە سنوردارکردنی کار و چالاکی ئەو گروپانە لە عێراق و هەماهانگی تەواوی عێراق دەکات لەو پرسەدا.

تۆم باراك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا، لە پەیامێكدا درێژدا كە  كەمێك لەمەوبەر لەسەكۆی " ئێكس" بڵاویكردووەتەوە، باسی لە وردەكاری كۆبونەوەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع كردووە، كە لەچەند رۆژی رابردوودا لە كۆشكی سپی ئەنجامدراو تیایدا دەڵێت: سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ و سەرۆک شەرع قەناعەتی هاوبەشیان دووپاتکردووەتەوە کە کاتی ئەوە هاتووە دابڕان بە بەشداریکردن بگۆڕن و دەرفەتێکی راستەقینە بدرێت بە سوریاو گەلەکەی بۆ نوێبوونەوە. باراك ئاماژە بەوەدەكات، پابەندبونی سەرۆک شەرع بەرامبەر بە سەرۆک ترەمپ بۆ بەشداریکردن لە هاوپەیمانی دژی داعش، نمایندەی چوارچێوەیەکی مێژوویی دەکات کە گواستنەوەی سوریا لە سەرچاوەی تیرۆرەوە بۆ هاوبەشێک لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دیاری دەکات و پابەندبونە بە ئاوەدانکردنەوە و هاوکاری و بەشداریکردن لە سەقامگیری تەواوی ناوچەکە. راشگەیاندووە: ئێستا دیمەشق بە شێوەیەکی چالاکانە هاوکاریمان دەکات لە روبەڕوبونەوەو هەڵوەشاندنەوەی پاشماوەکانی داعش و سوپای پاسدارانی ئێران، حەماس و حزبوڵاو تۆڕە تیرۆریستییەکانی دیکە، وەک هاوبەشێکی پابەند لەگەڵ هەوڵە جیهانیەكان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی دەوەستێت. تۆم باراك لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا باسی لەوەكردووە: لە کۆبونەوەیەکی گرنگ و سێ قۆڵی لەگەڵ وەزیر روبیۆ، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، وێنای قۆناغی داهاتوومان كێشا لە چوارچێوەی ئەمریکا،تورکیا، سوریا: یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە پێکهاتەی نوێی ئابوری، بەرگری و مەدەنی سوریای نوێ؛ دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا،سوریا،ئیسرائیل و بەهێزکردنی ئەو کۆدەنگییەی کە پشتیوانی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات، هەروەها چارەسەرکردنی کێشە جیاوازەکانی سنوری لوبنان. وەك باراك وتویەتی، رۆڵی ماندوو نەناسانەی تورکیا شایەنی ستایشی تایبەتە، ئەوە بەڵگەیە لەسەر دیپلۆماسییەکی هێمن و چەسپاو کە پردەكان دروست دەکات لەو شوێنانەی کە دیوارەکان وەستابوون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتاییهاتنی داخستنی حکومەتەکەی راگەیاند، ماوەی 43 رۆژە کەرتە گرنگەکانی ئابووری وڵاتەکەی پەکخستبوو. دۆناڵد ترەمپ لە گوتارێکیدا دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران پڕۆژەیاسای کۆتایی بە درێژترین داخستنی حکومەت لە مێژووی ئەمریکا و گەڕاندنەوەی بودجە بۆ حکومەت پەسەندکرد، گوتی: "کۆتایی ئەم داخستنە رادەگەیەنم، بینیمان بازاڕی بۆرسە گەیشتە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا. ترەمپ دووپاتیکردەوە، "بە واژۆکردنی ئەم یاسایە، ئێستا حکومەتی فیدراڵی دەست بە کارەکانی ئاسایی دەکاتەوە". ترەمپ گوتیشى، هەوڵماندا کۆتایی بە داخستنی کارەکان بهێنین و حکومەتی ئەمریکا بکرێتەوە و بەم شێوەیەش، فەرمانبەرانی کارگێڕی مووچەکانیان لە وەزارەت و دەزگاکانیان وەردەگرن. ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، کە "دیموکراتەکان زیانێکی بەرچاویان بە ئابووری ئەمریکا گەیاند، گەلی ئەمریکاش لەبیری ناچێت، کە دیموکراتەکان چییان بە ئابووری وڵاتەکە کرد".

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سزاکانی یاسای سیزەری بۆ سەر سووریا راگرت، تەنیا هەندێک خاڵی دیاریکراو نەبێت، لەوانەش مامەڵەکردن لەگەڵ رووسیا و ئێران. یاسای پاراستنی هاوڵاتیانی سووریای سیزەر، یاسایەکی ئەمریکییە کە لە ساڵی 2019 دەرچووە و سزای سەپاندووە بەسەر تاکەکان، قەوارەکان، و دامەزراوە حکومییەکان کە پشتیوانی لە رژێمی سووریا دەکەن، لەوانەش ئەوانەی کە پشتیوانی دارایی لە ئامێری جەنگیی رژێمەکە دەکەن. یاساکە بە ناوی فۆتۆگرافەرێکی سوورییەوە ناونراوە کە بەڵگەنامەی ئەشکەنجەدانی لە زیندانەکانی ئەسەددا تۆمار کرد و بڵاویکردنەوە. ـ سزا سەپێنراوەكانی یاسای قەیسەر بە سەر سوریا هەڵپەسێردرا. ـ ئەم هەڵپەساردنە هەندێک مامەڵە لەگەڵ روسیا و ئێران ناگرێتەوە. ـ ئەمریکا پابەندە بە سوریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو و ئارام