تۆم باراک، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تورکیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرنگ و بەرهەمداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەنجام دا.  لەم پەیوەندییەدا، هەردوولا بە وردی دۆخی سووریا و پەرەسەندنە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاگربەست و بەردەوامبوونی پڕۆسەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ لێقەوماوان کردەوە، بەتایبەتی بۆ شاری کۆبانێ کە لە ئێستادا پێویستییەکی زۆری بە کۆمەکە نێودەوڵەتییەکان هەیە. باڵیۆزی ئەمریکا لە پەیامێکدا کە لە ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە پاراستنی سەقامگیری لە سووریا و ڕێگریکردن لە تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە ئەولەویەتەکانە، هەروەها لە تەوەری دووەمی پەیوەندییەکەدا، باسیان لە دۆخی سیاسیی عێراق کرد و تۆم بەڕاک هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی بۆ سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە.  ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی باڵیۆزی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا لە کاتێکدایە کە عێراق و سووریا لەبەردەم گۆڕانکاریی سیاسیی گەورەدان و ململانێی نێوان جەمسەرە هەرێمییەکان بۆ فەرزکردنی هەژموونی خۆیان گەیشتووەتە لوتکە، واشنتن لە ڕێگەی ئەم جۆرە پەیوەندییانەوە دەیەوێت پەیامی ڕوونی خۆی بگەیەنێت کە تەنها پشتگیری لەو حکومەت و لایەنانە دەکات کە سەربەخۆیی بڕیار و بەرژەوەندیی گەلەکانیان دەپارێزن و نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەجێندای وڵاتانی دراوسێ.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق "رەتکردنەوەی تووندی" خۆی بە رووسیا راگەیاند بۆ پەلکێشکردنی گەنجانی عێراقی بۆ نێو سوپای ئەو وڵاتە و دەڵێت، یاسای عێراقی سزای بۆ ئەو کارە داناوە. بریکاری وەزارەتی دەرەوەش دەڵێت: "رێگە نادەین عێراقییەکان ببنە سووتەمەنیی شەڕێک کە پەیوەندی بەوانەوە نییە". بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، محەممەد حوسێن بەحرولعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ ئیلبڕوس کوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق کۆبووەتەوە. هەرچەندە باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کراوە، بەڵام تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پرسی "پەلکێشکردنی گەنجانی عێراقی بۆ ناو سوپای رووسیا" بووە. لە کۆبوونەوەکەدا، بەحرولعلووم پەیامی بەغدای گەیاندووەتە مۆسکۆ و "رەتکردنەوەی تووندی عێراق"ی بۆ هەر هەوڵێکی ناونووسکردنی گەنجانی عێراقی لە ریزی سوپای رووسیا یان هەر سوپایەکی دیکەی بیانی دەربڕیوە. بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە باڵیۆزی رووسیای راگەیاندووە: "یاسای عێراقی ئەم کارە وەک تاوان دەناسێنێت و سزای بۆ داناوە". جەختیشی کردووەتەوە، پاراستنی هاووڵاتییان لەوەی "بخرێنە ناو ململانێ و شەڕی وڵاتانی دیکە" لە کارە لەپێشینەکان و بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی حکومەتی عێراقە. لای خۆیەوە، ئیلبڕوس کوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، بەبێ ئەوەی وردەکاریی وەڵامی مۆسکۆ بۆ داواکارییەکەی عێراق بخاتەڕوو، تەنیا ستایشی گۆڕانکارییە ئەرێنییەکانی عێراقی کردووە و ئارەزووی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی نیشانداوە. ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی 14-01-2026، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، بە فەرمی داوایان لە ئۆکراینا و رووسیا کردووە ئەو عێراقییانەیان رادەست بکەنەوە کە لە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەشدارن. پێشتریش لە 24-12-2025، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، "سەدان عێراقی لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا بەشدارن و لیژنەیەکمان بۆ گەڕاندنەوەیان پێکهێناوە". بەگوێرەی یاساکانی عێراق، بەشداریکردن لە شەڕی وڵاتانی دیکە سزای هەیە. فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو: "یاسای سزادانی عێراق سزای بەندکردنی بۆ ئەو کەسانە داناوە کە پەیوەندی بە هێزی چەکداری دەوڵەتێکی دیکەوە دەکەن بەبێ رەزامەندیی حکومەتی عێراق".  

سوپای ئیسرائیل ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند، روفاتی كۆتا بارمته‌ی به‌ كوژراو له‌ غه‌ززه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره‌ له‌ دوای ساڵی 2014ه‌وه‌ هیچ بارمته‌یه‌كی ئیسرائیلی له‌و ناوچه‌یه‌دا نه‌بێت. ڕان گڤیلی ئه‌فسه‌رێكی پۆلیسی ئیسرائیلی كه‌ له‌ 7ی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 2023 ڕفێندرا بۆ غه‌ززه‌ و دواتر كوژرا، ئه‌مه‌ش دواهه‌مین بارمته‌ بو كه‌ له‌و كاته‌دا ڕفێندرابو و روفاته‌كه‌ی نه‌دۆزرابۆوه‌. دوای پرۆسه‌یه‌كی ناسینه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری نیشتمانی پزیشكی دادوه‌ری به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ پۆلیسی ئیسرائیل و شاباك ئه‌نجامدرا، به‌رپرسان خێزانه‌كه‌یان ئاگاداركرده‌وه‌ كه‌ پاشماوه‌كانی ناسێنراون و ده‌هێنرێته‌وه‌ بۆ ته‌لئه‌بیب. ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ئیسرائیل مه‌رجی كردنه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌روازه‌ی ره‌فح و پێشكه‌وتنی بۆ قۆناغی دوه‌می پلانی ئاشتی غه‌ززه‌ به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌مو بارمته‌ زیندو و مردوه‌كان دانابو.

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی دەستبەردان لە کورد لە رۆژئاوای کوردستان "کارەساتێکی گەورە" دەبێت و پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئەنجوومەنی پیران بۆ پاراستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رادەگەیێنێت.   پۆمپەیۆ کە لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی ترەمپدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو، رایگەیاند، دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە هاوپەیمانە دێرینەکانی لە شەڕی دژی داعش، دەبێتە "کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتیجی".   پۆمپەیۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پۆستێکی لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی بڵاوکردەوە، کە ئاماژەی بە "خواستی بەهێز و گەشەسەندووی هەردوو پارت"ی کۆماری و دیموکرات لە ئەنجوومەنی پیران کردبوو بۆ پاراستنی کورد و ئەو گرووپانەی یارمەتی ئەمریکایان دا لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش.   پۆمپەیۆ لەسەر پۆستەکەی نووسیوە: "پشتکردنە هاوپەیمانە کوردەکانمان کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتیجی دەبێت".   مەترسیی لەسەر کۆبانێ و کۆتاییهاتنی ئاگربەست   ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە ئاگربەستی نێوان حکومەتی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) درەنگی شەوی شەممە کۆتایی دێت و مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ناوچەکە هەیە.   گرژییەکان دوای ئەوە پەرەیان سەند کە حکومەتی راگوزەری سووریا لە 13ـی کانوونی دووەمەوە هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستپێکرد. هێزەکانی حکومەت لە حەلەب، دێرەزوور و رەققە پێشڕەوییان کرد و شاری کۆبانێیان گەمارۆ داوە.   رێکخراوە مرۆییەکان هۆشداری دەدەن کە دۆخێکی سەخت لە کۆبانێ دروستبووە. بەپێی ئامارەکان 150 بۆ 500 هەزار کەس لە شارەکەدا گەمارۆدراون و رووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاو، کارەبا، خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی بوونەتەوە. مانگی سووری کورد گیانلەدەستدانی منداڵانی بەهۆی سەرما و نەبوونی چاودێری پزیشکییەوە تۆمارکردووە.   سەرچاوەکانی حکومەتی سووریا رایانگەیاندووە کە "ئاگربەستەکە تەواو بووە" و دیمەشق خەریکی تاوتوێکردنی بژاردەکانە.   لیندزی گراهام هۆشداریداوە کە ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد بەردەوام بن، سزاکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی تووندتر، لەوانەش یاسای قەیسەر، دەگەڕێننەوە.   مێژوویەکی ئاڵۆز   لە سەردەمی پۆمپەیۆ وەک وەزیری دەرەوە (2018-2021)، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کوردانی سووریا جێگیر نەبوو. لە ئۆکتۆبەری 2019، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچە سنوورییەکان دەرکرد، ئەوەش رێگەی بۆ لەشکرکێشیی تورکیا خۆشکرد.   لەو کاتەدا، پۆمپەیۆ نیگەرانییەکانی ئەنقەرەی بە "رەوا" ناو برد و ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن بەشێوەی سەربازی بەرگری لە کورد ناکات؛ بڕیارێک کە لەلایەن سەرکردەکانی کوردەوە بە "ناپاکی" وەسفکرا و لە کۆنگرێسیش رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە.   تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و دەستەڕاستی ترەمپ بۆ زۆر لە پرسەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رایگەیاندووە کە چیدیکە ئەمریکا وەک هاوبەشی ژمارە یەک، پشتیوانی بە هەسەدە نابەستێت، لەبەر ئەوەی ئێستا حکومەتی راگوزەری سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع، بووەتە ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش.    لە سەرەتای ئەم مانگەوە، هەسەدە لە دوو گەڕەک و گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب، پارێزگەی دێرەزوور، پارێزگەی رەققە و چەند ناوچەیەکی پارێزگەی حەسەکە کشاوەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هۆشداری دەداتە کەنەدا لە ئەنجامدانی رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ چین، ئاماژەی بەوەکردووە، لەوانەیە ئەمە ببێتە دەرچەیەک بۆ ئەوەی ئەمریکا بکەوێتە بەر شاڵاوی کاڵا و کەلوپەلی چینی.  شەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، ماەک کارنی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، لەوانەیە هەڵەیەکی مێژوویی ئەنجام بدات، بەو هەڵەیە چین دەتوانێت کەنەدا بە تەواوی بخوات، لەمبارەیەوە ترەمپ هۆشداری دەداتە کارنی کە هەڵەی لەو شێوەیە ئەنجام نەدات چونکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی کەنەدا.  سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئۆتاوا ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ پەکین بکات، دەستبەجێ ئەمریکا باجی 100% بەسەر هەموو ئەو کاڵا و بەرهەمە کەنەدییانەدا دەسەپێنێت کە دەچنە ناو بازاڕەکانی ئەمریکاوە. ئەم لێدوانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، شەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2025، مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری گیۆنگجوی کۆریای باشوور گوتی: لەگەڵ چین ڕێگایەکمان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان کردووەتەوە، ڕاشیگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە زۆر بنیاتنەر بووە. سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ئاشکراشی کرد لە لایەن شی جیپینگ، سەرۆکی چین بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ سەردانیکردنی وڵاتەکەی پێگەیشتووە و دەشڵێت: وەزیران و بەرپرسەکانی وڵاتەکەی بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەر بۆ ئاڵنگارییەکان دەستنیشانکردنی هاوکاری و گەشەسەندنەکانی وڵات ڕاسپاردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرۆکی چین و سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە کۆریای باشوور لە میانی لووتکەیەکی ئاسیا-پاسفیکدا کۆبوونەوە، بەمەش ئەو دوو وڵاتە بۆ یەکەم جار دوای ساڵی 2017 یەکەمین گفتوگۆی فەرمی خۆیان لەسەر پرسی بازرگانی کرد. لە ڕاگەیەندراوێکدا کەنەدا لە بارەی کۆبوونەوکەدا  ڕایگەیاندبوو، سەرکردەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە کۆبوونەوەکەیان خاڵێکی وەرچەرخان بووە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا. هەروەها میدیا فەرمی وڵاتی چین لە زاری شی جیپینگ بڵاوی کردووەتەوە، ئامادەن لەگەڵ کەنەدا کاربکەن بۆ ئەوەی ئەم کۆبوونەوەیە وەک دەرفەتێک بقۆزینەوە بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بۆ سەر ڕێڕەوێکی تەندروست، سەقامگیر و بەردەوام لە زووترین کاتدا. هاوکات پەیوەندییەکانی کەنەدا و چین لەنێو خراپترین پەیوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بووە، بەڵام هەر دوو وڵات بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی گوشارە و باجی گومرگییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، وای کردووە دووبارە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیاندا بچنەوە. پێشتر حکوومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆ ڕێکلامێکی هۆشیارکەرەوە بڵاو کردووەتەوە، کە لە ڕێکلامەکەدا گوتەکانی ڕۆناڵد ڕێگان، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکای بەکار هێناوە و تێیدا ئاماژەی دابوو، سەپاندنی باجی زیادی گومرگی ، دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی باجە گومرگییەکان و بەمەش شەڕی توندی بازرگانی لە نێوان وڵاتان هەڵدەگیرسێت. ڕۆژی شەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆکی ئەمەریکا بەهۆی ئەوەی ڕێکلامەوە باجی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا بە ڕێژەی 10% زیادە کرد و هەموو گفتوگۆوە بازرگانییەکانی ڕاگرت. دوای ئەوا مارک کارنی، قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی: گفتوگۆ دووقۆڵییەکان پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە و ئێمە ئامادەین لەسەر ئەو پێشکەوتنە بەردەوام بین و هەر کاتێکیش ئەمەریکییەکان ئامادەبوون، ئێمەش ئامادەین، ئەو پەیوەندییانە زیاتر بەرەو پێش ببەین؛ بەڵام پێشتر مارک کارنی، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، سیاسەتی بازرگانی واشنتن لەگەڵ ئابووریی ئۆتاوا، پێویستی بە داڕشتنەوەیە.

وەزیری جەنگی ئەمریکا ستایشی عێراق لە پرسی پاراستنی دەستگیرکراوانی داعش و بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیە ئەمنییە هەستیارەدا دەکات. پیت هێگسێت لە پەیامێکیدا لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی(ئێکس) ئاماژەی بەوە کردووە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ستایشی هەوڵەکانی عێراق دەکات لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئەویش لە ڕێگەی پاسەوانیکردنی دەستگیرکراوانی داعش لە زیندانەکاندا. هێگسێت جەختی لەوە کردەوە، عێراق ئەرکی سەرشانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ دەکات،هاوکات ئەوەشی ڕوونکردەوە کە بوونی تیرۆریستەکانی عێراقی نین لەناو خاکی عێراقدا، کاتی دەبێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاوەڕوانە وڵاتانی جیهان هاووڵاتییە تیرۆریستەکانی خۆیان لەو بنکانە وەربگرنەوە و بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبووی دادگایان بکەنەوە. ئەم لێدوانانەی پیت هێگسێت لە کاتێکدایە کە پرسی زیندانیانی بیانی لە ناوچەکەدا بووەتە ئالنگارییەکی گەورەی ئەمنی و سیاسی، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 2014ـەوە بۆ تێکشکاندنی داعش پێکهێنراوە، عێراق بە هاوبەشێکی دەبینێت لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان.

برێت مەکگۆرک، نێردەی پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لەسەر ڕۆژئاواى کوردستان هاتە دەنگ و بە بەرپرسانى واشنتن دەڵێت کورد لە عێراق و سووریا هاوبەشێکی جێگیرن. برێت مەکگۆرک لە تۆڕى ئێکسى خۆیەوە ڕایگەیاند، دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێگەی نیگەرانییە، دەشڵێت، کورد لە عێراق و سووریا هاوبەشێکی جێگیرن و بەهۆی ئەوانەوە جیهان زیاتر پارێزراوە. مەکگۆرک، دۆخی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاى بە جێگەی نیگەرانی ناوبردووە و دەڵێت "پێویستە ئاگربەست بەردەوام بێت". مەکگۆرک، کە لە لە 2015 بۆ 2018 نوێنەرى سەرۆکى ئەمریکا بوو لە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە دژى داعش، دەڵێت "هەر داڕووخانێکی ئەمنی بە تایبەت لە بنکەکانی دەستبەسەرکردنی داعش، لێکەوتەی خراپی نێودەوڵەتی دەبێت". برێت ماکگۆرک دەشڵێت، کورد لە عێراق و سووریا هاوبەشێکی جێگیرن، پێویستە لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەمڕۆ جیهان زیاتر بەهۆی ئەوانەوە پارێزراوە.

هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپ و خیانەتکارێکی سەرەکی لە کورد ئامادەکردنی هاوڵاتی پێشتر لەسەر چەند تۆمەتێکی گەندەڵی دەستگیرکراوە، بەڵام ئێستا بووەتە سیاسییەکی گەورە، بۆ بەرژەوەندی تورکیا کار دەکات و چارەنووسی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی کورد، لە دەستی ئەودان.  ئەمە چیرۆکی تۆم باراکە، ئەو پیاوەی نغرۆ بووە لەنێو خۆبەزلزانین، ڕەگەزپەرستی و عەقڵییەتی داگیرکاری. ڕەنگە پێشتر ناویت زۆر نەبیستبێت، بەڵام لەم ڕۆژانەدا ناوی تۆم باراکت زۆر گوێ لێدەبێت چونکە بووەتە نێوەندگیر لەنێوان کورد و حکومەتی سوریا. چیرۆکی تۆم باراک پێمان دەڵێت دەسەڵات و سیاسەت چۆن لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت.  تۆم باراک لە 6ـی نیسانی 1947 لە کالیفۆڕنیا لە خێزانێکی کۆچبەری لوبنانی لەدایکبووە. باراک بەهۆی کاری وەبەرهێنان لە کاری خانووبەرەدا هەر زوو دەوڵەمەند بووە، دواتریش کۆمپانیای کۆڵۆنی کاپیتاڵی بۆ وەبەرهێنان لە خانووبەرە دامەزراند و بووە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەمریکا. بەڵام دەسەڵاتی ڕاستەقینەی باراک؛ ئەو کاتە دەستیپێکرد کە چووە نێو جیهانی سیاسەت، بەتایبەتی لەڕێی هاوڕێیەتی لەمێژینەیەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا. باراک، ڕاوێژکارێکی سەرەکی ترەمپ بوو، وەک بەرپرسی لیژنەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتی 2017ـی ترەمپ، کاری دەکرد و لەو ئاهەنگەدا 107 ملیۆن دۆلاری خەرجکرد! بەمەش پێی نایە ناوەندی هەژموونی دەسەڵاتی ئەمریکاوە، بەبێ ئەوەی پۆستێکی فەرمی هەبێت.  لە پشت پەردەوە، پەیوەندی قووڵی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکرد، بەتایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات و سعودیە.  لە ساڵی 2021، باراک لە لایەن "ئێف بی ئای"ـیەوە بە تۆمەتی کارکردن وەک بریکارێکی تۆمارنەکراو بۆ حکومەتی وڵاتانی دەرەوە دەستگیرکرا، ئەمە جگە لەوەی تۆمەتی دیکەشی درایە پاڵ، وەک پێشێلکردنی یاسا و درۆکردن لەگەڵ ئێف بی ئای.  لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکادا هاتووە، تۆم باراک تۆمەتبارکراوە بەوەی بە نهێنی بەرژەوەندییەکانی ئیماراتی لەنێو سیاسەتی ئەمریکا و کۆشکی سپی پەرەپێداوە و لەهەمانکاتیشدا هەوڵی بۆ وەبەرهێنانی زەبەلاح داوە لە لایەن وڵاتانی کەنداوەوە تا پارەیەکی زۆر کۆبکاتەوە بۆ وەبەرهێنان. تۆم باراک پێگەی خۆی بەکارهێناوە لە سیاسەتی ئەمریکادا تا پەرە بە سیاسەتەکانی ئیمارات بدات، لۆبی بۆ وڵاتەکە بکات و وێنایەکی جوانی بەرپرسانی وڵاتەکە پیشانی ڕای گشتی ئەمریکا بدات، ئەمانەش بەپێی تۆمەتەکانی پاڵی، نایاسایین و بە گەندەڵی لە قەڵەمدران. باراک دوو رۆژ دەستگیرکرا و دواتر بە کەفالەتی 250 ملیۆن دینار، ئازاد کرا. لە ساڵی 2022 دوای ئەوەی دادگایی کرا، تۆم باراک بە بێتاوان لە قەڵەم درا.  هەرچەندە لە ڕووی یاساییەوە بێتاوان دەرچوو، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە ئەو مێژووەی بووە خاڵێکی ڕەش. ئێستا ئەم پیاوە لە مانگی ئایاری 2025ـەوە، لەسەر دەستی ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ نێو جیهانی سیاسەت و دوو پۆستی پێدراوە. هەم وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و هەم وەک نێردەی تایبەتیی ترەمپ بۆ سوریا کاردەکات. زۆربەی ڕەخنەگرانی ئیدارەی ترەمپ، تۆم باراک بە کەسێکی ڕەگەزپەرست، خۆبەزلزان و قسە لەڕوو وەسف دەکەن، تەنانەت هەندێک پێی دەڵێن ئێستا بووەتە داردەستی تورکیا. بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، تۆم باراک هێندەی وەک بالیۆزێکی تورکی مامەڵە دەکات، هێندە وەک باڵیۆزێکی ئەمریکی کار ناکات و هەمیشە بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوپێش دەبات.  بیروبۆچوونی لەسەر کورد چاوێکی ڕەخنەگرانەی لەسەرە چونکە لەم شەڕەی حکومەتی سوریا دژی هەسەدە، ڕێک ئەو سیاسەتە جێبەجێ دەکات تورکیا دەیەوێت، ئەویش لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و داماڵینی چەکە لە هەسەدە، هەربۆیەش بە ئاشکرا ڕایگەیاند، ئێستا ئیتر ڕۆڵی هەسەدە دژی شەڕی داعش بەسەرچووە و حکومەتی سوریا دەتوانێت ئەو ڕۆڵە وەربگرێت، باشترین کارێکیش کورد بیکات ئەوەیە بچێتە ژێر سایەی حکومەتی سوریا. هەرچەندە خۆی بە ڕەچەڵەک ڕۆژهەڵاتییە، بەڵام عەقڵیەتێکی ڕۆژئاوایی هەڵگرتووە و بە چاوێکی سووک و عەقڵێکی داگیرکرانەوە لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانێت. یەکێک لەو نمونانەی ئەم قسەیە دەسەلمێنێت ئەوەیە کە ساڵی ڕابردوو بە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی لوبنانی گوت، دەبێت وەک کەسانی "شارستانی" مامەڵە بکەن و وەک "گیانەوەر" مەبن، ئەمەش ڕێک هەمان عەقڵیەتی ڕۆژئاواییە کە سەدەها ساڵە بەم بیرکردنەوەیە برەویان بە داگیرکاریی وڵاتانی ڕۆژهەڵات داوە. هەر بۆیەش ئێستا ئەمریکا بە چاوساغی تۆم باراک پشتی لە کورد کردووە و دەڵێت، واشنتن دەیەوێت هەموو نەتەوەکانی سوریا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا بژین و برەو بە جیاکاری و سەربەخۆیی نادات، ئەمەش ڕێک مەبەستی لە ڕۆژاڤایە و دەیەوێت کورد لە ناوچەی خۆی سەربەخۆیی نەمێنێت.  چیرۆکی باراک تەنها چیرۆکی کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو چیرۆکێکە بەشە سەرەکییەکەی لەسەر پارە و هەژموونە کە تێیدا باراک، کاتێک لە چاوی کامێراکان دوورە، سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە و وەک بازرگانێک هەمیشە بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئەوانەوەیە کە پاڵپشتیی لێدەکەن

بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەڵاتنیان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، ئەمەریکا دەستی کرد بە جێبەجێکردنی پلانێکی گەورە بۆ گواستنەوەی 7000 چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، وەک یەکەم هەنگاویش ئەمڕۆ 150 چەکداری لە حەسەکەوە گواستەوە. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە پرۆسەیەکی نوێیان دەستپێکردووە بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە مانەوەیان لە شوێنێکی پارێزراودا. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پڕۆسەکە دەستیپێکردووە و هێزەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی 150 زیندانی داعشیان لە گرتووخانەیەکی حەسەکە لە سووریاوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە ناو خاکی عێراق گواستووەتەوە. سێنتکۆم ئاشکرای کردووە کە ئامانجی کۆتایی ئەوەیە نزیکەی 7000 چەکداری دەستگیرکراوی داعش لە سووریاوە بگوازرێنەوە بۆ گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق. براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: ئێمە هەماهەنگی ورد لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان دەکەین، بەتایبەت حکوومەتی عێراق و بە دڵەوە سوپاسی ڕۆڵیان دەکەین لە مسۆگەرکردنی تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش. کوپەر جەختیشی کردەوە کە گواستنەوەی ڕێکخراو و پارێزراوی ئەم دەستگیرکراوانە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی هەڵاتن لە گرتووخانەکان، کە دەکرێت ببێتە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ناوچەکە. هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە ساڵی 2025دا، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکانیان زیاتر لە 300 ئەندامی داعشیان لە سووریا دەستگیرکردووە و لە هەمان ماوەدا زیاتر لە 20 چەکداریشیان کوشتووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەندێک لە دوژمنەکانمان لێرەن. ٠ دوای ساڵێک لە دەستبەکاربوونم، ئابووری ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاوە زیادیکردووە و هیچ ساڵێکی ئەمریکا وەک ئەمساڵ گەشەی بەخۆیەوە نەبینییوە، وامانکرد وڵاتەکەمان دەوڵەمەند بێت و لەسەر ئاستی جیهان ببێتە وڵاتێکی گرنگ. ٠ ئەو خەرجیانەمان ڕاگرت کە جۆ بایدن بڕیاریدا بوو بکرێن و هیچ سوودێکیان نەبوو و کاری باشمان کردووە و توانیمان یەک تریلیۆن دۆلار بۆ ئەمریکا بگەڕێنینەوە، ئەگەر ئەو سیاسەتەی ئێمە گرتمانە بەر ئەوروپاش بیگرنەبەر وڵاتەکانتان گەشە دەکات، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا بە ئاراستەیەکی باشدا ناڕۆن، سەرنج خستنە سەر وزەی پاک و کۆچبەری بە کۆمەڵ زیان بە ئەوروپا دەگەیەنن. ٠ لەسەرەتاوە دژایەتی سیاسەتەکانم دەکران، بەڵام ئێستا کە دەرئەنجامی کارەکانم دەرکەوتوون ئەو کەسانە پشتگیری هەنگاوەکانم دەکەن و نرخی پێداویستییەکانمان دابەزاند. ٠ ئەمریکا مەکینەی ئابووری جیهانە و توانیمان نرخی نەوت دابەزێنین. ٠ بۆیە هێرشمان کردە سەر ڤەنزوێلا بۆ ئەوە بوو کە لەگەڵمان دابنیشن و تەنیا لە یەک هەفتەدا 50 میلۆن بەرمیل نەوتمان لە ڤەنزوێلا دەستکەوتووە، کۆمپانیا گەورەکان ئامادەن لەو وڵاتە وەبەرهێنان بکەن. ٠ لە بواری ژیری دەستکرد بە رێژەیەکی زۆر لە پێش وڵاتانی جیهانەوەین و تەنانەت پێش چینەوەین و لە بواری وزەش لەو وڵاتە زیاتر گەشەمان کردووە. ٠ دەمانەوێت ئەوروپا گەورەترین سەرچاوەی وزە بێت بۆ جیهان. ٠ ڕێزم هەیە بۆ خەڵکی دانیمارک و گرینلاند و ناتۆ دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و پارێزگاری لە خاکەکەی بکات و تائێستا نەیانتوانیوە بەرگری لە گرینلاند بکەن، ئێمە هێزمان ناردووە تا بیپارێزین و شەڕمان کردووە تاوەکو ئەو وڵاتە جوانە پارێزراو بێت، کارێکی هەڵەمان کرد کە دوای شەڕ گرینلاندمان گەڕاندەوە بۆ دانیمارک نەدەبوو وابکەین. ٠ دەمانەوێت سیستمێكی بەرگری لە گرینلاند دابنێین و شوێنێکی ستراتیژییە کە کەوتووەتە نێوان ئەمریکا، ڕووسیا  و چین، کاری زۆر دەکەین بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە بپارێزین، چونکە شوێنێکی گرنگە بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و ئەگەر ئەوە نەکەین ناتوانین بە پێی پێویست بەهێز بین. ٠ توانیومە هەشت جەنگ لە جیهاندا بوەستێنم و شایەنی چەندین خەڵاتی نۆبڵم، ڤلادیمێر پووتین پەیوەندی پێوەکردم و پێی وتم، چۆن توانیت شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بوەستێنیت. ٠ من هێزێکی باوەڕپێنەکراوم هەیە لە جیهاندا و ناتۆش هێزێکی لەو جۆرەی نییە. پارەیەکی زۆرم دا بە ناتۆ بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، بەڵام داوای منیان لەسەر گرینلاند ڕەتکردەوە کە تەنیا ناوچەیەکی بەستووە. ٠ کەسانێکی زۆر لە ئۆکرانیا دەکوژرێن بەجۆرێک بە هەزاران کەس دەکوژرێن و هەوڵمانداوە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێژەکە کەمبکەینەوە و پێویستە ئەو شەڕە ڕابگرم کە لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا هەیە، من هاوکاری هەموویان دەکەم. دۆناڵد ترەمپ لە وتارێكدا لە داڤۆس: 🔹دوای 12 مانگ لە گەڕانەوەم بۆ كۆشكی سپی، رابونی ئابوری لە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەبینین.  🔹تائێستا بەهۆی وەبەرهێنانەكانەوە نزیكەی 18 ترلیۆن دۆلارمان هێناوە.  🔹ویلایەتە یەكگرتووەكان بزوێنەری ئابوری جیهانەو لەگەڵ ئەودا وڵاتانی تر هەڵدەستنەوەو دادەبەزن.  🔹ئەوروپا بە ئاڕاستەیەكی دروستدا ناڕوات.  🔹هەفتەی رابردوو 50 ملیۆن بەرمیل نەوتمان بە تەنیا لە ڤەنزوێلا دەستكەوتووە. 🔹ستایشی هەموو ئەو هاوكارییە دەكەین كە ئیدارەی نوێ لە ڤەنزوێلا كردویەتی و بەمزوانە پارەیەكی زۆر كۆدەكەنەوە.  🔹تاڕادەیەكی زۆر چوینەتە ناو جیهانی وزەی ئەتۆمەوە.  🔹لە بواری ژیری دەستكرددا بە جیاوازییەكی زۆر رێبەرایەنی هەموو وڵاتانی جیهان دەكەین و لەم بوارەدا لە پێش چینەوەین.  🔹پشتبەستنی ئەوروپا بە وزەی با كێشەی گەورەی بۆ دروستكردووەو بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی كارەبا.  🔹دەمانەوێت ئەوروپا ببێت بە هاوپەیمانێكی بەهێز.  🔹هیچ هێزێك نییە لەناو ناتۆدا بتوانێت پارێزگاری لە (گرینلاند) بكات جگە لە ئەمریكا.  🔹هەموو دەوڵەتێك لەناو ناتۆ دەبێت بتوانێت بەرگری لە خۆی بكات.  🔹چەند گەمژە بوونین كە پێشتر (گرینلاند) گەڕاندەوە بۆ دانیمارك، سەرسامین بە ئاستی ئەو بێمنەتییەی كە روبەڕوومان دەبێتەوە. 

بارەگاى بارزانى ڕایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان لەلایەن قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم پێشوازیی لێکراوە. لە دیدارەکەدا قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم بەخێرهاتنێکی گەرمی سەرۆک بارزانی کرد و هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دیداری نێوانیان دەربڕی وەک دەرفەتێک بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر بابەتە گرنگەکانی ناوچەکە و جیهان. دەقى ڕاگەیەندراوەکە... سەرۆک بارزانی لەگەڵ  قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم کۆبوویەوە ڕۆژی چوارشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڤاتیکان لەلایەن قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم پێشوازیی لێکرا. لە دیدارەکەدا قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم بەخێرهاتنێکی گەرمی سەرۆک بارزانی کرد و هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دیداری نێوانیان دەربڕی وەک دەرفەتێک بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر بابەتە گرنگەکانی ناوچەکە و جیهان. هەر لەو دیدارەدا هەردوولا هیوای ئەوەیان خواست کە ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا باڵادەست بێت و کۆتایی بە ئازار و نەهەماتیی گەلان بهێندرێت. لەدوای ئەو کۆبوونەوەیە قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم و سەرۆک مەسعود بارزانی دیارییان پێشکەشی یەکتر کرد.

مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەیەم کۆدەبێتەوە، لە سەردانەکەیدا سەرۆک بارزانی کۆمەڵێک کۆبوونەوەی سیاسیی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیاش ئەنجام دەدات. بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی بە جیا لەگەڵ پاپای ڤاتیکان و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 21-01-2026 ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە یاوەریی سەرۆک بارزانیی دەکات بۆ ڤاتیکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەسەر بانگهێشتی قەداسەتی پاپا، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان دەبێت و لەگەڵ لویسی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان و دواتریش لەگەڵ پيترۆ پارۆلين، سه‌رۆكوه‌زيرانى ڤاتيكان کۆدەبێتەوە." کاژێر 10:00ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان دەبێت. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، جگە لەو دوو کۆبوونەوەیە، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاش کۆدەبێتەوە. لە سەردانەکەدا شاندێک یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکات کە پێکهاتووە لە ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ باڵیۆزی عێراق لە ڤاتیکان و رێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا. ئەمە دووەمجارە سەرۆک بارزانی سەردانی ڤاتیکان دەکات. پێشتر لە ساڵی 2014 سەردانی ڤاتیکانی کردبوو و لەگەڵ پاپا فرانسیس کۆببووەوە.

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا پەیامێکی تووندی لەبارەی هەسەدەوە بڵاوکردەوە. باراک سەرەتا، باسی دۆخی ئێستای سوریا دەکات و دەڵێت: ئێستا کاتێکی زۆر باشە بۆ کورد، کە تێکەڵی سوپا و حکومەتی سوریا بێت، چونکە لەم سەردەمەدا مافی زمان و کلتووری کورد بە تەواوی پارێزراوە و وەک سەردەمی ئەسەد نییە. دەقی قسەکانی تۆم باراک، کە لە هەژماری خۆی لە 'ئێکس' بڵاویکردووەتەوە. هەرئێستا دەرفەتێکی مەزنە بۆ کوردی سوریا لە دوای ئەسەدەوە و لەژێر حکومەتی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، ئەم کاتە ئۆفەرێکە بۆ بەتەواوی تێکەڵبوون بۆ یەکڕیزی دەوڵەتی سوریا، بە مافی هاوڵاتیبوون، پاراستنی کلتوور، بەشداریی سیاسی، کە لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەد رەتکرابووە، کە کوردانێکی زۆری بێدەوڵەت، سانسۆرکردنی زمان و تاوانی بە سیستەماتیکراو کردبووە. لەپێشدا؛ سوپای ئەمریکا سەرەتا لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بوو، بۆ تێکشاندنی داعش، هێزەکانی هەسەدەش بە رێبەرایەتی کورد، سەلماندیان، کە کاریگەرترین هاوبەشی ئێمەن لەسەر زەوی بۆ تێکشاندنی خەلافەتی د.ا،عش تا ساڵی 2019 و دەستبەسەرکردنی هەزاران ئەندامی داعش و خێزانەکانیان و کۆکردنەوەیان لە کەمپی هۆل و زیندانی شەدادیە، ئەو کاتە هیچ دەوڵەتێکی ناوەندی کارا لە سوریا نەبوو تا کاری لەگەڵ بکرێت، رژێمەکەی ئەسەدیش لاواز بوو بەهۆی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئێران و روسیا، نەدەبوو هاوبەشێکی گونجاو دژی داعش. ئەمڕۆ، بارودۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە، ئێستا سوریا خاوەنی حکومەتی ناوەندی دانپێدانراوە، چووەتە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشاندنی داعش (وەک 90ەمین ئەندام لە کۆتایی 2025دا)، ئەمەش ئاماژەیە بۆ وەرچەرخان بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پرسی دژە تیرۆر. ئەمە پاساوەکانی هاوبەشیی ئەمریکا و هەسەدە دەگۆڕێت. ئەرکی سەرەکی هەسەدە وەک هێزی یەکەمی دژە داعش تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی هاتووە، چونکە ئێستا دیمەشق هەم ویستی هەیە و هەم لە پێگەیەکدایە کە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان بگرێتە ئەستۆ، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی گرتووخانە و کەمپەکانی داعش. پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەش نیشانی دەدەن، کە ئەمریکا بە خێرایی ئاسانکاری بۆ ئەم گواستنەوەیە دەکات، نەک درێژکردنەوەی ڕۆڵێکی جیاواز بۆ هەسەدە. ئێمە بە شێوەیەکی فراوان لەگەڵ حکومەتی سوریا و سەرکردایەتی هەسەدە گفتوگۆمان کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی تێکەڵبوونەوە، کە لە 18ـی یەکدا واژۆ کرا، و داڕشتنی ڕێگایەکی ڕوون بوو بۆ جێبەجێکردنێکی ئاشتییانە و خێرا. رێککەوتنەکە بریتییە لە تێکەڵکردنی شەڕڤانانی هەسەدە لەنێو سوپای نیشتمانیدا (وەک تاک، کە یەکێکە لە بابەتە هەرە پڕ کێشەکان)، ڕادەستکردنی ژێرخانە سەرەکییەکانی وەک کێڵگە نەوتییەکان، بەنداوەکان، دەروازە سنوورییەکان، و چۆڵکردنی کۆنترۆڵی گرتووخانە و کەمپەکانی داعش بۆ دیمەشق. ئەمریکا هیچ بەرژەوەندییەکی لە مانەوەی سەربازی درێژخایەندا نییە؛ لە پێشینەی کارەکانی تێکشکاندنی پاشماوەکانی داعش، پشتگیریکردنی ئاشتەوایی و پێشخستنی یەکڕیزی نیشتمانییە، بێ ئەوەی پشتگیری لە جیابوونەوە یان فیدراڵیزم بکات. ئەمە رێگەیەکی بێوێنە بۆ کوردەکان دروست دەکات: تێکەڵبوونەوە لەنێو دەوڵەتی نوێی سوریادا مافی هاوڵاتیبوونی تەواو دەستەبەر دەکات تەنانەت بۆ ئەوانەشی پێشتر بێناسنامەبوون، دانپێدانان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سوریا، پاراستنی دەستووری بۆ زمان و کلتووری کوردی (بۆ نموونە: خوێندن بە زمانی کوردی، ناساندنی نەورۆز وەک جەژنێکی نیشتمانی)، و بەشداری لە حوکمڕانیدا—کە زۆر لەو نیمچە ئۆتۆنۆمییە زیاترە کە هەسەدە لە کاتی ئاڵۆزییەکانی شەڕی ناوخۆدا هەیبوو. هەرچەندە مەترسییەکان ماون (وەک بوونی ئاگربەستی لاواز، پێکدادانی کاتی، یان نیگەرانی لە توندڕەوەکان)، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فشار دەکات بۆ دابینکردنی گەرەنتی بۆ مافەکانی کورد و هەماهەنگی دژە داعش. بژاردەی دیکەش، جیابوونەوەی بەردەوامە، کە دەکرێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری یان سەرهەڵدانەوەی داعش. ئەم تێکەڵبوونەوەیە کە دیپلۆماسی ئەمریکا پشتیوانی دەکات، گەورەترین هەلە بۆ کورد تا بتوانن ماف و ئاسایشی بەردەوام لەنێو دەوڵەت - نەتەوەیەکی دانپێدانراوی سوریادا دەستەبەر بکەن. لە سوریادا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەرکیز دەخاتە سەر: دڵنیابوون لە پاراستنی ئەو گرتووخانانەی زیندانیانی داعشی تێدایە و ئێستا لەلایەن هەسەدەوە دەپارێزرێن. ئاسانکاری بۆ گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا بۆ ڕێگەدان بە تێکەڵبوونەوەی ئاشتییانەی هەسەدە و بەشداری سیاسی دانیشتوانە کوردەکەی سوریا لە هاوڵاتیبوونی تەواوی مێژوویی سوریادا.

ئەمە یەکەمجار نییە و ئەگەر لەئێستاوە وانە وەرنەگرین دواین جاریش نابێت ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەمریکا مێژوویەکی رەشی لە خیانەتکردن لە کورد هەیە و ئەمە یەکەمجاری نییە، بەڵکو لەماوەی 100 ساڵی رابردوودا چەندین جار پشتی لە کورد کردووە. لە ئەمریکا قسەیەکی باو هەیە کە دەڵێن، هیچ شتێک حەتمی نییە جگە لە مردن و باجدان، بەڵام دەبێت شتێکی دیکەی بۆ زیاد بکرێت و بگوترێت: هیچ شتێک حەتمی نییە جگە لە مردن، باجدان و خیانەتی ئەمریکا لە کورد. ئیتر کاتی ئەوەیە کورد پشت بە هیچ هاوپەیمانێک نەبەستێت، چونکە باشترین هاوپەیمانی کە ئەمریکایە، هەموو جارێک بەبێباکی لە پشتەوە خەنجەری لێدەدات. من پێتان دەڵێم واشنتن لە سەدەی رابردوو و ئەم سەدەیە چەند جار خیانەتی لە کورد کردووە. یەکەم خیانەت ساڵی 1923 بوو. دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانی، بەڵێن بە کورد درا دەوڵەتێکی بۆ دروستبکرێت و لە چوارچێوەی پەیماننامەی سیڤەر بە پشتیوانی فەرەنسا و بەریتانیا ئەو بەڵینە جێی کرایەوە، بەڵام دواتر بە فشاری کەمال ئەتاتورک پەیاماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923 واژۆکرا و ئەمریکا پشتگیرییەکی تەواوەتی لێکرد، بەمەش خەونی دەوڵەتی کوردی لەبابرا. لەساڵی 1958 ئەمریکا پشتیوانی کوردی کرد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی لە عێراق دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن عەبدولکەریم قاسم، دواتریش پشتیوانی روخانی ناوبراوی کرد لە ساڵی 1963. خیانەتی سێیەمی ئەمریکا لە کورد ساڵی 1975 بوو کاتێک سەرپەرشتی رێککەوتنی جەزائیری کرد لەنێوان عێراق و ئێران لەکاتێکدا ماوەی سێ ساڵ بوو لەرێگەی محەمەد رەزا شای ئێران یارمەتی کوردانی باشووری دەدا بۆ دژایەتیکردنی رژێمی عێراق بە ناردنی چەک و پارە بۆیان ، بەڵام بە رێککەوتنێک هەمووشتێک هەڵوەشایەوە. لەبارەی پشتیوانی کوردانی باشوور، هێنری کیسینجەر، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا کە ئەوکات راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکاش بوو، دەڵێت، ئەوان هیچ کاتێک پشتیوانی سەربازی کوردییان نەکردوە بۆ دروستکردنی دەوڵەت، بەڵکو هەوڵیانداوە لەرێگەی کوردەوە حکومڕانی بەغدا لاواز بکەن. لە راپۆرتێکی نهێنی سی ئای ئەی دا هاتووە کە کیسینجەر گوتوویەتی: ئێمە و شای ئێران هیواخواز نین کوردەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنن، کوردەکانمان تەنها بۆ ئەوە پێویستە عێراق سەرقاڵ بکەین و توانا سەربازییەکەی لاواز بکەین. دێینە سەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 کە تێیدا رژێمی بەعس پێنج هەزار هاووڵاتی هەڵەبجەی شەهید کرد، دیسان جارێکی دیکە ئەمریکا پشتی لە کورد کرد، چونکە هەم بێدەنگ بوون لە ئاست ئەو تاوانە و هەمیش بەردەوامبوون لە هاوکارییەکانیان بۆ سەدام حسێن دژی کۆماری ئیسلامی ئێران. لەدوای جەنگی کەنداو لە 1991، جۆرج بۆشی باوک داوای لە شیعە و کوردەکان کرد دژی رژێمی بەعس راپەڕن، ئەوە بوو راپەرینی 1991 دروستبوو و کوردستان ئازادکرا، بەڵام دواتر کە سەدام حسێن دەستیکرد بە داپڵۆسینی کورد و کۆڕەوی گەلی کورد دروستبوو، جارێکی دیکە واشنتن بێدەنگ بوو. لە ساڵانی 1990ـەکاندا ئەمریکا برێکی زەبەلاح لە چەک و کەرەستەی سەربازیی بۆ تورکیا نارد و تورکیاش بە ئاگاداری ئەمریکا ئەو چەکانەی بەکارهێنا بۆ شەڕکردن دژی پەکەکە، بەهۆیەوە هەزارەها کورد شەهیدکران و هەزارە گوندی باکووری کوردستانیش لەناوبران. ساڵی 2017ـش دیسان ئەمریکا خیانەتی کرد. لەکاتێکدا پێشمەرگە رۆڵێکی گەورەی لە تێکشکانی داعش بینی، بەڵام واشنتن ئامادە نەبوو پشتگیری سەربەخۆیی کورد بکات و دواتریش دەستوەردانی نەکرد بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی عێراق کە دواتر بووە هۆی روودانی 16ـی ئۆکتۆبەر و لەدەستدانی 40%ـی خاکی کورد. ساڵی 2018ـش دیسان ئەمریکا بێدەنگ بوو بەرامبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا. کاتێک بەهاوکاری چەکدارەکانی سوپای نیشتمانی سوریا، ئەنقەرە عفرینی داگیرکرد، واشنتن هیچ هەڵوێستێکی نەبوو لەکاتێکدا خۆی بە هاوپەیمانی کورد دەزانی بۆ لەناوبردنی داعش. ئەوەی کوردی تووڕەکرد کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە سوریا لەساڵی 2019 و هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ ئەردۆغان تا هێرش بکاتەسەر سەر رۆژاڤا، لە ئەنجامیشدا سەرێکانی و گرێسپی و چەند ناوچەیەکی دیکە داگیرکران. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تورکیا بە قووڵایی 40 کیلۆمەتر هاتە نێو خاکی سوریا. نوێترین خیانەتی ئەمریکاش، رووداوەکانی ئێستایە کە ئەمریکا پشتیوانییەکی گەورەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا دەکات دژی دەستدرێژیکارییەکانی بۆ سەر رۆژاڤا لەکاتێکدا شەرڤانان 11 هەزار شەهیدیان دژی شەڕی داعش داوە، بەڵام واشنتن ئەمەی بەلاوە گرنگ نییە و هەروەک چەند بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێن، مامەڵەی ئەوان لەگەڵ هەسەدە وەک مامەڵەی نێوان دوو بازرگانە و هەرکات بەرژەوەندی نەما دەتوانن دەستبەرداریان ببن. بەکۆی گشتی، ئەمریکا 10 جار خەنجەری لە پشتی کورد داوە، بۆیە پێویستە لێرەوە وانە وەربگرین و چیتر پشت بە هیچ کەس نەبەستین، چونکە هەر بەڕاستی جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکی ترمان نییە.

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا: پێشتر بەهۆی لاوازی حکومەتەکەی ئەسەد، هەسەدە بەهێزترین هاوپەیمانی ئێمە بوو لەسەر زەوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی د.ا.ع،ش، بەڵام ئێستا باردۆخەکە گۆڕا و حکومەتی دیمەشق دەتوانێت دەسەڵاتی بەسەر هەموو وڵاتدا هەبێت. لە کۆتایی ساڵی 2025 حکومەتیی نوێی سوریا بەشداریی هاوپەیمانێتیی دژی د.ا.ع،ش.ی کردووە. تۆم باراک هەموو شتێکی ئاشکرا کرد و بە فەرمی ئەمریکا دانی بەوەدا نا پشتی لە کورد کردووە.  تۆم باراک لە تۆڕی ئێکس دەڵێت:  باشترین هەل بۆ کوردەکان لەئێستادا ئەوەیە بچنە پاڵ حکومەتی سوریا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان.  ئامانجی سەرەکی هەبوونی هەسەدە دژی داعش بەسەرچووە چونکە ئێستا حکومەتی سوریا بەشدارە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دەتوانێت ڕۆڵەکە وەرگرێت.  ئەمریکاهیچ بەرژەوەندییەکی نییە لە هەبوونی هێزی دوورمەودا. کاری لە پێشینەی ئەمریکا تێکشکانی پاشماوەی داعش و بەرەپێشبردنی یەکریزی نیشتمانییە بەبێ رەزامەندیدان لەسەر فیدرالیزم و جیابوونەوە.