سێنتکۆم: 7000 زیندانیی داعش لە سووریاوە دەگوازینەوە بۆ عێراق
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەڵاتنیان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، ئەمەریکا دەستی کرد بە جێبەجێکردنی پلانێکی گەورە بۆ گواستنەوەی 7000 چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، وەک یەکەم هەنگاویش ئەمڕۆ 150 چەکداری لە حەسەکەوە گواستەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە پرۆسەیەکی نوێیان دەستپێکردووە بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە مانەوەیان لە شوێنێکی پارێزراودا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پڕۆسەکە دەستیپێکردووە و هێزەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی 150 زیندانی داعشیان لە گرتووخانەیەکی حەسەکە لە سووریاوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە ناو خاکی عێراق گواستووەتەوە.
سێنتکۆم ئاشکرای کردووە کە ئامانجی کۆتایی ئەوەیە نزیکەی 7000 چەکداری دەستگیرکراوی داعش لە سووریاوە بگوازرێنەوە بۆ گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق.
براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: ئێمە هەماهەنگی ورد لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان دەکەین، بەتایبەت حکوومەتی عێراق و بە دڵەوە سوپاسی ڕۆڵیان دەکەین لە مسۆگەرکردنی تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش.
کوپەر جەختیشی کردەوە کە گواستنەوەی ڕێکخراو و پارێزراوی ئەم دەستگیرکراوانە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی هەڵاتن لە گرتووخانەکان، کە دەکرێت ببێتە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ناوچەکە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە ساڵی 2025دا، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکانیان زیاتر لە 300 ئەندامی داعشیان لە سووریا دەستگیرکردووە و لە هەمان ماوەدا زیاتر لە 20 چەکداریشیان کوشتووە.
