جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوا لە ئەحمەد شەرع دەکات کێشەکانی گەلی کورد لە سووریا بە ئاشتی چارەسەر بکات. ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمەریکی لە زاری دوو سەرچاوەی باڵای کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ئەنجامداوە. لە پەیوەندییەکەدا، ڤانس داوای لە شەرع کردووە کۆتایی بە گرژییەکان بهێنن و کێشەکانیان لەگەڵ کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکەن. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە ئەحمەد شەرع. پێی گوتووە، بەردەوامبوونی گرژییەکان لەگەڵ کورد و ئاوارەبوونی خەڵکی زیاتر، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە بیر لە سەپاندنەوەی سزا بەسەر سووریادا بکاتەوە. ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی رابردوودا، گرژی و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چەندان ناوچە، بەتایبەتی لە دەوروبەری حەلەب، پەرەیان سەندبوو. لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی 16ی ئەم مانگە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، ڕایگەیاند ئەمریکا بە جددی لەسەر هێڵە. ئامانجیان ئەوەیە هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق گرژییەکانیان وەلاوەنێن و بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکانی تایبەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانیان. باراک جەختی کردەوە واشنتن "بە شەو و ڕۆژ" کاردەکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی هەردوولا بۆ دانوستان. پاش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، ئیدارەی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە 10ی ئازاری 2025، ڕێککەوتنێکیان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا واژۆ کرد؛ بەڵام جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە و هەردوولا یەکترییان بە پێشێلکردنی بەندەکانی تۆمەتبار کرد.
بەگوێرەی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، ئەو هێزانەی پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ سەردانی دێرحافریان کرد، دوای هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانی هێرشەکانی ئەم دواییە، کۆتاییان بە سەردانە مەیدانییەکانیان هێناو دوای تەواوبونی ئەرکەکەیان گەڕانەوە. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، پرۆسەی هەڵسەنگاندن و دۆكۆمێنت كردنەكە شوێنە بە ئامانج گیراوەكانی گرتووەتەوە، لەوانە، باڵەخانە، دامەزراوەکان و ماڵی هاوڵاتیان کە بۆردومانکراون. زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، هێزەكەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی بەرپرسی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بووە لە سوریاو عێراق و ئوردون، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی ژنان، بە سەركردایەتی "رۆهلات عەفرین و چیا كۆبانی" ئەندامانی فەرماندەیی گشتی و کۆبونەوەیەکی گرنگیان لە شارۆچکەی دێرحافر ئەنجامداوە. كۆكردنەوەی زانیارییەكان لە دێرحافر پەیوەست بووە بە بۆردومانی گروپە چەكدارەكانی دیمەشق و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا و بڕیارە راپۆرتی تەواو و زانیارییە بەڵگەدارەکان رەوانەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) بكرێت.
رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای دەکات • هۆکاری دواخستنی هێرشکردنە سەر ئێران، نەبوونی هێزی پێویستی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا • بە ترەمپ ڕاگەیەندراوە هێرشکردنە سەر ئێران، رووخانی ڕژێم مسۆگەر ناکات • ترەمپ بڕیاریداوە چاودێریی مامەڵەی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەران بکات، پێش ئەوەی بڕیاری هێرش بدات • ترەمپ داوای ئامادەکردنی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کردووە، بۆ حاڵەتی دەرکردنی فەرمانی هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئێران • رەنگە ترەمپ فەرمانی ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "لینکۆڵن" بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات لەلایەکى دیکەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: • کوشتن لە ئێران وەستاوە.. تەنها ترەمپ ئەو هێزەی هەیە کە خەڵک ملکەچ بکات • چارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران ئەگەرێکى بەهێزە • سەبارەت بە نیگەرانییەکانمان لە کوشتن و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، پەیوەندیمان بە ئێرانییەکانەوە کردووە
گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: بەهۆی هۆشدارییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا ئێران 800 سزای لە سێدارەدانی ڕاگرت و بە وردی چاودێری بارودۆخی ئێران دەکەین. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، کارۆڵاین لێڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەھۆی ھۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئێران 800 سزای لە سێدارەدانی ڕاگرت و پەیوەندیی و گفتوگۆمان لەگەڵ ئێران ھەبووە و بە وەردی چاودێری بارودۆخی ئێران دەکەین. هەروەها گوتی: سەرۆک ئەمەریکا ھۆشداری توندی دایە بەرپرسانی ئێران و هەموو بژاردەکان لەسەر مێز بۆ سەرۆک کۆمار ماونەتەوە. گوتەبێژی کۆشکی سپی جەخت لەوە دەکاتەوە، دۆناڵد ترەمپ، هۆشداری توندی داوەتە تاران لە ئەگەر کوشتنی خۆپێشاندەران بەردەوام بن، ئەنجامی قورسی دەبێت.
هاوڵاتی راپرسییەکی نوێی کەناڵی سی ئێن ئێن دەریدەخات، سێ لەسەر چواری خەڵکی ئەمریکا دژی ئەوەن وڵاتەکەیان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گرینلاند بدات. بەپێی راپرسییەکە، تەنها یەک لەسەر چواری ئەمریکییەکان پشتگیری ئەوە دەکەن حکومەتی ئەمریکا دەستبەسەر گرینلاندا بگرێت و 75٪ـی دژی ئەو هەنگاوەن. راپرسییەکە بە بەشداری هەزار و 209 کەس لەنێوان 9-12ـی ئەم مانگە ئەنجامدراوە و تێیدا دەرکەوتووە، ئەو بەشداربووانەی سەر بە پارتی کۆمارییەکانن یان مەیلیان بۆ پارتەکە هەیە نیوەیان لەگەڵ بۆچوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا نین بۆ دەستبسەرداگرتنی گیرنلاند. دیموکراتەکانیش بەشێوەیەکی بەرچاو دژی هەنگاوەکەن و ٩٤٪ـی لایەنگرانی پارتەکە رەتیدەکەنەوە. لەو کاتەوەی بووەتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ چەندینجار باسی کۆنتڕۆڵکردنی گرینلاندی کردووە و لەنوێترین لێدوانیشیدا گوتی، "هەر شتێک کەمتر لە کۆنترۆڵی ئەمریکا بۆ سەر گرینلاند قبووڵکراو نییە." ترەمپ هۆکاری دەستبەرداگرتنی گرینلاند بۆ ئەوە دەگەرێنیتەوە کە وڵاتەکە خاوەنی کانزای بەنرخە و سنووری لەگەڵ ئەمریکا هەیە، ئەگەر ئەمریکا دەستیبەسەردا نەگرێت، ئەوا رووسیا یان چین کۆنتڕۆڵی دەکەن. تەنانەت راپرسییەکە دەریدەخات ئەمریکییەکان نیگەرانن لە هەوڵی پاوانخوازی ئەمریکا چونکە نزیکەی شەش کەس لە هەر 10 کەسێک پێیانوایە ترەمپ زۆر زیادڕۆیی کردووە لە هەوڵی فراوانبوونی هەژموونی ئەمریکا. هاوکات، زیاتر لە نیوەی بەشداربووان دەڵێن، سەرۆکی ئەمریکا زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی سەربازیدا کردووە. نزیکەی 57٪ـی بەشدرابووانیش پێیانوایە سیاسەتەکانی ترەمپ سیمای ئەمریکایان لە سەرانسەری جیهاندا ناشرینکردووە.
هاوڵاتی کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند، بۆ یەکەم جار ئەمریکا دەستی بە فرۆشتنی نەوتی ڤەنزوێلا کرد دوای دەستگیرکردنی نیکولاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا. بەپێی هەواڵەکەی سی ئێن ئێن کە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە دایناوە، واشنتن بە بەهای ٥٠٠ ملیۆن دۆلار یەکەم کاروانی نەوتی ڤەبزوێلای فرۆشتووە. ئەم فرۆشتنە بەشێکە لە گرێبەستێکی فراوانتری نەوتی وڵاتەکە بە بەهای دوو ملیار دۆلار. ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت، داهاتی فرۆشتنەکە دەخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا، کە بە پلەی یەکەم لە قەتەر جێگیرکراون، بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پارانە و ڕێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی . بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا فرۆشی نەوتی ڤەنزوێلا زیاتر ببێت. فرۆشتنی نەوتی ڤەزوێلا هەنگاوێکی بەرچاوە لە بەشداریکردنی نوێی واشنتۆن لە هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکە. لەئێستادا چەندین کۆمپانیای بازرگانی نێودەوڵەتی و کۆمپانیای وزە کێبڕکێ دەکەن بۆ دەستڕاگەیشتن بە نەوتی خاوی ڤەنزوێلا. لەو کاتەوەت واشنتن مادوۆری دەستگیرکردووە، دۆناڵد ترەمپ بەروونی رایگەیاندووە پلانی ئەوەیە نەوتی ڤەنزوێلا بفرۆشێت و دەڵێت، پیشەسازی نەوتی ئەمریکا بە بەهای ١٠٠ ملیار وەبەرهێنان لە نەوتی ڤەنزوێلا دەکات. لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ئەمریکا هیرشیکی بۆ سەر ڤەنزوێلا ئەنجامدا و تێیدا نیکۆلاس مادورۆی دەستگیرکرد، دواتر گواستییەوە بۆ نیویۆرک بە چوار تۆمەتی جیاواز دادگایی دەکرێت.
ژمارەیەک بەرپرسی ئەورووپی رایانگەیاندووە، لە 24 کاژێری داهاتوودا ئەمریکا هێرشدەکاتە سەر ئێران و میدیای ئەمریکاش بڵاویکردووەتەوە، پێدەچێت هێرشەکە سنووردار بێت بۆ سەر ژمارەیەک ئامانجی دیاریکراو. رۆژی چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025، دوو بەرپرسی ئەورووپا بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، لە 24 کاژێری داهاتوودا ئەگەری هەیە ئەمریکا هێرشبکاتە سەر ئێران. ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکیش قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکەیان کردووە و دەڵێن، هێرشەکە بۆ سەر ژمارەیەک ئامانجی دیاریکراوە، لەوانە بنکە و بارەگا ئەمنییەکان، پڕۆگرامی ئەتۆمی و سیستەمی مووشەکی بالیستی. ماوەی 18 رۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەو ماوەیەدا نزیکەی سێ هەزار و 400 کەس کوژراون. هاوکات نزیکەی هەفتەیەکە دەسەڵاتدارانی ئێران خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتیان سنووردار کردووە یان بڕیوە. چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتار و نووسینەکانیدا لە تروس سۆشیال ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان پاڵپشتی لە خۆپێشاندەرانی ئێران و داخوازییەکانیان دەکەن و وەڵامی تووندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش لە دژی خۆپێشاندەران دەدەنەوە. جگە لە ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و ژمارەیەک ئەندامی ئەو یەکێتییە دژایەتییان بۆ شێوازی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ خۆپێشاندانەکان و کوشتنی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەربڕیووە.
لینزی گرام، سیناتۆری کۆماری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی حکومەتی نوێی سووریا و دەوڵەتی تورکیا کرد و رایگەیاند، هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکان، وەڵامێکی تووندی ئەمریکای لێ دەکەوێتەوە. رۆژی چوارشەممە 14-01-2026 گرام لە پەیامێکدا لە ئێکس، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بانگەوازەکەی سیناتۆر ریش (سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران) دەربڕی بۆ هێورکردنەوەی دۆخی سووریا. گرام ئاماژەی بەوە کرد، "حکومەتی نوێی سووریا ئاگادار دەکەینەوە کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی کەمینەکان بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت." ئەم سیناتۆرە باڵایەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، راپۆرتی باوەڕپێکراوی پێگەیشتووە سەبارەت بەوەی سوپای سووریا و تورکیا رەنگە بەرەو پێشڕەویی زیاتر بچن دژی هاوپەیمانە کوردەکان. گرام گوتی: "پێموایە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کاردانەوەیەکی تووندی ویلایەتە یەکگرتووەکان." گرام جەختی کردەوە، هەرچەندە پشتگیری لە پێدانی دەرفەت بە حکومەتی نوێی سووریا دەکات، بەڵام "قبووڵی هیچ هێرشێکی ئاشکرا بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکان ناکات." ئەو وەک "هێزی سەرەکی لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش" وەسفی کوردەکانی کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، کوردەکان لە ساڵانی رابردوودا "پەیوەندییەکی توکمەیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە." لینزی گرام پەیامەکەی بە هۆشدارییەکی روون بۆ دیمەشق و ئەنقەرە کۆتایی پێهێنا و نووسی: "ژیرانە بژاردەکانتان هەڵبژێرن." ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە شاری حەلەب لە هەفتەی رابردوودا شاهیدی پێکدادانی خوێناوی بوو لە نێوان سوپای سووریا و هێزە کوردییەکان، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 159,000 کەس ئاوارە بوون. لایەنە نێودەوڵەتییەکان داوا دەکەن دیمەشق و کورد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پابەندی رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 بن بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان لە ناو حکومەتی نوێدا، بەڵام پێشڕەوییەکانی ئەمدواییەی سوپای سووریا لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، نیگەرانییەکانی لە واشنتن زیاتر کردووە.
ئەمیر موسەوی، دیپلۆماتكارو شرۆڤەكاری ئێران دەڵێت: چاوەڕوان دەكەین ئەمریكا گورزی سەربازی لە دامەزراوە نەتەوتیەكان لە باشوری ئێران و فرۆكەخانەكان بوەشێنێت لەگەڵ وەشاندنی گورز لە كارخانەی دروستكردنی موشەك، ئامانجی یەكەمیش لە ناوبردنی ئیمام خامنەئییە. موسەوی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "رەشید" ئاماژەی بەوەكرد: وێستگەكانی كارەباش دەبنە ئامانج هێرشەكانی ئەمریكا، تەنانەت ئەگەری گەورە هەیە ئەمریكا گورزی ئەتۆمی لە ئێران بوەشێنێت. قسەكانی ئەو دیپلۆماتكاری ئێرانیە لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكل لە دویان هەڕەشەیدا لە ئێران وتی: دۆئەگەر تاران دەست بکات بە لەسێدارەدانی خۆپێشاندەران، ئەمریکا کردەوەی زۆر بەهێزی دەبێت. ترەمپ چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس نیوز" رایگەیاند: واشنتن بێدەنگ نابێت ئەگەر ئێران پەنا بۆ لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ ببات. وتیشی: کاتێک ئەوان دەست دەکەن بە کوشتنی هەزاران کەس و ئێستا باسی لەسێدارەدانم بۆ دەکەن، دەبینین دەرەنجامەکەی بۆ ئەوان چۆن دەبێت، من هەموو کۆبونەوەکانم لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەڵوەشاندوەتەوە تاوەکو ئەو کاتەی کوشتنی بێمانای خۆپێشاندەران رادەگیرێت.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی حەلەب هاتە دەنگ و داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، لەپێناو پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانی وڵاتەکە، دانبەخۆدابگرن و لەبری توندوتیژی، بە نیازپاکییەوە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، لە بارەی دۆخی حەلەب ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە نزیکەوەی چاودێری پەرەسەندنەکانی حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری دەکەین. دەشڵێت: داوا لە هەموو لایەنێک دەکەین خۆیان لە هەر کردەوەیەکی توندوتیژ کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتر بە دوور بگرن و پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانە گرنگەکان بکە کاری هەرە لە پێشینەیان. هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەردەوام داوا لە لایەنەکانی پەیوەندیدار دەکەین بە نیازێکی باش بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لە ڕێگەیەوە بگەنە ڕێگەچارەسەرێکی دیپلۆماسی. فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا دووپاتیشی دەکاتەوە، بوونی سووریایەک ئاشتی بۆ خۆی و دراوسێکانی، دەبێتە هۆی فەراهەمبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی ئارامتر و ئاوەدانتر. جەختیشی دەکاتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سووریا بەرژەوەندییەکی هاوبەشیان لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی سەرانسەری ناوچەکەدا هەیە.
لەناکاو شتێکیان هاویشت، نازانم چۆن وەسفی بکەم. وەک شەپۆلێکی دەنگیی زۆر بەهێز بوو ئەمە وتەى سەربازێکى وڵاتى ڤەنزوێلایەو باسى شەوى ئەو هێرشەدەکات کە ئەمریکا کردیە سەر وڵاتەکەى. سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی گێڕانەوەی شایەتحاڵێکی بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزێلا، هێزەکانی ئەمریکا "چەکێکی نهێنیی بەهێزیان" بەکارهێناوە کە سەربازانی بەچۆکداداوە و خوێن لە دەم و لووتیان هاتووە. بەگوێرەی ئەو گێڕانەوەیە کە کارۆلین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، پاسەوانێکی ڤەنزوێلی وردەکاریی هێرشەکەی خستووەتەڕوو. پاسەوانەکە لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لەوە کردووە، هێزەکانی ئەمریکا بێ ئەوەی یەک سەربازیشیان لێ بکوژرێت، سەتان سەربازی لایەنی بەرامبەریان کوشتووە و تەکنەلۆژیایەکیان بەکارهێناوە کە وێنەی نەبووە. ئەو دەڵێت: "ئێمە لە ئەرکدا بووین، لەناکاو سیستمی رادارەکان هەموویان بێ هیچ روونکردنەوەیەک لەکارکەوتن. دواتر ژمارەیەکی زۆر درۆنمان بینی بەسەر سەنگەرەکانماندا دەفڕین و نەماندەزانی چی بکەین." بە گوتەی پاسەوانەکە، دواتر تەنیا نزیکەی 20 سەربازی ئەمریکی بە هەشت هەلیکۆپتەر دابەزینە خوارەوە، بەڵام چەکی زۆر بەهێزیان پێبووە. ئەو دەڵێت: "شەڕ نەبوو، بەڵکو کوشتارگە بوو. ئێمە سەتان کەس بووین بەڵام هیچ دەرفەتێکی رزگاربوونمان نەبوو، ئەوان بە وردی و خێراییەکی زۆر تەقەیان دەکرد." چەکە نهێنییەکە چی بوو؟ سەبارەت بەو چەکەی کە "ترسێکی گەورەی" دروستکردووە، پاسەوانەکە دەڵێت: "لەناکاو شتێکیان هاویشت، نازانم چۆن وەسفی بکەم. وەک شەپۆلێکی دەنگیی زۆر بەهێز بوو. هەستم دەکرد سەرم لە نێوەوە دەتەقێتەوە." کاریگەریی چەکەکە خێرا و ترسناک بووە: "هەموومان لووتمان تووشی خوێنبەربوون بوو، هەندێک رشانەوەیان بوو بە خوێن. کەوتینە سەر زەوی و نەماندەتوانی بجوڵێین. تەنانەت دوای وەستانی شەپۆلە دەنگییەکەش نەماندەتوانی هەستینەوە." لێڤیت پۆستەکەی بە کۆمێنتی "دەست لە کارەکەت هەڵگرە و ئەمە بخوێنەرەوە" بڵاوکردووەتەوە، بەڵام کۆشکی سپی راستەوخۆ وەڵامی ئەوەی نەداوەتەوە کە ئایا ئەم چیرۆکە پشتڕاست دەکەنەوە یان نا. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ڤەنزوێلا، لە هێرشەکەی 3ـی کانوونی دووەمدا نزیکەی 100 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، بەڵام روون نییە چەندیان بەو چەکە نهێنییە بانگەشەکراوە گیانیان لەدەستداوە. سەرچاوەیەکی پێشووی هەواڵگریی ئەمریکا بە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی راگەیاندووە، سوپای ئەمریکا ساڵانێکە خاوەنی "چەکی وزەی ئاراستەکراو"ـە وەک مایکرۆوەیڤ یان لەیزەر بۆ لەجووڵەخستنی ئامانجەکان، بەڵام رەنگە ئەمە یەکەمجار بێت لە شەڕدا بەکاربهێنرێت. سەرچاوەکە دەڵێت خوێنبەربوون، ئازار، سووتانەوە و لەکارکەوتنی جەستە بەشێکن لە نیشانەکانی کاریگەریی ئەو چەکانە و "دەیان ساڵە وەشانی جیاوازی ئەو چەکانەمان هەیە." پاسەوانە ڤەنزوێلییە رزگاربووەکە هۆشداری دەدات: "ئەمە پەیامێکە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت شەڕی ئەمریکا بکات. ئەوان نازانن ئەمریکا توانای چی هەیە. دوای ئەوەی بینیم، قەت نامەوێت جارێکی دیکە لە بەرەی دژی ئەوان بم." پاسەوانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم رووداوە و هۆشدارییەکەی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ کە گوتی مەکسیکیش "لە لیستەکەدایە"، ترسێکی گەورەی لە ئەمریکای لاتین دروستکردووە و "ئەوەی لێرە روویدا زۆر شت دەگۆڕێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دوپاتکردەوە و داوای لێکردن بەردەوام بن لە ناڕەزایەتی دەربڕین. ترەمپ وتیشی، بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر هاووڵاتییان، بڕیاریداوە سەرجەم دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی تاران هەڵوەشێنێتەوە و تا سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران ڕانەگیرێت، هیچ جۆرە گفتوگۆیەک ئەنجام نادات.
سوپاسالاری ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی سازش لەسەر سەربەخۆیی و یەکپارچەی خاکەکەی ناکات. ئەمڕۆ سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026 عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێران رایگەیاند، "بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی مێژوویی خۆیان لە شەڕی 12 رۆژیدا، ئەمریکا و رژێمی زایۆنی تیرۆریستانی داعشیان نارد بۆ ئەم میلـلەتە مەزنە، ئەم بەکرێگیراوانە کە لە ئاژەڵە کێوییەکان خراپتر بوون، بە ناڕەوا خەڵک و ئەفسەرانی ئەمنییان شەهید کرد." عەبدولڕەحیم موسەوی دەشڵێت، "ئێران سازش لەسەر سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاک و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ناکات." سوپاسالاری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، "پاسەوانانی ئەمنیی ئێران رێگە نادەن هیچ تیرۆریستێکی تاوانکاری داعش لەلایەن هەر دەسەڵاتێکی خۆبەزلزانەوە پەروەردە دەکرێن، بێتە مەیدان." عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسی بەشداریی خەڵکی کرد لە خۆپێشاندانی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل. قسەکانی سوپاسالاری ئێران دوای ئەوە دێت، رۆژی دووشەممە 12-01-2026، لە 16یەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا، حکومەت لایەنگرانی خۆی بردە سەر شەقامەکان. ئەوەش لە کاتێکدایە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە 28-12-2025ـەوە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستیپێکرد، پێی ناوەتە 17ـیەمین رۆژەوە و زۆربەی پارێزگاکانی گرتووەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR)، تاوەکو رۆژی دووشەممە 648 خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، بەڵام حکومەتی ئێران تەنیا کوژرانی 111 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە. بەرپرسانی تاران بەردەوام باس لە "دەستی دەرەکی" لەپشت خۆپێشاندانەکان دەکەن و هەڕەشەی ئەوە دەکەن، بەبێ نەرمی نواندن رووبەڕووی ناڕازییان دەبنەوە.
رۆژنامەی "دەیلی تەلەگراف"ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا دەڵێت: هێزەکانی سوریا خەڵك لە باڵخانەكانەوە فڕێدەدەنە خوارەوەو مەترسی پاكتاوی رەگەزی هەیە. ر ۆژنامەكە بەریتانیەكە ئاماژە بەوەدەكات: دوای شەڕێکی خوێناوی کە چەند رۆژێکی خایاند، سوپای سوریا دوو گەڕەکی کوردی لە شاری حەلەب گرت و بەهۆیەوە دەیان كەس کوژراون و وێرانکردنێكی فراوانی ناوچە نیشتەجێبونەکان و ئاوارەبوونی هەزاران كەس و دەستگیركردنی 300 کەسیشى بەدواداهات ، كە هەڕەشەی کوشتنیان لەگەڵدا بووە، بەپێی راپۆرت و بەڵگەی بینراو. ئەمریکا و بەریتانیا لەگەڵ بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دانیان بەو رۆڵە یەكلاكەرەوەیەدا ناوە کە هێزە کوردییەکان لە شکستپێهێنانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بینیویانە، ئەمەش مەترسی دروستکردووە کە ئاوارەكردنیان یان چەكداماڵینیان، رەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی ئەو گرووپانە. راشیدەگەیەنێت: کوردانی ناوچەی رۆژهەڵات، چ لە چوارچێوەی سوریا و چ لە ئێران، روبەڕوی مەترسیی زیاتر دەبنەوە: یەکێکیان لە حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، فەرماندەی پێشوی رێکخراوی قاعیدە و ئەوی دیکەشیان لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، کە سەرکوتکارییەکانی لە ناوچە کوردییەکان پەرەپێداوە لە گەرمەی نائارامییە مەدەنییە بەرفراوانەکانی ئەو وڵاتەدا. گرتە ڤیدیۆییە نیگەررانكەرەكان لە حەلەب مەترسی تایبەتی لێکەوتووەتەوە، رۆژنامەی زە ئیکسپرێس کاردەکات لەسەر لێكۆڵینەوە لە دروستيی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبونەتەوە، لە گرتەكاندا دەردەكەوێت جەنگاوەرێكی ژنی كورد لە باڵەخانەیەکەوە فڕێ دەدرێت، گەڕەکەکان وێران دەکرێت، هێزەکانی سوریا و چەکدارە کوردەکان تەقە لەیەك دەكەن، خێزانەکان پەنا بۆ ژێرزەمینەکان دەبەن و هەزاران کەسیش ناچار دەکرێن ماڵەکانیان جێبهێڵن یان چۆڵی بکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئێران ئەو هێڵە سورەی بەزاندووە كە من بۆم داناوە و خەڵکی بێتاوانی کوشتووە، من ئەمە زۆر بە جدی وەردەگرم، سوپاش دیراسەی ئەمە دەكات، ئێمە بیر لە بژاردەی زۆر بەهێز دەکەینەوە، لەوانەش بژاردەی سەربازی. ترەمپ لە ناو فرۆكەكەیدا بە رۆژنامەنوسانی وتی: هەموو كاتژمێرێك پێشهاتە نوێکانی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانم پێدەگات، بەم نزیکانە بڕیار دەدەم. ترەمپ ئەوەشی ئاشكراكرد: تاران داوای دانوستانی لەگەڵ واشنتۆن كردووە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی و ئامادەکاری بۆ کۆبونەوە لەو بارەیەوە لە ئارادایە، بەڵام بەدووری نەزانی پێش ئەو كۆبونەوەیە رێوشوێن بگیرێتەبەر. ئەوە لەكاتێكدایە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە: ترەمپ ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە سەبارەت بە بژاردە بەردەستەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئێران گفتوگۆ دەكات.
