ئێران: سازش لەسەر یەکپارچەیی خاکمان ناکەین

5 كاتژمێر لەمەوپێش



سوپاسالاری ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی سازش لەسەر سەربەخۆیی و یەکپارچەی خاکەکەی ناکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026 عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێران رایگەیاند، "بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی مێژوویی خۆیان لە شەڕی 12 رۆژیدا، ئەمریکا و رژێمی زایۆنی تیرۆریستانی داعشیان نارد بۆ ئەم میلـلەتە مەزنە، ئەم بەکرێگیراوانە کە لە ئاژەڵە کێوییەکان خراپتر بوون، بە ناڕەوا خەڵک و ئەفسەرانی ئەمنییان شەهید کرد."
 
عەبدولڕەحیم موسەوی دەشڵێت، "ئێران سازش لەسەر سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاک و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ناکات."
 
سوپاسالاری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، "پاسەوانانی ئەمنیی ئێران رێگە نادەن هیچ تیرۆریستێکی تاوانکاری داعش لەلایەن هەر دەسەڵاتێکی خۆبەزلزانەوە پەروەردە دەکرێن، بێتە مەیدان."
 
عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسی بەشداریی خەڵکی کرد لە خۆپێشاندانی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل.
 
قسەکانی سوپاسالاری ئێران دوای ئەوە دێت، رۆژی دووشەممە 12-01-2026، لە 16یەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا، حکومەت لایەنگرانی خۆی بردە سەر شەقامەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە 28-12-2025ـەوە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستیپێکرد، پێی ناوەتە 17ـیەمین رۆژەوە و زۆربەی پارێزگاکانی گرتووەتەوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR)، تاوەکو رۆژی دووشەممە 648 خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، بەڵام حکومەتی ئێران تەنیا کوژرانی 111 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە.

بەرپرسانی تاران بەردەوام باس لە "دەستی دەرەکی" لەپشت خۆپێشاندانەکان دەکەن و هەڕەشەی ئەوە دەکەن، بەبێ نەرمی نواندن رووبەڕووی ناڕازییان دەبنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار