روسیا یەک دوای یەک هاوپەیمانەکانی لەدەستدەدات و بێدەنگە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
روسیا ئەو دەوڵەتە زلهێزەی لەبەرامبەر لەدەستدانی هاوپەیمانەکانی، بێجگە لە پەیامی سەرکۆنە هیچ هەڵوێستێکی دیکەی نیە
لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک و شەش مانگ، روسیا دوو هاوپەیمانی سەرەکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لەدەستداوە، نزیکە لەوەی هاوپەیمانێکی دیکەش لەدەستبدات
بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا و نیوکۆلاس مادرۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا دوو هاوپەیمانی سەرەکی روسیا بوون، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا لە دەسەڵات هێنرانە خوارەوە و هەڵوێستی مۆسکۆش تەنها پەیامی سەرکۆنە بوو.
ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران لە لێواری رووخاندایە، رابەری باڵای کۆمارەکە کوژراوە و ئێران لە ژێر بۆردومانی چڕی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە، دیسان هەڵوێستی روسیا لە چوارچێوەی دەرکردنی پەیامی سەرکۆنە تێنەپەڕیوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئێران و روسیا دوو هاوپەیمانی ستراتیژین، ئێران لە جەنگی ئۆکراین هاوکاری زۆری روسیای کردووە، تەنانەت درۆنی شاهید، کە پێشکەوتووترین درۆنی وڵاتەکەیە، دراوەتە سوپای روسیا، مافی ئەوەشی داوەتە روسیا هەمان درۆن لەسەر خاکی خۆی دروستبکاتەوە.
هەروەها چەندین جار مووشەک و تۆپهاوێژی بۆ روسیا ناردووە تاوەکو شەڕی ئۆکراینی پێبکات.
هەڵوێستی ئێستای روسیا بەرامبەر بە جەنگی ئێران، وەک هەڵوێستێکی لاواز دەبینرێت، رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێکدا هۆکاری ئەوەی بۆ چەند پرسێک گەڕاندووەتەوە.
یەکێک لە هۆکارەکان، روسیا لە جەنگدایە، سزاکانی ئەوروپا توانای وڵاتەکەیان بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک سنووردار کردووە، هەروەها خۆی پێویستی بە مووشەک و سیستمی بەرگری هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئۆکراین کە بە چەکی ناتۆ دەکرێن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، روسیا نایەوێت لاوازی مووشەک و سیستمە بەرگرییەکانی بەرامبەر چەکی ئەمریکا دەرکەوێت، هەروەها نایەوێت بەرەی راستەوخۆی جەنگ بەرامبەر ئەمریکا بکاتەوە و ترەمپ لە خۆی توڕە بکات. بەشێوەیەک ئەویش مووشەکی دوورمەوداو سیستمی بەرگری و زانیاری هەواڵگری بداتە ئۆکراین.
