ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت لە سیاسەتی نوێماندا، کە بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران نەتانیاهۆ دارێژراوە، دەبێت سوپای ئیسرائیل وەک قەوارەیەکی پارێزەر خزمەت بکات لەنێوان هێزە جیهادییەکان و کۆمەڵگەی ئیسرائیلیدا. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەشڵێت: ♦️ بۆیە سوپای ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی شاخی حەمرۆن (جەبەل شێخ) و زۆنی ئەمنی سوریای بەدەستەوەیە و لەوێوە پارێزگاری لە کۆمەڵگەکانی بەرزاییەکانی جۆلان دەکەین. ♦️ ئیسرائیل گەرەنتی پاراستن و سەلامەتی دروزەکان دەکات لە سوریا و ناهێڵێت زیانیان پێبگات، ئەمە هاوپەیمانیەتییەکی برایەتی راستەقینەیە لەگەڵ برا دروزەکانمان. ♦️ ئەم سیاسەتە لە بەرەی پێشەوەی هەموو سنوورەکان کاری پێدەکرێت و هەرواش دەمێنێتەوە.

تییۆ فرانکلین، وەزیری بەرگریی بەلجیکا، دەربارەی دۆخی ڤەنزوێلا و گرینلاند، ڕایگەیاند: بەڵێ، یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل کراون، ئەمەش وانەیەکی سەختە بۆ ئێمە. پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەم 2026، ڕۆژنامەی 'ستاندارد'ی بەلجیکی بڵاوی کردەوە "دوێنێ چوارشەممە، تییۆ فرانکلین، وەزیری بەرگری، لە بەردەم لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی بەلجیکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی دۆخی ڤەنزەوێلا و گرینلاند گوتی: من کەسێکی دووڕوو نیم، بەڵێ یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشیل کراون. ئێمە لە دۆخێکی زۆر سەخت و بە ئازارداین کە دەبێ هاوار بکەین: بابە گیان، فریامان بکەوە!" فرانکلین، گوتیشی: کردەی ئەمەریکا لە ڤەنزوێلا و ڕفاندنی سەرۆکەکەی و هەڕەشەکانی بۆ سەر گرینلاند، بێگومان پێشێلکردنی  یاسا نێودەوڵەتییەکانە؛ ئەمەش وانەیەکی سەختە بۆ ئێمەی ئەورووپایی؛ ئاشکرایە لەمەو دوا 'هێزی ڕەق' واتە توانای سەربازی،  پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دادەڕێژێت.  وەزیری بەرگریی بەلجیکا، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بە بڕوای من، دەبێت لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەربارەی گرینلاند، بە جددی وەربگیرێن، چونکە کاریگەرییان لەسەر بنەماکانی پێکهاتەی ئەمنیمان و پەیوەندییەکانیمان لەگەڵ ئەوبەری ئۆقیانووسی ئەتڵەسییەوە هەیە." فرانکێن، لایوایە، تەنها لەبەر ئەوەی لە 30 ساڵی ڕابردوودا وەبەرهێنانی کەم لەو "هێزی ڕەق"ـە و توانای سەربازیماندا کراوە، ئێستا ئەورووپا پەراوێز کەوتووە و تەنیا ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینێت. ئەو گوتی: ئێمە لە جیهانێکدا بەئاگا دێینەوە کە جارێکی دیکە بە ئاشکرا لەلایەن هێز و توانای سەربازییەوە دیاری دەکرێت. جیهانێک، کە تێیدا تێڕوانین و باوەڕی ئێمە بە سیستەمی یاسایی نێودەوڵەتی، بەهەند وەرناگیرێت.  وەزیری بەرگریی بەلجیکا،  ڕەخنەی توندی لەو پەرلەمانتارانە گرت کە بەردەوام ڕەخنە لە ئەمەریکا و ڕەفتارەکانی دۆناڵد ترەمپ دەگرن، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی سەربازی دەستەودامانی دەبن.  فرانکلین، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: سەرکردایەتییە لاوازەکەی ئەورووپا و بەلجیکا لە دەیەکانی ڕابردوودا ئێمەی خستووەتە چ پێگەیەکەوە؟ لە پێگەیەکدا کە بەڕاستی دەبێت بە ئاغاکەی واشنتن بڵێن: بابە، بابە گیان، تکایە بەزەیت پێماندا بێتەوە و یارمەتیمان بدە! ئەمە بەئازارە، ئەمە خۆش نییە، بەڵام چیمان لە دەست دێت؟ بە بۆچوونی وەزیری بەرگریی بەلجیکا، ئەورووپا دەبێت بەردەوام بێت لەسەر ئەو هەڵوێستەی کە یەکپارچەیی خاک و دڵسۆزی لەناو هاوپەیمانێتییەکەدا جێگەی گفتوگۆ نین. بەڵام ئێستا ئەورووپا لە ڕووی سەربازییەوە زۆر لە دواوەیە و ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی ئەمەریکا ببێتەوە.  فرانکلین، هەروا گوتی: ئەم دۆخە تەنیا بۆ بەلجیکا نییە، بەڵکوو زۆر وڵاتی ئەورووپایی دیکە هەن کە بە تەواوەتی ڕادەستی سیاسەتەکانی ئەمەریکا بوونە..  وەزیری بەرگریی بەلجیکا، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: وەبەرهێنان و بەرزکردنەوەی توانای بەرگریمان بەردەوامە، بەڵام ئەمە کارێکی درێژخایەنە و کاری ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە؛ دەبێت خۆشمان لەو لێدوانانە بپارێزێن کە خاڵە لاوازەکانمان دەردەخەن و زیان بە ئاسایشیی وڵات و ئەورووپا دەگەیەنن.

لە کۆبوونەوەکانیان باسی هەسەدەیان کردووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لە کۆبوونەوەکانی پاریس لەنێوان تیمی دانوستانکارانی ئیسرائیل و سوریا کە بە سەرپەرشتی ئەمریکا بەڕێوەچوو، هەردوولا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کە زیاتر لە بەرژەوەندی تەلئەبیبە و داواکانی دیمەشق پشتگوێخراوە.  لەدوای دوو رۆژ لە کۆبوونەوەی چڕ، هەر سێ لایەنی ئەمریکی-ئیسرائیلی-سوری بەیاننامەیکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ئیسرائیل و سوریا رازیبوون بە دامەزراندنی شانەیەکی پەیوەندی بۆ ئاسانکردنی هەماهەنگی لەنێوانیاندا لەسەر بابەتی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری، هێورکردنەوەی دۆخی سەربازیی، پەیوەندی دیپلۆماسی و زیادکردنی هەلی بازرگانی، سەرجەم ئەمانەش لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت. شاندەکەی سوریا بە سەرپەرشتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و شاندەکەی ئیسرائیلیش رۆمان گۆفمان، سکرتێری سەربازی نەتانیاهۆ و گیل رایک، راوێژکاری کاتی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلی تێدا بوو. ئەمە پێنجەم خولی دانیشتنەکانی هەردوولا بوو بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لەسەر سنووری وڵاتەکانیان و کەناڵی ئای24نیوزی ئیسرائیلی دەڵێت، دیمەشق لاری لەسەر ئەوە نییە ئیسرائیل نووسینگەیەکی پەیوەندی و هەماهەنگی لە دیمەشق بکاتەوە بەو مەرجەی نووسینگەکە پێگەی دیپلۆماسی هەڵنەگرێت، ئەمەش رێک پێچەوانەی سیاسەتی سوریا خۆیەتی کە نایەوێت هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت.  پیشتر داواکاری سوریا ئەوە بوو، ئیسرائیل بکشێتەوە لەو ناوچانەی باشووری سوریا کە لەکاتی رووخانی رژێمی ئەسەد داگیریکرد، بەڵام لە کۆبوونەوەکاندا نەک هەر ئەوەی بۆ جێبەجێنەکراوە، بەڵکو ئیسرائیل بەنیاز نییە بە هیچ شێوەیەک لەو شوێنانە بکشێتەوە.  لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ئیسرائیل بە قووڵایی نزیکەی 40 کیلۆمەتر هاتە نێو خاکی سوریاوە و پێگە سەربازییەکانی تەنها 25 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورن.  بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی، واشنتن لە کۆبوونەوەکانی پاریس پێشنیازی دامەزراندنی زۆنێکی ئابووری کردووە لە ناوچەکانی سەر سنووری هەردوولا و بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی گوتووە، ئەم زۆنە ئابووریە کێڵگە بەخێوکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵکردن و باشترین خلیسکێنەی سەر شاخی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدا دادەمەزرێنرێت، درووزەکانیش تێیدا بەشدار دەبن کە باشترینن لە پێشوازیکردنی گەشتیاران. چۆن باسی هەسەدە کراوە؟ بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئای24نیوزی ئیسرائیلی، تەلئەبیب داوای لە واشنتن کردووە جارێ رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دوابخرێت لەبارەی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سوریا تاوەکو ئیسرائیل خۆی دەگات بە رێککەوتنێکی گشتگیر و کۆتا لەگەڵ دیمەشقدا سەبارەت بە ناوچەکانی سەر سنوور.  سوریا فشارێکی زۆر لە هەسەدە دەکات لەسەر تێکەڵبوون بە سوپای وڵاتەکە رازیببێت و لە کۆتایی ساڵی رابردوو چەندین جار هێرشکرایە سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب و ئێستاس دوو رۆژە هەمان هێرش لەلایەن گروپەکانی سەر بە دیمەشەقەوە بۆ سەر ئەو گەڕەکانە دەستیپێکردووە، هەسەدەش بە پیلانی تورکیای دەزانێت و دەڵێت، لەماوەی دوو رۆژدا حەوت کەسی سڤیل کوژراون و 52 کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت: حکومەتی کاتیی ڤەنزوێلا نزیكەی 50 ملیۆن بەرمیل نەوت رادەستی ئەمەریکا دەکات و داهاتەکەشی لەژێر سەرپەرشتی ئیدارەكەیدا دەبێت بەو سیفەتەی سەرۆكە.  ترەمپ لە سەكۆی تروس سۆشیال نوسیویەتی: دەسەڵاتدارانی کاتیی لە ڤەنزوێلا لە نێوان ٣٠ بۆ ٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی کوالیتی بەرز و سزادراو رادەستی ئەمریکا دەکەن. ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو نەوتە بە نرخی بازاڕ دەفرۆشرێت، منیش وەک سەرۆکی ئەمریکا ئەو پارانە بەڕێوەدەبەم بۆ ئەوەی دڵنیاببمەوە کە بۆ بەرژەوەندی خەڵکی ڤەنزوێلاو ئەمریکا بەکاردەهێنرێن. هاوکات رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، ترەمپ بەنیازە رۆژی هەینی لەگەڵ نوێنەرانی سێ گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ئەمریکاو بەرهەمهێنەرانی دیکەی ناوخۆ لە کۆشکی سپی کۆببێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وەبەرهێنانی گەورە لە کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا.

سەرەڕای شەرمەزاركردنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێك لە وڵاتانی جیهانەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە لە دەربڕینی دڵخۆشی خۆی بەرامبەر بەو ئۆپەراسیۆنە، کە بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو لە کاراکاس ئەنجامدرا. ترەمپ لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (MSNBC)، جارێكی تر شانازیی بەو بڕیارەوە كرد كە دەریكردووە. سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردووەتەوە، وڵاتەکەی دامەزراوە نەوتییە وێرانبووەکانی ڤەنزوێلا ئاوەدان دەکاتەوە، بەڵام ئەمجارە دەست بەسەر نەوتی ڤەنزوێلا دەگرێت. راشیگەیاند: لە ساڵی ٢٠١٦دا وتوویەتی: دەبوو ئەمریکا دەستی بەسەر نەوتی عێراقدا بگرتایە، ئەوەش مشتومڕێکی زۆری لەو کاتەدا دروستکرد، بەڵام دەبوو نەوتی عێراقمان لە دەستی خۆماندا بهێشتایەتەوە. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد: جیاوازی ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامیداو ئەوەی لە ڤەنزوێلا ئەنجامیدەدات ئەوەیە، ئەمجارە ئەمریکا نەوتی ڤەنزوێلا لە دەستی خۆیدا دەهێلێتەوە.

تۆقیوون لەوەی دوای مادورۆ سەرەی ئەوان بێت ئامادەکردنی هاوڵاتی لەدوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و رفاندنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی وڵاتەکە، بۆ شاری نیویۆرک، کۆمەڵێک وڵات ترسی گەورەیان لێنیشتووە کە رەنگە ببنە نێچیری داهاتووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.  دەستگیرکردنی مادورۆ سەرجەم هاوکێشەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، سەروەری خاک و جەنگی گۆڕیوە و ئێستا ئیتر هیچ سەرۆکێک ناتوانێت خۆی لەژێر سەروەری خاکی وڵاتەکەی بپارێزێت. ئاماژەیەکی گەورە هەیە ئەمجارە سەرەی ئێران بێت، بەتایبەتی ئێستا کە خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکە ماوەی 10 رۆژە بەردەوامییان هەیە.  بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئێستا بەرپرسانی ئێران فشارێکی گەورەیان لەسەرە هەم لەلایەن خۆپیشاندەران وهەم لەلایەن ئەمریکاوە، بۆیە بەتەواوی دەستیان گیراوە و بژاردەی باشیان لەبەردم نییە بۆ دەرچوون.  بەرپرسێکی ئێران بە رۆیتەرزی گوتووە،  بەشێک لە بەرپرسانی ئێران دوای رووداوەکانی ڤەنزوێلا ترسیان هەیە رەنگە ببنە قوربانی داهاتووی سیاسەتە تووندەکانی ترەمپ، ئێستا لە تاران ترسی ئەوە دروستبووە رەنگە ترەمپ یان ئیسرائیل کردەی سەربازیی دژی ئێران ئەنجام بدەن.  هەرچەندە تا ئێستا خۆپیشاندانەکانی ئێران بۆ زیاتر لە 22 شار و پارێزگا فراوان بوون، بەڵام هێشتا لەرووی قەبارە و ژمارەوە بچووکە و نەگەیشتووەتە ئاستی نارەزایەتییەکانی ژینا ئەمینی لە 2022 بۆ 2023. تائێستا 19 کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کوژراون و پێشتر ترەمپ گوتی، هەر بزانین ئێران خۆپیشاندەران دەکوژێت یەکسەر دەستوەردان دەکەین و خۆپیشادەران رزگار دەکەین.  رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، چەند ئاماژەیەکمان بەدەستگەیشتووە دەریدەخات ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە بەجۆرێک دەستوەردان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران بکات و هەڕەشەی هێز بەکاربهێنێت یان هێرشێکی سنووردار ئەنجام بدات بەمەبەستی پشتگیرکردنی خۆپیشاندەران. رۆژنامە ئیسرائیلییەکە دەڵێت،  تا کاتی پێش دەستگیرکردنی مادورۆ، زۆربەی بەرپرسانی ئیسرائیل بەو جۆرە لە خۆپیشاندانەکانی ئێرانیان نەڕوانیوە کە گۆڕینی رژێم پێویست بێت، بەڵام ئێستا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن لابردنی مادورۆ لەسەر دەسەڵات دەکرێت ببێتە پێشینەیەک بۆ ئەنجامدانی کردەی سەربازیی دژی رژێمی ئێران. ئۆرشەلیم پۆست دەشڵێت، هێشتا هیچ ئاماژەیەک نییە بڕیاری کۆتایی درابێت لەسەر بابەتەکە و تەنها بۆچوونێکە کە دروستبووە، بەڵام وادەردەکەوێت دەستوەردانی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا بۆ ئیسرائیل بووبێتە جێی سەرسوڕمان و هێرشەکە هەموو حساباتەکانی ئیسرائیلی لەبارەی ئێرانەوە گۆڕیوە. تەنها ئەمە نییە، بەرپرسانی ئێران ئێستا لە دۆخێکدان کە پلانی هەڵهاتنیشیان داناوە. رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردووەتەوە، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران پلانی داناوە بۆ مۆسکۆ هەڵبێت لە حاڵەتی ئەوەی خۆپیشاندانەکان فراوان ببن و توانای کۆنتڕۆڵکردنیان نەمێنێت. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، خامنەیی تەمەن 86 ساڵ لەگەڵ 20 کەس لە کەسە نزیکەکانی خانەوادەکەی و راوێژکارەکانی، کە موجتەبای کوڕیشی تێدایە، فڕۆکەیەکیان بۆ ئامادەکراوە و رێی دەرچوونیانە ئەگەر بزانن سوپای پاسداران شکست دەهێنێت و خۆپیشاندەران سەردەکەون. سەرچاوەکە دەشڵێت، پلانی هەڵاتنەکە ئەمانە لەخۆدەگرێت، کۆکردنەوەی سەروەرت و سامان و بردنی پارەی کاش لەگەڵ خۆیان بۆ مۆسکۆ، ئەمەش هەمان تاکتیکی بەشار ئەسەد، سەرۆکی رووخاوی سوریایە کە لە کۆتایی 2024 بۆ مۆسکۆ هەڵات. تەنانەت پێش رووداوەکانی ڤەنزوێلاش، ترسی ئەوە هەبوو لە 2026 ئیسرائیل هێرش بکاتەوە سەر ئێران چونکە بە گویرەی راپۆرتێکی ئاکسیۆسی ئەمریکی، نەتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکەی ئیسرائیل هێرشەکەی پێشوویان بەدڵ نەبووە و نەتانیاهۆ لە سەردانەکەی هەفتەی رابردووی بۆ لای ترەمپ باسی ئەگەری هێرشکردنەسەر ئێرانی کردووە.

رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی دەڵێت چەند ئاماژەیەکمان بەدەستگەیشتووە دەریدەخات ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە بەجۆرێک دەستوەردان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران بکات. لە هەمانکاتدا ئیسرائیلیش لەوە دەکۆڵێتەوە لابردنی مادورۆ لەسەر دەسەڵات دەکرێت ببێتە پێشینەیەک بۆ ئەنجامدانی کردەی سەربازیی دژی رژێمی ئێران. لەلایەکى دیکەوە،  رۆژنامەی ئەخباری لوبنانی زانیاری لەبارەی رێککەوتنی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشكراكردووە، لەبارەی وەشاندنی گورزی نوێ  لە ئێران، لە ئەگەری پابەندنەبونی بە داواکارییەکانی ئەمەریکا، لە نێویاندا، راگرتنی پشتیوانیەكانی بۆ گروپە چەكدارەكان لە لوبنان، عێراق و یەمەن. رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای لوبنانەوە بڵاویكردووەتەوە: هەڵوێستی سەرۆک "جۆزێف عەون " زیاتر مەیلی بەلای دڵنیابونە بە وریاییەوە، بەهۆی دوركەوتنەوەی دێوەزمەی  شەڕ، بەڵام ئەمە بە مانای دووركەوتنەوەی تەواوەتی نییە. ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەم هەڵوێستە پاڵپشتە بە زانیاری و پێدراوەكان كە گەیشتووەتە دەسەڵاتى فەرمی لوبنان، لە دەزگا نێودەوڵەتییە باڵاکان و باڵیۆزخانەکانی رۆژئاواوە، كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ترەمپ و ناتانیاهۆ، لە میانی کۆبونەوەیاندا لە فلۆریدا لە 29ی مانگی رابردوو، رێککەوتون لەسەر وەشاندنی گوزری سەربازی لە ئێران ئەگەر نەیەتە پێشەوە بۆ دانوستان بە پێی مەرجەکانی ئەمەریکا، هەروەها بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززەو، بەدوورگرتنی لوبنان لەم قۆناغەدا لە هەر هێرشێک کە ئاڕاستەی ئێران بکرێت. بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم بەدوورگرتنە مەرجدارە بەوەی حزبوڵا نەچێتە نێو شەڕەکەوە، بەو پێیەی هەر بەشدارییەکی ئەو حزبە روبەرشوی لێدانێکی فراوان و قوڵی ئیسرائیل دەبێتەوە کە زاحیەی باشوری بەیروت و  ناوچەی بیقاع بەتایبەتی دەکاتە ئامانج. رۆژنامەكە باسی لە هەوڵەكانی ریازيش كردووە لەگەڵ تاران بۆ چارەسەری پرسەكە، بەوپێەی سعودیە ترسێکی زۆر هەیە لەوەی هەر جەنگێک کە دژی ئێران بەڕێوەبچێت، دەبێت مایەی پشێوی و رەنگدانەوەی نەرێنی  لەسەر دەوڵەتانی کەنداو دەبێت. ئەمریکییەکانيش قەناعەتیان وایە ئەگەر ئێران بە پێی مەرجەکانیان بچێتە ناو دانوستانەوە، بە راگرتنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و راگرتنی پشتیوانی گروپە چەكدارەكان لە لوبنان و عێراق و یەمەن،عێراق و یەمەن، رەنگدانەوەی لەسەر دۆسییەی لوبنانيش دەبێت.

هاوەڵ و پشتگیریکاری سەرسەختی مەزڵوم عەبدییە ئامادەکردنی هاوڵاتی. عەمید کێڤن لامبێرت، فەرماندەی هێزی هاوبەشی ئەرکە تایبەتەکانە لە عێراق و سوریا بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش. لەدوای ئەوەی هاوەڵی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ـی کرد بۆ دیمەشق، بووەتە ناوێکی بەربڵاوی میدیا کوردی و عەرەبییەکان. لامبێرت کێیە؟ عەمید کیڤین جەی لامبێرت لە ساڵی 1971 لە فۆرت پۆلکی ویلایەتی لویزیانای ئەمریکا لە خێزانێکی سەربازی لە دایکبووە. لامبێرت لە ساڵی 1993 لە زانکۆی ساوس جۆرجیا بووەتە ئەفسەر و چەندین رۆڵی گرنگی پێدراوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا. ئەزموونەکانی لامبێرت زۆرن، تەنانەت راهێنانی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیش کردووە لە حوزەیرانی ساڵی 2024 کاتێک فەرماندەی گشتی فەرماندەیی هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بووە و هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80. لە حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە، پۆستی فەرماندەی هێزی هاوبەشی ئەرکە تایبەتەکانی لە عێراق و سوریا بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش پێدراوە. یەکەم کەسیش مەزڵوم عەبدی پیرۆزبابیی پۆستەکەی لێکرد و گوتی، بەخێرهاتنی جەنەڕاڵ لامبێرت دەکەین بۆ وەرگرتنی ئەو بەرپرسیارێتیە لەم کاتە هەستیاردا، کە پێویستی بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش هەیە. لامبێرێتیش لە وەڵامی پەیامەکەی عەبدی دا گوتبووی، هاوبەشی نێوان ئەمریکا و هەسەدە تەنیا سەربازی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە سەقامگیری درێژخایەنەوە هەیە. لامبێرت، پشتگیریکارێکی رێککەوتنامەی 10ـی ئازاری نێوان دیمەشق و هەسەدە و تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە بە سوپای سوریا. ئەوەی زۆترین چاوی چووەتەسەر سەردانەکەیەتی بۆ دیمەشق لەگەڵ شاندی هەسەدە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سوریا.  ئامادەبوونی لامبیرت و هاوەڵیکردنی مەزڵوم عەبدی دەریدەخات کە گفتوگۆکان جیدین و ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتن دەیەوێت وەک گەرەنتیکارێکی رێککەوتنەکە ئامادەبێت تا زامنی ئەوە بکات تێکەڵبوونی هەسەدە دەکەوێتە ئەو چوارچێوە فراوانە ئەمنییەی ئەمریکا دیاریکردووە. بەگوێرەی هەندێک هەواڵی نافەرمی، مەزڵوم عەبدی و کێڤن لامبێرت بە یەک فڕۆکە سەردانی دیمەشقیان کردووە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریا. تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام هەسەدە دەڵێت:  کۆبوونەوەکە لەبارەی گفتوگۆکردن لەسەر تێکەڵبوون بە سوپای سوریا بوو لەچوارچێوەی دیالۆگە فەرمییەکاندا، هەردوولا رێککەوتن بەردەوامی بە کۆبوونەوەکان بدەن لە چەند رۆژی داهاتوودا و بابەتی تێکەڵبوون بە سوپای سوریا بەشێوازێکی رێکخراو تاووتوێ دەکرێت هەتاوەکو دەگەین بە ئەنجام.

دادگاییكردنی سەرۆكی دورخراوەی ڤەنزوێلا لە ئەمریكا بەڕێوەدەچێت و مادۆرۆ لە بەردەم دادگادا رایگەیاند، تائێستا من سەرۆکی ڤەنزوێلام و لە ماڵەکەی خۆمدا رفێندراوم. وتیشی، تاوانبار نیم و پێشتر هیچ تۆمەتێکی لەو شێوەیە نەدراوەتە پاڵم، کە ئەمریکا ئەو تۆمەتانەی بۆ هەڵبەستووم. هاوکات هاوسەرەکەی مادۆرۆ لە دادگای ئەمریکا رایگەیاند، تا ئێستا من خانمی یەکەمی ڤەنزوێلام. دوای دانیشتنێکی 30 خولەکی لە دادگای نیویۆرک، نیکۆلاس مادۆرۆ و سیلیا فلۆرێسی هاوسەری سەرجەم تۆمەتەکانیان رەتکردەوە و بێتاوانیی خۆیان دووپاتکردەوە. پاشان لەژێر پاسەوانیی تونددا هۆڵەکەیان جێهێشت و دادوەر بڕیاریدا دانیشتنی داهاتوو لە 17.03.2025 بەڕێوەبچێت. پاش دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا گوتیان لە ئەمریکا دادگایی دەکرێت، ئەمەش ئەو پرسیارەی ورووژاند تاوەکو چەند ڕفاندنی سەرۆکی وڵاتێک لە لایەن ئەمریکاوە و دادگاییکردنی لەو وڵاتە یاساییە؟ مادورۆ ئێستا لە نیویۆرک دەستبەسەرە و دەبرێتە بەردەم دادوەر و بە فەرمى تۆمەتەکانى ڕووبەڕوو دەکرێتەوە. ئەو دەستگیرکردنە ڕووبەڕووی سەرکۆنەکردنێکی بەرفراوانی جیهانی بووەتەوە، بەتايبەت لەلايەن ڕووسيا و چين و لايەنگرانی ڤەنزوێلاوە، بەڵام ئەمریکا پاساوی هەیە بۆ هێرشکردنە سەر کاراکاس و دەستگیرکردنی مادورۆ. دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، وەزارەتی داد داوای هاوکاریی سەربازی کردووە بۆ دەستگیرکردنی مادورۆ و هاوسەرەکەی و کوڕەکەی و دوو سەرکردەی سیاسی دیکە،  بە بەهانەی ئەوەی سەرۆکایەتیی باندێکی نێودەوڵەتیی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن، ئەم تۆمەتانەش لە لایەن دادگای باڵای نیویۆرکەوە ئاڕاستەیان کراوە.

ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی سەبارەت بە دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا ڕاگەیاند و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ناوبراوی کرد. تاران جەخت دەکاتەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت لە ئاست ئەم ڕەفتارانەی ئەمریکادا بێدەنگ بێت. بەقائی ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی ڤەنزوێلا پەیوەستە بە تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە و بە "پێشێلکردنی گەورەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی" وەسفی کرد. بە وتەی ناوبراو، ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆیان دەکەوێتە ئەستۆ بۆ گەڕانەوەی سەروەریی یاسا و پاراستنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هۆشداریدا کە بێدەنگبوونی وڵاتان ڕێگە بە ئەمریکا دەدات لە ڕەفتارە نایاساییەکانیدا بوێرتر بێت و ئەوەی بەرامبەر سەرۆکی وڵاتێکی ئەمریکای لاتین کرا، بە "بانگەوازی بەئاگابوونەوە بۆ ئاسایشی جیهانی" ناوبرد. جەختیشی کردەوە کە پشتیوانیی ئێران بۆ تاکەکەس نییە، بەڵکو بۆ ڕێگریکردنە لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان. سەبارەت بە دۆخی باڵیۆزخانە و هاووڵاتییانی ئێران لەو وڵاتە، ئیسماعیل بەقائی دڵنیایی دا کە باڵیۆز و سەرجەم کارمەندانی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەلامەتیی تەواودان. سەبارەت بە هاووڵاتییانیش، ئاماژەی بەوە دا کە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی ئێرانی لەو وڵاتە نین، بەڵام ئەوانەی لەوێن هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نەبووە. ناوبراو ڕوونیکردەوە کە لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتدا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئێران هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لەو وڵاتە دەیگرێتەبەر.

چیرۆکی ئەو وڵاتەی خاوەنی زۆرترین ئاڵتوونی رەشە، بەڵام خەڵکەکەی لە هەژاریدا نقووم بوون ئامادەکردنی هاوڵاتی. نزیکەی 48 کاتژمێر بەسەر هێرشی ئەمریکا بەسەر ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی مادورۆ تێدەپەڕێت، دۆناڵد ترەمپیش لە یەکەم کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا  گوتی، مادورۆ تاوانبارە بە تیرۆر و بارزگانی مادەی هۆشبەر بە هاوردەکردنی بۆ ئەمریکا. بەڵام ئەوەی دەمێکە ترەمپ باسی دەکات و کەمتر چاوی خەڵکی کەوتووەتە سەر، پرسی نەوتی ڤەنزوێلا و قەرزەکانی وڵاتەکەیە بۆ کۆمپانیای شێفرۆن، کە بە نزیکەی دوو و بۆ سێ ملیار دۆلار  دەخەمڵێنرێت و راپۆرتێکی سکای نیوزیش بە هۆکارێکی هێرشەکەی دەزانێت. دۆناڵد ترەمپیش لە کۆنفرانسەکەی دوێنیدا یەکسەر گوتی، جارێ خۆمان ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەین و کۆمپانیای گەورەی ئەمریکیشان بۆ دەنێرین بە بڕی ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە بواری نەوتدا بکات و پارەکەی دەدەین بە خەڵک. مێژووی بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلا دووردرێژە، بەڵام ئێمە لە ساڵی 1990ـەکاوە باسی دەکەین کاتێک هۆگۆ جاڤێز، سەرۆکی ئەو کاتی ڤەنزوێلا دەرگای وڵاتەکەی بەرەو ڕووی کۆمپانیا بیانییەکانی بەرهەمهێانی نەوت کردەوە و هەرسێ کۆمپانیای ئەمریکی کۆنکۆفلیپس و ئێکسیۆن مۆبیل  و شێفرۆن روویان لە ڤەنزوێلا کرد. ئامانجی دەرگا کردنەوەکەی چاڤێز بۆ وەبەرهێنان لە بواری نەوتی قورس بوو کە جۆرێکی تایبەتە و وەک قیر وایە، پێویستی بە کێڵگەی تایبەت و مادەی کیمایی تایبەت هەیە بۆ شل کردنەوە و فرۆشتنی، ئەمریکاش پێویستی زۆری بەو جۆرە نەوتە هەیە، چونکە پاڵاوگەکانی تەکساس و لویزیانا پێویستیان بەو جۆرە نەوتەیە، بۆ ئەوەی لەگەڵ نەوتی سوکی وڵاتەکە تێکەڵی بکەن و رێژەیەکی زۆر گازوایل بەرهەم بهێنن، کە کارگەکانی ئەمریکا خواستی زۆریان لەسەری هەیە. هاتنی ئەو سێ کۆمپانیایە، بەرهەمهێنانی نەوتی گەیاندە بەرزترین ئاستی وڵاتەکە کە سێ ملیۆن و  300 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا. مانەوەی ئەو سێ کۆمپانیایە چەند ساڵێکی خایاند و هۆگۆ چاڤێز لە بڕیارەکەی پەشیمان بوویەوە و لە ساڵی 2007 بڕیاری دا،  نەوتی وڵاتەکە بە نیشتمانی بکات کە لە ٪64ـی بەرهەمهێنان بکەوێتە سەر کۆمپانیا خۆماڵییەکە، کە ناوی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ڤەنزوێلایە. کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش جگە لە  شێفرۆن وڵاتەکەیان بەجێهێشت و رازی نەبوون لە ژێر سیاسەتی حکومەتەکەی چاڤێز ئیش بکەن، بەڵام شێفرۆن مایەوە. بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت تەواو کەمی کرد، کە لە کۆتایی ئەمساڵدا گەیشتە ملیۆنێک و 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. قەرزەکانی ڤەنزوێلا چەندە؟ هەرچەندە ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی جیهانە، کە بە نزیکەی 300 ملیار و سێ ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێنرێت، قەرزی کۆمپانیا شێفرۆنیش بە نزیکەی سێ ملیار دۆلار دەخەمڵیندرێت، قەرزەکان لەبەرە ئەوە بوون کۆمپانیاکە سیستمی سۆفتوێری بۆ کۆمپانیا نیشتمانییەکە دابین دەکرد. ئەمریکا لە ساڵی 2017ـەوە سزای بەسەر نەوتی ڤەنزوێلا سەپاند، بەڵام بۆ دانەوەی قەرزەکانی کۆمپانیای شێفرۆن، ئەمریکا رازی بوو، بەشێک لە نەوتی ڤەنزوێلا بۆ ئەمریکا بنێرێت بەو مەرجەی پارەی نەدرێت بە حکومەتەکەی مادورۆ، بۆ ئەوەی قەرزەکانی سەر کۆمپانیاکە نەمێنێت. بۆچی ئابووری ڤەنزوێلا وا داڕووخا و قەرزارە؟ هۆکارەکان زۆرن، بەڵام سێ هۆکاری سەرەکی هەبوون، یەکەمیان رۆشتنی ئەندازیار و کۆمپانیا بیانییەکان و شوێنگرتنەوەیان بە کەسانی سیاسی و ناشارەزا، کە توانای بەڕێوەبەردنی کێڵگەکەیان نەبوو و ئاستی بەرهەمهێانیان بە تەواوی دابەزاند. دووەم هۆکار، حکومەت پلانێکی نەبوو بۆ خەرجکردنی پارەی نەوت، کە گازوایل بە نرخێکی هەرزان و خۆراکی بێبەرامبەر بە هاوڵاتیان دەدا و تەنانەت نزخی گازوایل لە نرخی ئاویش هەرزانتر بوو، خەڵکیش گازوایلەکەیان بە قاچاخ بۆ دەرەوە دەبرد. سێیەم هۆکار، بیرە نەوتەکان بەردەوام نەوتی لێبەرهەم دەهێنرا، بەڵام حکومەت ئامادە نەبوو بەشێک لە پارەکەی لە نۆژەنکردنەوەی بیر و کێڵگەکان خەرج بکات.

مارکۆ روبیۆ: ئێمە نەوتی ڤەنزوێلامان ناوێت و خۆمان نەوتمان زۆرە، بەڵام رێگە نادەین پیشەسازی نەوتی ڤەنزوێلا لەلایەن رووسیا و ئێران و چین دەستی بەسەردا بگیرێت، ئێمە لە بەشی رۆژئاوای زەوی دەژین و ناهێڵین بکەوێتە دەست نەیارەکانمان. لەلایەکى دیکەوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەبارەی هێرشی ئەمریکا بۆ ڤەنزوێلا بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ دەلێت: بەشێک لە ئیدارەی ترەمپ قایل بوون لەسەر ئەوەی سەما و جووڵە ئاشکراکانی دیکەی مادورۆ لە چەند هەفتەی رابردوودا وەک گاڵتەکردن بووە پێیان. ئەوەشى خستوەتەڕوو  مادورۆ هەڕەشەکانی ئیدارەی ترەمپی بەهەند وەرنەگرتووە و وەک تاکتیکێکی چاوبەستکردن لێی روانیون. ڕۆژنامەکە ئەوەشى باسکردووە بۆیە کۆشکی سپی پلانەکەی جێبەجێکرد بەناردنی تیمی دەلتا فۆرس بۆ شوێنی مانەوەی مادورۆ. لە 23ـی مانگی رابردوو مادورۆ داوایەکی ترەمپی رەتکردووەتەوە کە واز لە پۆستەکەی بهێنێت و بچێتە تورکیا و تا کۆتایی ژیانی لەوێ بمێنێتەوە. هاوکات ڤلادمیر پادرینۆ لۆپێز، وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا: بە تووندی ئیدانەی رفاندنی سەرۆک نیکۆلاس مادورۆ و هاوسەرەکەی دەکەین لەلایەن ئەمریکاوە. دەشڵێت: لە هێرشەکەی ئەمریکا بەشێکی زۆر لە پاسەوانەکانی سەرۆک، سەرباز و ژن و پیاوی سڤیل کوژراون. دەبێت ئەمریکا دەستبەجێ و بەزوویی سەرۆک مادورۆ و هاوسەرەکەی ئازاد بکات.

هەردوو ڕۆژنامەی بەناوبانگی ئەمریکی "نیویۆرک تایمز" و "واشنتن پۆست" پێشوەختە زانیارییان هەبووە لەسەر ئەوەی ئەمریکا بە نیازی ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی نهێنییە بۆ سەر ڤەنزوێلا، بەڵام بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەیان دواخستووە. بەپێی گوتەی دوو سەرچاوە کە ئاگاداری پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی ئەمریکا و ئەم دەزگا میدیاییانەن، بە میدیای وڵاتەکەیان ڕاگەیاندووە: بڵاونەکردنەوەی هەواڵەکە لەبەر پاراستنی گیانی سەربازانی ئەمریکا بووە و هەروەها بۆ ئەوە بووە تاوەکوو هێرشەکە دووچاری مەترسی نەبێتەوە.   بڕیاری "نیویۆرک تایمز" و "واشنتن پۆست" بۆ پاراستنی نهێنییەکانی دەوڵەت، وەک پابەندییەک بە نەریتە مێژووییەکانی ڕۆژنامەگەریی ئەمریکی دادەنرێت. ئەم هەماهەنگییەش لە کاتێکدایە کە ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپی، سەرۆکی ئەمریکا و میدیا گەورەکان لەوپەڕی گرژیدایە، بەڵام میدیاکان لەبەر بەرژەوەندیی وڵات زانیارییەکەیان لای خۆیان پاراستووە و نەیاندرکاندووە، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە پرسە هەستیارەکانی ئاسایشی نیشتمانییەوە هەبووە.  دوای 12 ساڵ ناکۆکی و چەند مانگێک لە هەڕەشە و گرژیی تووندی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا،  ڕۆژی شەممە 3-1-2026، ئەمریکا هێرشی کردە سەر ڤەنزوێلا و نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی وڵاتەکە و هاوسەرەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت دەستگیر کرد، ئێستا براونەتە نیویۆرک و بڕیارە "بەتۆمەتی هەناردەکردنی ماددەی هۆشبەر و چەک" بۆ ئەو وڵاتە دادگایی بکرێن.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئاشکرای کردووە، "سیخوڕێکی واشنتن لەناو حکوومەتی ڤەنزوێلا" هاوکاری وڵاتەکەی کردووە بۆ دەستگیرکردنی نیکۆڵاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا. شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرایکردووە، هێزەکانی ئۆپراسیۆنی تایبەتی ئەمەریکا "دەلتا فۆرس"، بە هاوکاری سەرچاوەیەکی نێو دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا "سی ئای ئەی" کە لە ناو حکوومەتی ڤەنزوێلادا کاریکردووە، توانیویانە لە ئەرکەکەیان سەرکەوتوو بن و مادۆرۆ دەستگیربکەن.  ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، کە ئەو سەرچاوەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چاودێری شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادۆرۆی کردووە تاوەکو ئەو کاتەی دەستگیرکراوە. شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەیری ئۆپەراسیۆنی گرتنی مادۆرۆی کردووە، هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا توانیویانە مادۆرۆ لە قەڵایەک دەربهێنن کە بەشێوەیەکی توند پاسەوانی دەکرا. لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ "فۆکس نیوز"، ترەمپ گوتی، "هیچ کاتێک شتێکی لەو جۆرەم نەبینیوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەیری ڕووداوکەم کردووە، وەک ئەوەی سەیری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بکەم". ئاماژەی بەوەشکردووە، هەلیکۆپتەرەکانی ئەمەریکا سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەیان بۆ ناو کەشتییەکی ئەمەریکی گواستوەتەوە، لەوێشەوە دواتر دەبرێنە نیویۆرک بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاریی پەیوەست بە تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان ببنەوە و دادگایی بکرێن. ترەمپ جەختی لەوەشکردووەتەوە، چوار ڕۆژ پێش ئێستا گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە هەڵکردووە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا دواخرا. ئاماژەی بەوەشکردووە، مادورۆ کاتێک دەستگیرکراوە لە قەڵایەکدا بووە، هاوکات لەو ئەرکەدا هیچ کام لە پیاوەکانمان نەکوژراون، ئەمەش شتێکی سەرسوڕهێنەرە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەندێک لە پیاوەکان برینداربوون، بەڵام گەڕاونەتەوە و تەندروستییان زۆر باشە". ئەمڕۆ شەممە بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن. ترەمپ لە بارەی دەستگیریکردنەکەی گوتی: مادۆرۆ و خێزانەکەی دەگوازرێنەوە نیویۆرک و لەوێ دادگایی دەکرێن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنێكی  نا ئاساییەمان لە ڤەنزوێلا ئەنجامدا. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو،  تا قۆناغێکی گواستنەوە تەواو دەبێت، کۆنتڕۆڵی ڤەنزوێلا دەکەین، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، جیهانی هێرشى وەك ئەوەی ڤەنزوێلاى بەخۆوە نەبینیوە.  سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جەختى کردەوە کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكە بەشێوەیەكی نایاب ئەنجامدرا، هاوشێوەی ئۆپراسیۆنی كوشتنی قاسم سولەیمانی و بەغدادی و لێدانی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو. بەشێکى دیکەى قسەکانى دۆتاڵد ترەمپ.. ـ ئێستا مادۆرۆ و هاوسەرەکەی روبەڕوی دادپەروەری ئەمریکا دەبنەوە. ـ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڤەنزوێلا لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانی و دەریاییەوە ئەنجامدرا. ـ مادۆرۆ و هاوسەرەکەیمان گرت و سوپای ڤەنزوێلا سەلماندی بێ‌ سوودە.  ــ مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە نیویۆرک بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و تیرۆر روبەڕوی دادپەروەری دەبنەوە. ــ هیچ سەربازێکی ئەمریکی نەکوژرا، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی گرتنی مادۆرۆشدا هیچ کەرەستەیەکی سەربازیمان لەدەست نەدا. ــ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەمان لە ڤەنزوێلا یەکێکە نمایشە سەرنجڕاکێش و كاریگەرەكان بۆ ئاستی هێز و توانای سوپای ئەمریکا. ــ لە 97%ی مادەی هۆشبەرمان نەهێشت کە لە ڕێگەی دەریاوە دەگەیشتە ئەمریکا، زۆربەیان لە ڤەنزوێلاوە دەهاتن. ــ ئاشتی و ئازادی و دادپەروەریمان دەوێت بۆ گەلی گەورەی ڤەنزوێلا. ــ ڕێگە نادەین ڤەنزوێلا لەلایەن کەسێکەوە سەرکردایەتی بکرێت کە کار بۆ بەرژەوەندی گەلەکەی نەکات. ــ توانا سەربازییەکانی ڤەنزوێلا پەكخران لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی مادۆرۆ. ــ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەچنە ڤەنزوێلا و ژێرخانی نەوت چاک دەکەنەوە و داهات بەدەستدێنن. ــ ئامادەین بۆ شەپۆلی دووەمی هێرشکردنە سەر ڤەنزوێلا ئەگەر پێویست بوو، هەرچەندە وا گریمانە دەکەین کە پێویست نەكات. ــ ڤەنزوێلا بەڕێوە دەبەین و کۆمپانیا نەوتییە گەورەکانمان دەچنە ئەوێ. ــ دیکتاتۆر مادۆرۆ پادشای تۆڕێکی بازرگانی نا یاسایی ماددە هۆشبەرەکان بوو كە بە قاچاغ رەوانەی ئەمریكای دەكرد. ــ مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە کەشتییەکی ئەمریکیدان و دەگەنە نیویۆرک بۆ ئەوەی روبەڕوی دادپەروەری ببنەوە.