وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: نەوتی ڤەنزوێلامان ناوێت
21 كاتژمێر لەمەوپێش
مارکۆ روبیۆ: ئێمە نەوتی ڤەنزوێلامان ناوێت و خۆمان نەوتمان زۆرە، بەڵام رێگە نادەین پیشەسازی نەوتی ڤەنزوێلا لەلایەن رووسیا و ئێران و چین دەستی بەسەردا بگیرێت، ئێمە لە بەشی رۆژئاوای زەوی دەژین و ناهێڵین بکەوێتە دەست نەیارەکانمان.
لەلایەکى دیکەوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەبارەی هێرشی ئەمریکا بۆ ڤەنزوێلا بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ دەلێت: بەشێک لە ئیدارەی ترەمپ قایل بوون لەسەر ئەوەی سەما و جووڵە ئاشکراکانی دیکەی مادورۆ لە چەند هەفتەی رابردوودا وەک گاڵتەکردن بووە پێیان.
ئەوەشى خستوەتەڕوو مادورۆ هەڕەشەکانی ئیدارەی ترەمپی بەهەند وەرنەگرتووە و وەک تاکتیکێکی چاوبەستکردن لێی روانیون.
ڕۆژنامەکە ئەوەشى باسکردووە بۆیە کۆشکی سپی پلانەکەی جێبەجێکرد بەناردنی تیمی دەلتا فۆرس بۆ شوێنی مانەوەی مادورۆ. لە 23ـی مانگی رابردوو مادورۆ داوایەکی ترەمپی رەتکردووەتەوە کە واز لە پۆستەکەی بهێنێت و بچێتە تورکیا و تا کۆتایی ژیانی لەوێ بمێنێتەوە.
هاوکات ڤلادمیر پادرینۆ لۆپێز، وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا: بە تووندی ئیدانەی رفاندنی سەرۆک نیکۆلاس مادورۆ و هاوسەرەکەی دەکەین لەلایەن ئەمریکاوە.
دەشڵێت: لە هێرشەکەی ئەمریکا بەشێکی زۆر لە پاسەوانەکانی سەرۆک، سەرباز و ژن و پیاوی سڤیل کوژراون. دەبێت ئەمریکا دەستبەجێ و بەزوویی سەرۆک مادورۆ و هاوسەرەکەی ئازاد بکات.
