ههنگاو: له خۆپیشاندانەکانى ئێراندا، لانیكهم 17 كهس كوژراون
23 كاتژمێر لەمەوپێش
رێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو ئاشكرایكرد، له ههفتهی یهكهمی ناڕهزایهتییهكانی ئێراندا، لانیكهم 17 هاوڵاتی كوژراون كه 9 هاوڵاتیان لوڕ و 7 هاوڵاتیان كورد بون.
ئاوێنه: رێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو، ئهمڕۆ یهكشهممه، له راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، هاوکات لەگەڵ تێپەڕبونی هەفتەیەک بەسەر دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، تا ئێستا شوناسی 17 هاوڵاتی کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەدا، کوژراون، لەلایەن تیمی هەنگاوەوە پشتڕاست کراونهتهوه.
رێكخراوهكه هێمای بۆ ئهوهش كردوه، هەروەها لانیکەم 6 حاڵەتی دیکە لەلایەن تیمی پشتڕاستکردنەوەی هەنگاو لە ژێر لێکۆڵینەوەدان کە لە ئەگەری دڵنیابونەوە له كوژرانیان بڵاودەکرێنەوە.
ئهوهشی خستۆتهڕو، لە کۆی ئەو 17 هاوڵاتییەی کە کوژراون لانیکەم 9 کەسیان لۆڕ و 7 کەسیشیان کورد بون و هاوڵاتییەکی فارسیش لە هەمەدان کوژراوە.
ناوی هاووڵاتییە کوژراوەکان بەم شێوەیەیە:
شەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢ی ژانوییەی ٢٠٢٦)
١. مەهدی ئیمامیپوور، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەلەکشاهی سەر بە ئیلام، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کرایە ئامانج و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی خومەینی لەو شارە، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.
٢. فارز ئاقا محەممەدی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەلەکشاهی ئیلام، لە ڕەوتی هەمان ناڕەزایەتییانەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
٣. ڕەزا عەزیمزادە، هاووڵاتیی خەڵکی مەلەکشاهی، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان و کوژرا.
٤. محەممەد موقەدەسی (بزوونە)، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەلەکشاهی ئیلام، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژرا.
هەینی ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢ی ژانوییەی ٢٠٢٦)
١. ئەمیرحوسێن بەیاتی، هاووڵاتیی خێزاندار و خەڵکی هەمەدان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژرا. تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بەعسەتی هەمەدان و دامودەزگا حکومەتییەکان ڕەتیان کردووەتەوە تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە و گوشاریان بۆ هێناون بۆ ئەوەی وەک «هێزی بەسیج» بیناسێنن.
٢. عەلی عەزیزی جەعفەرئابادی، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٤٢ ساڵ، خەڵکی گوندی جەعفەرئاباد هەزارخانی و دانیشتووی شارستانی هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. ئەم گیانبەختکردووە خێزاندار و باوک بووە.
پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١ی ژانوییەی ٢٠٢٦)
١. مەنسوور موختاری، هاووڵاتیی لۆڕی خەڵکی مەروودەشت سەر بە پارێزگای فارس، لە کاتی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان بۆ کوژرانی خوداداد شیروانی، لە بەردەم کلانتەری ١١ی ئەو شارە لە پێشەوە کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و گیانی لەدەست دا. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، گوللەی کلاشینکۆف بەر سکی کەوتووە.
٢. ئەحمەدڕەزا ئەمانی، هاووڵاتیی لۆڕی تەمەن ٢٨ ساڵی خەڵکی ئەزنا سەر بە پارێزگای لۆڕستان، دەرچووی بەشی یاسای زانکۆی یەزد و کارامووزی پارێزەری، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. گوللە بەر سنگی کەوتووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەست داوە.
٣. ئەحەد ئیبراهیمپوور عەبدولی، هاووڵاتیی سەڵتی تەمەن نزیکەی ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی «حەسەن گاویار میربەگ»ی سەر بە شارستانی دۆلفان (نووراوا) لە پارێزگای لوڕستان، لە مەیدانی بەعسەتی ئەو شارە بە تەقەی سێ گوللە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژرا. بە وتەی شایەتحاڵەکان، ناوبراو لە کاتی هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی ژنێک کە خەریک بووە دەستبەسەر بکرێت، کراوەتە ئامانجی تەقە و یەکێک لە گوللەکان بەر دڵی کەوتووە.
٤. خوداداد شیروانی، هاووڵاتیی لۆڕی تەمەن ٣٣ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی مەروودەشت سەر بە پارێزگای فارس، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە مەودایەکی نزیکەوە بە چەکی ساچمەیی کراوەتە ئامانج و دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لەدەست داوە.
٥. مستەفا فەلاحی، منداڵی ١٥ ساڵەی لوڕ و خەڵکی ئەزنا سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئێوارەی پێنجشەممەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانی بەخت کرد.
٦. شایان ئەسەدوڵڵاهی، تەمەن ٣٠ ساڵ و هاووڵاتیی لوڕی خەڵکی ئەزنا سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە ڕەوتی هەمان ناڕەزایەتییانەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
٧. وەهاب مووسەوی، هاووڵاتیی لوڕی خەڵکی ئەزنا سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئێوارەی پێنجشەممەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
٨. ئەحمەد جەلیل، تەمەن ٢١ ساڵ، هاووڵاتیی لوڕ و خەڵکی لۆردەگان سەر بە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، لە نێوان ناڕەزایانی ئەو شارەدا کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و گیانی لەدەست دا.
٩. سەجاد واڵامەنش، هاووڵاتیی تەمەن ٢٠ ساڵەی لوڕی بەختیاری و خەڵکی لۆردگان سەر بە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانی بەخت کرد. ئەم گەنجە ئەندامی بەسیج یان هیچ کام لە دامودەزگا حکومەتییەکان نەبووە و دوای گیانلەدەستدانی، بنەماڵەکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە خراونەتە ژێر گوشار و هەڕەشە. ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی ئەم گیانبەختکردووە ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥ بەڕێوە چوو.
چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)
١. داریووش ئەنساری بەختیاروەند، هاووڵاتیی لوڕی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی فوولادشەهر سەر بە پارێزگای ئەسفەهان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە گیانی بەخت کرد. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بە چەکی کلاشینکۆف کراوەتە ئامانج و پێش گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لەدەست داوە.
٢. ئەمیرحوسام خودایاری فەرد، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵەی خەڵکی کووهدەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی گیانی لەدەست دا. بە وتەی شایەتحاڵەکان، گوللە لە مەودایەکی نزیکەوە بەر سەری کەوتووە و دوای کوژرانی، دامودەزگا حکومەتییەکان بە چیرۆکتاشینی میدیایی هەوڵیان دا وەک «ئەندامی بەسیج» بیناسێنن. ئەم گیانبەختکردووە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بووە.
