چی دەبێت ئەگەر جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و تورکیا هەڵبگیرسێت؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش



کێ باڵادەست دەبێت و کێ دەیباتەوە؟

ئامادەکردنى هاوڵاتى

ئیسرائیل و تورکیا هەردووکیان سوپای بەهێزیان هەیە کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە نوێترین تەکنەلۆجیا دەبەستن، بەڵام ئەگەر دژی یەک شەڕ بکەن، چەند هۆکارێک دەبێتە هۆی دۆڕان یان بردنەوەی هەر لایەکیان.  من گریمانەی ئەوە دەخەمەڕوو کە کێ براوەی جەنگ دەبێت. 

سەرەتا دەبێت لە هێزی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی هەر یەکێکیانەوە دەستپێبکەین، بەڵام لەگەڵم بمێننەوە چونکە بابەتەکەتان دواتر بۆ یەکلاییدەکەمەوە. 
لەرووی ژماری سەربازییەوە، تورکیا باڵادەستە چونکە زیاتر لە 355 هەزار سەربازی ئامادەی هەیە، لەکاتێکدا ئیسرائیل تەنها خاوەنی 170 هەزارە، بەڵام لە ژمارەی سەربازی یەدەگ، ئیسرائیل زیاتری هەیە و 465 هەزار بەرامبەر 378 هەزار سەربازە.

لە رووی هێزی ئاسمانییەوە، ئیسرائیل باڵادەستییەکی گەورەی هەیە چونکە خاوەنی فڕۆکەی زۆر پێشکەوتووە. یەکێک لەوانە ئێف-35ـی تۆقێنەرە کە وەک تارمایی وایە و سیستمە بەرگرییەکان هەستی پێناکەن. ئیسرائیل تاکە وڵاتە بە ئارەزووی خۆی ئەو فرۆکەیەی دەستکاری کردووە و بەپێی خواستی خۆی شتی بۆ زیاد کردووە. 

هەرچەندە لە 20 ساڵی رابردوودا، تورکیا پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە لە رووی هێزی ئاسمانییەوە، بەڵام هێشتا ناگاتەوە بە هێزی ئیسرائیل. بەگشتی، ئیسرائیل 611 فڕۆکە و هێلیکۆپتەری جەنگی هەیە، بەڵام تورکیا خاوەنی زیاتر لە هەزار فڕۆکە و هێلیکۆپتەرە. 

بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت زۆری و بۆری گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئاستی پێشکەوتوویی فڕۆکەکانە. تورکیا لەبەرامبەر ئێف-35ـە تۆقێنەرەکەی ئیسرائیل ئێف-16ـی هەیە کە لەرووی تەکنەلۆجییەوە زۆر لێکەوە دوورن.

لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا تاکتیکی جەنگ بەتەواوی گۆڕاوە و ئێستا درۆن بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاردەهێنرێت، هەر بۆیە تورکیا لەم دوو دەیەیەدا پشتی بەستووە بە توانستی ناوخۆ بۆ بەرهەمهێنانی بەلێشاوی درۆن، کە دیارترینیان بایرەکتار TB2ـە. ئەم درۆنە درۆنێکی پراکتیکییە چونکە تێچووەکەی هەرزانە و تورکیا دەتوانێت لەکاتی جەنگدا بەلێشاو دروستی بکات. ئەم درۆنە لە شەڕی ئۆکراین و روسیا و جەنگی قەرەباغ بە سەرکەوتووی بەرکارهێنراوە. 

درۆنی ئاکنجییش درۆنێکی بەهێزتر و گەورەترە لە بایرەکتار و بۆ هێرشی چڕتر بەکاردەهێرێت، بەڵام ئەوەی داهاتووی هێزی ئاسمانی تورکیا یەکلادەکاتەوە فڕۆکەی جەنگی بێ فڕۆکەوانی کیزلێلمایە، کە مانگی رابردوو بەسەرکەوتوویی یەکەم تاقیکردنەوەی خۆی ئەنجامدا و لەداهاتوودا رەنگە پێگەی بەو فڕۆکانە لێژ بکات کە بە فڕۆکەوان هەڵدەفڕن.

ئیسرائیلیش بەدەر نییە لە پێشکەوتنی درۆن و خاوەنی کۆمەڵێک لە درۆنە هەرە پێشکەوتووەکانە، وەک: هێرۆن، هێرمس 900 و هارۆپە. درۆنی هارۆپ خۆکوژییە و دووانەکەی دیکەش توانایان هەیە بۆ ئاستێکی بەرز بفڕن و لە ئاسمان بمێننەوە، ئەمە جگە لەوەی هەڵگری چەکی قورسیشن. 

ئەوەی دەمێنیتەوە هێزی ئاسمانییە، کە لەمەیاندا تورکیا خاوەنی کەشتیگەلێکی گەورەیە لە رووبەرێکی ئاویی فراواندا بەپشت بەستن بەشوێنە جوگرافییەکەی، بەڵام ئیسرائیل خاوەنی گەشتیەگلێکی جەنگی بچووکترە و زیاتر بۆ مەبەستی بەرگری دروستکراون وەک بۆ ئامانجی هێرشبردن. بە گشتی ئیسرائیل خاوەنی 62 کەشتی جەنگی جۆراوجۆرە کە پێنج دانەیان ژێردەریایین، لەکاتێکدا تورکیا 182 کەشتی جەنگی هەیە و 13 دانەیان ژێردەریایین.

ئێستا کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارە گرنگەکەیە کە کامیان براوە دەبێت لە جەنگدا. ئەم دوو وڵاتە سنوورییان بەیەکەوە نییە، بۆیە هەر جەنگێک لەنێوانیان رووبدات یان دەبێت لەسەر خاکی وڵاتێکی دیکە بێت، یان دەبێت ناراستەوخۆ بێت لە رێگەی هێزی ئاسمانی یان دەریاییەوە. 

بەهێزترین چەکی ئیسرائیل لە جەنگدا هێزی ئاسمانییەتی کە باڵادەستییەکی گەورە و تۆکمەی هەیە لەگەڵ سیستمی بەرگرییەکەی کە بە چوار سیستمی جیاواز ئیسرائیل دەپارێزێت. تورکیاش بەهێزترین چەک بەدەستییەوە درۆنە پێشکەوتووەکانییەتی لەگەڵ هێزی دەریایی و تارادەیەکیش هێزی وشکانی.

بۆیە وەڵامی ئەوەی کێ براوە دەبێت لەم جەنگەدا، ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان نەکات و یارمەتی ئیسرائیل نەدات، ئەمەیە: ئەگەر جەنگەکە کورتخایەن بێت، بەشێوەیەکی سەرەکی لە هێزی ئاسمانیدا چڕببێتەوە و لەو ماوە کورتەدا شەڕێکی سەخت رووبدات، ئەوا ئیسرائیل باڵادەست دەبێت و دەتوانێت زاڵ ببێت بەسەر تورکیا، چونکە ئەم جۆرە جەنگە پشت بە هێرشی ورد، خێرایی، زانیاریی هەواڵگری، جەنگی ئەلیکترۆنی دەبەستێت کە ئیسرائیل لە هەموویاندا کارامەیە. 

بەڵام ئەگەر جەنگەکە درێژخایەن بێت و لەمەودایەکی فراواندا رووبدات، ئەوا تورکیا باڵادەستی خۆی دەسەلمێنێت، چونکە ئەم جۆرە جەنگە پشت دەبەستێت بە ئۆپەراسیۆنی لۆجیستی بۆ هێزی وشکانی، شەڕی درۆن و ئۆپەراسیۆنی دەریایی کە تورکیا لە سەرجەمیاندا لێزانە و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگە بگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار