تورکیا تەنها دەوڵەتی دنیایە بە عەقڵ سیاسەت ناکات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
تەنها دەوڵەتیشە لە سەر کورد بە سەرۆکەکەی گوترابێ بێ عەقڵ
ئیدریس مستەفا
پەلاماردانەکەی دوێنێ شەوی تورکیا و دیمەشق بۆ سەر گەرەکە کوردیەکانی شاری حەلەب، یاخود روونتر بڵێم بۆ سەر هیزەکانی هەسەدە، شکستی هێنا.
گەر چاوێک بە مێژووی تورکیای نوێدا بگرە دەمانی عوسمانیشدا بخشێنین دەبینین تورک یاخود ەئوانەی دەبن بە تورک وەک هاکان فیدان و ئیبراهیم قاڵن سیاسەت بە هزر ناکەن بەڵکو زۆرتر بە هزرێکی سەربازیابەوە هەردەم لەگەڵ هاوکێشە و مەسەلە نێوچەویی و نیودەوڵەتیەکاندا مامەڵە دەکەن و دەیانەوێ هەموو کێشەیەک بە سەربازی یەکلایی بکەنەوە.
لەسەر ئاستی نێوخۆیی...
هیچ وڵاتێک نیە وەک تورکیا کە چەندان نەتەوە و زمانی تێدا بێت کەچی دان بە هیچیاندا نەنێیت و بڵێیت هەموو هاوڵتیانی تورکیا تورکن و تورکیا یەک نەتەوە و یەک زمانە، گەورەترین نەتەوە کوردە کە لە سەرجاوەکاندا بە نزیکەی بیست ملیۆن مەزەندە دەکرێت، ئەی عەرەب، ئەی لاز، ئەرمەن و شەرکەس. سەدەیەکی تەواوە تورکیا هەر بە هێز دەیەوێ ئینکاری نەبوونی ئەو هەموو نەتەوە و زمانانە بکات؛ بەڵام هەر نەیتوانی و وا ئێستا دەبێ وەڵامیان پێ بداتەوە ئەویش بەهۆی ئەو وەرچەرخانانەی رووی لە ناوچەکە و جیهان کردووە.
لەسەر ئاستی نێوچەیی...
تورکیا لەگەڵ هیج وڵاتێکی دراوسێدا نێوانی خۆش نیە. دیارە زۆربەی ەوڵاتانی دراوسێ کێشەیان هەیە وەک سنور و بازرگانی و گلدانەوەی ئۆپۆزسیۆنی یەکتر و ...هتد، بەڵام دۆژمنکاری کەم بوونی هەیە بە ورادەیەی تورکیا لەگەڵ دەرودراوسێکانیدا هەیەتی. بۆ نموونە تورکیا هەردەم لەگەڵ یۆنان و بوڵگاریا و سوریای بەشار ئەسەد و عیراق و ئیسرائیل لێدوانی توند و ناسیاسی و نا دپلۆماسی بەکاردەهێنی و هەردەم سیاسەتی دوو روویی بەکار دەهێنێ. بە وێنە تورکیا هەردەم گلەیی لە بولگاریا دەکات گوایە لەگەڵ تورکەکانی ئەوێدا باش نیە بەڵام خۆی دان بە بوونی میللەتێکی بیست ملیۆنی وەک کورد لە وڵاتەکەی خۆی دانانێ.
لەسەر ئاستی نێودەڵەتی....
تورکی تەنها دەوڵەتە بە سەرۆکەکەی گوترابێ (بێ عەقڵ) کەچی هێشتا بچی بۆ سەردانی ئەو وڵاتە و دەستی سەرۆکەکەی بگوشی. لە دەورانی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەیدا لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩ لە پای ئەوەی ئیدارەی ترامپ چەند جار داواین لە ئەردۆگان کرد پەلاماری رۆژاڤا نەدات، کەچی ئەردۆگان هەر دەیگوت لە کەلی شەیتان نایەمخ وارەوە هەر هێرش دەکەمە سەریان. دۆناڵد ترامپ نامەیەکی بۆ ئەردۆگان نوسی و پێی وت خۆت بێ عەقڵ مەکە و واز لەو سەرسەختیەت بێنە. کەچی ٢٧رۆژ دوای ئەوە ئەوە، لە ١٣ی ١١ی ٢٠١٩دا سەردانی ترامپی کرد. میدیاکارێکی ئەمریکی لێی پرسی چۆن هاتی بۆ لای خۆ ئەو لە نامەیەکدا بە تۆی گوت بێ عەقڵ؟ ئەردۆگان لە وەڵامدا گوتی نامەکەم بۆ هێناوەتەوە.!
هاکان فیدان نمونەیەک لە بێ هزری سیاسی...
لە مێژە هاکان فیدانی هەموو فایلی سیاسەتی دەرەوەی تورکیای لە لایە چ بە پلان و چ بە لێدوان و چ بە میواندارێتی، بە رادەیەک لە ئەردۆغان زیاتر دەستی دەڕوات لەو بارەیەوە بەتایبەت ئیبراهیم قاڵن، سەرۆکی دەزاگی میت، وەک هاوڕییەکی کۆنی و وەک دوو هاوزمان و هاوڕەگەز کە هەردوکیان کوردن نزیکن لەیەکەوە. دەڵێن ئەردۆغان هەندێ جار گلەیی ئەوەی کردووە کە هاکان فیدان بە بێ پرسی ئەوە میواندارێتی و سەردانەکان دەکات؛ وەک میانگیری کردنی نێوان روسیا و یوکرانیا لە ئیستانبوڵ ساڵی پارەکە. بەهەرحاڵ.
هەر بە وێنەی ئەو ساڵەی ئەردۆغان ئیستا هاکان فیدان هەمان قەوانی سەرۆکەکەی لێدەداتەوە. دەمێکەیە هاکان فیدان هەڕەشەی هێرش کردنە سەر رۆژاڤا دەکات و دەڵێ گەر هەسەدە رازی نەبێ بە رێکەوتنەکەی ١٠ی مانگی ٣ و مەرجەکانی ئێمە، وەک ئەوەی خودی خۆی وەزیری دەرەوەی سوریا بێت، کە بریتیە لە ئاویتە بوونی تاک تاکی هیزە سەربازیەکەی هەسەدە لە سوپای سوریادا. گەر ئەمە نەکەن ئەوا بەرەو رووی پەلاماری توندی ئێمە و دیمەشق دەبنەوە. دوێنێ شەو بەختی خۆیان تاقی کردەوە بەڵام لە یەکەم هەنگاودا شکتیان هێنا و زانیشیان جگە لە ئامادەیی تەواوی هەسەدە، ئاگاداریەکانی ئەمریکاش وای لێکردن کە زوو ئاشبەتاڵی لێ بکەن لەگەڵ ئەوەی لە مێژە خۆیان تەیار دەکەن بۆ ئەو پەلامارە.
کاتێک بە عەقڵ سیاسەت نەکەیت پێت دەڵێن تورکیا...
تەنها شتێک تورکیا تێیدا بزانێ گەمە بکات سیاسەت کردنێتی بەو شوێنگە جوگرافییەی هەیەتی لە نێوان رۆژهەلات و رۆژئاوادا یاخود بڵێم روسیا و ئەوروپادا کە وای لێکردووە سیاسەتی نە شیش بسوتێ و نە کەباب پیادە بکات.
سیاسەت لای تورکەکان بە مانا گشتیەکەی بریتیە لە نمایشکردنی هێز و هەڕەشە و ماسولکەی سەربازی لە کاتێکدا سیاسەت تیگەشتن و مامەڵەکردنە لەگەڵ کێشەکان و هاوکێشە سیاسیەکان و هاوسەنگیەکان. هەموو ئەو کێشە و هاوکێشانەی تورکیا تێدایە یاخود لە دەروبەری تورکیادان هەموو بە گفتوگۆ و دانیشتن و لێکتێگەشتن دەگات بە چارەسەرێک.
بۆ نموونە رۆژاڤا، تورکیا نایەوێ لەوە تێبگات کە ئەو قەوارەیە لە ناوەوەی خۆیدا تۆکمەیە و بەهێزە ئینجا تەنها هێزێکی سوریە کە لە هاوپەیمانێتی ئەمریکا و فەرانسەدایە لە سوریادا و هەردەم بە تورکیایان گوتووە رۆژاڤا هێڵی سوورە کەچی هەر دەیانەوێ بە عەقڵی پراگماتی و هێزخوازی سەربازی خۆیان بجوڵێنەوە. ئەنجامەکەشی ئەو شکستەیە کە دوێنێ شەو روویدا لە گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی حەلەب.
