ترەمپ تەنها لەبەر مادەی هۆشبەر هێرشی کردە سەر ڤەنزوێلا؟
19 كاتژمێر لەمەوپێش
چیرۆکی ئەو وڵاتەی خاوەنی زۆرترین ئاڵتوونی رەشە، بەڵام خەڵکەکەی لە هەژاریدا نقووم بوون
ئامادەکردنی هاوڵاتی.
نزیکەی 48 کاتژمێر بەسەر هێرشی ئەمریکا بەسەر ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی مادورۆ تێدەپەڕێت، دۆناڵد ترەمپیش لە یەکەم کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا گوتی، مادورۆ تاوانبارە بە تیرۆر و بارزگانی مادەی هۆشبەر بە هاوردەکردنی بۆ ئەمریکا.
بەڵام ئەوەی دەمێکە ترەمپ باسی دەکات و کەمتر چاوی خەڵکی کەوتووەتە سەر، پرسی نەوتی ڤەنزوێلا و قەرزەکانی وڵاتەکەیە بۆ کۆمپانیای شێفرۆن، کە بە نزیکەی دوو و بۆ سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و راپۆرتێکی سکای نیوزیش بە هۆکارێکی هێرشەکەی دەزانێت.
دۆناڵد ترەمپیش لە کۆنفرانسەکەی دوێنیدا یەکسەر گوتی، جارێ خۆمان ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەین و کۆمپانیای گەورەی ئەمریکیشان بۆ دەنێرین بە بڕی ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە بواری نەوتدا بکات و پارەکەی دەدەین بە خەڵک.
مێژووی بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلا دووردرێژە، بەڵام ئێمە لە ساڵی 1990ـەکاوە باسی دەکەین کاتێک هۆگۆ جاڤێز، سەرۆکی ئەو کاتی ڤەنزوێلا دەرگای وڵاتەکەی بەرەو ڕووی کۆمپانیا بیانییەکانی بەرهەمهێانی نەوت کردەوە و هەرسێ کۆمپانیای ئەمریکی کۆنکۆفلیپس و ئێکسیۆن مۆبیل و شێفرۆن روویان لە ڤەنزوێلا کرد.
ئامانجی دەرگا کردنەوەکەی چاڤێز بۆ وەبەرهێنان لە بواری نەوتی قورس بوو کە جۆرێکی تایبەتە و وەک قیر وایە، پێویستی بە کێڵگەی تایبەت و مادەی کیمایی تایبەت هەیە بۆ شل کردنەوە و فرۆشتنی، ئەمریکاش پێویستی زۆری بەو جۆرە نەوتە هەیە، چونکە پاڵاوگەکانی تەکساس و لویزیانا پێویستیان بەو جۆرە نەوتەیە، بۆ ئەوەی لەگەڵ نەوتی سوکی وڵاتەکە تێکەڵی بکەن و رێژەیەکی زۆر گازوایل بەرهەم بهێنن، کە کارگەکانی ئەمریکا خواستی زۆریان لەسەری هەیە.
هاتنی ئەو سێ کۆمپانیایە، بەرهەمهێنانی نەوتی گەیاندە بەرزترین ئاستی وڵاتەکە کە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا.
مانەوەی ئەو سێ کۆمپانیایە چەند ساڵێکی خایاند و هۆگۆ چاڤێز لە بڕیارەکەی پەشیمان بوویەوە و لە ساڵی 2007 بڕیاری دا، نەوتی وڵاتەکە بە نیشتمانی بکات کە لە ٪64ـی بەرهەمهێنان بکەوێتە سەر کۆمپانیا خۆماڵییەکە، کە ناوی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ڤەنزوێلایە.
کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش جگە لە شێفرۆن وڵاتەکەیان بەجێهێشت و رازی نەبوون لە ژێر سیاسەتی حکومەتەکەی چاڤێز ئیش بکەن، بەڵام شێفرۆن مایەوە.
بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت تەواو کەمی کرد، کە لە کۆتایی ئەمساڵدا گەیشتە ملیۆنێک و 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
قەرزەکانی ڤەنزوێلا چەندە؟
هەرچەندە ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی جیهانە، کە بە نزیکەی 300 ملیار و سێ ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێنرێت، قەرزی کۆمپانیا شێفرۆنیش بە نزیکەی سێ ملیار دۆلار دەخەمڵیندرێت، قەرزەکان لەبەرە ئەوە بوون کۆمپانیاکە سیستمی سۆفتوێری بۆ کۆمپانیا نیشتمانییەکە دابین دەکرد. ئەمریکا لە ساڵی 2017ـەوە سزای بەسەر نەوتی ڤەنزوێلا سەپاند، بەڵام بۆ دانەوەی قەرزەکانی کۆمپانیای شێفرۆن، ئەمریکا رازی بوو، بەشێک لە نەوتی ڤەنزوێلا بۆ ئەمریکا بنێرێت بەو مەرجەی پارەی نەدرێت بە حکومەتەکەی مادورۆ، بۆ ئەوەی قەرزەکانی سەر کۆمپانیاکە نەمێنێت.
بۆچی ئابووری ڤەنزوێلا وا داڕووخا و قەرزارە؟
هۆکارەکان زۆرن، بەڵام سێ هۆکاری سەرەکی هەبوون،
یەکەمیان رۆشتنی ئەندازیار و کۆمپانیا بیانییەکان و شوێنگرتنەوەیان بە کەسانی سیاسی و ناشارەزا، کە توانای بەڕێوەبەردنی کێڵگەکەیان نەبوو و ئاستی بەرهەمهێانیان بە تەواوی دابەزاند.
دووەم هۆکار، حکومەت پلانێکی نەبوو بۆ خەرجکردنی پارەی نەوت، کە گازوایل بە نرخێکی هەرزان و خۆراکی بێبەرامبەر بە هاوڵاتیان دەدا و تەنانەت نزخی گازوایل لە نرخی ئاویش هەرزانتر بوو، خەڵکیش گازوایلەکەیان بە قاچاخ بۆ دەرەوە دەبرد.
سێیەم هۆکار، بیرە نەوتەکان بەردەوام نەوتی لێبەرهەم دەهێنرا، بەڵام حکومەت ئامادە نەبوو بەشێک لە پارەکەی لە نۆژەنکردنەوەی بیر و کێڵگەکان خەرج بکات.
