ئێران: دەبێت دەستبەجێ سەرۆکی ڤەنزوێلا ئازاد بکرێت
2 ڕۆژ لەمەوپێش
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی سەبارەت بە دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا ڕاگەیاند و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ناوبراوی کرد. تاران جەخت دەکاتەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت لە ئاست ئەم ڕەفتارانەی ئەمریکادا بێدەنگ بێت.
بەقائی ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی ڤەنزوێلا پەیوەستە بە تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە و بە "پێشێلکردنی گەورەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی" وەسفی کرد. بە وتەی ناوبراو، ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆیان دەکەوێتە ئەستۆ بۆ گەڕانەوەی سەروەریی یاسا و پاراستنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هۆشداریدا کە بێدەنگبوونی وڵاتان ڕێگە بە ئەمریکا دەدات لە ڕەفتارە نایاساییەکانیدا بوێرتر بێت و ئەوەی بەرامبەر سەرۆکی وڵاتێکی ئەمریکای لاتین کرا، بە "بانگەوازی بەئاگابوونەوە بۆ ئاسایشی جیهانی" ناوبرد. جەختیشی کردەوە کە پشتیوانیی ئێران بۆ تاکەکەس نییە، بەڵکو بۆ ڕێگریکردنە لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
سەبارەت بە دۆخی باڵیۆزخانە و هاووڵاتییانی ئێران لەو وڵاتە، ئیسماعیل بەقائی دڵنیایی دا کە باڵیۆز و سەرجەم کارمەندانی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەلامەتیی تەواودان. سەبارەت بە هاووڵاتییانیش، ئاماژەی بەوە دا کە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی ئێرانی لەو وڵاتە نین، بەڵام ئەوانەی لەوێن هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نەبووە.
ناوبراو ڕوونیکردەوە کە لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتدا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئێران هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لەو وڵاتە دەیگرێتەبەر.
