بەرپرسێکی بانکی ناوەندی: هیچ نیەتێک بۆ گۆڕانکاریی لە بەهای دۆلاردا نییە

دوێنێ



بەرپرسێکی بانکی ناوەندی عێراق ڕاگەیاند، نرخی ئێستای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بۆ دۆخی دارایی وڵات و خەڵکیش نرخێکی باش و گونجاوە، هیچ نیەتێک بۆ گۆڕانکاریی لەم نرخەدا نییە.

لەگەڵ سەرەتای ساڵی نوێدا، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازارەکانی کوردستان و عێراق بۆ زیاتر لە 148 هەزار دینار بەرزبووەوە، لەکاتێکدا 100 دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانک بە 132 هەزار دینارە ، لە بەشێک لە میدیاکانیش هەواڵی ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە حکومەت دەیەوێت بەهای دینار دووبارە لە بەرامبەر دۆلار نزم بکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی بانکی ناوەندی عێراق، بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، بانکی ناوەندی هیچ نیەتێکی بۆ گۆڕانکاریی لە بەهای دۆلاردا نییە، چونکە ئەم نرخەی ئێستا ئارامی دارایی لەڕووی نەختینەوە دابین کردووە، بۆ چینی هەژارانیش نرخێکی گونجاو و باشە، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک بکرێت کاریگەریی لەسەر نرخەکان و هەڵاوسانیش دەبێت.

ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندی ئەمەشی وت: "یەدەگی بانکی ناوەندی لە پارەی نەختینە و زێڕ، کاریگەرییان لەسەر بەهای دینار هەیە و چەند یەدەگی بانکی ناوەندی زیاد بکات، ئارامی دۆخی دارایی وڵاتیش باشتر دەبێت." 

 نوار سەعدی، مامۆستای ئابووری نێودەوڵەتی، بە ئاڤای ڕاگەیاند، نرخی دۆلار لە بازاردا بەگوێرەی خواست و خستنەڕوو گۆڕانکاریی بەخۆیەوە دەبینێت، مامەڵەی بازرگانی، وەبەرهێنەران و کەسەکانیش لەگەڵ ئەو وڵاتانەی قەدەغەی دۆلاریان لەسەرە، وا دەکات ئەو کەسانە لە بازاردا دۆلار بکڕن و ئەوەش نرخەکەی لە بازاردا زیاد کردووە. نوار سعدی، دەشڵێت: "بەهیچ شێوەیەک پێشبینی ناکرێت لە بازارەکاندا، 100 دۆلار بگاتە 200 هەزار دینار، چونکە ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە تەنیا لەکاتی قەیران، داڕووخانی یەدەگ یان قەیرانێکی ئابووری و سیاسی ڕوودەدات"

٠ لەگەڵ ئەوەشدا بانکی ناوەندی عێراق خاوەن یەدەگێکی پارەی باشە و دەتوانێت کۆنتڕۆڵی نرخی دۆلار بکات.

ئەمڕۆ ئێوارە، 1-06-2026، نرخی دۆلار دابەزی و ئێستا 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕدا بە 145هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار