لە خۆپیشاندانەکانی ئێران 27 کەس کوژراون کە 11ـیان کوردن
دوێنێ
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە تائێستا لانیکەم 27 کەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون کە 11 کەسیان کوردبوون.
هەروەها تائێستا زیاتر لە 1500 کەسیش لە خۆپیشاندەران دەستبەسەرکراون کە 220 کەسیان کوردن.
تەواوى ڕاپۆرتەکەى ڕیکخراوى هەنگاو..
بە تێپەڕینی 11 ڕۆژ لە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران و بە پێی ئاماری کۆ کراوە لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لانی کەم ٢٧ هاووڵاتیی لەوانە ٥ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ کوژراون و زیاتر لە ٢٧ کەس دەستبەسەر کراون.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تا ئێستا ناسناوی ٢٧ کەس کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ١٠ ڕۆژی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتەکەرە حکوومەتییەکان کوژراون ئاشکرا و پشتڕاست کراوەتەوە.
لە کۆی ٢٥ کەسی گیانبەختکردوو لانی کەم ٥ کەس منداڵ و ژێر ١٨ ساڵ بوون کە دوو کەسیان لە شاری کرماشان، دوو کەس لە ئەزەنا و یەک کەس لە قوم کوژراون. هەروەها ١٢ کەس لە هاووڵاتییانی کوژراو لوڕ و ١١ هاووڵاتی کورد بوون.
جیاکردنەوەی گیانبەختکردووان بە پێی پارێزگان؛
پارێزگای لوڕستان: ٨ حاڵەت
پارێزگای ئیلام: ٥ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ٤ حاڵەت
پارێزگای فارس: ٤ حاڵەت
پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری: ٢ حاڵەت
پارێزگای قوم: ٢ حاڵەت
پارێزگای هەمەدان: ١ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەهان: ١ حاڵەت
هەروەها بە پێی زانیاری کۆکراوە لە لایەن هەنگاو، تا ئێستا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە دەستبەسەر کراون کە ناسناوی ٥٤٦ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.
لە کۆی ٥٤٦ هاووڵاتیی کە ناسناویان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە، ٥١ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ، ٥٧ ژن و ٢٢٠ هاووڵاتیی دیکەی کورد..
بە پێی ئەو بەڵگە و ڤیدیۆیانەی كە بە دەستی هەنگاو گەیشتووە نیشانی دەدات، هێزە حكوومەتییەكان لە ڕەوتی سەركوتی خۆپیشاندان لە چەكی گەرم، گوللەی ساچمەیی و ئۆتۆمبێلی ئاوپڕژێن كەڵكیان وەرگرتووە و لە چەند حاڵەتێكدا بە تایبتی لە لوڕستان، ئیلام و کرماشان هەوڵی تەقەكردنی ڕاستەوخۆیان دژی خۆپیشاندەران داوە.
هەنگاو بەپێی ئەزموونی پێداچوونەوەی جۆری توندوتیژی و سەركوتەكانی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكانی دەوروبەر، لە ڕەوتی ئەم خۆپیشاندانانەش، نزیكبوونەی حكوومەت لە ناوچەكانی دەوروبەر لە هەمبەر ناوەند جیاواز لێكدانەوەی كردووە و بە پێی چاوەدێری جدی، نزیكبوونەوەی حكوومەت لەگەڵ ئەم ناوچانە نزیكبوونەوەیەكی شەڕی لێک دەداتەوە. دیمەنی هەژێنەر لە هەندێك شارەكانی كوردستان، تەنانەت دەرخەری دەکرێت وەکوو تاوانی شەڕ دژی خەڵکی سڤیل ناو ببردرێت.
هەروەها پچڕان و تێكچوونی بەرفراوانی ئینتەرنێت لە هەندێ لە ناوچەكان، پرۆسەی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیارییەكان و پشتڕاستكردنەوەی ئاماری گیانبەختكردووان و دەستبەسەركراوان دژوار كردووەتەوە.
هەنگاو سەرەڕای نیگەرانی لە بارودۆخی خۆپیشاندەران لە ئێران،بە تایبەت ناوچەكانی دەوروبەر داوا لە كۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەكات، لە هەمبەر ئەم توندوتیژیانە بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە و جدی مامەڵە بكەن.
