سەرۆک بارزانی: نابێت هاوڵاتیانی کورد لە زێدی باب و باپیرانیان دەربکرێن و بکوژرێن

دوێنێ



سەرۆک مەسعود بارزانی، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیی شاری حەلەب و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی هاونیشتمانییانی کورد دەربڕی و رایگەیاند: "هەڕەشەی پاكتاوی رەگەزی لە دژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ی 1ی 2026، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا هۆشداری دا کە ئەو شەڕ و توندوتیژییەی لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەگوزەرێت، هەڕەشەی جیددیی "پاکتاوی رەگەزی" لە دژی گەلی کورد لەو ناوچەیە دروست کردووە.
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە گۆڕانکارییەکانی سووریا دەرفەتێکی باش بوون بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار رۆیشتووە. سەرۆک بارزانی داوای لە دەسەڵاتدارانی سووریا کرد کە رێگە نەدەن ناکۆکییە سیاسییەکان بگۆڕێن بۆ ناکۆکیی نەتەوەیی و رێگری بکەن لەوەی کوردانی ناوچەکە تووشی زەبروزەنگ و دەرکردنی زۆرەملێ لەسەر خاکی باب و باپیرانیان ببنەوە.

هاوکات، داوای لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ راگرتنی خوێنڕشتن و گرتنەبەری رێگەی دیالۆگ بدەن، جەختیشی کردەوە کە هەر جۆرە پاکتاوێکی رەگەزی لە دژی کورد، وەک "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" هەژمار دەکرێت و دەرئەنجامی مەترسیداری دەبێت.


دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
گۆڕانكارییە سیاسیەكانی سووریا دەرفەتێكی باش بوو بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی گونجاو بۆ ئەوەی رەچاوی مافە رەواكانی گەلی كورد لە سووریا بكرێت و سەرجەم كێشەكانیش چارەسەر بكرێن. لەو پێناوەشدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵی زۆرمان دا كە پێویستە هەرچی گرفت و ناكۆكی هەیە لەڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن.
 
بەڵام ئەو بارودۆخە مەترسیدار و ئەو شەڕ و توندوتیژیەی كە ئێستا لە شاری حەلەب هەیە جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی سڤیل و هاووڵاتیانی بێتاوان دروست كردووە و هەڕەشەی پاكتاوی رەگەزی لەدژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە.
 
داوا لە دەستەڵاتدارانی سووریا دەكەم ناكۆكیی سیاسی نەكرێتە ناكۆكیی نەتەوەیی و لەو كێشە و گرفتانەی لە ناوچەی حەلەبدا هەن رێگە نەدرێ هاووڵاتیانی كورد تووشی گوشار و زەبروزەنگ و دەركردنیان لە شوێنی باب و باپیرانیان و پاكتاوی رەگەزی ببنەوە، هەروەها داواش لە لایەنە كوردییەكان و بە تایبەت (هەسەدە) دەكەم ئەوەی لە توانایاندا بێت بیكەن لەپێناو راگرتنی شەڕ و پێكدادان و رێگەگرتن لە خوێنڕشتنی زیاتر و هەردوولا كار بۆ گرتنەبەری رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. ناكرێ بوونی ناكۆكیی سیاسی ببێتە هۆی ئەوەی ژیانی خەڵكی سڤیل بخرێتە ژێر مەترسی و پاكتاوی رەگەزی لە دژی گەلی كورد رووبدات و ئەوە تاوانی دژی مرۆڤایەتیە و دەرئەنجامی مەترسیداری لێدەكەوێتەوە.
 
مەسعود بارزانی
7ی کانوونی دووەمی 2026

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار