مەزڵوم عەبدی: دانیشتووانی گەڕەکە کوردییەکان لەبەردەم مەترسیی کۆمەڵکوژیدان

20 كاتژمێر لەمەوپێش



فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هۆشدارییەکی توند دەداتە حکومەتی دیمەشق و ڕایدەگەیەنێت: بەردەوامبوونی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە جێگەی قەبوڵکردن نییە و دەبێتە هۆی تێکدانی هەموو دەرفەتەکانی لێکتێگەیشتن.

مەزڵووم عەبدی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پەنابردن بۆ زمانی شەڕ و بەکارهێنانی تانک و تۆپهاوێژ بۆ سەپاندنی چارەسەری یەکلایەنە، دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت.

 ئەو جەختی کردەوە،  بۆردومانکردنی هاووڵاتیانی بێبەرگری و هەوڵدان بۆ کۆچبەرکردنیان، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی ترسناک لە ناوچەکەدا. 

بە گوتەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئەنجامدانی ئەم هێرشانە لە کاتێکدا کە پڕۆسەی گفتوگۆ و دانوستان لە ئارادایە، نیشانەی بێباکی دیمەشقە بەرامبەر بە چارەسەری ئاشتییانە.

لە ڕووی مێژوویی و سیاسییەوە، مەزڵووم عەبدی ئەم جووڵە سەربازییانەی حکوومەتی بەو تاوانانە چواند کە پێشتر لە کەناراوەکانی سووریا و ناوچەی سوەیدا ڕوویاندا و وەک تاوانی جەنگ پۆلێن کران. 

ئەو ڕایگەیاند: چەند ڕۆژێکە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیدان بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و پاراستنی مەدەنییە گەمارۆدراوەکان لە مەترسیی کۆمەڵکوژی. 

لە پەیامەکەیدا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی ئەم پێکدادانانە کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە 8ی کانوونی دووەمی 2026دا ئاڵۆزییەکان لە حەلەب گەیشتوونەتە ئاستێکی بێوێنە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار