ئاسایشی حەلەب: خۆڕاگین و ناکشێینەوە؛ دەبێ تانکەکان بچنە دەرەوە
20 كاتژمێر لەمەوپێش
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب بە فەرمی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە گوایە داوای "رێڕۆی ئارام"ـیان کردبێت بۆ دەرچوون لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و رایدەگەیێنێت، ئەوان لایەنی هێرشکار نین تاوەکو بکشێنەوە، بەڵکو دەبێت گرووپەکانی دیمەشق تانک و تۆپەکانیان لەنێو ماڵی خەڵک ببەنە دەرەوە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی حەلەب) لە روونکردنەوەیەکی فەرمیدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08-01-2026 بڵاویکردەوە، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لە هەندێک میدیاوە بڵاوکراونەتەوە و دەڵێت: "هەندێک میدیا بەردەوامن لە چەواشەکاریی بە ئەنقەست لەرێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و دروستکردنی لێدوان بەناوی هێزەکانمانەوە، گوایە داوای رێڕۆی ئاراممان کردووە بۆ دەرچوون لە گەڕەکەکان؛ ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئەم بانگەشانە رەتدەکەینەوە و دوورن لە راستییەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هێزەکانمان داوای هیچ رێڕۆیەکی ئارامیان نەکردووە و ناشیکەن، چونکە ئێمە لایەنی دەستدرێژیکار نین." ئاسایشی حەلەب دەڵێت: "ئەو لایەنەی پێویستە تانک و تۆپ و چەکدارەکانی لە دەوروبەری گەڕەکە نیشتەجێبووەکان بکێشێتەوە، لایەنی هێرشکارە لە گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، کە دەستدرێژییەکی ئاشکرا دەکەنە سەر ناوچەی سڤیلەکان."
ئاسایش دووپاتی دەکاتەوە: "هێزەکانمان لە پێگەکانی خۆیان جێگیرن و بە هەموو پاڵەوانێتییەکەوە بەرگری لە خەڵک و گەڕەکەکانیان دەکەن و بە ئیرادەوە رووبەڕووی تانک و تۆپەکان دەبنەوە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەدوای هەڵمەتەکانی چەواشەکاری ناکەوین کە ئامانجیان شکاندنی ورەیە؛ راستییەکە روونە: دەستدرێژیکار دەبێت بکشێتەوە، بەرگریکار لە خاکەکەی پاشەکشە ناکات."
چوار رۆژە دۆخی حەلەب دوای راگەیاندنی "قەدەخەی هاتووچۆ" و دیاریکردنی "وادەی کۆتایی" بۆ چۆڵکردنی گەڕەکەکان لەلایەن سوپای سووریاوە، گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە.
ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) هێرشێکی بەرفراوانی گرووپەکانی دیمەشقیان تێکشکاندووە کە بە 60 تانک و زرێپۆشەوە هاتبوون؛ لە ئەنجامدا تانکێک و 5 ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکێنران و 7 درۆن خرانە خوارەوە. د. جگەر عەفرین، بەرپرسی ئاسایشی نێوخۆ بە رووداوی گوت: "لە چوار لاوە گەمارۆ دراوین، بەڵام تامردن بەرگری دەکەین و تێکناشکێین."
