شەڕی تورکیا و سوریا بەرامبەر کورد

18 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەو گروپانە کێن لەژیر ناوی حکومەتی سوریا شەڕ بۆ تورکیا دەکەن؟

ئامادەکردنی هاوڵاتی

ماوەی سێ رۆژە چوار گروپی سەر بە دیمەشق هێرشی ناڕەوایان بۆسەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەستپێکردووە، بەڵام لە راستیدا ئەمانە چەکداری بەکرێگیراوی تورکیان و لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریی سوریا چالاکی ئەنجامدەدەن. 

لەم راپۆرتەدا بەوردی باسیان دەکەین کە چۆن دامەزراون و پەیوەندییان بە تورکیاوە چییە. ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ناسنامەی ئەو چوار گروپەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هەریەک لە فیرقەی سوڵتان سولەیمان شا، فیرقەی سوڵتان موراد، فیرقەی حەمزە و بزووتنەوەی نورەدین زەنکی هێرشی سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ئەنجام دەدەن. 

با لە فیرقەی سوڵتان مورادەوە دەستپێبکەین چونکە ئەمە گرنگترینیانیە. فیرقەی سوڵتان موراد  لە ئازاری ساڵی 2013ـەوە دروستبووە و سەرکردەکەی فەهیم عیسایە کە یاریدەدەری وەزیری بەرگری سوریاشە بۆ کاروباری باکووری سوریا. ئەم گروپە لە پێکهاتەی تورکمان دروستبووە و تورکیا چەندین ساڵە هاوکاری دارایی و سەربازیی دەکات و تەنانەت راهێنانیشی پێدەکات.

فەهیم عیسا چەند جار سەردانی تورکیای کردووە و لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکەوە پێشوازی لێکراوە، لەوانە سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری پێشووی ناوخۆی تورکیا لە ساڵی 2021 و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە ساڵی 2023.

گروپی دووەم فیرقەی سوڵتان سولەیمان شایە کە بە فیرقەی عەمشات ناسراوە و لەلایەن ئەبو عەمشەەوە سەرکردایەتی دەکرێت. ئەبو عەمشە، کە ناوی تەواوی محەمەد جاسمە لەساڵی 2018 هێزەکەی دامەزراند وهەر زوو خۆی خزاندە نێو سویا نیشتمانی سوریا کە ئەوکات سوپای ئۆپۆزسیۆنی سوریا بوو و تورکیا پشتگیری تەواوی دەکرد.

کەناڵی بی بی سی عەرەبی دەڵێت، ناوی گروپەکە لە سولەیمان شا، باپیرە گەورەی عوسمانی یەکەمەوە، وەرگیراوە کە دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە، ناوەکەش گوزارشتە لە سیاسەتی پاوانخوازی ئێستای تورکیا.

دامەزراوەی جەیمستاونی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا باس لە ئەبو عەمشە دەکات ودەڵێت، هەر زوو وەک کەسایەتییەکی دیاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەرکەوت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوی دەکرد. دامەزراوەکە باس لەوە دەکات، ئەبو عەمشە بووە سیمبولێکی ناسراوەی تورکیا و پاڵپشتیکارانی شوناسی سوننی لە سوریا.

گروپی سێیەم فیرقەی حەمزەیە کە بە حەمزات ناسراوە و ئەمیش لە 2012 بۆ 2013 دامەزراوە. سەیفەدین بولاد کە بە سەیف ئەبوبەکر ناسراوە سەرکردایەتی ئەم گروپە دەکات و چەندین ساڵە هاوکاری لۆجیستی و دارایی لە ئەنقەرەوە پێدەگات. فیرقەکە بەشێک لە شارۆچکەکانی وەک ئەلباب، جەرابلوس و بەشێکی عەفرین بەڕێوە دەبات. 

هەریەک لە فیرقەی حەمزە و عەمشات پێشتر چەندین جار بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دژی رۆژاڤا کردووە. 
گروپی چوارەم بزووتنەوەی نورەدین زەنکییە، لە ساڵی 2014ـەوە دروستبووە و شێخ تەوفیق شەهابەدین سەرکردایەتی دەکات. ئەم فیرقەیە چەندین جار بەیعەتی خۆی بۆ گروپە جیاوازەکان گۆڕیوە و ساڵی 2017 چووە نێو دەستەی تەحریر شام، بەڵام زۆری پێنەچوو، لێی جیا بوویەوە و شەڕی دژی راگەیاند، تا لە ساڵی 2019 دەستەی تەحریر شام بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع بزووتنەوەی نورەدین زەنکی تێکشکاند، دواتر چوونە عەفرین و تێکەڵ بە سوپای نیشتمانی سوریا کران. 

ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەڵێت، هەموو ئەم گروپانە لە لسیتی سزا نێودەوڵەتییەکاندان بەهۆی تاوان و سەرپێچیکردنیان لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەشداریکردنیان لە چەندین کشتوبڕ و تاوانی گەورەی دیکەدا. 

گروپی حەمزە و عەمشات و سەرکردەکانیشیان لەساڵی 2023ـەوە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان. چەندین پێشێلکاری ئەم دوو گروپە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمارکراوە، وەک بەئامانجگرتنی نەژادی، کوشتنی نارەوا و توندوتیژی سێکسی دژی کەمە نەتەوایەتییەکان، لەوانە عەلەوییەکان و کورد. هەروەها دەستیان هەیە لە کوشتوبڕی هەڕەمەکی، تاڵانی فراوان و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی خەڵک، بەتایبەتی لە عەفرین و مەنبەج. 

بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز، هەمان ئەم گروپانە بەشداربوون لە کوشتاری عەلەوی و دروزەکان لە ساڵی رابردوو.
دامەزراوەی جەیمستاون دەڵێت، ئەمەی دەگوزەرێت لە سوریا ئەوەمان پێدەڵێت کە میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق کار دەکەن چونکە هاوکاری لۆجیستی و داراییان لە ئەنقەرەوە پێدەگات و زیاتر دەبێت وەک موڵکێکی تورکی لێیان بڕوانرێت نەک هیزی سوپای سوریا.

دامەزراوەکە دەشڵێت، رەنگ ەئەمە بەدەستی ئەنقەستیش بێت چونکە حکومەتی سوریا دەیەوێت وا بمێننەوە و کۆنترۆڵی تەواوەتییان نەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، ئەگەر ئەمەش راست بێت ئەوا ئەم گروپانە ئازاد دەبن لەوەی دژی هەر "دوژمنێکی" دیمەشق بوەستنەوە بەبێ ئەوەی حکومەتی سوریا لە تاوانەکانیاندا تێوەبگلێت، هەروەک ئەوەی ئیستا بەرامبەر کوردانی حەلەب دەیکەن.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار